Draw Media

"لەبری پارەی كاش، نەوتی خاو بە كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان بدرێت"

"لەبری پارەی كاش، نەوتی خاو بە كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان بدرێت"

2025-09-16 13:28:23


(درەو):
بۆ رەواندنەوەی نیگەرانی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رازی بوو بەوەی لەبری پارەی كاش، نەوتی خاو بدرێت بە كۆمپانیاكان وەكو حەقدەستی دەرهێنانی نەوت. 
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ كۆتایی هات، هاوشێوەی كۆبوونەوەی هەفتەكانی پێشوو، ئەمڕۆش لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا قسەوباس كرا لەبارەی كێشەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكان لە بەغدادەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ رەشنوسی لێكتێگەیشتنی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانی پەسەندكردووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە پرسی بەكارهێنانی بڕی (50 هەزار) بەرمیلی رۆژانە بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم و رادەستكردنی بەرهەمەكەی تر بە كۆمپانیای (سۆمۆ) بدرێت، جا چ ئەوەی هەناردەی دەرەوەی بكات یان ئەویش بۆ پێداویستی ناوخۆی عێراق سودی لێ ببینێت. 
لەبارەی چۆنیەتی خەرجكردنی شایستەی دارایی كۆمپانیاكان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێشنیاری كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمی پەسەندكرد، سەبارەت بەوەی: 
•    شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی كەرتی نەوتی هەرێم بە (نەوتی خاو) بدرێت نەك پارەی كاش، بۆ ئەوەی چیتر كۆمپانیاكان نیگەران نەبن لەوەی لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە شایستەكانیان پێنەدرێت، بۆ ئەمەش كرێی دەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت وەكو ئەوەی لە هەمواری یاسای بودجەدا هاتووە بە بڕی (16 دۆلار) دیاریكراوەو دەبێت هاوتای ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنن بەبەهای (16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك) لەبری پارەی كاش نەوتی خاو بە كۆمپانیاكان بدرێت، لەم حاڵەشدا هاوشێوەی ئەوەی لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتەوە (لە 25ی ئازاری 2023) كردویانە، دەبێت لەمەودواش كۆمپانیاكان خۆیان بازاڕ بۆ فرۆشتنی نەوتەكەیان بدۆزنەوە. 
سەبارەت بە ئیمزاكردنی رێككەوتنی سێقۆڵی، كە حكومەتی هەرێم جەختی لێدەكاتەوە:
•    ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئیمزاكردنی گرێبەستی سێقۆڵی لەنێوان (حكومەتی فیدراڵ+ حكومەتی هەرێمی كوردستان+ كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم)، بەو مەرجەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ رەزامەندی لەسەر ئیمزاكردنی گرێبەستێكی لەمشێوەیە نیشان بدات، بۆ ئەمەش پرسەكە ئاڕاستەی وەزارەتی نەوت دەكرێت و بڕیارە ئەویش لەماوەی دوو رۆژدا بۆچوونی خۆی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران بكاتەوە. 
لەدوای ئەم رێككەوتنەوە دەبێت بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی رۆژانەی هەرێم دیاری بكرێت بەمەبەستی رادەستكردنی بە (سۆمۆ). 
بەچارەسەربوونی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كە لە 25ی ئازاری 2023وە راوەستاوە، تاكە بەربەستی بەردەم چارەسەربوونی كێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم تەنیا پرسی ناكۆكی دەبێت لەسەر داهاتە نانەوتییەكانی كوردستان، كە بڕیارە ئەویش سبەینێ لەلایەن (ئەنجومەنی دەوڵەت)ەوە قسەی كۆتایی لەبارەوە بكرێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand