مەترسی و دەرفەتەكانی بەردەم عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەڕانەوەی "ترەمپ"دا
2024-11-13 16:45:31
د. یاسین تەها- پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق
گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی بۆ جارێكی تر، عێراق و هەرێمی كوردستان دەخاتە بەردەم قۆناغێكی نوێ؛ بەو پێیەی ئەم پانتاییە لە بازنەی گرنگیدان و ناوچە كاریگەرەكانە بە پەرەسەندنەكانی سیاسەتی ئەمریكا، هەروەها كۆمەڵێك دۆسییەی هاوبەش و دووقۆڵییشی لەگەڵ واشنتۆندا هەیە، لە پێش هەموویانەوە چارەنوسی هێزەكانی ئەمریكا لەم وڵاتەو چۆنێتیی ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕكابەرە سەرەكییە ناوچەییەكەی ئەمریكا كە ئێرانە.
ئەم شرۆڤەیە هەوڵدەدات وێنایەكی گشتیی لەسەر لێكەوتەی گەڕانەوەی ترەمپ لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان پێشكەش بكات و، مەترسی و دەرفەتەكان ئاماژە پێ بكات.
هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
نیمچە كۆدەنگییەك لەنێو شرۆڤەكارانی دنیادا هەیە، كە ترەمپ سەرۆكێكی خاوەن تێزو بۆچوونی قوڵ نییە، بەڵكو زیاتر پیاوی سوپرایزو بڕیاری سەرپێییە لەبەر ڕۆشنایی هەڵهێنجان و تێگەیشتنە خێرا تایبەتەكانی خۆی. هەروەها ناوبراو راهاتووە لەگەڵ ئەوەی باز بەسەر دەزگە كلاسیكییەكانی دروستكردنی بڕیار بدات و پشت بە تواناو شۆ تایبەتەكانی خۆی لە حوكمڕانیدا ببەستێت؛ ئەم تایبەتەمەندییەیش وا دەكات پێشبینیكردنی هەنگاوەكانی زۆر قورس بێت. بەڵام بە گوێرەی شرۆڤەی باڵیۆزی پێشوو و توێژەری ئەمریكی "رۆبەرت فۆرد" كە پشتئەستورە بە ئەزموونی ترەمپ و گوتاری هەڵمەتەكەی، دەشێت گرنگترین سیاسەتەكانی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم خاڵانەدا بخرێنە ڕوو[1]:
_ جێبەجێكردنی “پڕۆژەی 2025” كە پلانێكی گشتگیرەو بۆ ئیدارەی ترەمپ ئامادە كراوە. لە ساڵی 2022 ترەمپ خۆی ستایشی كردووەو چەند بەرپرسێكی پێشووی ئیدارەی یەكەمی، ئامادەیان كردووە. پلانەكە جەخت لەوە دەكاتەوە پێویستە هاوبەش و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا رۆڵی زیاتر لە پێشگیریكردن لە ئێران ببینن، لەوانەیش وڵاتانی كەنداو لەسەر ئاستی تاك و كۆ. ئەمەش یارمەتیی ئەمریكا دەدات خۆی بۆ ئاسیاو چین یەكلایی بكاتەوە، هەروەها دەرفەت دەدات بە ئەمریكا چەكوچۆڵی زۆر بە وڵاتانی كەنداو بفرۆشێت و، لەو ڕێگەیەوە كەرتی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریكا دەبوژێتەوە.
_ سەرباری گرنگیدانی زۆر بە چین، ئێران ئاڵنگارییەكی گەورەیە بۆ ئەمریكا لە ناوچەكەدا. لە كۆنگرەی كۆمارییەكانیشدا لە تەمموزی 2024، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی كرد تاران 230 ملیار دۆلار پارەی یەدەگی هەیەو بەهۆی سوككردنی گەمارۆكانەوە دەستی كەوتووە؛ عێراقیش كە بووەتە پاشكۆی ئێران، 300 ملیار دۆلاری لەبەردەستە. بەم پێیەیش ترەمپ وەك یەك پاكێج مامەڵە لەگەڵ ئێران و عێراقدا دەكات؛ یان لانی كەم عێراق لەڕوانگەی ئێرانەوە دەیخوێنێتەوەو لای ئەو شوناسێكی سەربەخۆی نییە.
_ كۆمارییەكان لە “پڕۆژەی 2025″دا هانی ترەمپ دەدەن دەستبەرداری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبێت، چونكە بەجێهێشتنی وا دەكات “ناوچەكە بچێتە ناو پاشاگەردانی و، دەبێتە نێچیری ڕكابەرەكانی ئەمریكا.” پرۆژەكە پێشنیاری هاوپەیمانییەكی چوارقۆڵی دەكات لەنێوان ئیسرائیل، میسرو وڵاتانی كەنداو، لەگەڵ ئەمریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران. ئەمەش هاوشێوەی هاوپەیمانیی چوارقۆڵیی ئەمریكا، ژاپۆن، كۆریاو هیندستانە دژی هەژمونی چین.
_ پشتیوانیكردنی كراوە لە ئیسرائیل و پابەندیی ڕەها بە پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتی عیبری لە ڕێگەی بەهێزكردنییەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەسەر هەڕەشەكانی ئێران و حەماس و حزبوڵڵادا زاڵ بێت. لەم نێوەیشدا ترەمپ خۆی پەیوەست ناكات بە “چارەسەری دوو دەوڵەت”و، زیاتر بە لای پرۆژەی دابەشكردنی فەلەستینییەكاندا دەچێت. سەرباری ئەمەش ترەمپ لایەنگری كۆتاییپێهێنانی بەپەلەی جەنگی غەززەیە[2]، بەڵام وردەكاریی ئەو كۆتاییهێنانە هێشتا ئاشكرا نییە.
_ بەهێزكردنی پەیوەندی لەگەڵ توركیا بۆ هێشتنەوەی لە بەرەی ڕۆژاوا لە كێبركێ لەگەڵ ڕوسیاو چین. ئەگەر ئەمەش بچێتە سەر، ئەوە ئەگەری زۆر بۆ كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە باكوری سوریاو ڕۆژهەڵاتی فورات (ڕۆژاوا) هەیە.
بەپێی خەمڵاندنی نێردراوی پێشووی ترەمپیش بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، “جیسۆن گرینبلات”، پایەكانی سیاسەتی ترەمپ لە ئیدارەی دووەمیدا بەمجۆرە دەبن[3]:
_ كۆتاییهێنانی بەپەلەی جەنگەكان پاش بەدیهێنانی سەركەوتن.
_ گرنگیدان بە سعودیە وەك هاوبەشی سەرەكی لە ناوچەكە.
_ ڕۆڵبینینی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە فەراهەمكردنی ئاشتی و پەرەپێدان.
_ دروستكردنی هەماهەنگی لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی جیهانی عەرەبی.
_ پشتیوانیكردنی ئەو هێزانەی كە پاڵپشتیی خۆیان دەكەن و بەرژەوەندیی ئەمریكا دەپارێزن.
_ بەرەنگاربوونەوەی ڕوونی مەترسییە ئێرانییەكان بەبێ هەوڵدان بۆ جەنگی ڕووبەڕوو، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران دوور نییە.
_ بەگژداچوونەوەی لەمپەرەكانی بەردەم پرۆژەكانی ترەمپ لەلایەن باڵە ئێرانییەكانەوە.
_ دانوستانكردن لەپێگەی هێزەوە لەگەڵ هەڕەشەكردنی ناواخندار بە بەكارهێنانی هەر هێزێك كە گونجاو بێت بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە جیهان.
لە لایەكی دیكەوە ئەو ئەنجامگیرییە ئەمریكییانەی لەبارەی كۆی سیاسەتی پێشبینیكراوی ترەمپ هەن، جەخت لە دوو خاڵی سەرەكی دەكەنەوە:
یەكەم: دروستبوونی ڕكابەری لەنێوان دەزگاكانی ئەمریكا لەسەر دەستڕۆیشتوویی (نفوز)؛ لەم نێوەندەیشدا ڕادیكاڵەكان و كلاسیكییەكان بەریەكدەكەون و چانسی سەركەوتنیش بۆ توندڕەوەكانەو، میانڕەوەكان دەكەونە دڵەخورتێ و نیگەرانی.
دووەم: كرۆكی سیاسەتی دەرەكیی ترەمپ بەرژەوەندیخوازیی پەتی دەبێت (naked transactionalism)، ئەویش لەڕێگەی سەفقەو ڕێككەوتنەوە[4].
گرێ گەورەكەی عێراق لەگەڵ ترەمپدا
پاش ئەوەی لەسەر فەرمانی ترەمپ هێزەكانی ئەمریكا جەنەڕاڵ “قاسم سولەیمانی” فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی و “ئەبو مەهدی موهەندیس”ی سوپاسالاری حەشدی شەعبیی عێراقییان لە فڕۆكەخانەی بەغدا كوشت (2020)، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لە سەرەتای 2021دا فەرمانی گرتنی بەپێی ماددەی (406)ی یاسای سزادان بۆ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكان دەركرد[5]. ناوەڕۆكی ماددە یاسایییەكەش كوشتنی بەئەنقەستە لەگەڵ پلاندانانی پێشوەختە كە سزاكەی دەگاتە دەركردنی حوكمی لەسێدارەدان لە حاڵەتی ساغبوونەوەی تۆمەتەكە[6]. ئەم فەرمانەش لەئێستادا بووەتە جێگەی پرسیارو مقۆمقۆ، كە ئاخۆ حكومەتی عێراق چۆن دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ سەرۆكێكدا بكات لە دەسەڵاتە قەزایییەكانی وڵاتەكەیدا داواكراوە. هەندێك پێیان وایە ئەگەر فەرمانی گرتنەكە تەنیا لەلایەن دادگایەكی لێكۆڵینەوەوە دەركرایە، دەرفەت هەبوو بۆ پەردەپۆشكردنی، بەڵام پاش ئەوەی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی “فایەق زێدان” لە كاتی خۆیدا راگەیاندنی فەرمانی گرتنەكەی لەئەستۆ گرت و جەختی كردەوە “هیچ دوودڵی ناكەن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژی ترەمپ[7]“، پەردەپۆشكردنی بڕێك ناخۆشترە؛ بەڵام یاساییەكان باس لەوە دەكەن بەپێی ڕێككەوتنەكانی ڤیەننا ئەوانەی دەبنە سەرۆكی دەوڵەت، خاوەن پارێزبەندیی یاسایین و ناكرێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت[8]. ئەمەش دەرچەیەكی قوتاربوونەو تەنانەت لە نێوخۆی ئەمریكاش ترەمپ داواو سكاڵاكانی سەری ڕادەگیرێن و حاڵەتەكە تەنیا عێراق نییە.
لە پاش ڕاگەیاندنی سەركەوتنی ترەمپیشەوە عێراق بەفەرمی و خێرا لە ڕێگەی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانەوە پیرۆزبایی پرۆتۆكۆڵییان لە ترەمپ كرد؛ لە پەیامەكانیشیاندا هیوای كاركردنی هاوبەشیان لەگەڵدا خواست. ئەمەش دەشێت فەرامۆشكردنی كردەییانەی ئەو فەرمانی گرتنە بێت كە لە بەغدا دژی ترەمپ دەرچووە.
لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی سەرۆك وەزیران، “محەمەد شیاع سودانی”دا لەگەڵ ترەمپ، بەپێی بەیاننامەی فەرمیی بەغدا، ناوبراو ئامادەیی كاری هاوبەشی دەربڕیوە لەگەڵ حكومەتی عێراقی؛ چ لەبارەی دۆسییە هاوبەشەكان، چ بارودۆخی ناوچەكە. نەك هەر ئەوە بەڵكو خوازیاریش بووە سودانی لە دەرفەتێكی نزیكدا سەردانی واشنتۆن بكات[9]؛ هەر بەپێی بەیاننامەكەی حكومەتی عێراق.
گرفت و مەترسییەكانی سەر عێراق لە ئیدارەی ترەمپدا
بەپێی پێدراوە بەردەستەكان، گەڕانەوەی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی، عێراق دەخاتە بەردەم كۆمەڵێك ئاستەنگ و پێشهات كە گرنگترینیان دەشێت ئەمانەی خوارەوە بن:
_ بەو پێیەی دروشمی سەرەكیی هەڵمەتی ترەمپ گێڕانەوەی ناوبانگی ئەمریكا بووە، باوەڕێك هەیە كە ناوبراو چاوپۆشی لە بەكارهێنانی عێراق نەكات وەك پانتاییەكی پشتیوانی لە ئێران لە ڕێگەی هەژمونی گروپە شیعەكانەوە. لە لێدوانەكانیشیدا ترەمپ ئاماژەی بەوە كردووە پارەو سامانی عێراق بۆ بەهێزكردنی ئێران ئاڕاستە دەكرێت. ئەمەش دەیخاتە بەردەم ئەگەری سزادان و بەئامانجگرتن، لە حاڵەتێكدا كە ترەمپ بڕیار بدات بەتوندی بەرپەرچی ئێران و باڵەكانی بداتەوە.
_ عێراق ئەزموونێكی باش و ئەرێنیی نییە لەگەڵ ویلایەتی یەكەمی ترەمپ (2016_2020)، بەتایبەت كە ناوبراو بەشێوەیەكی كتوپڕ سەردانی سەربازگەی ئەمریكای كرد لە ڕۆژاوای عێراق، بێ ئەوەی لە بەغداوە بڕوات (2018). ئەوكاتیش ئەمە بە “پێشێلكردنی سەروەریی خاكەكەی” لێكدرایەوەو دەگوترا هاتن و چوونەوەكەی بەبێ ئاگاداریی حكومەتی عێراق بووەو هیچ ڕێزی لە سەروەریی وڵاتەكە نەگرتووە[10].
_ ترەمپ لە ئیدارەی یەكەمیدا (2016_2020) هەڕەشەی زۆری لە عێراق كردووە ئەگەر خاكەكەی ببێتە گۆڕەپانی هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا. لە ئێستایشدا عێراق كەوتووەتە ناوەڕاستی جوگرافیای جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئیسرائیل و، پاڵێوراوە بۆ ئەوەی بۆ هەمان مەبەست بەكار بهێنرێت.
_ پشتیوانیی ڕەهای ترەمپ لە ئیسرائیل پێچەوانەو دژە لەگەڵ سیاسەت و خواستی میللی و فەرمیی عێراق كە پشتیوانیكردنە لە غەززەو باشوری لوبنان. بەم هۆیەشەوە هەر چەشنە نزیكبوونەوەیەكی حكومەتی عێراق لە ئیدارەی ترەمپ، بەر ناڕەزایی بنكەی جەماوەریی شیعی و ڕایگشتیی عێراقی دەكەوێت كە بەشێكن لە تووڕەیی شەقامی عەرەبی و ئیسلامی دەربارەی كاولكارییەكانی فەلەستین و لوبنان. هەروەها مەترسییەك هەیە لە ئیدارەی ترەمپدا پرۆژەی گریمانكراوی راگواستنی شیعەی لوبنان بۆ عێراق سەر بگرێت. زەمینەی ئەمەش پاش كاولكردنی باشوری لوبنان، لەبارتر بووە[11].
_ هەرچەندە ترەمپ لایەنگری كەمكردنەوەی دەستوەردانی سەربازی بووە لە عێراق و ئەفغانستان، بەڵام هیچ كات سڵ لە بەكارهێنانی هێز بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ناكاتەوە. ئەمەش باوەڕی كەسانی نزیك لە ترەمپەو بەدووری نازانن هێز بەرامبەر ئێران بەكار بهێنێت ئەگەر لە پرۆژە ئەتۆمییەكەی بچێتە پێشەوە[12]. ئەم ئامادەییەش بۆ عێراق حاڵەتێكی نەرێنییە كە توانای كۆنترۆڵكردنی باڵە ئێرانییەكانی ناوخۆی نییە لەو حاڵەتەدا.
_ پێداگریی ترەمپ لەسەر جێبەجێكردنی گەمارۆكانی سەر ئێران بەبێ هەڵاواردن، وا دەكات چاوپۆشی ئەمریكا لەسەر فرۆشتنی نەوتی ئێران بە چین هەڵگرێت. ئەم ئاسانكارییەش لە سەردەمی بایدندا بەرامبەر بە ڕاگرتنی هێرشی باڵە ئێرانییەكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سوریا بە ئێران بەخشراوە[13]. لە حاڵەتی هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتنە ناڕاستەوخۆكەشدا ئەگەری گەڕانەوەی گرژی بۆ عێراق هەیە.
_ چاوەڕوان دەكرێت ترەمپ ڕێچكەیەكی توند بەرامبەر عێراق بگرێتە بەر، ئەگەر بەردەوام بێت لە كڕینی سوتەمەنی لە ئێران و ڕەنگە ڕێگەپێدانەكانی بۆ نوێ نەكاتەوە[14]. ئەگەریش ترەمپ سەرچاوەكانی وزەی ئێرانی بكاتە ئامانج، لێكەوتەی خراپی لەسەر عێراق دەبێت، چونكە 50%ی سەرچاوەكانی گازی سروشتیی عێراق لە ئێرانەوەیە[15].
_ باوەرێك هەیە كە ئیدارەی ترەمپ چیدی یاریكردنی گروپەكانی عێراق لە ناوچەی خۆڵەمێشی قبوڵ نەكات و عێراق بخاتە بەردەم دوو بەرداش: دۆست و دوژمن. ئەم خۆیەكلاكردنەوەیەش بۆ عێراق لێكەوتەی هەیە[16].
_ گروپە شیعەكان عێراقیان خستووەتە بەرەی دژەئەمریكاو، ئەوەیان یەكلایی كردووەتەوە ئەوان بەشێكن لە “بەرەی موقاوەمە” بەبێ ڕەچاوكردنی ئەگەری گەڕانەوەی ترەمپ.
_ وڵاتانی كەنداو بۆ ڕازیكردنی ترەمپ سیاسەتی هەرزانكردنی نرخی نەوت پەیڕەو دەكەن بۆ سوككردنی باری سەرشانی واشنتۆن و بازاڕەكانی ئەمریكا. ئەمەش لێكەوتەی لەسەر دارایی عێراق دەبێت.
دەرفەتە هاوبەشەكانی عێراق و ئیدارەی ترەمپ
سەرباری هەڕەشەو مەترسییەكانی سەرەوە، هەندێك دەرفەتی هاوبەشیش هەن بۆ كاركردنی عێراق لەگەڵ ترەمپ، كە دەشێت لەم خاڵانەدا كورت بكرێنەوە:
_ عێراق پانتاییەكی گرنگە بۆ ستراتیژییەتی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت پاش ئەو خەرجی و قوربانییانەی ئەمریكا لە پاش 2003 داویەتی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی پێشوو. هەروەها عێراق گرنگە بۆ ئاسایشی وزەو، 5%ی نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنێت؛ جگە لەوەش بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوپەیمانانی ئەمریكا گرنگە[17].
_ عێراق و ئەمریكا ڕێككەوتننامەیەكی چوارچێوەییان هەیە بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییەكانیان (صوفا)، هەروەها چەند لیژنەیەكی ئەمنیی هاوبەشیان هەیە لەبارەی پێداچوونەوەی دۆخی سەربازی و چارەنوسی هێزەكانی ئەمریكا. هەر لەم بەینەیشدا بەشی هەرە زۆری چەك و تەقەمەنیی عێراقی و ڕاهێنان و مەشقی سوپاو هێزە ئەمنییەكانی، ئەمریكین و ئاسمان و سیستەمە هەواڵگری و سەربازییەكەی، پەیوەستە بە سوپای ئەمریكاوە. ئەمە وا دەكات هیچ سەرۆكێكی ئەمریكی نەتوانێت دەستبەرداری ببێت.
_ عێراق دەتوانێت ڕۆڵی ناوبژیوانی لەنێوان ئەمریكاو ئێران ببینێت و پەیامی واشنتۆن بە تاران بگەیەنێت. هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن لە دوا پەیوەندیی تەلەفۆنیی سودانی و ترەمپدا ئەوە ڕووی داوە[18].
_ باوەڕ وایە ترەمپی 2024 جیاوازتر بێت لە ترەمپی 2016. لە خولی یەكەمدا ئەزموونی كەمتر بووەو كەمتر پێگەیشتوو بوو؛ جگە لەوە ئەزموونی ویلایەتی یەكەمی بەردەستەو، دەشێت بەرچاوڕوونیی تێدا بێت. لە ئێستایشدا ترەمپ دەور دراوە بە ڕاوێژكاری جۆراوجۆرو، سەیری بەرژەوەندیی ئەمریكا دەكات[19].
_ دەشێت ترەمپ ڕازی بێت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا هەنگاو بە هەنگاو لە ساڵانی 2025 و 2026؛ ڕەنگە ئەم خشتەیە خێراتر بكات لە سۆنگەی پێداگریكردن لەسەر گرنگیدان بە ناوخۆی ئەمریكاو كەمكردنەوەی دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە دەرەوە[20]. ئەمە بۆ هێزە شیعە عێراقییەكان گرنگ و ئامانجە.
_ عێراق دەتوانێت دەرگای وەبەرهێنان بۆ كۆمپانیا ئەمریكییەكان واڵا بكات و ئەوەیشی تائێستا لە كەسانی نزیكی سەرۆك وەزیرانەوە دەرچووە، باس لەوە دەكەن سودانی خواستی هەیە زیاتر لە پەیوەندیی ئەمنی لەگەڵ واشنتۆندا بچێتە پێش و لێكگەیشتنی نوێ لەگەڵ كۆشكی سپیدا بكات، بەتایبەت لە كەرتی وزەدا[21].
_ لەناو تیمی ترەمپدا ژنە پارێزەرێكی كلدانیی عێراقی هەیە بە ناوی “ئیلینا حەببە”. ئەم ژنە 39 ساڵانەیە سەرپەرشتیی كاروباری یاسایی ترەمپ دەكات و بریكاری بووە لە چەند دۆسییەیەكی هەستیاردا؛ هەروەها شانازی بە ڕەچەڵەكی باوك و دایكی خۆیشییەوە كردووە، كە بەر لە 40 ساڵ لە عێراق هەڵهاتوون[22]. دەشێت ئەم ژنە بەكار بهێنرێت بۆ پەیوەندیكردنی بەرپرسانی عێراق و ترەمپ. هەروەها جێگری سەرۆكی ئەمریكا “جی دی ڤانس” پێشتر لەنێوان 2003_2007 لە هێزەكانی پیادەی دەریایی خزمەتی لە عێراقدا كردووە[23]. بەم هۆیەیشەوە بە كێشەكانی عێراق ئاشنایەو، دەشێت هاوشێوەی بایدن لە سەردەمی ئۆباما لە دۆسییەی عێراقدا كار بكات.
هەرێمی كوردستان و بەشەكانی تری كوردستان
دەرهەق بە هەرێمی كوردستان، لە سایەی گەڕانەوەی ترەمپدا بۆچونێك هەیە پێی وایە ترەمپ دەستكاریی بنەڕەتیی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر كورد ناكات[24]؛ سیاسەتی ڕاگەیەنراوی ئەمریكاش “پشتیوانیكردنی هەرێمێكی كوردستانی بەهێزە لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا.” بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ئیدارەی ترەمپدا 16ی ئۆكتۆبەری كەركوك و كەوتنی عفرین و دروستكردنی پشتێنەی ئەمنیی توركی لە ڕۆژهەڵاتی فورات (ڕۆژاوا) ڕوویان دا، مەترسییەك هەیە كە ترەمپ هاوشێوەی ئیدارەی دیموكراتەكان بەتەنگ كێشەی كەمایەتییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی دیموكراسییەوە نەیەت و زیاتر فۆكەس بخاتە سەر هێزە گەورەو خاوەن بەرژەوەندییەكان لە ناوچەكەدا. لەم نێوەندەدا بۆچوونێك هەیە پێی وایە دەشێت ترەمپ كشاندنەوەی سوپای وڵاتەكەی لە عێراق و باكوری سوریا خێراتر بكات. بەپێی ئەو ئاماژانەی بەردەستن، كشانەوەی ئەمریكا لە زیانی پێكهاتەكانی كوردو سوننەو هاوپەیمانەكانی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا، هەروەها بۆشایی ئەمریكاش لەلایەن ڕكابەرانی واشنتۆنەوە پڕ دەكرێتەوە. ئەمەش لەدەستدانی خاڵە لەلایەن ئەمریكاوە بەرامبەر بەرەی چین و ڕوسیاو، ڕوودانی جێگەی گومان و ئەگەری زۆرە[25]؛ بەڵام پێشهاتێكە دەبێت هەرێمی كوردستان ڕەچاوی بكات.
لە ئۆكتۆبەری 2019 كە ترەمپ لەپڕ بڕیاری كشاندنەوەی سوپاكەی دا لە باكوری سوریاو ڕۆژهەڵاتی فورات، هەندێك میدیای بەریتانی هەنگاوەكەیان بە “خیانەت” لە قوربانییەكانی كورد دژی داعش لە قەڵەم دا[26]. لەو ماوەیەیشدا ترەمپ “شەش لێدوانی چەواشەكارانەی” دەربارەی ڕۆژهەڵاتی فورات و جەنگی داعش و پەیوەندیی كورد و توركیا ڕاگەیاند [27]؛ پێشتریش لە هەرێمی كوردستان هەمان هەست و دڵشكان بەرامبەر بە تەماشاكەرمانەوەی ئەمریكا هەبوون لە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری كەركوك، لە كاتێكدا هێزە فیدراڵییەكان و پێكهاتەكانی نێو دەزگای حەشدی شەعبی بەرەو سنورەكانی هەرێم جموجۆڵیان پێ كرا.
سەرباری ئەمانەش دەشێت هەرێمی كوردستان لە ویلایەتی دووەمی ترەمپدا بتوانێت لەبەر ڕۆشناییی ئەزموونی ویلایەتی یەكەم، لە سیستەمی نوێی هەرێمایەتیدا خۆی بگونجێنێت و هاوكار بێت لە بەرقەراركردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئەمنییانەی لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش هەیەتی[28]؛ بەتایبەت كە لە دوا دیداری میدیایی باڵیۆزی ئەمریكاشدا لە هەولێر “ئەلینا ڕۆمانۆڤسكی” جەخت لەوە كراوەتەوە ئەمریكا پابەندی و ئامادەیی بەهێزی لە كوردستان هەیە. هەرێم پردی ژمارەیەك كۆمپانیای ئەمریكییە لە ناوچەكەو جێپێیەكە بۆ وەبەرهێنان لە ناوچەكە و عێراق؛ هەندێك لەو وەبەرهێنانانەیش بەرهەمیان هەبووە و لقیان گواستراوەتەوە بۆ بەغدا[29]. بەڵام سیاسەتی ترەمپ تا ڕاددەیەکی زۆر پەیوەستە بەو ستافەی کە بۆ ئیدارەکەی دیاری دەکات.
لە پاش ڕاگەیاندنی سەركەوتنی ترەمپیشەوە ئیسرائیل هەوڵ دەدات كورد وەك هاوپەیمان وێنا بكات بۆ هەراسانكردنی توركیاو سوریاو ئێران. لەمبارەیەوە وەزیری نوێی دەرەوە لە تەلئەبیب “گەدعون ساعر” لە بەیاننامەیەكدا نوسیویەتی: “گەلی كورد هاوپەیمانێكی سروشتیی ئێمەن.” هەروەها دەڵێت: “پێویستە دەستی یارمەتییان بۆ درێژ بكەین و پەیوەندییان لەگەڵدا بەهێز بكەین. ئەم كارە ڕەهەندی سیاسی و ئەمنییشی هەیە”[30]. ئەم بانگەوازە ئەگەرچی لە بەرژەوەندیی دۆخی هەرێمی كوردستاندا نییەو زیاتر هەراسانكردنی میدیایی ڕكابەرانی ئیسرائیلە، بەڵام بە دیوێكی تردا گرنگیی هەڵكەوتەی جوگرافیای كوردستان لە گۆڕەپانی ململانێ ناوچەییەكەدا دەردەخات و دەشێت وەبەرهێنانی تێدا بكرێت.
سەرباری ڕەشبینییەكانیش لە هەنگاوەكانی ترەمپ، مەرج نییە هەموو پلان و بەرنامەكانی سەرۆكی ژمارە 47ی ئەمریكا ڕێگە بدۆزنەوە بۆ جێبەجێكردن؛ هەروەها مەرج نییە بڕیارە كتوپڕەكانی لەسەر ئەرز زەمینەیان هەبێت بۆ پراكتیزەكردن؛ ئەمە لە ئەزموونی ئیدارەی یەكەمدا (2016_2020) بەڕوونی دیار بوو. هەندێك لە بڕیارەكانی بەر دیواری دەزگا ئەمنی و سەربازییە دێرین و كلاسیكییەكانی ئەمریكا كەوتن و ڕاگیران، وەك: بڕیای كشاندنەوەی سوپاكەی لە ڕۆژهەڵاتی فورات لە سوریا.
كۆبەند
گەڕانەوەی ترەمپ، جیهان و ناوچەكەو عێراقی خستووەتە بەردەم پێشهات و پێشبینیی نوێ. ناونیشانی سەرەكیی قۆناغی داهاتوو دەشێت “ناڕوونی” بێت، چونكە سروشتی سەركردایەتیی ترەمپ وایە لەبری كاری دەزگایی و پەنابردن بۆ دامەزراوەكانی بڕیار، تاكلایەنە و لەپڕدا بڕیار دەدات و زیاتر پشت بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ سەركردەكانی جیهان دەبەستێت.
دەربارەی عێراق دۆخەكە هەستیارترە چونكە هێشتا كێشەی قوڵ هەیە كە ئایا ئەمریكا هاوپەیمان و دۆست یان دوژمنی عێراقە؟ ئەمەش وا دەكات دۆخی ئەم وڵاتە بەڕووی كاردانەوەی جۆراوجۆری ترەمپدا كراوە بێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا عێراق هەندێك كەرەستە و ڕایەڵی هەیە بۆ گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی نوێ، ئەگەر زەمینەی نێوخۆیی لەبار بێت و بتوانێت لەگەڵ ئەمریكای ترەمپ بەركاریان بكات. لەنێو ئەم ئاڵۆزییەیشدا هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی كوردستان دەكەونە ژێر كاریگەرییەوەو؛ وریایی و چاوكراوەیی پێویستە بۆ پەیوەستكردنەوەی هەرێم بەو بلۆكبەندییە سیاسی و ئەمنییانەی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ سیستەمی نوێی زاڵ و باڵادەست لە ناوچەكە، پێكدەهێنرێت.
سەرچاوەكان:
ئەم بابەتە لە (خانەی هزریی كوردستان) وەرگیراوە