خەزێنەی حكومەتی هەرێم بەشی (16%)ی موچەی تیایە
.png)
2025-06-25 10:22:36
درەو:
لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر موچە، قاسەكەی وەزارەتی دارایی بەشی (16%)ی موچەی موچەخۆرانی تێدایەو مەسرور بارزانی گەشبین بووە بە هاتنی وەفدێكی عێراق بۆ چارەسەری موچە.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، گفتوگۆكرا لەسەر پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان راپۆرتی دارایی خوێندووەتەوەو رایگەیاندووە بۆ دابەشكردنی موچە پێویستمان بە (820) ملیار دینار هەیە چونكە خەزێنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا (160) ملیار دیناری تێدایە، واتا موچەی موچەخۆرانی هەرێم مانگانە پێویستی بە (980) ملیار دینارە، بەو پێیشە ئەو پارەیەی لەبەر دەستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە (16%)ی كۆی موچەی موچەخۆران دەكات و (86%) كورتهێنان هەیە،
بۆیە ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پرسی موچە هیچ بڕیارێكی نەداو هەموو كۆكبوون بۆ پرسی موچە لەگەڵ بەغداد رێكەوتن بكرێت.
هەربۆیە لە كۆبوونەوەكەدا مەسرور بارزانی رایگەیاندووە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و فایەق زیدان سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری قسەم كردووە و بڕیارە لە یەك دوو رۆژی داهاتوو وەفدێكی باڵا بنێرن و لەسەر پرسی موچە بگەینە رێككەوتن.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی راگەیاند:
ئەگەر نەگەیشتینە ئەنجام لەگەڵ بەغداد لەسەر موچە، هەرچی پێمان بكرێت لە هەرێمی كوردستان بە داهاتی ناوخۆ بە كەمكردنی خەرجییەكان بەهەر جۆرێك بێت نایەڵین پەكی خەڵك بكەوێت ئەگەر نەشتوانین لەكاتی خۆی و وەكو پێویست لەم بارودۆخە هەموو مافەكانی موچەخۆران دابین بكەین، ئەوا بەپێی توانامان بێگومان ئەوە دەكەین و موچە دەدەین.
نیەتێك هەبوو بۆ دابەشكردنی موچە بە لێبڕینەوە، بەپێی ئەو داهاتەی حكومەتی هەرێم كە لەبەردەستدایە خۆ ئەگەر نەگەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد، هەر پەنا دەبرێت بۆ لێبڕین و بەپێی ئەو داهاتەی لەبەر دەستدایە موچە دابەشدەكرێت.
سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق هەرێمی كوردستان مانگانە :
- داهاتی چوار مانگی یەكەمی 2025ی نانەوتی هەرێم (ترلیۆنێك و 166 ملیار) دینار بووەو مانگانە دەكاتە (300) ملیار دینار.
- داهاتی چوار مانگی یەكەمی 2025ی نەوتی هەرێم (ترلیۆنێك و 568 ملیار) دینار بووەو مانگانە دەكاتە (390) ملیار دینار.
- پارەی بەغداد: نەهاتووە
- پارەی هاوپەیمانان: 20 ملیار دینار
