سەبارەت بە بەرهەم و داهاتی نەوتی هەرێم

2025-06-27 14:39:37
درەو:
راپۆرتی: یادگار سدیق گەڵاڵی
پاش ئەوەی هەرێمی کوردستان لە دوای وەستانی هەناردەی نەوت لە ٢٥ ی ئازاری ٢٠٢٣ و داخستنی بۆری هەناردەی کوردستان، بۆ ماوەیەکی کەم بەرهەمی زۆرێک لە کێڵگەکان بەهۆی پڕ بوونی ئەمبارەکانەوە وەستا جگە لە کێڵگەی خورمەڵە نەبێت بەردەوام بوو لەبەرهەم هێنان. لە مانگی حوزەیرانەوە جارێکی تر کۆمپانیا نەوتییەکان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەستیان بەبەرهەم هێنانی نەوت کردەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا لە بازاڕی ناوخۆدا بەنرخی داشکاو نەوت دەفرۆشرێت. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ ەوە ئاستی بەرهەمهێنان بۆ سەروو ٣٠٠ هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە .
• هەرێمی کوردستان لە هەشت ناوچەی گرێبەستەوە ئێستا نەوت بەرهەم دەهێنت.
• ئاستی بەرهەم هێنان لە ساڵی ٢٠٢٤ و چارەکی یەکەمی ٢٠٢٥ دا لە ٧ کێڵگەوە، سەروو ٣١٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بووە.
• لە کۆتایی مانگی ئایار کێڵگەی "بجیل – هەریر" کە کۆمپانیای رۆزنەفت بەرهەمهێنانی تێدا دەکات دەستی کردەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت و ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە ٤ هەزار بەرمیلە ( بەرهەمی ئەم کێڵگەیەم لەم شیکردنەوەیەدا دانەناوە چونکە کەمتر لە مانگێکە دەست بە بەرهەم هێنان کراوەتەوە لە کێڵگەکەدا) . بەمەش کۆی کێڵگە بەرهەمهێنەکان بوو بە ٨ کێڵگە ( ناوچەی گرێبەستی تاوکی دوو ناچەیە تاوکی و فیشخاپور ) بۆیە هەندێ جار بە ٩ کێلگە ناودەبرێت بەڵام ٨ ناوچەی گرێبەستە .
• چەند کێڵگەیەکیش هێشتا دەستی بە بەرهەم نەکدووەتەوە لە بەر کەمی ئاستی بەرهەمی نەوت تیایاندا وەکو تەق تەق ، چیا سورخ و باشیک. وە کێڵگەی سەرتەش کۆمپانیاکان رادەستی حکومەتیان کردووەتەوە لە بەر کەمبونەوەی بەرهەم بۆ ئاستیک زۆر نزم.
• کوالێتی نەوتی کێڵگەکان جیاوازن، سوکترین جۆری نەوت لەهەرێم لە کێڵگەی سەرقەڵاو سەرسەنگە و قورسترینیش نەوتی کێڵگەی شێخانە. ئەم جیاوازی جۆرەش بووەتە هۆی جیاوازی نرخی کێڵگەکان لە ٢٧ دۆلارەوە بۆ ٣٩ دۆلار و هەندێ کاتیش ٤٠ دۆلار.
ئەم خشتەیەی خوارەوە ئاستی بەرهەمی رۆژانەو مانگانە (مانگێک ٣٠ رۆژ دانراوە) و نرخی هەرکێڵگەیەک بەجیا، پاشان داهاتی هەرکێڵگەیەک و کۆی داهاتی کێڵگەکان ئەژمار کراوە .
لە و خشتەیە سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە کۆی بەرهەمی نەوتی هەرێم نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، مانگێکی ٣٠ رۆژیش ٨ ملیۆن و٩٩١ هەزار بەرمیل نەوت بووە.
کۆی داهاتی مانگێک بریتیە لە ٢٩٧ ملیۆن و ٥٠٧ هەزار دۆلار. پشکی کۆمپانیاکان لە و بەرهەمە ٨٤ هەزار و ٧٠٣ بەرمیلە رۆژانەو ئەوەی بۆ حکومەت دەمێنێتەوە رۆژانە ٢١٥ هەزار بەرمیلە رۆژانە.
لەو خشتەی خوارە داهاتی کێڵگە بەکێڵگەی نەوتی و پشکی هەریەک لە کۆمپانیاکان و حکومەت و رێژەی سەدی پشکی هەریەکێکیان دیاری کراوە.
تیایدا دەردەکەوێت کە کۆی داهاتی مانگێکی ٣٠ رۆژی نەوتی هەرێم بریتی دەبێت لە٢٩٧ ملیۆن و ٥٠٧ هەزار دۆلار . لەم بڕە ٢١٣ ملیۆن و ٤٢٥ هەزاری بۆ حکومەتی هەریم ماوەتەوە کە دەکاتە سەرو ٧١٪ کۆی داهاتەکە، هەروەها کۆی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکانیش برتییە لە ٨٤ ملیۆن و ٨٢ هەزار دۆلار بە رێژەی تۆزێک سەروو ٢٨٪.
لە سەرو بەندی شەڕی ئیسرائیل و ئێران بەهۆی جەنگەکەوە ئەو بەشەی نەوتی هەرێم کە لەڕێگەی ئێرانەوە دەنێردا بۆ کەنداو راوەستا ئەمەش کاریگەری کرد ەسەر کەمبوونەوەی بەرهەم بەرێژەیەک چونکە هەرێم ئەمباری نییە تاوەکو نەوتی لێ هەڵگرێت وکێڵگەکانیش ئەمبارەکانیان زۆر سنوردارە بۆیە لەکاتی ساغنەبونەوەی بەرهەم پەنا بۆ کەمکردنەوەی بەرهەم دەبرێت. بۆیە بەرهەم بەرێژەیەکی کەم کەمی کرد.
داتاکانی ڕاوێژکاری ئابوری سەرۆکی حکومەت و چەند تێبینییەک:
دوای ئەوەی ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێرەوە لە سەر داهاتەکانی هەرێم ( نەوتی و نانەوتی) موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کێشەی بۆ دروست دەبێت، سەرەتا چەراکە مووچە و پاشان نیوو موچە و هەندێک جاریش بڕینی تەواوی موووچەی لێکەوتەوە.
ئیستا حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا بڕیاری داوە و دەڵێت کە کە هیچ بڕە پارەیەک بۆ ٨ مانگی ٢٠٢٥ نانێرم و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پشکی خۆی وەرگرتووە لە بوجەی فیدراڵ. تا چەندە ئەمە راستە یان نا، بابەتی ئێمە نییە لەم راپۆرتەدا. ئەوەی بەڵگە نەویستە ئەوەیە حکومەتی هەرێم بەرپرسە بەرانبەر هاووڵاتییەکانی و فەرمانبەرانی، لەسەریەتی تاکێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارە دەکات لەو سەرچاوە و ئامرازانەی کە لەبەردەستییەتی مووچە دابین بکات، کە سادەترین مافی هەر موچەخۆرێکە.
لەسەروو بەندی ئەوەی کە هاوڵاتی و موچەخۆر پاش ئەوەی نزیکەی دوو مانگە موچەی وەرنەگرتووە و چاوەڕیی دەکرد حکومەت بڕیاری دابەشکردنی موچە بدات، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری "رێباز حەملان " کە پێشتریش وەزیری دارایی هەرێم و پاشتریش جێگری وەزیری دارایی عێراق بووە، لێدوانی لەسەر بەرهەم و داهاتی هەرێـم دا، پوختەی لێدوانەکەی بەم شێوەیە :
• ئەو نەوتەی ئێستا بەرهەمدەهێندرێت رۆژانە (280) هەزار بەرمیلە.
- رۆژانە (100) هەزار بەرمیلی لێدەدرێت بە ئەو گرێبەستانەی كراوە دەدرێت بە كۆمپانیاكانی نەوت
• (180) هەزار بەرمیلی رۆژانەی لێدەمێنێتەوە.
- لەو (180) هەزار بەرمیلەی دەمێنێتەوە، (65) هەزار بەرمیلی بۆ بەركاربردنی ناوخۆییە
• ئەوەی دەمێنێتەوە نزیكەی (115) هەزار بەرمیلی رۆژانەیە ئێمە بە ئاشكرا دەیفرۆشین.
- داهاتەكەی نزیكەی (85) ملیۆن دۆلارە مانگانە
• ئەم (85) ملیۆن دۆلارە چۆن خەرج دەكرێت
- لە(40%)ی دەیدەین بە كۆمپانیایكانی بەرهەمهێنانی كارەبا كە دەكاتە (34) ملیۆن دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی كارەبایە
- لە (30%) بۆ بەرهەمهێنانی خەرجی نەوتە بۆ پاڵاوگەكان كە دەكاتە (26) ملیۆن دۆلار.
- (20%)ی بۆ قەرزی كۆمپانیاكانی نەوتی رابردوو كە پێشتر گرێبەستیان لەگەڵ كراوەو پارەكەیان وەرگیراوە كە (17) ملیۆن دۆلار
ئەوەی جێی تێبینییە لەو داتایانەی راوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری ئابووری رۆژی ٢٥ ی حوزەیران بڵاویکردەوە، لەگەڵ تێبینی ئەوەی کە دەبوایە وەزیری دارای و ئابووری بڵاوی بکردایەتەوە چونکە داهات کۆ کردنەوە و خەرج کردنی تایبەتمەندی ئەو وەزارەتەیە نەک راوێژکار. ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:
1- جەنابی راوێژکار وادیارە تەنها جەختی لەسەر بەرهەمی ئەم دوو هەفتەیەی کاتی جەنگی ئێران- ئیسرائیل کردووەتەوە نەک پێشتر کە ئاستی بەرهەم لەسەروو ٣١٠ هەزار بەرمیل و هەندی جاریش ٣٢٠ هەزار بووە لە ماوەی لانی کەم ١٨ مانگی رابووردوودا، کە ئەمە داهات زیاتر دەکات.
بەپێی راپۆرت کۆمپانیا نەوتییەکان و جۆری گرێبەستەکان و شێوازی دابەشکردنی پشکەکان و ئەوشیکردنەوە دوورو درێژانەی کە لە ڕاپۆرتەکانی پێشوترماندا کردومانە ودواهەمینیان لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ دا بڵاومانکردەوە، پاشتریش راپۆرتی چاودێری دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵێش لە گەڵ ژمارەکانی ئێمەدا زۆر نزیک بوون ئەوا دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا ٢٠٢٥، تۆزی بەرهەمی کەمی کردووە هاتووەتە ٢٩٩ هەزار بەرمیلێک نەک ١٨٠ هەزار کەواتە نزیکەی ٢٠ هەزار زیاترە لەو ژمارەی جەنابی راوێژکار خستویەتییە روو دەکرێت ئەو ژمارەیە تەنها هی ئەم دوو هەفتەیەبێت، کە پاڵاوگەکانی کار و لاناز و کۆمپانیای بزنس یۆنیکۆر و قەیوان وەکو جاران نەوتەکەیان بۆ ساغ نەبووەتەوە. هەروەها ئەو بڕە نەوتەی رۆژانە دەدرێت بەکۆمپانیاکان وەکو لەخشتەکەی سەرەوە دەردەکەوێت تۆزێک لە سەروو ٨٤ هەزار بەرمیلە نەک ١٠٠ هەزار بەرمیل. واتە جیاوازی نزیکەی ١٦ هەزار بەرمیل.
2- گریمان قسەکانی راوێژکای حکومەت وایە رۆژانە ٦٥ هەزار بەرمیل دەدرێت بە پاڵاوگەکان تا بۆ حکومەتی بپاڵێون، ئامانجی بەرهەم هێنانی نەوتیش پاڵاوتنە، لە بەرهەمە نەوتیەکانیش قازانخی زۆر زیاتر هەیە تاوەکو نەوتە خاوەکە. چاوەڕیمان دەکرد باسی داهاتی ئەو ٦٥ هەزار بەرمیلە خاوەشمانی بۆ بکردایە کە پاڵێوراوە کە بەدڵنیای داهاتی سفر نییە.
بۆیە من لێرەدا بەشیکی داهاتەکەی شی دەکمەوە هیوادارم حکومەتیش لەڕێی ئەو بەڕێزە یان هەرکەسێکی ترەوە بەشەکەی تریمان بۆ روون بکاتەوە.
٦٥ هەزار بەرمیلی رۆژانە مانگی دەکاتە ١ ملیۆن و ٩٨٢هەزار و ٥٠٠ بەرمیل نەوت ( مانگێک ٣٠.٥ رۆژمان ئەژمارکردووە بۆ ئەوەی زیاتر ورد بین) هەر بەرمیلێک نەوتی خاو بریتیە لە ١٥٠ لیتر کە دەکاتە ٣١٥ ملیۆن و ٢١٧ هەزار و ٥٠٠ لیتر نەوت .
ئەم خشتەیەی خوارە بەپێی داتای پاڵاوگەکانی هەرێم رێژەی بەرهەمە نەوتییەکان دەستنیشانکراوە. بڕی هەر بەرهەمێکی نەوتمان بەلیتر دیاری کردووە
حکومەت هەرێم ئەم نەوتە دەپاڵێوێت و بەرهەمەکانی بەنرخی پشتگیری کراو دەدات بە بەنزینخانە و کارگەکان. بەپێی ئەوەی بەنزینخانەکان بە ٧٥٠ دینار بەنرخی پاڵپشتی کراو لیتری بەنزین دەفرۆشن ئەوا دەزانین کە پێشتر بەپێی زانیارییەکانی حکومەت بە ٥٠ دینار کەمتر لیتری بەنزین دراوە بە بەنزینخانەکان بەڵام ئێمە لێرەدا و لەم خشتەی خوارەوە بە ٦٥٠ دینارمان داناوە، وە نرخی دیزلیشمان بە ٤٠٠ دینار دیاری کردووە. کە هەردووکیان دەکرێت زیاتربن.ئەو نەتە ڕەشەی دەدرێت بە کارگەکان تۆنی بە ١٥٠ هەزار دینار بەنرخی پاڵپشتی کراو پێیان دەدرێ. گەر تۆنەکە بۆ لیت بگۆڕین ئەوا بەنزیکە ١٠٢٠ لیتر دەردەچێت بشێوەیەکی گشتی( بەپێی چڕیی نەوتەکە دەگۆڕێت) بۆ لیترێک ١٥٣ دینار ێک دەکات ئێمە ١٥٠ ئەژمار دەکەین.
ئەم خشتەی خوارەوە بەرهەمی بەنزین و دیزڵ و نەوتی رەشی پاڵێوراوە لە رۆژێکدا وە داها ت بۆ حکومەت بە پێی نرخی پاڵپشتی کراو. رۆژانە زیاتر لە ٢ ملیۆن و ٣١٧ هەزار دۆلار تەنها داهاتی بەنزین، دیزڵ و نەوتی ڕەشە کە دەدرێت بە بەنزینخانەکان و کارگەکان .
هەروەها مانگانگانە حوکومەتی هەرێم زیاتر لە ٧٠ ملیۆن و ٦٨٢ هەزار دۆلاری لە فرۆشتنی بەنزین و دیزڵی پاڵپشتی کراو لە بەنزینخانەکان دەست دەکەوێت. ئەمە جگە لە بەرهەمەکانی نەوتی ڕەش و نەوتی سپی و سوتەمەنی فڕۆکە و غازی ماڵان.
سەیری خشتەکەی خوارەوە بکە
3- ئەو ١١٥ هەزار بەرمیل نەوتەی کە دەڵێت دەمێنێتەوە لەپاش پیدانی پشکی کۆمپانیاکانی نەوت و ٦٥ هەزار بەرمیل بۆ پاڵاوتن کە بەپێی شیکردنەوەکانی ئێمە ١٥٠ هەزار بەرمیلە واتە جیاوازی ٣٥ هەزار بەرمیلی رۆژانەیە.
گریمان ١١٥ هەزار بەرمیلە جەنابیان دەڵێن کە داهاتەکەی ٨٥ ملیۆن دۆلارە. گەر بێت و حسابێکی سادەی بکەین ١١٥ جارانی ٣٠ رۆژ ئەوا دەکاتە ٣ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە مانگێکدا ئەوا نرخی بەرمیلێکی بە ٢٤.٦٣ حساب کردووە. لە کاتێکدا کۆمپانیاکان دەڵێن زۆر لەوە زیاتر دەیفرۆشین. هەرزانترینی نەوتی هەرێم کێڵگەی شێخانە کە ٢٧ دۆلار دەفرۆشرێت و بەرهەمی تەنها ٤٤،٩٠٠ بەرمیلە لە رۆژیکدا تاوکی بە ٣٥ دۆلار و سەرسەنگ و سەرقەڵا بە نزیکی ٤٠ دۆلار دەفرۆشرێت، ئەوانی تریش لە ٣٠ بۆ ٣٣ دۆلار. خێرە زۆر لەو نرخە کەمتر حسابی دەکەن؟!
شاراوە نییە لای خەڵی کوردستان کە کڕیارانی نەوتی هەرێم کۆمپانیای بزنس یۆنیکۆر کە سەر بە ستێر گروپە، کار گروپ و پاڵاوگەی لاناز و قەیوانن، دیاریشە خاوەنداری ئەمانە کێ دەیکات. ئێستا جەنابی ڕاوێژکار بەم لێدوانەی پێی وتین لەو نرخەی کە کۆمپانیاکانی نەوتیش نەوتەکەی خۆیان دەفرۆشن کە ٥٠٪ و هەندێک کات ٦٠٪ کەمترە لەنرخی بازاڕ، حکومەتی هەرێم زۆر لەوە کەمتریش نەوت دەفرۆشێت و پێشت وتین کە بە ئاشکرا پێیان دەفرۆشن. ئەو کۆمپانیایانە چەندین ساڵە لە هیچەوە لەسەر داهات و سامانی خەڵک گەورە کران ، ئێستاش لەم قەیران و بێموچەییەدا ماوەی ٢٧ مانگە نەوتی هەرێم بەم شێوەیە بەنرخی هەڕاج پێیان دەدرێت.
ئەگەر بەو نرخەی کۆمپانیاکانی نەوت کە نەوت دەفرۆشن بەو کڕیارانەی کەلە سەرەوە ناوم هێنان زیاتر لە ١١٤ ملیۆن دۆلار دەکات نەک ٨٥ ملیۆن واتە ٢٩ ملیۆن زیاتر .
4- لەسەر ئەو ٤٠٪ەی کە دەیدەن بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا هیچم نییە، چونکە بواری پسپۆڕی من نییە، خۆزگە کەسێکی شارەزاش ئەوەی رووندەکردەوە بمانزانیایەوە وەکو ژمارەکانی ترە یان نا.
5- دەڵێن ٣٠٪ ی داهاتی ئەو نەوتەی بە ئاشکرا دەیفرۆشن بۆ کرێی پاڵاوگەکانە کە دەکاتە ٢٦ ملیۆن دۆلار.
پێشتر وتی کە رۆژانە ٦٥ هەزار بەرمیل دەدەن بەپاڵاوگەکان واتە مانگانە ١,٩٨٢,٥٠٠بەرمیل وەکو لە خاڵی دوو دا رونمانکردەوە کەواتە بەم پێیە بێت کرێی پاڵاوتنی هەر بەرمیلێک دەکاتە ١٣ دۆلار و ١١ سەنت.
ئەم بڕە بۆ پاڵاوتنی بەرمیلێک نەوت زۆر زۆرە، لەساڵانی ڕابوردودا پاڵاوگەکانی هەرێم بۆ حکومەتی فیدراڵیان زۆر لەوە کەمتر دەپاڵاوت.
لەکاتێکدا خەڵکی هەرێم بە دوو مانگ جارێک مووچە وەردەگرێت و چەندین مانگیش بە پاشەکەوت و نیو موچە و چارەکە موچە بەڕیی کرد و چەند مووچەش هەر نەدراوە ، کۆمپانیاکانی حزب ئاوا حکومەت دەڕوتێیننەوە.
کاتێک حکومەتێک بەرپرسبێت و هەست بە بەرپرسیاری بکات دێت حساب و کتاب لەگەڵ کۆمپانیاکاندا دەکات و فشاریان لێدەکات لەپای ئەو هەموو سودە گەورەی کردویانە دەبێت دەستباری حکومەت و خەڵک بن و لەقازانجیان کەم بکەنەوە نەک بەفرسەتی بزانن بۆ زیاتر روتاندنەوەی خەزێنەی دەوڵەت و هاوڵاتیش باجی بدات.
تەنها بە کەمکردنەوەی نرخی پاڵاوتن بۆ ٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک ئەوا لەبری ٢٦ ملیۆن دۆلار ١٠ ملیۆن دەدەن بۆ پاڵاوتن ئەوکات تەنها لێرەدا ١٦ ملیۆن دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت.
6- سەبارەت بە قەرزی کۆمپانیاکانی نەوتی رابوردوو، کە دەڵێن ٢٠٪ی بۆ ئەوان دەچێت کە دەکاتە ١٧ ملیۆن دۆلار.
لە هیچ ڕاپۆرتێکی کۆمپانیا نەوتییەکاندا باسی وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان ناکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەردەوام دەڵێن قەرزەکانمان وەرنەگرتووەتەوە. قەرزەکان خاڵێکی دانوستانەکانیان بووە لەگەڵ بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە. تەنانەت لە دواهەمین لێدوانی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردساتان "ئەپیکور" لە ٢٥ ی حوزەیراندا، کە زۆرێک لە کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی هەرێمی تێدایە دەڵێن "هەرکاتێک گرەنتی شایستەکانی رابوردوو، داهاتومان وەرگرت ئەوکات کۆمپانیاکانی ئەپیکور ئامادەن دەستبەجێ هەناردە دەستپێ بکەنەوە لە ڕێی بۆری عێراق- تورکیاوە". ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت کە هیچ ڕێکەوتنێک لەسەر شایستە داراییەکانی ڕابوردویان کە قەرزەکانە نەکراوە.
لە ئەم خاڵەدا لەوانەیە مەبەستی ئەوەبێت کە ئێستا دەیانەوێت بیدەنەوە، ئەگەر وایە ئەوا دەڵێین ئەی ئەو ١٨ مانگەی ڕابوردوو خۆ قەرزتان نەداوەتەوە، ئەو ١٧ ملیۆنە دەبێت بەماڵ بەسەرتانەوە تاوەکو بە بەڵگە دەیسەلمێنن کە لە قەرزەکان بڕی زیاد لە ٣٠٠ ملیۆن کەمی کردووە، چونکە ١٨ مانگە لە دوای وەستانی هەناردەوە لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣وە رۆژانە زیا د لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشن ، پێشتریش نەوتتان دەفرۆشت بەڵام بە بڕێکی کەمتر.
کەواتە بەلێدوانەکانی راوێژکار بێت لە داهاتی نەوت تەنها ٨ ملیۆن دۆلار لەبەردەستی حکومەتە، کە ئەم بانگەشەیە جێی باوەڕنییە.
لەکاتێکدا تەنها لە داهاتی بەنزین و دیزل (گازۆیل) و نەوتی رەش، زیاد لە ٧٠ ملیۆن دۆلاریان دەست دەکەوێت و باسیشی ناکەن، ئەوە جگە لە بەرهەمە نەوتییەکانی تر کە دەپاڵێورێت و دەفرۆشرێت.
لێرەدا تەنها بەم لێدوانانە بۆ مان دەردەکەوێت کە ئەم سەکتەرە هەستیار و گرنگە چۆن بەڕێوە دەبرێت. ئەمە گەر بەهەدەردانی ماڵ و سامانی گشتی نەبێت چییە؟
لە بەرانبەریشدا بەو خاڵانەی کە لەسەرەوە خستمانە روو بۆمان دەردەکەوێت کە گەر چەند هەنگاوێکی دروست بنرێت و بەهەدەردان کەم بکرێتەوە و گرێبەستە نەوتییەکان وەکو خۆی جێ بەجێ بکرێت و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت نەهێڵرێت ئەوا زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت داهاتی نەوت زۆر زیاتر بکرێت.
ئێمە و هاوو ڵاتی هەرێم مافی خۆمانە ببپرسین، داهاتی نەوتی ئەوماوەیەی کە لەدوای وەستانی هەناردەوە فرۆشراوە ، کە بریتییە لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان، چەندە و لەکوێیە و لەچیدا خەرج کراوە؟
ئایا بە داهاتی زیاد لە دوو ساڵ فرۆشتنی نەوت ناتوانن ٢ مانگ موچە بدەن؟ گەر وایە ڕەوا نییە بپرسین جا ئیتر نەوت بۆ بەرهەم دێت و دەفرۆشرێت؟ کێن ئەوانەی سوودمەندن لەم بارودۆخە کە تەنهاو تەنها هاوڵاتی هەرێمی کوردستان زیادمەندە لێی؟
ماوەتەوە بڵێین، سوپاس جەنابی راوێژکار بەبێ مەبەست گەندەڵیەکانت بەیان کرد. ئەمە ئەو چاکسازییە یە کە بانگەشە دەکرێت لەسەکتەی نەوتدا کردویانە، ئەی گەر چاکسازیان نەکردایە چۆن دەبوو؟
