رۆژنامەكانی ئەڵمانیا: سوڵتان ئەردۆغان مایەپووچ بوو

Draw Media

2018-08-13 19:11:51



وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
دابەزینی دراماتیكی بەهای لیرەی توركی و ئەو زیانانەی لێیكەوەتەوە بوونە مایەی بایەخپێدانی رۆژنامەكانی ئەڵمانیا یەكێك لەو رۆژنامانە ئاماژەی بەوەداوە كە " پێویستە لەسەر توركیا درك بە راستییەكان بكات، و یەكێك لەو راستییانەش ئەوەیە كە سوڵتان مایەپووچ بووە".
رۆژی دووشەممە ( 13ی ئابی 2018) بەهای لیرەی توركیی  لە بازاڕەكانی ئاسیادا بۆ ئاستێكی پێوانەیی نوێ دابەزی، دوای ئەوەی رۆژی هەینی زیاتر لەسەدا 20ی بەهاكەی لەدەستدا و بەهای یەك دۆلاری ئەمریكی گەیشتە 7 لیرە و یەك یۆرۆش بەرامبەر بە 8 لیرە بوو، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تائێستا لیرەی توركیی نزیكەی 50%ی بەهاكەی لەدەستداوە و ئەوەش دوای ئەو مەترسییانەی لەسەر ئابوری توركیا دروستبوون لەگەڵ زیاتر ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنكەرە و واشنتۆن لەسەر پرسی دەستگیركردنی قەشەیەكی ئەمریكی بە تۆمەتی تیرۆر لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە.
رۆژنامەكانی ئەڵمانیا بایەخیان بە پرسی دابەزینی بەهای لیرەی توركی داوە و هەریەكە و بە جۆرێك تێڕوانین و كۆمێنتی خۆی لەو بارەیەوە بڵاوكردوەتەوە.
رۆژنامەی " هانۆفرشە ئەڵگیماینە تسایتۆنگ" نوسیوێتی:" دوای چاكسازییە دەستورییەكان تاڕادەیەكی زۆر ئۆپۆزسیۆنی سیاسی نێوخۆی توركیا لاوازكرا، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان ئێستا زیانی كارەستبار لە بواری ئارەزوومەندی خۆیدا دەبینێت، كە ئابورییە، لیرە لە دابەزین و داڕمانێكی ئازاد و خێرادایە، و سیستمی سەرۆكایەتی نوێش ئەو دۆخە خراپەی زیاتركرد، لە ئەنكەرە كەسێك نەماوەتەوە بتوانێت بەشێوەیەكی كارا چاودێری سیاسەتەكانی ئەردۆغان بكات و لەكاتی پێویستدا دەستوەردان بكات و هاوسەنگییەك پێكبهێنێت، ئەوەشی ئەوە نیشاندەدات, ئەو رێنماییە نادروست و هەڵنەسەگێنراوانەیە كە لەلایەن سەرۆكی دەوڵەتەوە ئاراستەی بانكی ناوەندیی دەكرێت.
ئەوەی پەیوەستە بە یەكێتی ئەوروپا و ئەڵمانیاوە لەسەر ئەردۆغان پێویستە بە دید و بۆچوونەكانیدا بچێتەوە، ناكرێت توركیا بیر لە یارمەتیدان بكاتەوە، هەتا لە كۆتاییدا بڕیارنەدات لە رێزگرتن لە بنەماكانی گەمەكردن و درككردن بە راستییەكان و داننان پێیاندا و یەكێكیش لەو راستیانە ئەوەیە كە " سوڵتان" مایەپووچ بووە".
هاوكات رۆژنامەی " فرانكفۆرتەر ئەڵگیماینە تسایتۆنگ" لە ژمارەی كۆتایی هەفتەیدا نوسیوێتی:" ئەگەر ئەردۆغان ئارەزووی سوتاندنی هێزە بیانییەكان دەكات، ئەوا ململانێی لەگەڵ سیاسییەكی تر كە حەزدەكات وەك سیاسییەتی ستەمكار دەربكەوێت، نەبووەتە هۆی قەیرانەكە, بەڵكو تەنها زیاتر و گەورەتری كردووە.
لەگەڵ زیاتركردنی رسوماتە گومركییەكاندا، دۆناڵد ترەمپ گوشارەكانی لەسەر نەیارە توركییەی زیاتر كرد، بەڵام ناكۆكیی لەگەڵ ئەمریكا هۆكاری قەیرانی دراوی توركیا نییە، لە راستیدا ئاسۆكانی ئابوری بۆ توركیایەكی نوێ، وەك زۆرێك لە وڵاتە تازە سەركەوتووەكان, توركیا لەم چەند ساڵەی دواییدا سەرمایەیەكی زۆری بیانی راكێشا، بەڵام سەرمایەیەكی لەو شێوەیەك تەنها لە حاڵەتێكدا لەو وڵاتە دەمێنێتەوە ئەگەر سیاسەتێكی ئابوری پەیڕەوبكرێت كە چاوی لە داهاتوو بێت... ئەو شێوازەشی كە ئەردۆغان مامەڵەی پێدەكات لەگەڵ قەیرانەكەدا مەترسی گەیاندنی زیانی كوشندەی بە وڵاتەكەی لێدەكەوێتەوە, لە قۆناغێك لە قۆناغەكاندا بەبێ‌ هاوكاری دەرەكی بۆ نمونە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ناتوانێت بەسەر قەیرانەكەدا زاڵ ببێت، سەبارەت بە دەسەڵاتدارێكی ستەمكاری وەك ئەردۆغانیش ئەم سیناریۆیە وەك مۆتەكەیەكە بۆی، بەڵام بەشێنەیی بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچێت".

رۆژنامەی " ئەلگیماینە تسایتۆنگ" كە لە شاری ماینتس دەردەچێت لە كۆمێنتیدا بەرامبەر بە دۆخی ئێستا توركیا پرسیاری كردووە و دەڵێت:" سەرلەنوێ‌ نزیكبوونەوە لە ئەوروپا و زاڵ بوون بەسەر ناكۆكییەكان لەگەڵ روسیا، هەردوو بژاردەكە لە ئەنكەرە خراونەتەڕوو، سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەردۆغان لە ئەنكەرە پێشوازی لە سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا دەكات, لە ئەیلولی داهاتووش سەردانی بەرلین دەكات، ئێستا وادەردەكەوێت كە هەتا خودی ئەردۆغانیش نازانێت چ رێبازێك هەڵدەبژێرێت".

هەروەها رۆژنامەی " میركیشە ئودرتسایتۆنگ" كە لە شاری " فرانكفۆرت – ئان دیر ئودەر" دەردەچێت لە خۆرهەڵاتی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەداوە كە هەروەها لاوازبوونی لیرەی توركیی كاریگەری دەكاتە سەر ئەڵمانیا و دەڵێت:" سەبارەت بە ئەوروپا ئەو گۆڕانكارییە مەترسی گەورەی لەخۆگرتووەن دەكرێت گەورەتربوونی لاوازبوونی دراوی توركیا بە خێرایی ببێتە هۆی قەیرانی بانكیی و ئەوەش كاریگەری دەكاتە سەر بانكە ئیسپانیی و فەرەنسیی و ئیتالیی و ئەڵمانییەكان و ئەگەر كار گەیشتە داڕمانی دارایین ئەوا كاریگەری دەكاتە سەر كۆمپانیای ئەڵمانیا لە توركیا". 

سەرچاوە: بەشی عەرەبی " DW"

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand