پەرلەمان چۆن سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت ؟

Draw Media

2018-09-22 18:31:10



راپۆرت: نامیق رەسوڵ
رۆژی (15 و 16)ی ئەم مانگە پەرلەمانی نوێی عێراق دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژارد، پاشان سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماوەی سێ‌ رۆژ دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوە، سبەینێ‌ كاتژمێر (3:00)ی پاش نیوەڕۆ دەرگای خۆپاڵاوتن دادەخرێت.

خۆپاڵاوتن چۆن دەبێت ؟
بەگوێرەی ماددەی (3)ی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2012ی تایبەت بە خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆك كۆمار، ئەو كەسانەی كە خۆیان كاندید دەكەن، پێویستە لەماوەی ئەو (3) رۆژەدا داواكاریی خۆیان و بەڵگەنامەی پێویست و سیڤی خۆیان رادەستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن.
پاش ئەو (3) رۆژە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بە گوێرەی ماددەی (4)ی یاساكە ناوی ئەو كاندیدانە رادەگەیەنێت كە مەرجە یاساییەكانیان تێدایە بۆئەوەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدبكەن.
بە گوێرەی ماددەی (5)ی ئەو یاسایە هەر كاندیدێك ناوی لە لیستی كاندیدەكاندا نەبێت، دەتوانێت لە ماوەی سێ‌ رۆژدا لە دادگای باڵای فیدراڵی پەڵپ بگرێت بەشێوەی نوسراو و پاشان دادگای فیدراڵی لە ماوەی (3) رۆژدا دوای تۆماركردنی پەڵپەكان، بڕیاری یەكلاكەوەرەوەیان لەبارەیەوە دەدات و بە فەرمی لە ماوەی (3) رۆژدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە بڕیارەكەی ئاگاداردەكاتەوە، پاشان سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ناوی ئەو كاندیدانە رادەگەیەنێت كە دادگای فیدراڵی كاندیدبوونیان پەسەند دەكات دوای پەڵپ گرتنیان.

كەی سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت ؟
ماددەی (شەشەم)ی یاسای خۆپاڵاتن بۆ سەرۆكی كۆمار ئاماژەی بەوە داوە، دوای كۆتاییهاتنی ئەو پرۆسانەی سەرەوە، بە گوێرەی ماددەی (72)ی دەستوری عێراق، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران داوای كۆبوونەوە دەكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەنێو ئەو كاندیدانەی مەرجە یاساییەكانیان تێدایە.
لە كۆبوونەوەكەی پەرلەماندا هەر كاندیدێك توانی دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی پەرلەمانتاران كە دەكاتە دەنگی (220 دەنگ) بەدەستبهێنێت، دەبێت بە سەرۆك كۆمار، ئەگەر هیچ كاندیدێك نەیتوانی ئەو دەنگە بەدەستبهێَنێت، ئەوا گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت لەنێوان ئەو دوو كاندیدەی كە زۆرترین دەنگیان لە گەڕی یەكەمدا بەدەستهێناوە، ئەو كەسەی لە گەڕی دووەمدا زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، دەبێتە سەرۆك كۆماری نوێی عێراق.
بەپێی ماددەی (9)ی یاسای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەگەر تەنها یەك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەبوو، ئەوا پێویستە لە گەڕی یەكەمدا دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت، ئەگەر نەیتوانی، ئەوا لە گەڕی دووەمدا پێویستە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت.

سەرۆك كەی سوێندی یاسایی دەخوات ؟
پاش ئەو پرۆسەیە، سەرۆك كۆماری هەڵبژێدراو لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەران و بە ئامادەبوونی سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی سوێندی دەستوری دەخوات بەو شێوەیەی كە لە ماددەی 50ی دەستوریدا هاتووە و ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆك كۆمار چوارساڵە و لە رۆژی سوێندخواردنەوە دەستپێدەكات و تا كۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی ئەو ئەنجومەنی نوێنەرانەی كە ئەوی هەڵبژاردووە و تەنها مافی ئەوەی هەیە یەك خولی تر بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار خۆی كاندیدبكاتەوە.

كەی كۆتایی ماوەی دەستورییە ؟
بە گوێرەی یاسای ژمارە (هەشت)ی ساڵی 2012ی خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆك كۆمار، سبەینێ‌ یەكشەممە دەرگای خۆپاڵاوتن دادەخرێت، پاشان سەرۆكایەتی پەرلەمان ناوی كاندیدەكان رادەگەیەنێت و ئەو كاندیدانەی خۆپاڵاوتنیان رەتدەكرێتەوە دەتوانن لەماوەی (سێ‌) رۆژدا لە دادگای فیدراڵی پەڵپ بگرن، واتە تا رۆژی 25ی ئەم مانگە و پاشان دادگای فیدراڵی لەماوەی (3) رۆژدا واتە تا 30 مانگ بڕیار لەسەر پەڵپەكان دەدات و لەماوەی سێ‌ رۆژدا پەرلەمان ئاگاداردەكاتەوە لە بڕیارەكەی و بە گوێرەی ئەم رێوشوێنانە پەرلەمانی نوێی عێراق، رۆژی 3ی 10 پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێوەدەچێت و ئەوەش كۆتایی ئەو ماوە دەستورییەیە كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاریكراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand