پارتی هەم حكومەت پێكدەهێنێت‌و هەم ئۆپۆزسیۆن

Draw Media

2018-11-20 18:55:00



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو تەنیا نەخشەی حكومەت دانانێت، بەڵكو دەیەوێت خۆشی ئەندازیاری ئۆپۆزسیۆن بێت، ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن پارتی بە دورخستنەوەی كۆمەڵی ئیسلامی دەیەوێت چوار ساڵی داهاتوو ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی كوردستان ئیسلامییەكان زاڵ بن بەسەریدا، بۆ ئەوەی بەئاسانی لەرێگەی یاسای تیرۆرەوە جموجوڵە سیاسییەكانیان لە شەقام كۆنترۆڵبكات.
سەرەتای ئەم هەفتەیە پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن یەكەم هەنگاوی بە ئاڕاستەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت هەڵگرت.
وەفدێكی پارتی لە هەولێرەوە گەیشتە سلێمانی‌و لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە، وەفدەكە جگە لە یەكێتی‌و گۆڕان لەگەڵ هیچ حزبێكی تر كۆبونەوەی نەكرد، ئەوە لەكاتێكدایە كۆمەڵی ئیسلامی چاوی لە بەشداریكردنە لە كابینە نوێیەكەدا‌و پێشتر لەوبارەیەوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆی كردووە.

پارتی نایەوێت كۆمەڵ بەشداربێت
ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (باسنیوز)ی سەربە پارتی رایگەیاند" لە ئەولەویەتی ئێمەدا نییە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری لە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستاندا بكات، تەنیا ئەو دوو لایەنە لە ئەولەویەتی پارتین كە ڕۆژی یەكەم سەردانمان كردن“.
لەماوەی تەنیا چوار رۆژی رابردوودا ئەمە دووەم پەیامە كە پارتی بە كۆمەڵی ئیسلامی دەدات‌و ئاگاداری دەكات لەوەی بەشێك نابێت لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا هەر چاوەڕوانی كێكەكەی حكومەت دەكات‌و بە فەرمی هەڵوێستی خۆی رانەگەیاندووە.

بۆچی نایەوێت كۆمەڵ بەشداری بكات ؟
زیاد لە هۆكارێك هەیە كە وای لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كردووە هەوڵی دورخستنەوەی كۆمەڵی ئیسلامی بدات لە كابینەی نوێی حكومەت، لەوانە:
•    هێشتنەوەی كۆمەڵی ئیسلامی لە دەرەوەی حكومەت بۆ پارتی بایەخێكی ستراتیژی دەبێت، چونكە پارتی دەیەوێت ئۆپۆزسیۆنێك دروستبكات كە رەوتە ئیسلامییەكان زاڵ بن بەسەریدا، ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە بۆ پارتی لەبارترە‌و دەتوانێت هەم لەسەر ئاستی ناوخۆ بەتایبەتی دوای پەسەندكردنی یاسای تیرۆر بەمدواییە، هەم لەسەر ئاستی عێراق‌و وڵاتانی دەرەوە كاری لەسەر بكات‌و لە بەرنامە‌و جموجوڵە سیاسییەكانی بدات، واتە ئەمجارە پارتی نەك خۆی حكومەت پێكدەهێنێت، دەیەوێت هەر خۆشی ئۆپۆزسیۆن دیاری بكات‌و نەخشەی روبەڕوبونەوەشی بۆ داهاتوو ئامادەكردووە.
•    یەكلابونەوەی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ پشتیوانیكردن لە سیاسەتەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا یەكێكە لەو هۆكارانەی كە وایكردووە پارتی لەكابینەی نوێدا كۆمەڵ دوربخاتەوە، پارتی بە راكێشانی گۆڕان بۆ ناو حكومەت‌و هێشتنەوەی كۆمەڵ لە ئۆپۆزسیۆن دەیەوێت كۆتایی بە زەواجی كاسۆلیكی نێوان گۆڕان‌و كۆمەڵ بهێنێت.
•    پارتی نایەوێت كابینەی نوێ حكومەتی بنكە فراوان بێت، هاوكات ناشیەوێت حكومەتی "جوتحزبی" بێت‌و پۆستەكان بەشێوەی 50+50 لەگەڵ یەكێتی دابەشبكات، بۆیە لە باشترین حاڵدا پارتی دەیەوێت حكومەتێكی "ترۆیكا" دروستبكات، واتە تەنیا سێ لایەن تێیدا بەشداربن (پارتی- یەكێتی- گۆڕان)، ئەمەش هۆكارێكی ترە بۆ دورخستنەوەی كۆمەڵی ئیسلامی لە حكومەت.
•    كشانەوەی وەزیرەكانی كۆمەڵی ئیسلامی لە كابینەی هەشتی حكومەت لە دواساتەكانی تەمەنی كابینەكەدا، ئەو هەنگاوەی پارتی توڕەكرد، پارتی نایەوێت لەكابینەی نوێدا دوچاری هەمان كێشە ببێتەوە، هاوكات لەڕێگەی دورخستنەوەی كۆمەڵیشەوە پەیامێك بەسەركردەكانی ئەو حزبە دەدات كە تۆڵەی كشانەوەكەیان لێدەكاتەوە.
ئۆپۆزسیۆنی نوێ چۆن دەبێت؟
بەرەی ئۆپۆزسیۆنی نوێی هەرێمی كوردستان پێكدێت لە سێ حزب (جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی)، ئەم سێ لایەنە بەرلەوەی پارتی دەست بە دانوستان بكات بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، خۆیان كشانەوە‌و بەرەی ئۆپۆزسیۆنبوونیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەڵبژارد، كۆمەڵی ئیسلامیش ئەگەر لە دواین ساتەكاندا پەیوەندی بەم بەرەیەوە بكات، بەناچارییە، چونكە تائێستا چاوی لەوەیە پارتی بەشداری حكومەتی پێبكات.
ئەگەر كۆمەڵی ئیسلامیش بێتە ریزەكەوە، بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەهەمویانەوە لە پەرلەمانی كوردستان (21) كورسییان دەبێت، ئەم رێژەیەش كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت‌و ناتوانێت رێگری لە تێپەڕبوونی ئەو یاسایانە بكات كە دڵخوازی پارتی دیموكراتی كوردستانن، بەتایبەتی لە پرسێكی گرنگی وەكو دەستوری هەرێم كە گرنگترین ئاڵنگاری بەردەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانە لە چوار ساڵی داهاتوودا.
یەكێك لە ئاستەنگەكانی بەردەم ئۆپۆزسیۆنی نوێی هەرێمی كوردستان هەماهەنگی‌و كاری هاوبەشە، چونكە پێناچێت كۆمەڵی ئیسلامی ئەو هەماهەنگییە لەگەڵ نەوەی نوێدا بكات كە پێشتر لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كردویەتی، بەتایبەتی لەكاتێكدا هاوپەیمانی نێوان كۆمەڵ‌و گۆڕان بناغەكەی لەلایەن ئەمیرو رێكخەری هەردوو حزبەكەوە دانرابوو، كە تێكشاندنی ئاسان نەبوو.
سەرباری ئەمە، لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و بەشداربونیان بەجیا لە پرۆسەكەدا، جۆرێك لە هەستیاری لەنێوان یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی دروستكردووە، كە رەنگە كاركردنیان پێكەوە دوچاری گرێوگۆڵ ببێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand