لە پەرلەمانەوە هەوڵی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا دەدرێت

Draw Media

2019-01-20 12:09:37



راپۆرت: نامیق رەسوڵ
لە دوای سەردانە كتوپڕەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق، داواكاری چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بەرزبوەتەوە، ئێستا چەند هێزێكی سیاسی جموجوڵیان دەستپێكردووە بۆئەوەی لەڕێگەی پەرلەمانەوە ئەو هەنگاوە بنرێت‌و بە یاسا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكرێنە دەرەوە.

سەدرو مالیكی پشتیوانی دەكەن
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرایدەكات" پرۆژە یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق گەیشتوەتە قۆناغی كۆتایی".
لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی "ئەلعەرەبی ئەلجەدید"ی قەتەری ئەو پەرلەمانتارە كە ناوی خۆی ئاشكرانەكردووە دەڵێت" زیاتر لە كوتلەیەك پشتیوانی لە پرۆژە یاساكە دەكەن، دیارترینیان كوتلەی بونیادنانە كە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساو گروپەكانی حەشدی شەعبی لەخۆدەگرێت، هەروەها هاوپەیمانی سائرون كە موقتەدا سەدر پاڵپشتی دەكات، پشتگیری لە پرۆژە یاساكە دەكات".
بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە، هەماهەنگی لەنێوان لیژنەكانی پەرلەماندا هەیە لەپێناو سەرخستنی پرۆژەكە، بۆئەوەی رێگەی بۆ خۆشبكرێت لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت‌و پێشبینیشدەكات پرۆژەكە زۆرینەی پەرلەمان دەنگی بۆ بدات.

چاوەڕوانی وەڵامی عەبدولمەهدی دەكرێت
پێش پێشكەشكردنی پرۆژە یاساكە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، هەوڵیدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بهێنێتە ناو پرسەكەو چەند پرسیارێكی دەربارەی ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و هۆكارەكانی مانەوەیانی ئاڕاستەكرد.
محەمەد كەریم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بونیاتنان رایگەیاند، دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق وەستاوەتەوە لەسەر وەڵامدانەوەی عەبدولمەهدی بۆ ئەو پرسیارانەی كە لەلایەن لیژنەی ئاسایش‌و بەرگری پەرلەمانەوە ئاراستەی كراون.
ئەو پەرلەمانتارە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: لیژنەكە پشتی بە چوارچێوە دەستوری‌و یاساییەكان بەستووە، پێش ئەوەی دەستبكرێت بە هەمواركردنەوەی رێككەوتنە ستراتیژی كە لەنێوان بەغدادو واشنتۆن ئیمزاكراوە، یان دەركردنی پرۆژە یاسایەكی نوێ بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، لە نێویاندا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژی بەوەدا، لەماوەی دوای وەڵامدانەوەكانی عەبدولمەهدی، هەمواركردنەوەی رێككەوتنەكەی نێوان بەغدادو واشنتۆن یان پرۆژە یاسایەكی نوێ بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ئەنجامدەدرێت، هەموو ئەمانە وەستاونەتەوە سەر جۆری وەڵامدانەوەی عەبدولمەهدی.

یاساكە ئامادەكراوە !
بەپێی قسەی سەعران ئەعاجیبی، ئەندامی لیژنە ئاسایش‌و بەرگری پەرلەمانی عێراق، یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق گەیشتوەتە قۆناغی كۆتایی‌و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەخرێتەڕوو.
ئەعاجیبی كە پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرونە، پێشبینیدەكات بەمزوانە پرۆژە یاساكە بخرێتە دەنگدانەوە، لە كاتێكدا خواستێكی پەرلەمانیی هەیە بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بە تایبەتی دوای جموجوڵەكانی ئەمدواییەی هێزەكانی ئەمریكا لە چەند ناوچەیەكی عێراق.

رۆڵی ئێران لە یارییەكەدا
هەوڵدان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، بەزۆری ئەو لایانانەی لە پشتەوەن كە لە ئێرانەوە نزیكن.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، لایەنە شیعەكان لەلایەن ئێرانەوە ئامۆژگاری كراون، لەڕێگەی پەرلەمانەوە فشاربكەن بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.
ئەم هەوڵەی كوتلەكانی پەرلەمانی عێراقی نزیك لە ئێران، لە كاتێكدایە بەگوێرەی قسەی چەند میدیایەكی ئیسرائیل‌و وڵاتانی كەنداو، ئەمریكا داوای لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە "چەند گروپێكی هێزەكانی حەشدی شەعبی چەك بكات".
میدیاكانی ئیسرائیل، لەسەر زاری سەرچاوەیەكی حكومەتی عێراقەوە بڵاویانكردەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ، بە عادل عەبدولمەهدی راگەیاندووە" واشنتۆن رێگە لە ئیسرائیل ناگرێت، ئەگەر ئەو وڵاتە پێگەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق بۆردومان بكات".
سەرچاوەكە ئاشكراشیكردووە، عەبدولمەهدی لە ئەگەری هێرشكردنە سەر بنكەو بارەگاكانی حەشدی شەعبیی نیگەران بووەو هۆشداریی داوەتە پۆمپیۆ لەوەی ئەو هەنگاوە لێكەوتنەی مەترسیداری لە ناوچەكەدا دەبێت.

چارەنوسی رێككەوتنی ستراتیژی
عێراق‌و ئەمریكا لەسەردەمی كابینەی نوری مالیكیدا رێككەوتنی ستراتیژی سیاسی‌و سەربازییان ئیمزاكرد، بەڕای چاودێران عێراق دەبێت پابەندی ئەو رێككەوتنە بێت‌و ناتوانرێت بە یاسایەك ئەو رێككەوتنە هەڵبوەشنێرێتەوە.
لەگەڵ دەستپێكردنی هەوڵەكان بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵیدا خۆی لەو پرسە بەدووربگرێت، ئەمەش بە رەچاوكردنی ئەوەی، ئەو رێككەوتنە لەسەردەمی نوری مالیكیدا ئیمزاكراوەو حكومەتی حەیدەر عەبادیش دوای ئەو، پابەندبوونی خۆی پێوە راگەیاندووە.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand