ئاڵا هەڵكردنەكەی یەكێتی لەبەرامبەر رێككەوتنی گەڕانەوەی پارتیە بۆ كەركوك 

Draw Media

2019-01-09 18:48:09



( درەو میدیا):
شەوی رابردوو مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لە سەرجەم بارەگاكانی ئاڵای كوردستانى هەڵكرد،ئەوەش لەبەرامبەر رێككەوتنێكی نێوان عێراق و ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستانە كە مەبەست لێی گەڕانەوەی پارتیە بۆ كەركوك.

بنەمای رێككەوتنەكەی پارتی و ئێران و عێراق
چەند رۆژێكە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئێران و حكومەتی عێراق سەرقاڵی گفتوگۆ و رێككەوتنە، بۆئەوەی بگەڕێتەوە بۆكەركوك.
سەرچاوەكی ئاگادار بۆ " درەو میدیا"  ئاماژەی بەوەكرد مەرجی پارتی بۆ گەڕانەوە بۆ كەركوك هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و دەرچونی هێزەكانی حەشدی شەعبیە لەو شارەو بڕیاردراوە هەردوو مەرجەكەی پارتی جێبەجێبكرێن، هەربۆیە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاریداوە رێگە بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بدات لە كەركوك .
هاوكات هێزەكانی حەشدی شەعبیش بەمزوانە لە كەركوك  دەچنەدەرەوە و ئەو پارێزگایە بەجێدەهێڵن و لە تكریت جێگیردەكرێن،ڕۆژی دووشەممە 7/ 1/ 2019 فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە سەڵاحەدین سەردانی مەسعود بارزانی كردووەو دڵنیایی كردوەتەوە كە هێزەكانی حەشدی شەعبی كەركوك بەجێدەهێڵن.
سەرچاوەیە هۆكاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لەسەر بارەگاكانی یەكێتی بۆ ئەوە گەڕاندەوە, یەكێتی بەو هەنگاوەی كارتەكەی دەستی پارتی  دەسوتێنێت، كە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بە مەراسیم و هەڵكردنی ئاڵای كوردستانەوە بگەڕێنەوە كەركوك.


چارەنوسی پۆستەكانی كورد لە كەركوك
سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی كەركوك بەتایبەتی پارێزگارو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، سەرچاوەكەی " درەو میدیاگ  ئاماژەی بەوەكردووە رێبوار تاڵەبانی دەگەڕێتەوە كەركوك و لە جێگەی خۆی وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆكی ئەنجومەن بەوەكالەت دەستبەكار دەبێت و بەپێی رێككەوتنێكیش پارێزگارێكی تەوافوقی لە نێوان یەكێتی و پارتی دادەنرێت كە كەسێكی یەكێتی دەبێت یاخود نزیك دەبێت لە یەكێتیەوە.


راگەیەندراوەكەی عادل عەبدولمەهدی
سەبارەت بە راگەیەنراوەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق  بە داگرتنی ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگاكانی یەكێتی لە كەركوك، ئەو سەرچاوەیەی "درەو میدیا " ئاشكرایكرد عەبدولمەهدی ئەو هەنگاوەی لە پێناو رەوینەوەی نیگەرانی لایەنە عەرەبی و توركمانەكان و بەشێك لە سەركردە سیاسیەكانی عێراق ناوەو ئاگاداری رێككەوتنەكەیەو دەیەوێت رەوشی كەركوك ئاسایی بكاتەوەو دۆخەكە كۆتایی پێبێت.
 
جموجوڵەكانی ئەمریكا
لەم كاتەدا هەست بە جموجوڵی زۆری هێزەكانی ئەمریكا لە كەركوك و ناوچەكانی دیكە دەكرێت،  ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد كە واشنتۆن بڕیاریداوە هەموو هێزەكانی خۆی لە سوریا بكشێنێتەوەو لە ناوچە سوننەنشینەكان جێگیریان بكات و بەشی زۆری لە پارێزگای ئەنبار و رۆژئاوای عێراق جێگیردەكرێن و بەشێكیشی دەهێنرێنە پارێزگای كەركوك و چەند بنكەیەكیشی دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان. 
 


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand