كاندیدە دەرنەچووەكان گومانیان لە ئەنجامەكان هەیە

Draw Media

2018-10-21 20:12:08



 (درەو میدیا): 
گومان‌و دوودڵییەكی زۆر هەیە لای بەشێك لەو كاندیدانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە دەرنەچوون، هەندێك لە كاندیدە دەرنەچووەكان پێیانوایە ئاڵوگۆڕ بە ناوەكانیان كراوە‌و كاندیدی تر كە دەنگی پێویستیان نەهێناوە خراونەتە شوێنی ئەوان بۆ ئەوەی سەركەون بۆ پەرلەمان، ئەم گومانە لای كاندیدی زۆربەی لیستەكان هەیە.

حەوت هەزار دەنگی هێناوە‌و دەرنەچووە!
مەلا سەعید عەبدولڕەحمان كاندیدی ژمارە (27)ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، سەرسوڕمانی دەربڕیوە كە (7 هەزارو 688) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام ناوی لە لیستی كاندیدە دەرچووەكاندا نییە.
ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی قسەی ئەو كاندیدەی پارتی، كەمترین دەنگی كاندیدی پارتی كە سەركەوتبێت بۆ پەرلەمان (3 هەزارو 551) دەنگەو لە پیاوانیش كەمترین دەنگ (4 هەزارو 560) دەنگە.
كاندیدەكەی پارتی دەڵێ" ئەم غەدرە قبوڵ ناكەم‌و سكاڵای یاسایی تۆماردەكەم".

"بەقودرەتی قادر دەرچوون"
كاندیدێكی بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" دڵنیام دەرچوم‌و دەنگی پێویستم هێناوە، بەڵام كاندیدی تر خراوەتە شوێنەكەم".
ئەو كاندیدەی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەكرد" بەشێك لە كاندیدەكان دركیان بەوە كردووە چەند كاندیدێك دەنگی زۆر كەمیان هێناوە، بەڵام بە قودرەتی قادر، دەرچوون".
ئەو كاندیدەی بزوتنەوەی گۆڕان ناوی چەند كاندیدێكی لیستەكەی ئاشكراكرد، كە بەوتەی ئەو دەنگی كەمیان هەبووە، بەڵام بەهۆی نزیكییان لە بەرپرسانی حزبەوە دەنگەكانیان بۆ زیادكراوە، (درەو میدیا) بەهۆی نەبوونی بەڵگەی سەلمێنەرەوە، ناوی ئەو كاندیدانە بڵاوناكاتەوە كە گومان لە دەرچونیان هەیە بۆ پەرلەمان.

هونەر عومەر كاندیدی ژمارە 31ی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئاكاونتی تایبەتی خۆی گومانی خۆی لە بردنی دەنگەكانی دەربڕیوە و نوسیویەتی" 
جەند بەلگەیەك بۆ دەنگدەرانم وب زوتنەوەی گۆڕان دەخەمە ڕوو دەرهەقی بەو زولم و غەدرەی لێمكرا بەلگەی یەكەم تەنها لە سنوری قەزای شەقلاوەیە كۆی دەنگەكانم بەگشتی بە هەموو كوڕیەكانیشەوە لەوقەزایەدا946 دەنگە وەلەقەزای ڕەواندوز92 لەكۆمەلگای بەحركە81لەناحیەی دارەتوو37دەنگ جگەلەناوسەنتەری هەولێرودەوروبەری كەزۆرینەی خزم وكەس وكارم لەناوسەنتەری هەولێرنیشتەجێن بەلگەی دووەمیش جەند قەزایەكی ناوجەی سلێمانین جگە لەدەنگەكانم لەدەنگدانی تایبەت ئەگەر تەنها لێرە دەنگەكانم كۆبكەمەوە یەك دەنگیشم لەهیج شوێنێكی تر بۆ نەهاتبێت كۆی دەنگەكانم 1323خەلكیش هەیەلەهەمان لیستەكەی من بە1268دەنگ كراوە بەپەڕلەمانتار ئەوەش گومانی زۆری لای من لەسەركۆی پڕۆسەكەدرووست كردوە" 
(درەو میدیا) زانیاری هەیە، لەدوای تەواوبونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و لەسەروبەندی جیاكردنەوە‌و ئەژماركردنی دەنگەكاندا، ژمارەیەك كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان نوسراوێكیان ئاڕاستەی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەكەیان كردووە‌و تێیدا هۆشدارییانداوە لە ئەگەری دەستكاریكردنی دەنگەكانیان.

دەنگی قوباد تاڵەبانی بە كێ دراوە؟
كاندیدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە ناوەكەی لای (درەو میدیا) پارێزراوە باسی لەوەكرد، دەنگەكانی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی بەشی نزیكەی (12) كورسی بووە، ئەو دەنگە زیادانە دراون بەو كەسانەی كە خۆیان مەبەستیان بووە سەركەون، بەڵام دەنگی كەمیان هێناوە. 

كاندیدەكانی كۆمەڵ گومانیان هەیە
لەگەڵ راگەیاندی ناوی كاندیدە دەرچووەكاندا لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمی كوردستان لەناو كاندیدەكانی كۆمەڵی ئیسلامیدا مقۆمقۆ دروستبوو.
كاندیدێكی كۆمەڵی ئیسلامی كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" پێشتر دەنگی كۆمەڵێك كاندیدی لەپێشەوە بووەو بەپێی دەنگەكانیان دەرچووبون‌و لە میدیاكانیشەوە بڵاوكرانەوە، بەڵام دواتر ناوی تر هاتەپێشەوە، بۆیە ئەمە گومانی لای بەشێك لە كاندیدەكانی كۆمەڵی ئیسلامی دروستكردووە". 

شیوعیش بە گومانە
بەشێك لە كادرانی حزبی شیوعی بە گومانن لە گۆڕینی دەنگی كاندیدەكانیان و پێیان وایە كاندیدی ژمارە (9)ی حزبەكەیان دەنگی زۆری هێناوەو زۆرینەی ئەندامانی حزبی شیوعی پیرۆزباییان لێكردووە، بەڵام دواتر سەرۆكی لیستەكەیان دەرچووە، ئەمە جۆرێك لە گومان و دوو دڵی لای كادرانی حزبی شیوعی دروستكردووەو لەئێستادا گفتوگۆی چڕ لەناو كادران و سەركردایەتی حزبی شیوعی هەیە لەوبارەیەوەو هەندێكیان پێیان وایە ئەوە دەستی لایەنەنێكی دەسەڵاتداری هەرێمی لەپشتە. 

كۆمسیۆن چی دەڵێ؟
بەهۆی فرەڕەنگی‌و جیاوازی بیروڕا لەناو كارمەندان‌و كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، دەستكاریكردنی دەنگی كاندیدەكان ئەستەمە. ئیسماعیل خورماڵی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران‌و بڕیاردەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە (درەو میدیای) راگەیاند:" تیمێكی شەست كەسیی ئەنجامەكانیان داخڵكردووە، تیمێكی پێنچ كەسی هەمەڕەنگ سەرپەرشتیان كردووە، بۆیە هیچ گۆڕانكاریەك نەكراوەو ناكرێت". 
خورماڵی وتی: ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین، ئەنجامەكان بەوشێوەیە بووەو دەستكاری نەكراوە".

شارەزایانی هەڵبژاردنی چی دەڵێن؟
ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) ئاماژەی بەوەكرد" لە هەموو هەڵبژاردنێكدا بەتایبەت لە لیستی نیمچەكراوە، ئەو گومانانە دروستدەبێت، بەڵام دەستكاریكردنی دەنگی كاندید بۆ بەرژەوەندی كاندیدێكی دیكە، كارێكی ئەستەمە".
بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن ئەوەشی ئاشكراكرد" تەنها لەكاتێكدا دەستكاری دەنگەكان دەكرێت كە ساختەكارییەكی رێكخراو بكرێت".
سەبارەت بە رەوینەوەی ئەو گومانەش، ئارام جەمال رونیكردەوە" ئەو كەسانەی گومانیان هەیە دەتوانن سكاڵا تۆماربكەن و داوای فۆرمی ژمارە 52 بكەن كە ژمارەی دەنگی كاندیدەكانی تێدایە".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand