مەرجەعییەت هەردوو باڵی حزبی دەعوەی كرد

Draw Media

2018-09-13 13:22:32



( درەو میدیا):
بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو 15ی، ئەیلول پەرلەمانی عێراق  بۆ سێیەمجار  بۆ هەڵبژاردنی  دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان (سەرۆك و دوو جێگرەكەی) كۆببێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە هەردوو كۆبونەوەی 3 و 4 ئەم مانگە شكستیهێنا لەدەسنیشانكردنی، بەهۆی ڕێككنەكەوتنی لایەنەكان.
بەپێی ئەو تەوافوقەی لە ساڵی 2003وە لە عێراق پیادەكرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی پێكهاتەی سوننەكانە، كە لە چوارچێوەی یەك پاكێجدا هەرسێ‌ پێكهاتەی شیعە و كورد و سوننە لەسەری ڕێكدەكەون، سەرۆكایەتی كۆمار بۆ كورد دەبێت و سەرۆك وەزیرانیش پشكی شیعەیە. 
سەرۆكی پەرلەمان
دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق گەورەترین كوتلە دیاریدەكات، نەك سەرۆكی كاتیی (تەمەن).
دیارترین كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان (پێكهاتەی سوننە)
محەمەد حەلبوسی_ئوسامە نوجێفی _محەمەد تەمیم_تەلال زەوبەعی_ڕەشید عەززاوی_محەمەد خالیدی_ئەحمەد جبوری_خالید عوبێدی-ئەحمەد عەبدوڵا جبوری.
كاندیدی سەركەوتوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێویستی بە 165 دەنگ هەیە، (نیوە+1)، ژمارەی كورسییەكانی ئەم خولە 329 كورسییە.


سەرۆك كۆمار 
لە مادەی 68 دەستوری عێراقدا كۆمەڵێك مەرج دیاریكراوە بۆ هەر كەسێك كە خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی كۆماری عێراق كاندیدبكات:
یەكەم: لە عێراق لەدایكبوبێت و لە دایك و باوكێكی عێراقی بێت.
دووەم: كەسایەتییەكی پێگەیشتوبێت و چلەمین ساڵی تەمەنی تەواوكردبێت.
سێیەم:خاوەنی ناوبانگێكی باش و شارەزایی سیاسی بێت، بە دەستپاكی و ڕاستگۆیی و دادوەری و دڵسۆزیی بۆ نیشتمان ناسرابێت.
چوارەم:سزا نەدرابێت بەتاوانی ناموس.
-لە خاڵی یەكەمی مادەی 77یشدا كە باس لە مەرجەكانی كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هاتووە، مەرجە سەرۆك وەزیران هاوشێوەی سەرۆك كۆمار هەڵگری بڕوانامەی زانكۆ یان بڕوانامەیەك كە هاوتای زانكۆبێت، واتە مەرجە سەرۆك كۆمار بڕوانامەی زانكۆی هەبێت. 
-مادەی70 دەستوری عێراق كە لە دوو بڕگە پێكدێت، باس لەچۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەكات لە پەرلەمان:
1-    ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆینەی دوو لەسەرسێی دەنگی ئەندامەكانی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دیاریدەكات.
2-    ئەگەر هیچكام لە كاندیدەكان دەنگی پێویسیتان نەهێنا، ڕكابەرییەكە دەكەوێتە نێوان ئەو دوو كاندیدەی زۆرترین دەنگیانهێناوە، هەر كامیان لە گەڕی دووەمی دەنگداندا زۆرینەی هێنا، دەبێتە سەرۆك كۆمار.
-مادەی 72 لە دەستوری عێراق تەئكید لە بەردەوامی سەرۆك كۆمار دەكات لەسەر كارەكەی، تا دوای تەواوبونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ‌ و كۆبونەوەی، پێویستە لە ماوەی 30 ڕۆژ دوای یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژێرێت.

سەرۆك وەزیران
لە مادەی 72ی دەستوری عێراقدا هاتووە:
یەكەم: سەرۆك كۆمار كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان ڕادەسپێرێ بۆ پێكهێانی كابینەی نوێی حكومەت، لە ماوەی 15 ڕۆژ و لە كاتی هەڵبژاردنیەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.
2-سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو، پێویستە لە ماوەی 30 ڕۆژدا، لە كاتی ڕاسپاردنیەوە، ئەندامانی كابینەكەی دیاریبكات.
3-لە كاتی شكستهێنانی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەو ماوەیەی بۆی دیاریكراوە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كابینەكەی، سەرۆك كۆمار لە ماوەی 15 ڕۆژدا كاندیدێكی تر ڕادەسپێرێ بۆ پێكهێانی حكومەت، بە هەمان شێوە كاندیدی دووەم پێویستە لەو وادەیەی لەبڕگەی دووەمی ئەم مادەیەدا بۆی دیاریكراوە كە 30 ڕۆژە، كابینەكەی پێكبهێنێت و بیخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ متمانە وەرگرتن. 


نزیكترین سیناریۆ بۆ پێكهێنانی حكومەت:
هاوپەیمانی فەتح (هادی عامری) و هاوپەیمانی سائیرون (موقتەدا سەدر) و كورد (پارتی و یەكێتی) و وەتەنیە (ئەیاد عەلاوی) و ڕەوتی حیكمە(عەممار حەكیم) و ئیرادە و كەفائات و جیابووەكان لە ئیئتیلافی نەسر و میحوەری نیشتمانی (بەشێك لە سوننەكان)، حكومەتی داهاتوو پێكدێنن. 
بەپێی ئەم سیناریۆیە بێت دەوڵەتی یاسا بە هەردوو باڵەكەی كە(حەیدەر عەبادی و نوری مالیكی) سەرۆكایەتی دەكەن، لەگەڵ كۆمەلێك هێز لەناو كورد و سوننە لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دەكرێنە دەرەوە.
لەگەڵ ئەوەی هەندێك ئەم سیناریۆیە بە بەهێز و پێشبینیكراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندە دەزانن، بەڵام وەك بەشێك لە چاودێران دەڵێن، ئەستەمە حزبی دەعوە كە هەردوو باڵەكەی مالیكی و عەبادی لەخۆدەگرێ، بەجارێك لە پرۆسەی سیاسی بكرێتە دەرەوە، بەڕای ئەوان دەعوە پۆستی سەرۆك وەزیران لەدەستدەدات، بەڵام بەشێكی گرنگ دەبێت لە حكومەتی ئایندە.    
 عەباس موسەوی وتەبێژی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ بە "سۆمەرییە نیوز"ی وتووە، نیمچە ڕێككەوتنێك هەیە لەناو هاوپەیمانی (بنیاتنان) هاوپەیمانییەكەی (مالیكی و عامری)، كە فەتح لەگەڵ سائیرون و، ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساش لەگەڵ هاوپەیمانی نەسر جۆرێك لەكرانەوە ئەنجامبدەن بۆ پێكهێنانی كوتلەیەكی بەهێز و خۆڕاگر كە توانای ڕوبەڕوبونەوەی ئاستنەگەكانی داهاتووی هەبێت دور لە كاندیدكردنی هیچ ناوێك.
دوای پەیامەكەی مەرجەعییەتی باڵای شیعەكان و  پشتیوانینەكردنی لە هیچ یەكێك لەو كاندیدانەی دەیانویست پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرن و  پێشتر لە دەسەڵات بوون، هەموو ئەو كاندید و لایەنانەی  ڕكابەریی و ململانێی توندی یەكتریان دەكرد  بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بێهیوابوون، بەوەش ناكۆكی یەكەمی ناو ماڵی شیعە كۆتاییهات كە هاوكات بەربەستێكی گەورەی نەگەیشتنی لایەنەكانیش بوو بەڕێكەوتن، لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand