Draw Media

"كۆمسیۆن لاواز بوو؛  هێزە ئەمنییەكان بنكەكانیان بەڕێوەدەبرد"

Draw Media

2024-10-19 17:02:14



(درەو): 
دامەزراوەی (پەی) راپۆرتی چاودێری خۆی بۆ دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە كە دوێنێ بەڕێوەچوو، راپۆرتەكە باس لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی پرۆسەكەو لاوازی رۆڵی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و باڵادەستی هێزە ئەمنییەكان دەكات بەسەر بنكەكانی دەنگدانەوە.
پێشەكی
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بڕیار بوو دوو ساڵ لەمەوبەر ئەنجام بدرێت، ئەوەبوو دواخرا بۆ 20 ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵا، سەرباری كێشمەكێشی لایەنە سیاسیەكان لەسەر ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەكە لەكاتی دیاریكراو و گرفتەكانی تۆماری دەنگدەران یاسای هەلبژاردن و كورسی كۆتاكان و گرفتی كۆمسیۆنی سەربەخۆ و راپرسی هەرێم، لەدواجاردا بەهۆی بڕیارەكەی دادگای باڵای ئیتیحادیەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەناو ئەو هەموو ململانێ و كێشمەكێشەدا چووە بواری جێبەجێكردنەوە.
رۆژی 18/10/2024 دەنگدانی تایبەت ئەنجامدرا، لەم راپۆرتە كورتەدا سەرنج و تێبینی خۆمان دەخەینە روو، بۆ ئەوەی بتوانرێت سود لە خاڵە گەشەكان ببینرێت و زیاتر پەرەیان پێ بدرێت، هەموو توانایەكیش بخرێتە گەڕ كەموكوڕییەكان پڕ بكرێنەوەو ئامادەكاری باشتر بكرێت بۆ رۆژی دەنگدانی گشتی لە 20/10/2024 و رێگری لەو پێشێلكارییانەش بكرێت كە لەرۆژی دەنگدانی تایبەتدا كراون بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە.
بەو هیوایەی رۆژی 20/10/2024  لەكەشێكی دیموكراسیدا هەڵبژاردنێكی سەركەوتووی دوور لە ساختەكاری ئەنجام بدرێت و ببێتە مایەی ئەوەی نەخشەی سیاسی هەرێم گۆڕانكاری بەسەردابێت بەو ئاقارەی كە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دروست بكرێتەوە و دواتر هەنگاوی جدی بنرێت بۆ ئەوەی حكومەتێكی تازەی كارا بێنەكایەوەو خەم و مەینەتیەكانی خەڵكی كوردستان بڕەوێتەوەو رزگاریان بێت لەو هەموو قەیرانەی تێی كەوتووین و قەوارەی هەرێمیش پارێزراو بێت.

 ئاماری دەنگدەران تایبەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان

بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەی عێراق (7067) وێستگەی دەنگدان لەچوارچێوەی (1431) بنكە  هەیە و (282) ناوەندی تۆمار پێشوازییان لە دەنگدەرانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكەن. 
بەجۆرێك كە (2.899.578) كەس لەسەر ئاستی گشتی پارێزگانی هەرێمی كوردستان كارتی نوێی دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە، لەو ژمارەیەش (2.683.618) كەس بە ڕێژەی (93%) لە دەنگدانی گشتی كە بەسەر (173) ناوەندی تۆمار كە دابەش بووە (1266) بنكەی هەڵبژاردن و (6318) وێستەگە لە خۆ دەگرێت. لە لایەكی ترەوە (215.960) كەسیش بە ڕێژەی (35%) لە دەنگدانی تایبەت لە (109) ناوندی تۆمار كە دابەش بووە بەسەر (165) بنكەی هەڵبژاردن و (749) وێستەگە لەخۆدەگرێت مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنكەدا هەیە. ئەگەر ئەوە وردبكرێتەوە بۆ سەر ئاستی پارێزگاكان ئەوا:
یەكەم: پارێزگای هەولێر (1.022.906) كەس بە ڕێژەی (35.3%) كۆی دەنگدەران مافی بەشدارییان هەیە، بە جۆرێك (933.115) كەسیان بە ڕێژەی (91%) لە چوارچێوەی دەنگدانی گشتی لە (53) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (498) بنكەی دەنگدان كە (2.213) وێستگە لەخۆ دەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. هاوكات (89.791) كەسیش بە ڕێژەی (9%) لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت لە (34) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (62) بنكەی دەنگدان كە (306) وێستگە لەخۆدەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە.
دووەم: پارێزگای سلێمانی (1.087.073) كەس بە ڕێژەی (37.5%) كۆی دەنگدەران مافی بەشدارییان هەیە، بە جۆرێك (1.008.412) كەسیان بە ڕێژەی (93%) لە چوارچێوەی دەنگدانی گشتی لە (74) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (477) بنكەی دەنگدان كە (2.373) وێستگە لەخۆدەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. هاوكات (78.661) كەسیش بە ڕێژەی (7%) لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت لە (32) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (57) بنكەی دەنگدان كە (276) وێستگە لەخۆ دەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە.
سێیەم: پارێزگای دهۆك (723.747) كەس بە ڕێژەی (25%) كۆی دەنگدەران مافی بەشدارییان هەیە، بە جۆرێك (682.791) كەسیان بە ڕێژەی (94%) لە چوارچێوەی دەنگدانی گشتی لە (41) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (264) بنكەی دەنگدان كە (هەزار و 596) وێستگە لەخۆ دەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. هاوكات (40.956) كەسیش بە ڕێژەی (6%) لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت لە (30) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (33) بنكەی دەنگدان كە (142) وێستگە لەخۆدەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە.
چوارەم: پارێزگای هەڵەبجە (60.252) كەس بە ڕێژەی (2.1%) كۆی دەنگدەران مافی بەشدارییان هەیە، بە جۆرێك (59.300) كەسیان بە ڕێژەی (98%) لە چوارچێوەی دەنگدانی گشتی لە (5) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (27) بنكەی دەنگدان كە (136) وێستگە لەخۆدەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە. هاوكات (952) كەسیش بە ڕێژەی (2%) لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت لە (1) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (1) بنكەی دەنگدان كە (3) وێستگە لەخۆ دەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە.
پێنجەم:  پارێزگاكانی (نەینەوا، كەركوك، دیالە، ئەنبار، بەغدا (كەرخ و رەسافە)، واست، سەڵاحەدین)، (5.600) كەس بە ڕێژەی (0.2%)ی كۆی دەنگدەران، مافی بەشدارییان هەیە لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەت لە (12) ناوەندی تۆماری دابەشبوو بەسەر (12) بنكەی دەنگدان كە (22) وێستگە لەخۆدەگرێت مافی دەنگدانیان هەیە.
بەپێی داتاكانی كۆمسیۆن، ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە هەرچوار پارێزگای هەرێمدا بەم شێوەیە دابەش بوون:

بەڵام لە كاتی هەڵبژاردندا كە رۆژی 18/10/2024 ئەنجامدرا رێژەی بەشدار بوون بەم شێوەیە بوو:


ئەم پرۆسەی دەنگدانە كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە ئەنجامدەدرێت، چەند خالێكی سەركەوتووی تیایە، لەهەمان كاتدا لە كەموكوڕیش بێبەش نەبوو، لەم راپۆرتەدا هەوڵا دەدەین وێرای دەستخۆشی بۆ خاڵە باشەكان، خاڵە لاوازەكان و كەم و كوڕییەكان و پێشێلكارییەكان بخەینە بەرچاو، بەو مەبەستەی لە دەنگدانی گشتیدا لەبەرچاو بگیرێن، تا كەموكوڕییەكان راست بكرێنەوەو پێشێلكارییەكان رێگەیان لێبگیرێت. چونكە ئەگەر نەتوانێت پێشێلكارییەكان بنبڕ بكات و كۆنتڕۆڵیان نەكات، لە دەنگدانی گشتیی دۆخەكەی لەدەست دەردەچێت.

یەكەم:
لایەنە ئەرێنییەكانی پرۆسەكە:

١- بنكەكانی دەنگدان لە كاتی خۆیدا (كاتژمێر 7ی بەیانی) بە رووی دەنگدەراندا كرانەوە.
2- تا ئاستێكی باش بە شێوەیەكی گشتی پرۆسەكە بە ئارامی بەڕێوەدەچوو.
3- بەشێوەیەكی گشتی ئاسایشی بنكەكان باش دابینكرابوون.
4- بەشێوەیەكی گشتی رێكاری كۆمسیۆن جێبەجێ‌ دەكرا كە دەبوایە دەنگدەر بۆ دەنگدان بەڵگەنامەی پێویستی پێ بێت، بەپێچەوانەوە رێگەی پێنەدەدرا دەنگبدات.
5- كاتژمێر (٦)ی ئێوارە لە كاتی خۆیدا بنكەكانی دەنگدان داخران.
6- رێژەی دەنگ دان بەشێوەی گشتی بەرز بوو.
7-لەنێو وێستگەو بنكەكانی دەنگداندا ساختەكاری بەدی نەدەكرا، بەڵام بۆ قۆناغی دواتر ناتوانین هیچ رایەك بدەین، چونكە پرۆسەكە هێشتا بەردەوامە و سەبارەت بە گواستنەوەی سندوقەكان و ناردنی ئەنجامەكان بۆ كۆمسیۆن و شێوازی راگەیاندنی ئەنجامەكان، لەكاتی خۆیدا تێبینی و سەرنجەكانمان رادەگەیەنین.

دووەم:
لایەنە نەرێنییەكانی پرۆسەكە

یەك: پێشێلكاری قەوارەكان:
1-    هەندێك لە كەناڵەكانی راگەیاندنی حیزبەكان تا ئێوارەی رۆژی 18/10 لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەردەوام بوون. لەوانە (NRT) راگەیەنرای جولانەوەی نەوەی نوێی بلاو كردەوەو بە راشكاوی داوای دەكرد كە هێزە ئەمنیەكان دەنگی پێ بدەن، بەرەی گەل لە ریكلامەكانیدا رایدەگەیاند كە" برایانی هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ بەرەی گەلن"، كەناڵی (GK) و (Kurdsat)پەیامی سەرۆكی حزبەكەی بلاو كردەوە بەمەبەستی دەنگ پێدانی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە، لەكاتێكدا بانگەشە بەپێی یاسا وەستا بوو، كەناڵەكانی پارتیش بەهەمان شێوە هەمان پێشێلكاریان هەبوو.
2-    لەنزیك هەندێك لە بنكەكاندا ڕیكلامی قەوارەكان هەبوون و لە هەندێكیشیاندا كارتی بانگەشەی كاندیدان دابەش دەكرا، كاندیدێكیش لە سلێمانی لەبەردەم سەرجەم بنكەكاندا خۆی و تیمەكەی بنكەی بانگەشەیان دانابوو و تەنانەت بەناوی جێگری سەرۆكی حكومەتەوە قسەیان دەكرد.
3-    لەهەندێك بنكەدا كارت و ژمارە و وێنەی كاندیدان بەسەر دەنگدەراندا دابەشدەكران.
4-    هەندێك كاندید لەنزیك بنكەكانی دەنگدان و لەناو دەنگدەراندا بەردەوامبوون لەسەر بانگەشە.
5-    لە نزیك هەندێك بنكەدا لەلایەن هەندێك بەرپرس و نوێنەری قەوارەكانەوە ناوی ئەو كەسانە دەنوسرا كە دەنگیان دەدا.
6-    لە بەر دەرگای بنكەكان لەلایەن ئەفسەرێكەوە سەرجەم ئەو پسولانەی لەبەرامبەر گێڕانەوەی كارتی بایۆمەتری كە بە دەنگدەران درابوو كۆدەكرانەوەو لە دەنگدەرەكان دەسەنرا.
7-    هەندێك لە دەنگدەرە تایبەتەكان فشاریان خراوەتە سەر دوور لە خواستی خۆیان دەنگ بە كاندیدی كۆتاكان بدەن. كە لە بەشێك لە بنكەكاندا (یەكێتی و پارتی) بە ئاشكرا داوایان لە دەنگدەران دەكرد دەنگ بۆ كورسی كۆتای مەسیحی و توركمان بدەن.
8-    هەندێك لە كاندیدان (بەتایبەت لە دەسەلات) رێگەیان پێدراوە بچنە ناو بنكەكانەوە بۆ مەبەستی بانگەشە.
9-    هەروەك ئەوەی هاوڵاتیانی دەنگدەر ئازادن لەوەی دەنگ بە كاندیدانی كورسی گشتی بدەن یا كۆتا و رێگریكردن لێیان نایاساییە، چونكە لە دواجاردا ئەوەی دەنگی پێویست بهێنێ دەبێت بە نوێنەری سەرجەم خەڵكی كوردستان، لە هەمان كاتدا فشار خستنە سەریشیان بۆ دەنگدان بە نوێنەرێكی دیاریكراو نایاساییە چونكە مافی دەنگدان لە دەنگدەر دەسەنرێتەوە، وەك ئەوەی لایەنە سیاسیەكان لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی دەنگدەرانی تایبەتیان ناچار كردووە دەنگ بە كاندیدانی كورسیی كۆتای كریستیان و توركمان بدەن.
10-    رێژەی ئەو دەنگانەی لەلایەن لیست و قەوارەكانەوە بەدەستهاتوون و رادەگەیەنرێن هیچیان فەرمی و دروست نین و یاسایی نین و دانیان پیادا نانرێت و كاریگەری نەرێنیشیان دەبێت لە سەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتی.
 
دوو: پێشێلكاری هێزە ئەمنیەكان:
1-    هەندێك بەرپرسی پێشمەرگە و ئەفسەر و پلەداران لەبنكەكاندا بوون و بەجۆرێكی ناراستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر دەنگدەران هەبوو كە دەنگ بە چ قەوارەیەك بدەن.
2-    لە هەموو بنكەكاندا نوێنەری ئاسایش بوونی هەبوو و دەستی دەخستە كاروباری كۆمسیۆن و لە هەر لایەو كاری بۆ حزبی خۆی دەكرد.
3-    لە گەلێك بنكەی دەنگداندا ڕێگری لەكەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكرا و وەك پێویست رێگەیان پێنەدەدرا كە رووماڵی پرۆسەكە بكەن. بۆ نمونە پەیامنێرانی (G.kurdistan) لە باعەدرێ. (K24) لە كۆیە، 
4-     بەشێك لە پەیامنێران و كارمەندانی دەزگاكانی راگەیاندن رووبەڕووی رێگری و پەلاماردان بوونەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە، وەك هەریەك لە (Speda, Payam, Chanal8, Ava News, Kurdstan Tv, 964,  , KNN NRT،   G.Kurdistan، Kurdistan 24).
5-    لە هەندێك لە بنكەكاندا كەشێكی عەسكەرتاریەت زاڵ بوو و چاودێرانی لایەنە سیاسییەكانیان بە زۆر لە هۆڵەكان دەكردە دەرەوە، بۆ نمونە وەك هەڵەبجە.
6-    لە نزیك هەندێك لە بنكەكاندا  خەیمەیەك هەڵدراوە و دەنگدەران دەبێت پێش ئەوەی دەنگبدەن بە خێمەكەدا تێبپەڕن، كە ئەمەش لە چوارچێوەی پێشلكارییەكاندا ئەژمار دەكرێت.
7-    بوونی هێزی ئەمنی وسەربازی لە ناو بنكەكانی دەنگدان فشارێكی ناراستەوخۆ بوو لەسەر دەنگدەران  كە بارێكی دەروونی خراپیان لەسەر دەنگدەران دروست كردبوو، چونكەی بەرێوەبردنی پرۆسەكە لەژیر كۆنترۆلی هێزیە ئەمنییەكاندا بووە.
8-    هێزە ئەمنییەكان بریار بەدەست بوون لە ناو بنكەی دەنگدان، بۆ نمونە ئەوان  پرسیارییان دەكرد و رێگایان بە دەنگدەران و چاودیرەكان نیشاندەدا و رێگەیان پێدەدان یان نا.

سێ: كەموكوڕییەكانی كۆمسیۆن:
1-    كۆمسیۆن ئەدای كاركردنی لاواز بوو، بنكەكان لە دەرگەی دەرەوە تا دەرگەی وێستگەكان لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە بەڕێوە دەبران، كارمەندانی كۆمسیۆن تەنها لەناو وێستگەكاندا كاریان دەركرد. 
2-    لە زۆربەی وێستگەكاندا رێگری لەو دەنگدەرانە نەدەكرا كە مۆبایلیان بەمەبەستی وێنەگرتن لەكاتی دەنگداندا بەكار دەهێنا.
3-    ئەژماركردن و بڵاوكردنەوەی ئەنجامەكانی دەنگدانی تایبەت كاریگەری خراپی لەسەر پرۆسەی دەنگدانی گشتیدا هەیە.
4-    لە هەندێك لە بنكەكاندا كێشەی پەنجەمۆر هەبوو لە ئامێرەكاندا، بۆ نمونە وەك: بنكەی سامانی شاری هەولێر، كە یەكێك لە سەرپەرشتیارانی بنكەكە وتی: "ماوەكەی زۆری خایاند و بەمەش پرۆسەی دەنگدان دواكەوت".
5-     لە هەندێك بنكە پەشێوی و ئاڵۆزی دروست بوو و بۆ ماوەیەك دەنگدان راگیرا، وەك: بنكەی دەنگدانی گولان لە ئاكرێ، بنكەی دەنگدانی هەڵەبجە، بنكەی نێرگز لە شەقلاوە.
6-    هەندیك جار زانیارییان دەشاردەوە سەبارەت بە بوونی پیشیلكاری بۆ چاودیران لەكاتی پرسیار كردن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand