زەیتی عەفرین لە ئیسپانیا بەناوی توركیاوە دەفرۆشرێت

Draw Media

2019-01-20 13:38:31



ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ 
دەشت و دۆڵ و گرد و چیا بەپیتەكانی عەفرین، لە سوریا باشترین جۆری زەیتی زەیتون بەرهەمدەهێنن، و ئەوەش داهاتی 70%ی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن.
بە گوێرەی چەند راپۆرتێكی نێودەوڵەتی، دارە زەیتونەكانی عەفرین كە ژمارەیان 18 ملیۆن دارە، بوونەتە سەرچاوەی داهات بۆ گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و توركیا لەدوای داگیركردنییەوە ساڵێك لەمەوبەر .
توركیا 20ی كانونی دووەمی 2018  بە هاوكاری گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بەناوی " چەڵە زەیتون" بۆ داگیركردنی عەفرین دەستپێكرد و  جگە لە دانیشتوانەكەی، دارە زەیتونەكانی ناوچەكە بوونە گەورەترین قوربانی داگیركاری توركیا و گروپە چەكدارەكانی لە ناوچەكەدا.

                                                          گروپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا لە عەفرین

چەكدارەكانی ئەو گروپانە بە زەبری هێز دەستیانگرت بەسەر بەشێكی زۆری بەرهەمی زەیتوندا و بە بازرگانەكانی توركیایان فرۆشتەوە و هێزەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانیش رێگەیان نەدا زەیتی زەیتونی ناوچەكە هەناردەی دەرەوە بكرێت و بەوەش نرخەكەی زۆر دابەزی و نرخی یەك دەبە " 16لیتر" زەیتی زەیتون گەیشتە 14 هەزار لیرەی سوری " نزیكەی 30 دۆلار" لە كاتێكدا نرخی ئەوە لەو ناوچانەی كە لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی سوریادایە دەگاتە دوو هێندە.
" دزی"
رۆژنامەی دەیلی تەلیگرافی بەریتانیی لەسەر زاری  بێرنادر هۆگڵ پەرلەمانتاری سویسراوە بڵاویكردەوە كە توركیا زەیتی زەیتونی عەفرینی دزیوە و لە بازاڕەكانی ئەوروپا وەك بەرهەمی توركیا فرۆشتویەتییەوە.
بێرنادر هۆگڵ دەڵێت: " لە عەفرین لەژێر داگیركاری توركیادایە باخەكانی زەیتون وێراندەكرێت لەلایەن سوپای توركیا و میلیشیاكانییەوە و ئەو زەیتەشی كە دزیویانە بە ئیسپانیا فرۆشراوەو پرۆسەی فرۆشتن بەردەوامە".
بە گوێرەی سایتی رۆژنامەی پاپلیكۆی ئیسپانیی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، حكومەتی توكیا چەند كۆمپانیایەك بەكاردەهێنێت بۆ هەناردەكردنی ئەو زەیتەی كە لە جوتیارە كوردەكانی دەسەنن بۆ ئیسپانیا.
چەند سەرچاوەیەكی ناوچەكە كە قسەیان بۆ سایتەكە كردووە دەڵێن: زەیتە تاڵانكراوەكە تێكەڵاوی زەیتی توركی دەكرێت و پاشان بەناوی وەهمییەوە هەناردەدەكرێت.
سایتەكە بەهای ئەو زەیتەی لە عەفرین دەدزرێت بە نزیكەی 70 ملیۆن یۆرۆ خەمڵاندووە و چارەكی ئەو بڕە پارەیەش بۆ ئەو گروپە چەكدارانەیە كە لە عەفریندا جێگیركراون.

                                                                     جوتیارێکی کورد لە عەفرین

مانگی تشرینی دووەمی 2018 وەزیری كشتوكاڵی توركیا دانینا بە دەستگرتن بەسەر زەیتی زەیتونی توركیا و فرۆشتتنی و ئەو دانپێدانانەش وەڵامێك بوو بۆ تۆمەتباركردنی توركیا بۆ بەتاڵانبردنی زەیتی زەیتونی عەفرین لەلایەن هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" وە.
وەزیری كشتوكاڵی توركیا لە دانیشتنێكی پەرلەماندا دەربارەی بودجەی 2019 وتی:" دەمانەوێت دەست بەسەر سەرچاوەكانی داهاتی عەفریندا بگرین بە جۆرێك لە جۆرەكان، بۆئەوەی ئەو سەرچاوانە نەكەونە دەست پارتی كرێكارانی كوردستان".
فەهیم تاشتكینی رۆژنامەنوسیش لەسەر زاری پەرلەمانتارێكی پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆنەوە رایگەیاند كە 50 هەزار تۆن زەیتی زەیتونی عەفرین رەوانەی توركیا كراوە.
هاوكات نورەدین ماچین، پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند" گروپە چەكدارەكان تەنها بە بردنی 50 هەزار تۆن زەیتی زەیتونی عەفرینەوە نەوەستاون، بەڵك كێڵگە و باخە زەیتونەكانیانیشان وێرانكردووە".
چەلەنگ عومەر، پسپۆری بواری ئابوریی كە خەڵكی عەفرینە، رونیكردەوە ناوچەكە ئەمساڵ 270 هەزار تۆن زەیتونی بەرهەمهێناوە و ئەوەش 30%ی كۆی بەرهەمی سوریایە و بەهای ئەو بڕەش لە بەرهەمی زەیتون نزیكەی 150 ملیۆن دۆلارە و جوتیارەكان تەنها یەك لەسەر سێی ئەو بڕە پارەیەیان دەستكەوتووە.
چەلەنگ عومەر ئاشكراشیكرد, ئەو بازرگانانەی زەیتی زەیتون لە جوتیارە كوردەكان دەكڕن لەژێر چاودێری ئەو گروپە چەكدارەكاندا كاردەكەن كە لە عەفرین جێگیركراون، و زەیتی زەیتون بە نیوەی ئەو نرخە دەكڕن كە لە ناوچەكانی دەرەوەی عەفرین دەفرۆشرێت و پاشان راستەوخۆ زەیتەكە رەوانەی توركیا دەكەن و بەشێك لەو زەیتە لە رێگەی دەروازە سنورییەكانی توركیاوە، دەبرێتە ئەو ناوچانەی تری سوریا كە لەژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆندان.
پرۆسەی تاڵانكردنی زەیتی زەیتونی عەفرین  بۆ توركیا، نرخی ئەو بەرهەمەی لە بازاڕەكانی توركیا دابەزاندووە و رۆژنامەی " نۆرجاڵ بایساڵ"ی توركی رایگەیاند توشی شۆك بووە بە دابەزینی نرخی زەیتون لە شاری ئامەد و دوای پرسیاركردن لە یەكێك لە فرۆشیارەكان دەربارەی دابەزینی نرخی زەیتون لە 15 لیرەی توركییەوە بۆ 5 لیرە، فرۆشیارەكە رایگەیاندووە سەرچاوەی ئەو زەیتونە عەفرینە و لەوێ‌ بازرگانەكانی توركیا بە نرخی هەرزان بە دوكاندارەكانی دەفرۆشن.


                                                         ئاوارەکانی عەفرین

" تاڵانكردنێكی رێكخراو"
ئەو ئیدارەیەی توركیا لە عەفرین و گوند و شارۆچكەكانی دەوروبەری دایناوە، رێژەی 10% بۆ 20%ی ئەو زەیتە لە جوتیارەكانی عەفرین وەردەگرن لەبەرامبەر ئەوەی رێگەیان پێداون بەرهەمی باخەكانیان كۆبكەنەوە، بەڵام گروپە چەكدارەكانی كە لە ناوچەكەدا بڵاوبونەتەوە بە خواست و ئارەزووی خۆیان چیان بوێت ئەوە دەسەپێنن و هەندێك كاتیش بە زەبری چەك بەرهەمی زەیتی زەیتون لە جوتیارەكان دەدزن، دوای وەرگرتنی ئەوەشی كە سەپاندویانە.
مستەفا ئەبو شەمس لە راپۆرتێكیدا لە سایتی جمهوریەتی ئۆپۆزسیۆن كە كۆتایی ساڵی رابردوو بڵاویكردەوە دەربارەی وەرزی زەیتون لە عەفرین رایگەیاندووە" هەر گروپێك دەستی بەسەر ئەو ناوچەیەدا گرتووە كە لەژێر كۆنترۆڵیدایە و پاشان لە رێگەی نوسینگەی ئابوریی گروپەكان و موختاری گوندەكانەوە ئەو باخ و درەختانەیان سەرژمێركردووە كە خاوەنەكانیان سەر بە پارتی یەكێتی دیموكراتی " پەیەدە"ن و لەگەڵ پێگەیشتنی زەیتوندا  گروپە چەكدارەكان كرێكاریان بۆ كۆكردنەوەی بەرهەمی زەیتون بەكرێ گرتووە و پاشان زەیتیان لێ بەرهەمهێناوە و لە بازاڕدا بۆ خۆیانیان فرۆشتوە.
ژمارەی ئەوانەی كە لەدوای داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاوە ناوچەكەیان بەجێهێشتووە و ئاوارەبوون، كەمتر نیە لە نیوەی دانیشتوانی ناوچەكە و هەرچی هەیان بووە لەسەر هەموشیانەوە باخ و كێڵگەكانی زەیتون بوونەتە موڵكی گروپە چەكدارەكان.
گروپە چەكدارەكان تەنها بەوەوە نەوەستاون كە بەرهەمی باخەكانیان لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەكەدا دابەشكردووە، بەڵكو جوتیارەكانیشیان ناچاركردووە كە بەشە بەرهەمی خۆشیان لە زەیتی زەیتون پێ بفرۆشن بەو نرخەی كە چەكدارەكان سەپاندویانە.

                                                                 کۆکردنەوەی بەر‌هەمی زەیتون لە عەفرین

بۆ نمونە گروپی " جەیشولئیسلام" كە لە غۆتەی خۆرهەڵاتەوە هاتون، 100 هەزار دەبە زەیتی زەیتونی 16 لیتری " 1600 تۆن" یان لە شارۆچكەی مەعبەتلی لە عەفرین كڕیوە بە نیوەی ئەو نرخەی لە بازەڕادا هەیە، ئەوەش بە گوێرەی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ.
گروپە چەكدارەكان تەنها بەشێكی زۆری بەرهەمی زەیتونی ئەمساڵیان دەستبەسەردا نەگرتوون، بەڵكو بە گوێرەی چەند راپۆرتێكی نزیك لە چەند سەرچاوەیەكی ئۆپۆزسیۆن چەكدارەكان هەزاران درەختی زەیتونیان بڕیوە و بۆ بەدەستهێنانی بڕێك پارە دارەكانیان بە توركیا فرۆشتووە.
سایتی " زمان الوصل" ی ئۆپۆزسیۆن دووی تشرینی دووەمی 2018 رایگەیاند ژمارەیەكی زۆر درەختی زەیتون لە عەفرین بڕدراونەتەوە و كراون بەداری وشك و لە ناو توركیا فرۆشراوە، ئەوەش تاوانێكە هاوشێوەی كوشتنی مرۆڤە، چونكە ئەو زەیتونە بۆ خۆراكی مرۆڤە و بڕینەوەی سەرچاوەی بژێوی خاوەنەكانی ناهێڵێت هەڕەشە لە ژیانیان دەكات.
سەرچاوە: بی بی سی 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand