Draw Media

ترەمپ چۆن لە هەڵبژاردنی ئەمەریکا سەرکەوت؟

ترەمپ چۆن لە هەڵبژاردنی ئەمەریکا سەرکەوت؟

2024-11-16 10:30:15


وینثرۆپ رۆجەرز, تایبەت بە (درەو)

دوای ساڵێک لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرەتایی و گشتی، دەنگدەرانی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپی کۆمارییان هەڵبژارد بەسەر کامالا هاریس دیموکراتدا.
ترەمپ بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستەی کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢١ بەدەستی هێنابوو، جارێکی دیکە خۆی کاندید کردەوەو بە ٣١٢ دەنگی هەڵبژاردن سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
هاریس تەنها توانی 226 دەنگ بەدەستبهێنێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەنگی زۆرینەی جەماوەری بەدەستبهێنێت، کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016دا سەرەڕای سەرکەوتنی نەیتوانی زۆرینەی دەنگی جەماوەر بۆخۆی ببات. لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەنجامی کۆتایی پشتڕاست دەکرێتەوە.
سەرکەوتنی ترەمپ لە ئەنجامی بردنەوەی هەر حەوت ویلایەتی سەرەکی جۆلانە (سوینگ) بوو: پێنسیلڤانیا، میشیگان، ویسکۆنسێن، کارۆلینای باکوور، جۆرجیا، ئەریزۆنا و نیڤادا.
لە کاتێکدا ئەو پەراوێزە بەرتەسکەی دەنگەکانی تێپەڕاند کە پێشبینی دەکرا، بەڵام هێشتا هەڵبژاردنەکە تەنها بە دەنگێکی کەم یەکلایی بووەوە.

لە کۆی زیاتر لە ١٤٦ ملیۆن دەنگ کە دراوە. لە سەرانسەری ئەو حەوت ویلایەتەدا، ترەمپ بە پشتبەستن بە ژمارە سەرەتاییەکان کەمتر لە ٨٠٠ هەزار دەنگی زیاتر لە هاریس بەدەستهێناوە و

لە ویلایەتەکانی پێنسیلڤانیا و میشیگان و ویسکۆنسن، تەنها 255 هەزار دەنگی لە هاریس زیاترە کە هەموو ئەوانە بەیەکەوە دەگەیشتە 270 دەنگی هەڵبژاردن بۆ هاریس.

بە گشتی گۆڕانکارییەکی بەرفراوان بە ئاڕاستەی ڕاستڕەوەکان لە سەرانسەری ئەمریکادا ڕوویدا. لە کاتێکدا دیموکراتەکان دەنگی ژنان و ڕەشپێستەکان و دەنگدەرانی خوێندەواری زانکۆیان بردەوە.
بەڵام کۆنسەرڤاتیڤەکانی وەک پیاوان و سپی پێستەکان و دەنگدەرانی چینی کرێکار بە ڕێژەیەکی زیاتر لە ڕابردوو پشتیوانی کاندیدە کۆمارییەکانیان کرد.

 گۆڕانکاری بەرەو ڕاسترەوەکان زۆرتر لە نێوان گەنجان و سپی پێستەکان و پیاوانی لاتین و دەنگدەرانی تەمەن ٤٥-٦٤ ساڵدا بەدیدەکرا.
بە تایبەتی پێدەچوو دەنگدەران کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر بە گرانبوونی تێچووی ژیان لە ئەمریکا. لە کاتێکدا ئیدارەی جۆ بایدن سەرکەوتوو بووە لە دابەزاندنی  ئاستی هەڵاوسان و هاندانی گەشەی ئابووری و بوژاندنەوەی کەرتی پیشەسازی، بەڵام کاریگەرییەکانی لەلایەن کەسانی ئاساییەوە هەستیان پێنەکرا کە تا ئێستاش لەگەڵ کاریگەرییە ئابوورییەکانی پەتای کۆڤید-١٩دا دەجەنگن.
زۆرێک لە ئابووریناسان پلانە پێشنیار کراوەکانی ترەمپیان خستۆتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام توڕەیی دەنگدەران ڕاستەقینە بوو. جگە لەوەش ترەمپ ناڕەزایەتی ڕەگەزپەرستی و سێکسیستی بەکارهێنا و وەک ڕێگەیەک بۆ هاندانی بنکە جەماوەرییەکەی لە گوتارەکانیدا ئەوەی دەخستەڕوو کە بایدن بە هەڵە مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەی کۆچبەراندا کردووە.

لە کاتێکدا دەنگی ئەم ڕەوتانە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی زاڵ بوون، بەڵام لە کێبڕکێکانی ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران و کێبڕکێکانی ئاستی ویلایەتەکاندا  دیموکراتەکان شەوێکی باشتریان بەسەر برد، بەڵام هێشتا نائومێدکەر بوو.

دیموکراتەکان کۆنترۆڵی ئەنجومەنی پیرانیان لەدەستدا، دوای ئەوەی کۆمارییەکان زۆرینەی کورسییەکانی ڤێرجینیای ڕۆژئاوا، مۆنتانا، پێنسیلڤانیا و ئۆهایۆیان لە بەرژەوەندی خۆیان گۆڕی.

تا کاتی نووسینی ئەم راپۆرتە، کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕوون نییە، بەڵام پێدەچێت کۆمارییەکان کۆنترۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران بپارێزن.

هاوکات دەنگدەران لە ئەمریکا لەسەرسندوقی دەنگدان بریار دەدەن سەبارەت بە سیاسەتی پارتەکان.

لە ژمارەیەک حاڵەتدا کاندیدی دیموکراتەکانیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ڕەتکردەوە، بەڵام  پێشوازییان لەدەستپێشخەرییەکانی دیموکراتەکان کرد.

 بۆ نموونە لە 10 ویلایەتدا دەنگدەران دەنگیانداوە بۆ پاراستنی مافی لەباربردن، لەوانەش چەند شوێنێک کە سنووردارکردنی توندی لەباربردنی منداڵیان تێدا دانرا دوای ئەوەی دادگای باڵا دۆسیەی ڕۆی دژی وەید پووچەڵکردەوە.
ئەمانە لە حەوت ویلایەتدا پەسەند کران، بەڵام لە سێ ویلایەتدا دەرنەچوون. لە فلۆریدا  پێدانی مافی بریاردان بۆ لەباربرن زۆرینەی بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی بگاتە 60%ی دەنگی پێویست بۆ ئەوەی ببێتە یاسا.

لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا ئەمریکا وەک یەکێک لە وڵاتە گەورەکانی ڕۆژئاوا بەردەوامە لەوەی کە هەرگیز ژنێک وەک سەرکردەی باڵای سیاسی هەڵنەبژێرێت.
ئەوەی پێی دەوترێت "بەرزترین سەقفی شووشەیی لای نەتەوەیەک" بە درز بردویی ماوەتەوە، بەڵام نەشکاوە.

ئەنجامەکە چۆن کاریگەری لەسەر کورد دەبێت؟

چاودێران لە سەرانسەری جیهانەوە لە نزیکەوە سەیری هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایان کرد لەنێویاندا لە هەرێمی کوردستان.
ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی گرەوەکان: چونکە هەر بڕیارێک سەرۆکی داهاتوو بیدات، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر داهاتووی دەبێت.
ئێستا کە ئەنجامەکەی زانراوە و ترامپ دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی، کوردەکان پرسیار دەکەن کە ئەوە مانای چییە؟
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پێشتر سەرۆک بووە، پێشینەیەک هەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە چی بکات.
بێگومان کورد دژایەتیی ئیدارەکەی ترەمپی بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی 2017 لە هەرێمی کوردستان و کردەوە کەسییەکانی ئەویان بیر نەچوەتەوە کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی تورکیا بتوانێت لەشکرکێشی بکات بۆسەر سەر (رۆژئاوای کوردستان) باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەکاتی ئۆپەراسیۆنی بەهاری ئاشتیدا.
بەڵام لەگەڵ ئەوەش هیچ گەرەنتییەک نییە کە دوبارە هەمان کار بکات. ترەمپ بەناوبانگە بە مامەڵەکردن و مەیلی گۆڕینی بیرکردنەوەکانی لەسەر بنەمای هەست و سۆز هەیە.
سەرکردەی پارتە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان- کە هێشتا کاری زۆریان لەبەردەمدایە بۆ خۆیان لەڕووی پێکهێنانی حکومەتەوە دوای هەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستان- بەخێرایی پیرۆزبایی سەرکەوتنیان لە ترەمپ کرد. جەختیشیان لە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و خواستی بەهێزکردنی کردەوە.

بەڵام پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە باری ئەمنیدا لە گۆڕانکاریدایە.تا ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ترەمپ لە ساڵی ٢٠٢٦، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێزەکانی لە بنکەکانی هەرێمی کوردستان دەکشێنێتەوە، لەنێویاندا هەولێر و هەریر.جگە لەوەش یاداشتی لێکتێگەیشتنی چوار ساڵەی سەبارەت بە چاکسازیی پێشمەرگە هەر لەو ساڵەدا کۆتایی دێت.
ئەمانە دەبێت لە کاتی خۆیدا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بەغداش قسەیەکی بەرچاوی دەبێت لەو بابەتەدا، بەتایبەتی لەڕووی بنکەکانەوە.

زۆربەی سیاسەتی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەندە بەوەوە کە کێ هەڵدەبژێرێت بۆ پۆستە سەرەکییەکانی وەزارەتی دەرەوە و پنتاگۆن.
تایبەتمەندی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی ڕووبەڕووبوونەوە بوو لەگەڵ ئێران. ئیستاش زۆرێک لەو ناوانەی کە بۆ پۆستە سەرەکییەکانی وەزارەتی دەرەوە و پنتاگۆن باس دەکرێن، تێڕوانینی هەڵۆیانەیان هەیە سەبارەت بە تاران.

لە کاتێکدا کە لە ڕووی سیاسییەوە ڕەنگە ئەمە لە نێو هەندێک لە کوردەکاندا جێی بایەخ بێت، زۆر کەسی تر لەوە تێدەگەن کە زۆرجار ئەوە هەرێمی کوردستانە کە لە کاتی بەریەککەوتنی ئەمریکا و ئێراندا پرشکی شەری بەردەکەوێت.
ئەمەش زیاتر پەیوەندیدارە بە گرژییە ناوچەییەکان سەبارەت بە ئیسرائیل، کە چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ تەنانەت لە بایدن زیاتر پشتگیری بکات.
بەڵام ترەمپ لەسەر ئەو بنەمایە خۆی کاندید کرد کە ئەمریکا لە ململانێ دەرەکییەکان دوور بخاتەوە. لە وتارەکەیدا بۆ سەرکەوتنی دوای هەڵبژاردنەکان وتی: 'من شەڕ دەستپێناکەم، شەڕەکان دەوەستێنم'. دیارە ئەمە وتنی ئاسانترە، لەکاتێکدا ترەمپ لەسەر شەڕانگێزی گەشە دەکات. تەنها کات دەزانێت کە ئایا ئەمە تەنها بانگەشەیەک بووە بۆ هەڵبژاردن.
بەڵام ئەمە هەمووی لە ئاستی جیۆپۆلەتیکیدایە. ئەگەری ئەوە کەمە کە ئیدارەی داهاتوو سەرنجی لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر بکات؛ لە ڕاستیدا پێدەچێت سەرنجی بەردەوام بێت لە دوورکەوتنەوە لە کێشەکانی هەولێر و سلێمانی.
ئەمە بە کردەوە مانای ئەوەیە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاتێک هەست دەکەن لە بەرژەوەندی ئەواندایە، بانگەوازی واشنتۆن دەکەن، بەڵام کاتێک دەیانەوێت پشتگوێی دەخەن.
ئەوە پێدەچێت کاریگەری لەسەر ناسەقامگیری لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا هەبێت و ببێتە هۆی پاشەکشەی دیموکراسی و پێشێلکردنی زیاتری ئازادی ڕادەربڕین.

دەقی وتارەکە بە زمانی ئینگلیزی

How did Trump win and what is next for the Kurdistan Region?

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand