Draw Media

2025-05-10 19:57:36


درەو:

راپۆرتی: تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە CPT

ژمارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی نیساندا بەراورد بە مانگی ئادار، بە ڕێژەی ٪٧٨ زیادیکردووە. سوپای تورکیا لە مانگی نیساندا ٢١٠ هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و ٪٩٢ی هێرشەکانیش بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک بوون.

 

دەقی راپۆرتەكەی تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە CPT

١٠ی ئایاری ٢٠٢٥

لە دوای دوو مانگ لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە زیادبووندان
زیاتر لە دوو مانگ تێپەڕیوە بەسەر بانگەوازی ئاشتی ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تاکلایەنەی حزبەکەی. بەڵام هێشتا هێرشەکانی سوپای تورکیا ‌هەر لە زیادبووندان. لە مانگی نیساندا، بۆردوومان و هێرشی ‌‌‌سوپای تورکیا بە ڕێژەی ٪٧٨ زیادی کردووە بە بەراورد بە مانگی ڕابردوو،  بە جۆرێک کە نزیک بووەتەوە لە ڕێژەی هێرشەکانی پێش ئاگربەستەکە. لە یەکی مانگی نیسانەوە، بە لایەنی کەمەوە ٢١٠ بۆردوومان و هێرشی هەلیکۆپتەری سوپای تورکیا لە کوردستانی عێراقدا تۆمارکراوە. لەو هێرشانە، ٤٢ هێرشیان ئاسمانی بوون، ١٥٣هێرشیان لەڕێگەی تۆپباران و ١٤ هێرشی تریشیان لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بوون.  یەک هێرشیش لە ڕێگەی تەقەکردن بە چەکی سوک بووە، کە لە ئەنجامی ئەو تەقە کردنانە، زیان بەر خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی کەوتووە. بە گشتی، بەهۆی ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی نیساندا، سێ خانووی هاووڵاتییانی مەدەنی بەتەواوی خاپورکراون و دوو خانووی تریش زیانیان بەرکەوتووە.
پارێزگای دهۆک زۆرترین  بەرکەوتووی ئەم هێرش و بۆردوومانانە بووە لە مانگی نیساندا، کە دەکاتە نزیکەی ٪٩٢ ی هەموو هێرشەکان، کە ١٩٨ هێرشیان لە ڕێگەی تۆپباران و هەلیکۆپتەرەوە ئەنجامدراون. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە مانگی نیساندا تەنیا ١٢ هێرش و بۆردوومان بۆسەر سنوری پارێزگای هەولێر تۆمارکراون کە ئەمەش ڕێژەی تەنیا ٪٨ی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان لەو مانگەدا پێکدەهێنێت. هەرچەندە لە مانگی نیساندا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی بەسەر ئاسمانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا سوڕاونەتەوە، بەڵام لەم مانگەدا سوپای تورکیا هیچ هێرشێکی بۆسەر سنوری پارێزگای سلێمانی و نەینەوا ئەنجامنەداوە.
ئەم زیادبوونە لە هێرش و چالاکی سەربازی سوپای تورکیا ئاماژەیەکن بۆ گەڕانەوەی ئاستی هێرش و بۆردوومانەکان بۆ پێش کاتی ئاگربەستەکە.  ئەم زۆربوونە بە تەواوی لە سنوری قەزای ئامێدی تێبینیکراوە، کە بە تەنها لەم سنوورە، ٪٩٢ ی هەموو هێرش و بۆردوومانەکان تۆمار کراوە کە لە مانگی نیساندا ئەنجام دراون. بە جۆرێک کە زۆرترین ژمارەی هێرشکردن لە ڕۆژێکدا کە لەم ساڵدا تۆمار کرابێت ٥٣ ‌هێرش بووە لە ڕۆژێکدا کە بۆسەر گوندەکانی دەووروبەری چیای گارا بوون لە سنوری قەزای ئامێدی.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بە لایەنی کەمەوە ٦١٦ بۆردوومان و هێرشی هەلیکۆپتەری کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان. لەم ساڵدا نۆ هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی هێرشەکانی سوپای تورکیا بەجۆرێک، سێ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتی تری مەدەنی برینداربوون. هاوکات، پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) بەلایەنی کەمەوە پێنج جار هێرشی کردۆتە سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا لە سەر چیای مەتینا و دوو هێرشیشی کردۆتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە کە بەمدواییانە لەسەر لوتکەی گرێ داڤا لە باشوری گوندی بەلاڤە لە سنوری قەزای ئامێدی دروستیانکردبو و لە ئەنجامدا چوار پێشمەرگە برینداربوون.
 هەروەها، لە رۆژی ١٢ی نیساندا، بەهۆی بەرکەوتنیان بە گولە تۆپێکی نەتەقیوی سوپای تورکیا لە کاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە، سێ هاووڵاتی مەدەنی سنوری قەزای سیدەکان لە چیادێل بوونە قوربانی و دوویان برینداربوون و یەکێکی تریان شەهیدبوو. لەگەڵ ئەمانەشدا، لە ڕۆژی دوو و ‌حەوتی مانگی نیساندا، گوندنشینانی بەرمیزە، لە سنووری قەزای سیدەکان ڕێگریان لێکرا بۆ چوونە سەر کێڵگە و زنار و چیاکانی دەووروبەری گوندەکەیان  بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهارە. هەرچەندە سەربازانی تورکیا بە گوندنشیانیان گوتبوو کە لە ڕۆژی ٧ی نیساندا، دەتوانن بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهارە بچنە شاخەکانی دەووروبەری گوندەکەیان و لە سنوری دیاریکراو دەرنەچن، بەڵام کاتێک لە ڕۆژی ٧ی نیساندا گوندنشیانان دەیانەوێت بچن، سوپای تورکیا بازگەیەکی لەسەر ڕێگاکە جێگیرکردووە و بە زەبری هێز گوندنشینان دەگەڕێننەوە و ڕێگەیان نادەن کە بچنە زنار و چیاکانی ناوچەکە و گژوگیا کۆبکەنەوە. سوپای تورکیا لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ەوە، بارەگایەکی سەربازی لە سنوری گوندەکەدا دروستکردووە و بەلایەنی کەمەوە پێنج بنکەی تریشی لە سنوری گوندەکەدا جێگیرکردووە.

تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە CPT

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand