بارزانی بەرگی نەتەوایەتی فڕێداو بووەوە بە عێراقی
.png)
2018-11-25 08:03:44
راپۆرت: ئارام محمود – محەمەد رەئوف
بارزانی، كە لەلایەن زۆرێك لە هێزە عێراقییەكانو تەنانەت شەقامی عەرەبی عێراقیشەوە، بە پیاوێكی "نەتەوەپەرستو جوداخواز" وەسفدەكرا، پەرۆش بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ چونیدا بۆ بەغداد ئەو تۆمەتانە لەسەر خۆی لابەرێت یان هیچ نەبێت كاڵیان بكاتەوە، جارێك بە ڕوخسارو جارێكیش بەگوفتار.
لە ڕووخساردا، بارزانی هەنگاوەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدادو هێزو لایەنە عێراقییەكان بەوردی دەستنیشانكردبوو، ئەو هێندە پەرۆش بوو بۆ كۆتایهێنان بە كێشەكانو تێپەڕاندنی قۆناغی ڕابردوو، تەنانەت حسابی بۆ ئەوەش كردبوو كە هیچ جۆرە هەستیارەییەكی نەتەوەیی لای هێزو لایەنەكان تەنانەت شەقامی عێراقیش دروستنەكات، بۆ ئەوەش جلە كوردییەكانی فڕێداو، بەجلێكەوە دەركەوت كە زۆر بەكەمی دەیپۆشێت.
لە گوفتارو ڕوئیاشیدا بۆ ئەم قۆناغە نوێیە، بەوردی دەستەواوژەكانی هەڵبژاردبوو، بەتایبەت كاتێك بەڕوونو ڕاشكاوی وتی" ئامانجی سەردانەكەی بۆ بەغداد ئەوەیە، دەیەوێت پەیامێك بۆ ناوخۆ و دەرەوەی بنێرێت بەوەی ئامادەن پشتیوانی ئەو دەرەفەتە نوێیە بكەن كە لە عێراق بۆیان ڕەخسێنراوە"، هاوكات ئاماژەی بەوەشدا "دەمانەوێت هەڵەكانی ڕابردوو ڕاستبكەینەوە" كە مەبەستی ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵە دوو جەمسەرانەیە لەلایەن بەغداو هەولێرەوە كراون، بەوەش ناڕاستەوخۆ دانینا بەوەی خۆشی بەشێك بووە لە هەڵەكان، گەرچی دەستنیشانی ئەوەی نەكرد هەڵەكان چینو لەكوێدابوون.
بارزانی بۆ دەگەڕێتەوە بەغداد؟
پێدەچێت بارزانی لەم قۆناغەدا سیاسەتی "سفركردنەوەی كێشەكان" لەگەڵ هێزو لایەنە عێراقییەكان پەیڕەوبكات، وەك سیاسییەك مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە سەپاوە بكات كە هەیە، هەرچەندە هەوڵەكەی بارزانی بۆ دروستكردنی "دەوڵەت" كارەساتو پرسەیەكی نیشتمانی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناو، كورد نیوەی خاكەكەی لە كوردستانی عێراق لەدەستدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی بڕوایان بەو هەنگاوەی بارزانی_یە، پاساوی ئەوەیان بەدەستەوەیە بڵێن"بارزانی هەوڵی خۆیدا ئەو واقیعە بگۆرێت، بەڵام هەوڵەكانی بەر كۆمەڵێك بەربەست كەوت، كە زۆرینەی دەركی بوونو بەشێكی ناوخۆیی بوون".
ڕەنگە دیوێكی تری ئەم تەسلیمبونەی بارزانی بەو واقیعە سەپاوەی كە هەیە، بێئومێد بونی بێت لە بەرەی ناوخۆیی، بەتایبەت شەریكە دێرینەكەی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) كە لەچەندین بۆنەی جیاوازو بەیاننامەو چاوپێكەوتنی تەلەفیزیۆنیدا بەشێك لە سەركردەكانی بە "خیانەت"كردنو ڕادەستكردنی كەركوك تۆمەتبار كردووە، وێڕای ئەوەی لە ساتەوەختی دابەشكردنی پۆستەكانیش لە عێراق بەتایبەت پۆستی سەرۆك كۆمار، بارزانی بۆی ڕونبووەوە كە پێگەی خۆیو پارتەكەی بە بەراورد بە ڕابردوو، بەشێوەیەكی گەورە لاوازبووەو ئەو هێزو مەكانەتەی جارانی نەماوە.
وەبەرهێنان لە سەركەوتنەكان دەكات
دوای شكستی ڕیفراندۆمو لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستان، حزبەكەی بارزانی دوو سەركەوتنی گەورەی لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە (12)ئایارو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (30) ئەیلولی ئەمساڵ تۆماركرد، بۆ ئەوەی هەردوو سەركەوتنەكە جێی خۆی بگرێتو، جارێكی پارتی وەك حزبو بارزانیش وەكو شەخس بكاتەوە بەسەنتەری بڕیاردان لە هەرێمی كوردستان و بەغداد، پێویستییەكی گرنگی بە ئاساییكردنەوەی دۆخەكەو هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەپەیوەندی سیاسی هەیە لەگەڵ تەواوی هێزو لایەنە عێراقییەكان، كە ئەوەش وێڕایی ئەوەی دەرفەتی گەڕانەوەو پێگەیەكی بەهێز لە بەغداد بۆ مسۆگەر دەكات، دەرفەتی ڕەخساندنی پەیوەندییەكی پتەویش لەنێوان حكومەتی هەرێمو بەغداد دەخولقێنێت كە پارتەكەی بارزانی بۆ چوارساڵی داهاتوو بڕیاردەری یەكەمە تێیدا، بەتایبەت كە چەندین دۆسیەی هەڵپەسێردراو لەنێوانیاندا بەچارەسەرنەكراوی مانەتەوە، لەسەرو هەموشیانەوە مەسەلەی نەوتو بودجە كە ڕۆڵی گەورەی دەبێت لە ڕەوینەوەی زۆرێك لە كێشەكانی هەرێمی كوردستانو تۆماركردنی وەك سەركەوتنێكی گەورە بۆ بارزانیو حزبەكەی.
بارزانی پەیوەندییەكانی دەرەوە پاكدەكاتەوە یان ناوخۆ ؟
زۆرێك لەوانەی ڕەخنە لە سەردانەكەی بارزانی دەگرن بۆ بەغداد دەڵێن، بەرژەوەندی حزبیو پێگەی شەخسی خۆی بارزانی كێشكردووە بۆ بەغداد، پێشیانوایە، دەبوو بارزانی بەهەمان ئەو ڕۆحییەتو پەرۆشییەی هەوڵی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان هەیەتی لەگەڵ هێزو لایەنە عێراقییەكانو، لەدەرگای هەموان دەدات بەبێ جیاوازی تەنانەت بەسەركردەكانی حەشدی شەعبیشەوە، بەهەمان ڕۆحییەتەوە هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانو كۆتاییهێنان بەكێشەكانی بدایە لەگەڵ هێزە كوردستانییەكانو ڕێكخستنەوەی ناوماڵی كورد كە لەخراپترین دۆخیدایە، بەوپێیەی ئەگەر خۆیو حزبەكەی هۆكاری سەرەكی نەبن لە تێكدانیدا، ئەوا لایەنێكی سەرەكی كێشەكانن، وێڕایی ئەوەی پتەوكردنی بەرەی ناوخۆیی كوردستان كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر سەنگو پێگەی كورد لە بەغداد.
لەگەڵ ئەوەشدا سەردانەكەی بارزانی بەدەر نییە لەخاڵی ئیجابی، بەتایبەت ئەگەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغدادو چاسەرەكردنی بەشێك لە كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمو بەغدادی بەدوادابێت، چونكە بەئەزمون سەلماوە هەر كاتێك ناكۆكییەكانی نێوان بەرپرسانی هەرێمو بەرپرسانی بەغداد توندبوبێتەوە، خەڵكی كوردستان باجەكەی داوە.
