چەکدانان لە پێناو چەککردنی دەوڵەتدا!
.jpg)
2025-05-12 19:12:32
کامەران عوسمان
دوای حەوت مانگ لە مشتومڕ و هاتن و چون و دەستپێشخەری و دەستڕاکێشان، دوا جار پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆنگرەی ١٢ هەمینی خۆی لە دوو شوێنی جیا (موراد قەرەیلان لەلایەک و جەمیل بایک) لەلایەکی تر بەست و بڕیاری مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و ڕاگرتنی هەموو چالاکییەک لە ژێر ناوی پەکەکەدا هێنا. بەتەنیا لە ڕۆژانی بەڕێوەچونی کۆنگرەدا، سوپای تورکیا زیاتر لە ٦١ هێرش و بۆردوومانی لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامداوە.
ئەوەی دەگوزەرێت، تاوەکو ئێستا زەمینەسازییە بۆ پڕۆسەی ئاشتی و هیچ پڕۆسەیەکی ئاشتی نەهاتۆتە ئاراوە. خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەش لە چوارچێوەی ئەو زەمینەسازییە دایە. خۆ ئەگەر تورکیا بەهەڵە سود لەو زەمینە سازییە وەربگرێت کە پەکەکە سازاندویەتی، ئەوا هەموو هەوڵەکان دەگەڕێنەوە بۆ خاڵی سەرەتا و بێ متمانەیی کورد-تورک، پەکەکە-دەوڵەت قوڵتر و قوڵتر دەبێتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەمڕۆی پەکەکەدا، بانگەوازییەک هەیە کە جێگەی هەڵوەستە لەسەر کردنە، ئەویش بانگەوازی خۆ ڕێکخستنە لەسەر بنەمای فەرهەنگی و ناسنامە و پیادەکردنی مافی خۆپارێزی و بەرگری لە خۆکردن. هەروەکو لە بانگەوازەکە ئاماژەی پێکراوە “ زۆر گرنگە کە گەلەکەمان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خۆڕێکخستنەکانی خۆی پێکبێنێت، لەسەر بنەمای خۆبەسبوون بە زمان، ناسنامە و کەلتووری خۆی ڕێکخراو بێت، لە بەرامبەر هێرشەکاندا خۆی بپارێزێت و بە گیانی سەفەربەری کۆمەڵگەی دیموکراتی کۆمیوناڵ بنیات بنێت.”
پەکەکە داوای دەستەبەری یاسایی دەکات بۆ جێبەجێکردنی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان. بانگەوازی لە دەوڵەت و پەرلەمان و کۆمەڵگەی مەدەنی تورکیا و باکوری کوردستان هەیە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆیان. ئاراستەکردنی پڕۆسەکەش دەخاتە ئەستۆی بەڕێز ئۆجەلان و دەیەوێت بە سەرپەرشتی ڕێبەرەکەیان جێبەجێبکرێت.
ئەوەی گرنگە بگوترێت ئەوەیە، پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا، ٤٢ ساڵە لە شەڕی چەکداریدان. هیچیان کۆتاییان بە ئەوی تر نەهێناوە و چوار دەیەیە لە یەک بازنەدا دەخولێنەوە. لە نیاز باشی کورددا ئێستا کاتی تاقیکردنەوەی نیەتی دەوڵەتە. دەوڵەتی تورکیا هەمیشە لە ئاشتی ترساوە و دۆڕاوە و لە شەڕدا هێزە دەسەڵاتخوازییەکەی بردوویەتەوە. خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەش، ئەوەندەی چەککردنی دەوڵەتی نەتەوەپەرستی تورک و هێزە دەسەڵات خوازەکەیەتی، ئەوەندە خۆ داماڵین نیە لە چەک. دەستگرتن بە ئاشتی و خۆ ڕێکخستنی کۆمیوناڵی، چەکی ئەم قۆناغەی کوردە لە باکوری کوردستان، وەڵامی دەوڵەتیش بۆ ئەوە تا ئێستا ڕوون نیە.
جارێ زووە باس لەوە بکرێت کە پەکەکە چۆن چەکەکانی ڕادەست دەکات و ئەندامەکانی ڕوو لە کوێ دەکەن. زووە باس لە ئایندەی قەندیل و خواکوڕک و گارا و زاپ و مەتینا و حەفتانین بکرێت. تاوەکو دەوڵەت نیاز باشی نیشان نەدات و کۆمەڵێک هەنگاوی گەورە و پراکتیکی نەنێت، هیچ گەریلایەک لە چیا نایەتە خوارەوە و هیچ چەکێکیش ڕادەست ناکرێت. ئێستا تۆپ لە قاچی ئاکەپە و مەهەپە و کۆمەڵگەی تورکیدایە بۆ چارەسەری کێشەی کورد و دروستکردنی برایەتی گەلان. خۆ ئەگەر ئەردۆگان و دەوڵەت نیازی تەڵەکە و قۆڵبڕینی کوردیان هەبێت، ئەوا برینی دەستپێشخەری ئاشتی و زامی قۆڵی بڕاوی کورد بە دەیان ساڵی تریش چارەی ناکرێت و دوور نیە بزووتنەوەی کوردی لە ئایندەدا، داخ و دەرد بە دڵی دەوڵەتی نەتەوەگەرای تورکدا بکات. ئەم پڕۆسەی ئاشتییە، پەردە لەسەر ڕووی دەوڵەتی تورک بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵدەماڵێت.
