ئەمریكا۱۲٠ هەزار سەرباز بۆ جەنگی ئێران ئامادە دەكات

Draw Media

2019-05-14 11:22:18



راپۆرتی: درەو میدیا
ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی ئاشكرایكردووە، (باتریك شاناهان) هەڵسوڕێنەری كارەكانی وەزیری بەرگری ئەمریكا پلانێكی سەربازیی پەرەپێدراوی پێشكەش بە (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی وڵاتەكەی كردووە سەبارەت بە ئێران، بە گوێرەی ڕۆژنامەكە پلانەكە خۆی لە ڕەوانەكردنی (120) هەزار سەربازی ئەمریكیدا دەبینێتەوە، هەمان ئەو ژمارە سەربازەی  لەساڵی 2003دا ڕەوانەی كرد بۆ بەشداریكردن لە "پرۆسەی ئازادكردنی عێراق"،  ئەگەر ئێران سوپای ئەمریكا لە ناوچەكە بكاتە ئامانج یاخود پرۆسەی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی خێراتر بكات. 
(نیویۆرك تایمز) لەزاری بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكاوە ئەوەشی بڵاوكردرۆتەوە، (شاناهان) پلانەكەی لە كۆبونەوەیەكی لەگەڵ گەورە یاریدەدەرەكانی (ترەمپ)دا خستۆتەڕوو، بەڵام كۆشكی سپی و وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەسەر ئەو پرسە تائێستا خۆیان بەدور گرتووە لە دركاندنی هەر زانیارییەك.


سعودیە ئاگری شەڕ خۆشدەكات
لە چەند كاتژمێری ڕابردودا هەڕەشەكانی ڕوبەڕبونەوەی واشنتۆن و تاران پێی نایە قۆناغێكی نوێوە، بەتایبەت دوای ئەوەی هەریەك لە (ئیمارات و سعودیە) رایانگەیاند،  چوار كەشتی بار هەڵگری بازرگانی لە ئاوە نێودەوڵەتیەكانی (ئیمارات) لە (نزیك ئێران) ڕوبەڕوی كاری تێكدەرانەبوتەوە،  میدیا فەرمی و نافەڕمییەكانی (سعودییە) بە ئاشكرا دەستی تۆمەت بۆ حكومەتی (تاران) ڕادەكێشن، رۆژنامەی (شەرقلئەوسەت)ی سعودی لەهەوالێكدا بڵاویكردۆتەوە، هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەكانی تیمی سەربازی سوپای (ئەمریكا) بۆ پشكینی چوار كەشتییە پەلاماردراوەكە (ئێران و وەكیلەكانی) تۆمەتبار دەكەن بە ئەنجامدانی هێرشەكە، كە بەوتەی ڕۆژنامەكەی ماددەی تەقینەوەیان بەكارهێناوە بۆ دورستكردنی كەلێنی گەورە لە كەشتییەكان.
بەرپرسێكی ئەمریكی كە بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز قسەی كردووە و ڕۆژنامە سعودییەكە بڵاویكردۆتەوە، دەڵێت : "وڵاتەكەی گومانی هەیە ئێران بەرپرسیاربێت لەئەنجامدانی ئەو هێرشە تێكدەرانیە". 
لە پێشهاتێكی تازەتریشدا كە ڕەنگە هێندەی تر دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر بەرێت، ئەمڕۆ كەناڵی (ئەلمەسیرە)ی سەر بە حوسییەكانی یەمەن بڵاویكردەوە، حوسییەكان پرۆسەیەكی سەربازی گەورەیان بە فرۆكەی بێفڕۆكەوان دژی چەند ئامانجێكی (سعودییە) ئەنجامداوە، بێئەوەی ئامانجەكان و كاتی هێرشەكە دیاریبكات.
بەڕای چاودێرانی دۆخەكە، ئەنجامدانی هێرشێكی لەم شێوەی حوسییەكان لەم كاتەدا  بۆ سەر (سعودییە) ئەگەر پەیامێكی هەڕەشە ئامێزی (تاران)یش بێت بۆ (ڕیاز)، ئەوا لەبارێكی تردا ناكۆكییەكان لەناوچەكە دەباتە قۆناغێكی توندتر و ئەگەرەكانی ڕوبەڕوبونەوەی (ئەمریكاو ئێران) گەورەتر دەكات.

ئەتۆمە ڕاستەقینەكە گەروی هورمزە!
هەڕەشە بەردەوامەكانی ئێران بەداخستنی گەروی هورمز، ماوەیەكی كەم نییە ترسێكی ڕاستەقینەی خستۆتە دڵی وڵاتانی كەنداو و ئیستفزازێكی لەڕادەبەدەری (ئەمریكا) و بازاڕی نەوتیشە كە ڕەنگە لەم گەڕەی ململانێدا (واشنتۆن) سنورێكی بۆ دابنێت.
پەلاماردانی چواركەشتیەكەش ڕەنگە سەرەتای دورخستنەوەی هەڕەشەكانی (ئێران) بێت لە ئاوەكانی كەنداو، شیكەرەوە خۆرئاواییەكان پێیانوایە، گەروی هورمز، چەكی ئەتۆمی ڕاستەقینەی (ئێران)ە كە هەڕەشەی پێدەكات.
(حەسەن ڕوحانی) لەوتە بەناوبانەگەیدا كە ترس و مشتومڕێكی زۆری بەدوای خۆیدا لەمانگی تەمموزی ساڵی پاردا ڕایگەیاند"ئەمركییەكان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە بەشێوەیەكی تەواوەتی هەناردەی نەوتی ئێران ڕادەگرن، بەڵام ئەوان لەمانای ئەمە تێناگەن، چونكە ڕێگە لەناردنە دەرەوەی نەوتی ئێران ناگیرێت، لەكاتێكدا نەوتی تەواوی ناوچەكە هەناردە دەكرێت"، لەم هەرەِشەیەش توندتر هەڕەشەی (محەمەد جەعفەری) فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران بوو كە بەڕاشكاوی وتی" یان هەموان گەروی هورمز بەكاردێنن، یان هیچ كەس بەكاریناهێنێت".


بایەخی گەروی هورمز
لەڕووی جوگرافییەوە، گەروی هورمز ڕێڕەوێكی ئاوی تەنگەبەرە لە كەنداوی عەرەبی لەنێوان خاكی (عوممان و ئێران)دا، فراوانییەكەی لە تەنگبەرترین شوێنیدا 29میل تێپەڕناكات، ئەوەش وایكردەوە كە بە یەكێك لە تەنگەبەرترین و قەڕەباڵغترین ڕێڕەوی ئاوی وەسفبكرێت لەجیهاندا.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ڕێڕەوە تەنگەبەرە لە 30% بۆ 35% بازرگانی نەوتی جیهانی پیادا تێپەڕدەبێت، بەجۆرێك ڕۆژانە 17ملیۆن بەرمیل نەوت لەڕێی ئەم گەروەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت، هاوكات سەرجەم كەشتیە بارهەڵگرەكانی كەنداوی عەرەبی بەوێدا تێپەڕدەبن، بە بار هەڵگرەكانی سەرجەم بەندەرەكانی عێراق و كوەیت وبەحرەین و قەتەریشەوە، زۆرینەی بەندەرەكانی ئیماراتیش، هەندێك لەبەندەرە گرنگەكانی سعودییەش، بەوەش هەر هەڕشەیەك ڕوبەڕوی ئەو گەرووە بێتەوە بەشێوەیەكی ڕیشەیی كاریگەری لەسەر متمانەی بازاڕ دەكات، چونكە سەرجەم هاوردەكانی نەوت و غازی سروشتی لەجیهان بە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاشەوە، پشتیان بە تێپەڕبونی بێكێشەی كەشتیە بار هەڵگرەكانیان لەڕێی ئەم گەروەوە بەستوە.
 
.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand