له‌باره‌ی ئه‌نجامی ڕێككه‌وتنه‌كانی پارتی و یه‌كێتی

2019-02-10 19:06:10

راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم 

دوای ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كانی ڕابردووی پارتی و یه‌كێتیی، بڕیاری كۆبوونه‌وه‌ی 18ی شوباتی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكی لێكه‌وته‌وه‌، له‌ ئێستادا ئه‌و بڕیارانه‌ ڕووبه‌رووی چه‌ند گرفتێك بۆته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ كاتی خۆیدا ئه‌نجامنه‌درێت، یاخود به‌ته‌واوی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی جێبه‌جێنه‌كرێت.
یه‌كێك له‌ ڕێگرییه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، یه‌كلاینه‌بوونه‌وه‌ی یه‌كێتیه‌ بۆ دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، چونكه‌ هه‌ردوو كاندیده‌كه‌ ( ڕێواس فایه‌ق و بێگه‌رد تاڵه‌بانی) له‌ڕووی خاڵی لاوازو به‌هێزیان بۆ بوون به‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكن، بۆیه‌ ئاسان نابێت سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌ ئه‌و پرسه‌ له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا یه‌كلابكه‌نه‌وه‌.
به‌شێك له‌ یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان، مه‌كته‌بی سیاسی كاندیدی سه‌رۆكی په‌رله‌مان یه‌كلابكاته‌وه‌و به‌شێكیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ئه‌م كاره‌بكرێت، بۆچوونێكی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وبابه‌ته‌ له‌ نێو په‌رله‌مان چاره‌سه‌بكرێت، ئه‌وان سه‌رپشك بن كێ ده‌بێته‌ سه‌رۆك له‌و دوو كاندیده‌ی یه‌كێتیی.
تاوه‌كو ئێستا بڕیاری 18ی شوبات، كه‌ واده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌ وه‌ك خۆیه‌تی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ئه‌نجامنه‌درێت، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ دانیشتنه‌كه‌و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌فته‌یه‌ك دوابخرێت.
یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردوو كۆبوونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌یه‌ك ڕۆژدا ئه‌نجامبدرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پارتی گرفت بۆ دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك دروستبكات، ئه‌وانیش كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان په‌كده‌خه‌ن.
به‌هۆی ناڕه‌زایی لایه‌نه‌ توركمانی و عه‌ره‌بییه‌كان و ترسی ته‌واونه‌بوونی رێژه‌ی یاسایی بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئه‌گه‌ری زۆره‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ،كه‌ وابڕیاربوو له‌ ڕۆژی 18ه‌ی شوبات هه‌ولێر ئه‌نجامبدرێت، بگۆڕدرێت به‌ دانیشتنی لیستی برایه‌تی له‌ هه‌ولێر، كه‌ ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه‌ ده‌بێته‌ گرفت له‌به‌رده‌م ڕێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتیی.
پارتی و یه‌كێتیی و هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان له‌و كۆبوونه‌وه‌ی لیستی برایه‌تی بڕیار له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بدرێت.
به‌شێك له‌یه‌كێتیی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامبدرێت، چونكه‌ له‌ڕووی سیاسی و یاسایه‌وه‌ كێشه‌ دروستده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش هه‌ندێك پێیانوایه‌: پێویسته‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامبدرێت، تاوه‌كو به‌رپرسیاریه‌ته‌كه‌ به‌ته‌واوی بكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی پارتی و به‌ ناچاری و به‌زوویی به‌ دانانی پارێزگار ڕازیبێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌نییه‌، ته‌نها یه‌ك كاندید له‌ یه‌كێتیی وه‌رگرێت بۆ پۆستی پارێزگار، مه‌رجیان ئه‌وه‌یه‌ چه‌ند كاندیدێك پێشكه‌شبكرێـت، پاشان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌سێك ڕه‌زامه‌ندی ده‌رببڕن.
له‌باره‌ی رێككه‌وتنی سیاسی نێوانیان، كه‌ وابڕیاره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌ نێوان شاندی باڵای هه‌ردوولا واژووبكرێت، له‌ ئێستادا ڕه‌شنووسی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ كۆتایی پێهاتووه‌و هه‌ر ئه‌مڕۆش مه‌كته‌بی سیاسی له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ كۆبۆوه‌، چاوه‌ڕێده‌كرێت ڕه‌زامه‌ندی كۆتایی له‌سه‌ر بدرێت.
سه‌باره‌ت به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رپرسانی پارتی ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كه‌ن: گۆڕان لاری نییه‌ له‌و نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی، هه‌ر هه‌نگاوێكی نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی گۆڕانی لێ ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌.
ڕێككه‌وتنی پارتی و گۆڕان له‌باره‌ی به‌ژداریكردنی گۆڕان له‌ حكومه‌تی نوێ، كێشه‌ی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مدا نییه‌، چونكه‌ له‌دوای گه‌یشتنی پارتی به‌ ئه‌نجامێك له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی، له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ده‌توانن له‌گه‌ڵ گۆڕانیش ڕێككه‌وتنی كۆتایی ئه‌نجامبده‌ن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand