بەربەستەكانی بەردەم بەرهەم ساڵح گەورەتر دەبن

Draw Media

2018-09-22 12:18:36



راپۆرتی: درەو میدیا
پارتی بەرەسمی و یەكێتی بەناڕەسمی و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و ژمارەیەك كاندیدی تر ڕكابەریی بەرهەم ساڵح دەكەن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار،  ئەم ڕكابەرێتییە هاوكاتە لەگەڵ هەڵمەتێكی ئیعلامی گەورە دژ بە ناوبراو، چی لەسەر ئاستی ماسمیدیا و هەم لەسەر ئاستی سۆشیال میدیاو، زیاد لەلایەنێكی سیاسی بەحزبەكەی خۆشیەوە،  وەك كەسێكی بێوەفا و هاوڕێی نیوەڕێگای هاودیدەكانی و، پۆست پەرست وێنای دەكەن، بەڵام ئەمە هەموو وێنەیەكەیە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە "درەو میدیا" بەدواداچونی وردی بۆ كردووە و هەوڵدەدات لەم ڕاپۆرتەدا بەشێوەیەكی پیشەییانە وەڵامی بداتەوە، وێڕایی ئاشكراكردنی چەندین زانیاری تر كە بۆیەكەمجارە لە ڕاگەیاندنەكاندا بڵاودەبێتەوە.

 گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو بەتەنیا بەجێیانهێشت
 
لە سەروبەندی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، حزبەكەی ئەوكاتی بەرهەم ساڵح (هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری) یەكێك بوو لە حزبە ناڕازییەكان هاوشانی (گۆڕان و كۆمەڵ  یەكگرتوو)، بەرهەم ساڵح هەوڵیدا لەگەڵ ئەو سێ‌ حزبە پێكەوە و، دواتر بزوتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی جۆرێك لە هاوپەیمانی پێكبهێنن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی كوردستانیش، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان ئەو هاوپەیمانێتییەی ئەنجامنەدا و دواتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەوە كە لەژێر فشاری یەكێتیدا گۆڕان هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح نەكردووە. 
 دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش، بەرهەم ساڵح داوای لە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كرد بیكەنە كاندیدی هەرچوار حزبەكە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار،  واتە لەگەڵ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، تەنها یەكگرتووی ئیسلامی ڕەزامەندی پیشاندابوو، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو داوایەی ڕەتكردبوەوە، ئەوە لەكاتێكدایە تائێستا پێنج كاندیدە دەرچوەكەی گۆڕان بۆ خولی نوێی پەرلەمانی عێراق سوێندیان نەخواردووە، كۆمەڵی ئیسلامیش كە ڕاستەوخۆ داواكەی ڕەتنەكردبوەوە، سەلیم شوشكەیی كاندیدكرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لە كاتێكدا كۆمەڵ تەنها خاوەنی دوو كورسی پەرلەمانی عێراقە و كاندیدی سەرۆك كۆماریش پێویستی بەدەنگی دوو لەسەرسێی پەرلەمانە بۆ دەرچوون كە دەكاتە 220كورسی لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عێراق و ڕەنگە لە باشترین حاڵەتدا سیناریۆی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دووبارە بكەنەوە، كە ئەگەرێكی زۆر دوورە. 

پارتی فازیل میرانی دەكات بەگژ بەرهەم ساڵح دا
دوای دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح بەشێوەیەكی ڕەسمی لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە،  مەسعود بارزانی بەچڕی هاتوەتە سەرخەت لەگەڵ هێزە عێراقییەكان و لەهەوڵی ئەوەدایە ئەو پۆستە بۆ  پارتی بێت، یان خۆ بڕیاردەری یەكەم بێت لەوەی كێ لەسەر كورسی سەرۆك كۆمار دادەنیشێت.
عەرەفات كەرەم، سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەتویتێكدا بەڕوونی گوزراشتی لەم خولیایەی بارزانی كردووە و دەڵێ" ئەگەر هەموو پارتە سیاسییەكان لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆمار ڕێكبكەون، نابێت بە سەرۆك، گەیشتن بە سەرۆكایەتی كۆمار بەدەستی بارزانیە، بەوپێیەی ئەو پۆستە ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆیانە".
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە پارتی دیموكراتی كوردستان  تایبەت بە"درەو میدیا"ی، ڕاگەیاند: پارتی فازیل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدەكات و دەبێتە ڕكابەرێكی سەرسەختی بەرهەم ساڵح بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، جەختیشیكردەوە، پارتی بەهیچ شێوەیەك سازشی لەسەر ئەو پۆستە نەكردووە، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەبووە كە یەكێتی بەڕەزامەندی حزبەكەی ئەوان كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دیاری بكات، بەڵام دوای دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح بەشێوەیەكی تاكلایەنە، پارتی بڕیاری داوە كاندیدێكی بەهێزی هەبێت بۆ وەرگرتنی ئەوپۆستە كە ئەویش فازیل میرانیە.
ئەگەرچی پێشتر پارتی بەردەوام داوای لە یەكێتی دەكرد كە خۆیان لەسەر یەك كاندید یەكلا بكەنەوە، بەڵام چاوەڕەوانی ئەوە نەبوون بژاردەی كۆتاییان بێتە سەر بەرهەم ساڵح، بەپێی زانیاریەكانی "درەو میدیا" پارتی  دەیەوێت " فوئاد مەعسوم" بكرێتەوە بە سەرۆك كۆمار، بەو پێیەی پارتی نایەوێت كەسێكی بەهێز لەو پۆستەدا بێت.
پێشتر "درەومیدیا" ئاشكرایكرد، مەسعود بارزانی بە تەلەفون لەگەڵ نوری مالیكی و هادی عامری قسەیكردووە و پێڕاگەیاندون پارتی كاندیدی دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و داوای لێكردون پشتیوانی حزبەكەی بكەن بۆ سەرخستنی كاندیدەكەی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق .

ژمارەی ڕكابەرەكانی بەرهەم ساڵح لە هەڵكشاندان

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەتیف ڕەشید ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی لە بەغداد چاوی كەوتووە بە نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و ژمارەیەك كەسایەتی و هێز و لایەنی سیاسی  و داوای لێكردوون پشتیوانی بكەن بۆئەوەی ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق.  
 لە سەروبەندی هەڵبژاردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەتیف ڕەشید بە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕاگەیاندووە، لە دەنگدانی ئەواندا دەربچێت و دەرنەچێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەڵدەبژێرێت. 
پێشتریش فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاندبوو، بەرهەم ساڵح كاندیدی ڕەسمی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو لەتیف ڕەشید كاندیدی نارەسمی ئەو حزبەیە.   
هەر بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا" كە لە سەرچاوەی تایبەتەوە دەستی كەتووە، سروە عەبدولواحید سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، سبەینێ‌ بەڵگە پێویستەكانی تایبەت بەخۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، پێشكەش بەفەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات و وەك كاندیدێكی سەربەخۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدەكات.
"درەو میدیا" پێشتر ئاشكرایكرد هەریەك لە سەردار عەبدوڵا و مەلابەختیار و فازیل میرانی و سەلیم شوشكەیی و عومەر بەرزنجی و كەمال عەزیز قەیتولی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدكردووە.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand