حزبی شیوعی بە تاكە كاندیدێكەوە شەڕی بردنەوەی كورسی "كۆتا"ی مەسیحی دەكات
.png)
2025-06-27 13:14:37
(درەو):
حزبی شیوعی كوردستان كە بەمدواییە كۆنگرەی كردووەو خۆی نوێ كردوەjەوە، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەنیا یەك كاندیدی هەیەو دەیەوێت تاكە كورسییەكەی "كۆتا"ی مەسیحی لە هەولێر بباتەوە، سیستەمی هەڵبژاردن بۆ كورسی "كۆتا" بەشیوەی یەك بازنەییە.
حزبی شیوعی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، تەنیا بە یەك كاندیدەوە دەچێتە ناو هەڵبژاردنەكە. شیوعی بۆ ئەم هەڵبژاردنە پشتیوانی تاكە كاندیدێك دەكات لەسەر كورسی "كۆتا"ی مەسیحی لە سنوری پارێزگای هەولێر، كاندیدەكە ژنێكە بەناوی (ثائره یوسف عزیز)و؛ كچی یەكێك لە تێكۆشەرە دێرینەكانی حزبی شیوعییە.
بەگوێرەی سیستەمی هەڵبژاردن، لەكۆی (329) كورسی پەرلەمانی عێراق تەنیا (9) كورسی بەشێوەی "كۆتا" بۆ پێكهاتەكانی تەرخانكراوە، لەم ژمارەیەش پارێزگای هەولێر تەنیا (1) كورسی "كۆتا"ی مەسیحی بەركەوتووە، كە یەكێتیی نیشتمانی هاوشێوەی كەركوك دەیەوێت بەهاوكاری بزوتنەوەی (بابلیۆن)ی رەیان كلدانی لەبەرژەوەندی خۆی كورسییەكە یەكلابكاتەوە، هاوكات پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو دەسەڵاتداری پایتەخت دەیەوێت ئەم تاكە كوردسییەك بۆ لایەنگرێكی خۆی بباتەوە، حزبی شیوعی كوردستان دەچێتە ناوەڕاستی كێبركێی نێوان پارتی و یەكێتییەوە لەسەر تاكە كورسییەكەی هەولێر.
سیستەمی هەڵبژاردن بۆ كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان شێوازی یەك بازنەیی پەیڕەو دەكات، واتا ئەو كەسەی لە هەولێر كاندیدە بۆ تاكە كورسیی مەسیحی دەتوانرێت لە سەرتاسەری عێراقەوە دەنگی بۆ بدرێت، بەپێچەوانەی كورسی گشتییەوە كە هەر پارێزگایەك یەك بازنەی هەڵبژاردن و دەنگ تەنیا لە چوارچێوەی ئەو بازنەیەدا دەبێت.
بە سودوەرگرتن لەم یەك بازنەیە، حزبی شیوعی دەیەوێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021 دەنگی لایەنگرانی خۆی لە پارێزگاكانی هەرێم و ناوچە جێناكۆكەكان هەموو ئاڕاستەی خاتوو (پائره یوسف عزیز) بكات لە هەولێر.
هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021 حزبی شیوعی هەمان رێگای ئێستای تاقیكردەوە، توانی (فاروق حەنا عەتۆ شەمعون) لەسەر "كۆتا"ی مەسیحی لە هەولێر سەربخات بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەم كاندیدەی حزبی شیوعی بە (5495) دەنگ سەركەوت.
حزبی شیوعی كوردستان بەمدواییە كۆنگرەی خۆی كردو لە شوێنی (كاوە مەحمود) ئەمجارە (ئەبوكاروان) بەسكرتێری حزب هەڵبژێردراوە، (هیوا عومەر) جێگری سكرتێری حزبەو ئەم دەستە تازەیە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی هەڵبژاردن دەكەونە بەردەم یەكەم تاقیكردنەوەی هەڵبژاردنەوە، هەڵبژاردنێك كە دەبێت تێیدا لانی كەم پارێزگاریی لە كورسییەكەی (فاروق حەنا) بكەن.
