15%ی دەنگەكان گۆڕانكاری لە كورسییەكاندا دروستدەكات؟

Draw Media

2018-10-10 20:02:29



راپۆرتی: درەو میدیا

 ئێستا 15%ی ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان رانەگەیەندراوە و نزیكەی ( 300 هەزار ) دەنگە، هەندێك پێیان وایە گۆڕانكاری لە كورسییەكاندا دروست دەكات و هەندێكیش بە دووری دەزانن و پێیان وایە ئەوەی راگەیەندراوە جێگیرە و ئەستەمە گۆڕانكاری دروست بێت لە كورسییەكاندا.

15% چی دەگۆڕێت؟
بەپێی ئەو دەنگانەی ماوە رابگەیەنرێت كە  15%ی كۆی دەنگەكانەو نزیكەی ( 300 هەزار) دەنگ دەكات و بەشێكی ئەو سندوقانەیە قردێلەی سوریان لێدراوەو ژمارەیان ( 228 ) سندوقە و بە نزیكەیی 60 هەزار دەنگ دادەنرێت، بە هەموو پێوەرێك ئەو دەنگانە گۆڕانكاری لە كورسییەكاندا دروست دەكات، چونكە بەشێك لەو دەنگانە دەسوتێت بەو پێی راگەیندراوەكەی كۆمسیۆن كە لە 29/9/2018 بڵاویانكردەوە لە خاڵەكانی سێیەم و چوارەمدا باس لە پوچەڵكردنەوەی ئەو سندوق و بنکانە دەكات كە دەنگدانی تایبەتیان تێدابووە یاخود كەسانی ئەمنی و سەربازی چونەتە ژوورەوە، كە زۆرێك لە بنكەكان ئەو حاڵەتانەیان تێدابووە واتا دەنگی ئەو سندوقانە پۆچەڵدەكرێنەوە، هەروەك شیروان زرار وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان پێی وایە  دەنگی ئەو 15%ی ماوە بەشی 5 بۆ 6 كورسی گۆڕانكاری دروست دەكات، بەڵام " درەو میدیا " پەیوەندی بە چەند بەرپرسێكی كۆمسیۆنەوە كرد و  زۆربەیان پێیان وابوو ئەو دەنگانە هیچ گۆڕانكارییەك دروست ناكەن.
هەریەك لە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە زەرەرمەندترین لیستی هەڵبژاردنن پێیان وایە ئەنجامی 15%ی هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاری لە كورسیەكاندا دروست دەكات.

" درەو میدیا" لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی بزوتنەوەی گۆڕان 3 كورسی دیكەی بەردەكەوێت و ژمارەی كورسییەكانی دەبێتە 15 كورسی و یەكگرتووی ئیسلامی 2 كورسی بەردەكەوێت و ژمارەی كورسییەكانی دەبێتە 7 كورسی، ئەمەش تەنها پەیوەست نیە بە كۆمسیۆن و ژماردنەوەی دەنگەكانەوە بەڵكو پەیوەستە بە گفتوگۆو لێكتێگەیشتنی هێزەكان و دانوستانی نێوانیانەوە.
بەڵام پرسیارەكە لێرەوەدا ئەوەیە ئێستا هێزەكان كورسییەكانی خۆیان بۆ دەركەوتووە، ئەو كورسیانەی دەگۆڕێن لە چی لیستێك كەمدەكرێتەوە، كە چاوەكان روویان لە یەكێتی و پارتیە، ئاماژەكان بۆئەوە دەچن پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەشێك لە كورسیەكانی خۆی دەبورێت و چاو لە كورسیەك تا 2 كورسی دەپۆشێت كەمبێتەوە ئەوەش لە پێناو دروست نەبوونی كێشە بەتایبەتی كە پارتی هەرچۆنێك بێت براوەی هەڵبژاردنە و دەیەوێت دۆخەكە بە ئارامی تێپەڕێت.

هەروەها پارتی چەندین هەوڵیداوە كە نەوەی نوێ و گۆڕان و یەكگرتوو قایل بكات بەوەی بایكۆت نەكەن و رازی بن بە ئەنجامەكان، ئەوەش ئەگەری گۆڕانكاریی لە كورسییەكان زیاتر دەكات، بەڵام پێناچێت یەكێتی رازی بێت بە كەمبونەوەی كورسییەكانی لە كاتێكدا چاوی لە كورسی زیاترە، هەر ئەمەش ئەو ئەگەرە زاڵ دەكات كە ئەستەمە گۆڕانكاری لە كورسییەكاندا دروست بێت، بەو پێیەی ئەو كورسیانە لە چی لیستێك كەمدەبێتەوە.
 هەندێكی تر پێیان وایە یەكلاكردنەوەی ئەو دەنگانە دانراوە بۆ دانوستان و گفتوگۆی لاینەكان، بەتایبەتی لەسەر شێوازی داهاتووی حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان و ئەگەر پارتی دڵنیا نەبێت لەوەی دابەشكردنی ئەو كورسیانە لە قازانجی خۆیدایە، ئەوا هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن، پارتی چاوی لە زیادكردنی كورسییەكانیەتی بۆ46 كورسی و یەكێتیش دەیەوێت كورسیەكانی بگەیەنێتە 23 بۆ 24 كورسی.
ئێستا تۆپەكە لە قاچی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن نیە، بەڵكو كەوتوەتە قاچی حزبە سیاسییەكان، بەو پێیەی پێشتر بڕیار بوو بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی كۆمسیۆن ئەنجامی هەڵبژاردن، پەسەند بكرێت واتا دەنگی 6 ئەندام، بەڵام دادگا ئەوەی یەكلاكردەوەو كردیە ( 50 + 1 ) واتا 5 ئەندام ، بۆیە ئەو 15%ی كە ماوە رابگەیەنرێت پەیوەستە بە گفتوگۆی حكومەت و داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و مامەڵەو دانوستانی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان. 

دابەشكاری كورسی لیستەكان
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان ئەنجامی 85%ـی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند كە 1355760 دەنگدەر بەشداربووە، بەركەوتەی هەڵبژاردن بۆ كورسیەك 13557.6 بەم شێوەیە:
1- پارتی دیموكراتی كوردستان 595592  دەنگ واتە 43 كورسی و 9304 ماوەی هەیە. 
2- یەكێتی نیشتمانی كوردستان 287575 دەنگ واتە 21 كورسی و 2113 ماوەی هەیە. 
3- بزووتنەوەی گۆڕان 164336 دەنگ واتە 12 كورسی و 1213 ماوەی هەیە. 
5- جووڵانەوەی نەوەی نوێ 113297 دەنگ واتە 8 كورسی و 3567 ماوەی هەیە. 
4- كۆمەڵی ئیسلامی  94992 دەنگ واتە 7 و 65 ماوەی هەیە. 
5- بەرەو ئیسڵاح 69477 دەنگ واتە 5 كورسی و 1245 ماوەی هەیە. 
6- لیستی سەردەم 13708 دەنگ واتە 1 كورسی و 110 ماوەی هەیە. 
7- لیستی ئازادی 7069 دەنگ 
8-هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری 6886 دەنگ
9- پارتی پارێزگارانی كوردستان 3028 دەنگ

بەگشتی 97 كورسی هاتووە و 3 كورسی بە ماوەی زۆرینە دەڕوات بەم شێوەیە:
- پارتی دیموكرات 1 كورسی كۆی كورسییەكانی دەبێت بە 44 كورسی
- ئازادی 1 كورسی 
- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری 1 كورسی
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand