هه‌سه‌ده و توركیا به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكا كۆبوونه‌وه!
.jpg)
2025-04-07 12:53:30
راپۆرتی رۆژنامه‌وانی: هێمن خۆشناو
لە كۆتایی مانگی رابردوو به سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكا له‌سه‌ر سنووری رۆژئاوای كوردستان و توركیا كۆبوونه‌وه‌ك له نێوان (هه‌سه‌ده) و ده‌سه‌ڵاتداره په‌یوه‌ندیداره‌كانی توركیا ئه‌نجامدراوه‌و وەك هەنگاوی یەكەم هێرشەكانی توركیا بۆسەر بەنداوی تشرین چەند رۆژێكە راگیراوە.
له رۆژی سێشه‌ممه (1 – 4 – 2025) ئه‌نجوومه‌نی سوریای دیموكراتی (مه‌سه‌ده) و ده‌سه‌ڵاتدارانی دیمه‌شق له باره‌ی هه‌ردوو گه‌ڕه‌كی كوردنشین (ئه‌شره‌فیه و شێخ مه‌قسود) گه‌یشتنه رێككه‌وتنی كاتی. به گوێره‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده) له‌م دوو گه‌ڕه‌كه ده‌كشێنه‌وه.
ئه‌م رێككه‌وتنه وه‌كو یه‌كه‌م لێكه‌وته‌ی رێككه‌وتنی نێوان (مه‌زڵوم عه‌بدی) فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده و (ئه‌حمه‌د ئه‌لشرع) سه‌ركۆماری سوریا له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، كه له (10 – 3 – 2025) به ناوبژیوانی ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا واژوكراوه و تیایدا میكانیزمی یه‌كخستنی (هه‌سه‌ده) له‌ناو سوپای نیشتیمانی سوریا خراوه‌ته‌ڕوو.
رێككه‌وتنه‌كه‌ی حه‌له‌ب ته‌نیا په‌یوه‌ست نیه، به كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی (هه‌سه‌ده) له گه‌ڕه‌كه كوردنشینه‌كان، به‌ڵكو ئه‌نجوومه‌نی هه‌ردوو گه‌ڕه‌كه‌كه كاروباری ئیداری به‌ڕێوه ده‌به‌ن و هێزه‌كانی ئاسایش درێژه به‌كاره‌كانیان ده‌ده‌ن، كه هێزی سه‌ره‌كیه له‌ناوچه‌كانی ئیداره‌ی خۆسه‌ر بۆ پاراستنی سه‌قامگیری ناوچه‌كه. له هه‌مان كاتدا هه‌ردوولا بڕیار له‌سه‌ر ئازادكردنی دیله‌كان ده‌ده‌ن، ئه‌م خاڵه‌ش له رۆژی پێنجشه‌ممه (3 نيشانی 2025) كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. تیایدا ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی سوریا (140) به‌ندكراو و دیلی هه‌سه‌ده‌ی ئازاد كرد، له به‌رامبه‌ریشدا هه‌سه‌ده 100 به‌ندكراوی سه‌ر به حكوومه‌تی سوریا ئازاد كرد.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت، له كۆتایی مانگی رابردوو، به‌ر له راگه‌یاندنی رێككه‌وتنی (حه‌له‌ب) به‌چه‌ند رۆژێك له نێوان (مه‌سه‌ده) و وه‌زاره‌تی ناوخۆی سوریا، به سه‌رپه‌رشتی ئه‌مریكا له‌سه‌ر سنووری رۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا كۆبوونه‌وه‌ك له نێوان (هه‌سه‌ده) و ده‌سه‌ڵاتداره په‌یوه‌ندیداره‌كانی توركیا ئه‌نجامدراوه.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه، كۆبوونه‌وه‌كه له كه‌شێكی ئه‌رێنی به‌ڕێوه چووه، تیایدا گفتوگۆ له‌باره‌ی راگرتنی هێرشه‌كانی توركیا له‌سه‌ر ناوچه‌كانی خۆسه‌ری دیموكراتی كراوه. هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌باره‌ی یه‌كخستنی (هه‌سه‌ده) له‌گه‌ڵ سوپای نوێی سوریا و گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی (عه‌فرین) بۆ سه‌ر موڵك و ماڵه‌كانیان دوو ته‌وه‌ره‌ی دیكه‌ی گفتوگۆی نێوان هه‌سه‌ده و توركیا بووه.
له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا (هه‌سه‌ده) و توركیا ره‌زامه‌ندی خۆیان له‌باره‌ی رێككه‌وتنی (حه‌له‌ب) نیشانده‌ده‌ن. هه‌ر له دوای ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش رێككه‌وتنی (حه‌له‌ب) له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه بۆ رای گشتی راگه‌یه‌ندرا.
لێكه‌وته‌یه‌كی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان توركیا و هه‌سه‌ده به‌سه‌رپه‌رشتنی ئه‌مریكا، راگرتنی هێرشه ئاسمانیه‌كانی سوپای توركیایه، بۆ سه‌ر به‌نداوی تشرین و ناوچه‌كانی دیكه خۆسه‌ری دیموكراتی. سیاسه‌تمه‌داری كورد و هاوسه‌رۆكی پێشووی (پارتی یه‌كێتی دیموكراتی) ساڵح موسلیم له لێدوانێكی تایبه‌ت، له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌سه‌ده و توركیا ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه كرابێت، ئێمه ئاگامان لێنیه، چونكه ئه‌م جۆره كۆبوونه‌وانه په‌یوه‌ستن به هه‌سه‌ده و لایه‌نی سه‌ربازی".
ساڵح موسلیم كه له سه‌رده‌می پڕۆسه‌ی ئاشتی له ساڵانی 2012 تا 2015 چه‌ند جارێك به‌سه‌ركردایه‌تی شاندی رۆژی كوردستان گفتوگۆی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی تورك كردووه، له‌باره‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ی له ئارادایه و ئه‌گه‌ری راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له نێوان هه‌سه‌ده و توركیا ده‌ڵێت:" هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاگربه‌ست بره‌و به هه‌وڵه‌كانی ده‌دات. ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی رێككه‌وتنی نێوان به‌ڕێز (مه‌زڵوم عه‌بدی و ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع) چۆنیه‌تی گه‌یشتنه به ئاگربه‌ست له سوریادا، كه ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته به توركیا. له‌م سۆنگه‌یه‌وه پێویسته رێككه‌وتن بكرێت له‌باره‌ی بڕیاردان له‌سه‌ر راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست".
له‌باره‌ی پرسیاری: چه‌ند رۆژێكه سوپای توركیا هێرشه ئاسمانیه‌كانی راگرتووه بۆ سه‌ر به‌نداوی تشرین و ناوچه‌كانی دیكه، ئایا ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ی گفتوگۆی نێوان هه‌ردوولایه‌نه یان شتێكی دیكه‌یه؟ موسلیم ده‌ڵێت:" ئه‌مه‌یان نازانم، راسته توركیا چه‌ند رۆژه بۆمبارانی راگرتووه، به‌ڵام به‌دره‌وام درۆن و فڕۆكه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه ده‌فڕن!".
