داعش لە کوردستان ماوە .. شانەیەکی نوێی لە ئیدارەی ڕاپەڕین دەستگیر دەکرێت

Draw Media

2024-09-30 17:13:16




درەو:
 
سامان عومەر سەیدگوڵ – ئیدارەی ڕاپەرین/بە سەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری


گرووپێکی(30) کەسی، بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ داعش و بەکارهێنانی مزگەوت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی، لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، لەلایەن هێزێکی سەر بە ئۆپەراسیۆنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی، لەماوەی (20) ڕۆژدا دەستگیردەکرێن، بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و بەتایبەت سنورەکەی تووشی شۆککرد، لەکاتێکدا بەشێک لەو دەستگیرکراوانە، موچەخۆران و هێزە ئەمنییەکان و مامۆستایانی ئایینی و زۆرێک لە خەڵکیان بە کافر زانیوە و لەسەر هیجرەت بوون و خاکی کوردستان و عێراقیشیان بە (دارالکفر- خاکی کافران) ناوبردووە، ئەم گروپە لە کۆتاییەکانی مانگی کانونی یەکەمی ساڵی 2023دا دەستگیرکراون، بەڵام ڕاگەیاندنی دەستگیرکردنەکەیان لەمانگی شوباتی 2024دا بووە.
ئیدارەی ڕاپەڕین، یەکەیەکی ئیداریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بە دووری (132) کم دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی، لە قەزاکانی (ڕانیە و پشدەر) پێکدێت و بەمدواییەش قەزای حاجیاوای بۆ زیادبووە.
ئامادەکاری ئەم بەدواداچوونە بۆ تێگەیشتن لەو ڕووداوە خۆی گەیاندە گرتووخانەی (کانی گۆمە) لە شاری سلێمانی و دەرفەتی ئەوەی هەبوو گوێبیستی گفتوگۆیەک بێت، لەنێوان ئەفسەری لێکۆڵینەوەی گرتوخانەکە و ئافرەتێک بەناوی (هـ..م م) بە گوێرەی گفتوگۆی نێوانیان، ئەو ئافرەتە توشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و یەکێکە لەو ( 30 ) دەستگیرکراوەی، سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، کە لە لەلایەن هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە مادەی 2ی تیرۆر دەستگیرکراوە.
ماددەی 2ی تیرۆر، یەکێکە لە ماددەکانی یاسای ژمارە 3ی بەرەنگاربونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە ساڵی 2006لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە.
(هـ.م. م) تەمەنی (44 ساڵ)ە، خێزاندارە و خاوەنی کوڕێکە، لە بنەڕەتدا لە دایکبووی شاری بۆکانی کوردستانی ئێرانە و دانیشتوی گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری قەڵادزێ بووە، تا پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە و لە ساڵی 2014ەوە، سێ برای بە ماڵ و منداڵەوە دەچنە شاری موسڵ بۆ پشتگیریی خەلافەتەکەی (ئەبوبەکر بەغدادی)، لەکاتی لێکۆڵینەوە بە ئەفسەری لێکۆڵەر دەڵێت "لە ساڵی 2017ەوە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وتاری چەند مامۆستایەکی ئایینییەوە بە هزری داعش ئاشنا بووم". ئاماژەشی دا بەوەی کە "کاریگەریی براکانی لەسەر بووە لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفونی و بەردەوام سەبارەت بە کارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی قسەی لەگەڵیان دەکرد". "بەهۆی ئەم بیر و باوەڕەمەوە سەرجەم فەرمانگە و هێزە ئەمنییەکان و موچەخۆرانی حکومەتم پێ کافرە و باوەڕم بەوەش نییە لەدوای ئەو مامۆستا ئاینییانە نوێژ بکەی" (هـ.. م. م) وا دەڵێت، لەهەمانکاتدا ئەفسەرەکە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە پێی راگەیاندنین کە ئەو ئافرەتە دەستگیرکراوە هەر لەمیانی لێکۆڵینەوەدا چەند جارێك بە "کافر" وەسفی کردووم.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەیدا، بە هەناسە تووندییەوە باس لە خراپی تەندروستی خۆی دەکات و بە ئەفسەرەکەی ڕاگەیاند پێویستی بە دەرمان و چارەسەر هەیە.
دواتر قسەی بۆ ئامادەکاری ئەم بەدواداچوونە کرد و جەختی کردە سەر ئەوەی "هەرکەسێک حوکم بە دینی ئیسلام نەکات بەلای ئێمەوە کافرە"
دەشڵێت کە "چالاکییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و فکرەی توندڕەوی لەڕێگەی دوو ئەکاونتی فەیسبوک و تیلگرامەوە بڵاودەکردەوە و باوەڕی تەواوی خۆی نیشاندا بە جیهادکردن"، ئاشکراشیکرد، کە دەرفەتی هیجرەتی بۆ نەڕەخسا، دەنا چەند جارێك براکانی پێش کوژرانیان داوای هیجرەتیان لێکردووە، کە ئەو بە "شەهید" ناوی دەبردن.  بە قسەی خۆی "سێ لە براکانی لەنێو ڕیزەکانی داعشدا بوون و پێش ئەوەی لە ساڵەکانی 2016 و 2017 بکوژرێن، هاوکاری ماددییان بۆ ناردووە و دوو جار خۆی وەریگرتووە و جارێکیشیان کوڕەکەی وەریگرتووە".


"مینبەری مزگەوتەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بۆ بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی"
هەرچەندە دەستگیرکراوەکان لە زیندان یەکتر نابینن و ئاگایان لەیەکتر نییە، بەڵام کاتێک لەسەر شێوازی وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی داعش پرسیاریان لێدەکەیت، هاوبەشییەك لەوەڵامەکانیاندا دەبیسترێت، بەوەی، کە دەڵێن "کاریگەربووین بە وتارە توندەکانی چەند مامۆستایەکی ئایینی و بۆ ئەم مەبەستەش مزگەوت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانمان بۆ چالاکییەکانمان بەکارهێناوە"
ئەفسەرێکی دیکەی لێکۆڵەر لە بەشی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی هەمان وەڵامی هەیە و پێیوایە" ئەم گروپە درێژکراوەی بیری داعش بوون و جموجۆڵەکانیان لەساڵی 2017ەوە بە کۆبوونەوە و دەرس خوێندن لە ماڵ و مزگەوتەکانی سنوورەکە دەستیپێکردووە". ئاماژە بەوەش دەکات کە "ژمارەیەکی زۆر ئەکاونتی بێشوماری فەیکیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، تیلیگرام و سناپچاتدا درووستکردووە بۆ بڵاوکردنەوەی بیرە توندڕەوییەکانیان".
ئەفسەری لێکۆڵەر وتیشی" سەبارەت بە ئەنجامدانی چالاکی ئەو گرووپە، بەشێکیان پێشنیاری هیجرەتیان بۆ کراوە و بەشێکیشیان بە هۆکاری تایبەتی خۆیان نەیانتوانیوە هیجرەت بکەن و چالاکییەکانیان لە چوارچێوەی ڕاکێشانی گەنجان و بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەویدا بووە".
بەشێک لە هاوڵاتیان و مامۆستایانی ئایینی، بۆچونی جیاوازیان لەسەر بڵاوبونەوەی بیری توندڕەوی هەیە، پێیانوایە "لە ناو هەموو کۆمەڵگەکاندا بیری توندڕەوی بەجۆرێک لەجۆرەکان هەیە، بەڵام ڕابردووی کۆمەڵگەی ئێمە، دوور بووە لە بیری توندڕەویی. بەڵکو نەشونماکردنی بیری توندڕەوی لەگەڵ دەرکەوتنی هێزە ئیسلامییەکان و ئاسەواری سەلەفییەت و پاڵپشتی دەرەکی پەرەی سەندوە، هەندێکیش پێیان وایە، نەشونماکردنی بیریی توندڕەویی، شەپۆلێکی جیهانییە و لە هەمو دونیا بونی هەیە، کەمیش نین ئەوانەی پێیان وایە، کە دەرکەوتنی باندە توندڕەوەکان پەیوەندی بە هێزە ئیسلامییەکانەوە نییە، بەڵکو هەژاری و بێکاری و خراپی باری ئابوری هاوڵاتیان بە هۆکار دەزانن.
حەسەن عەلی، مامۆستای ئایینی لەمبارەیەوە دەڵێت "ئەم هزرە توندڕەوییە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە تایبەتی لەگەڵ هاتنی ڕەوتی سەلەفی لە سعودییە و وڵاتانی دیکە بۆ وڵاتی خۆمان، خەڵکانێکی گەنجی لەسەر ڕاهێنرا، کە بەم تێڕوانینە توندە بڕواننە خەڵک". ئەو بە داخەوە باس لەوە دەکات " ئەم توندڕەوییە ڕێگەی پێدراوە و لە مینبەری هەندێك مزگەوتدا بانگەشەی بۆ دەکرێت". بە پێویستیشی زانی "حکومەت رۆڵ و کاریگەری ئەو کەسانە کەمبکاتەوە تا زیاتر نە بینە قوربانی، چونکە دواجار ئەو کەسە توندڕەوانە ئەو بیرە لایان ناوەستێت و نەشونما دەکات، خودی ئەو کەسانەش ڕەتدەکەنەوە و بە کافریان دەزانن، کە ئەو فکرەیان لێوەرگرتون".


"زێدەڕەوی لە ئیسلام و تەکفیرکردنی موسوڵمانان پێچەوانەی دەقەکانی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەرە"
ڕێبەری سەلەفییەکان لە هەرێمی کوردستان، زێدەڕەوی لە ئیسلامدا و تەکفیرکردنی خەڵکانی موسڵمان، بە پێچەوانەی دەقەکانی قورئان و فەرمودەکانی پێغەمبەر دەزانێت، تۆمەتبارکردنی سەلەفییەکانیش بە بناغەدانان بۆ بیری توندڕەوی ڕەتدەکاتەوە و پێیوایە ئەوەی لەسەر مەنهەجی سەلەف بڕوا میانڕەوە نەک توندڕەو، (عەبدوللەتیف سەلەفی) لەو بارەیەوە دەڵێت"سەلەفییەت یەعنی ئەو دینە پێشینەیە، کە پێغەمبەر و هاوەڵانی لەسەری بوون و فێری میانڕەوییان کردووین نەک توندڕەوی، بۆیە ئەوەی لەسەر مەنهەجی سەلەف بڕوا میانڕەو دەبێت". پێشیوایە "دوو دەستە ئەم تۆمەتە دەدەنە پاڵ سەلەفییەت، بەشێکیان عەلمانییەکانن، دەستەی دووەم کەسانێکن، کە فکرێکی سۆفیگەرێتییان هەیە، ڕقیان لە دەعوەی سەلەفییە، بۆ ئەوەی سەلەفییەت لای دەسەڵات و حکومەت ناشرین بکەن". هەروەها روونیکردەوە کە "ئەو کەسانەی بەناوی ئایینەوە بیروباوەڕێکی حزبییان هەیە و ئامانجیان گەیشتنە بە کورسی، ئەوانیش ماددەیەکن بۆ دروستبوونی توندڕەوی، بەوەی گەنجان و منداڵان وا پەروەردە دەکەن، حکومەت و سەرکردەکان بە کافر بزانن، لەسەر ئەم بنەمایە داوای گۆڕانکاریی دەکەن".


"دەرکەوتنی باندە توندڕەوەکان پەیوەندی بە خراپی باری ئابوورییەوە هەیە"
لەو نێوانەشدا کەم نین ئەوانەی بۆچونێکیان هەیە، کە حزب و پێکهاتە ئیسلامییەکان بە هۆکار نازانن، بەڵکو بیری توندڕەوی دەبەستنەوە بە بارودۆخی ئابوری و کەمی هەلیکار و خزمەتگوزاری کۆمەڵگە.
خالید حەمەد (43 ساڵ) مامۆستا و رۆشنبیرێکی دانیشتووی قەزای حاجیاوایە، بەردەوام لە راگەیاندنەکان و سۆشیال مێدیا لەسەر پرس و بابەتە گشتییەکانی رۆژ رەخنەی گرتووە، لەمبارەیەوە دەڵێت "دواکەوتن و هەژاری و خراپی باری ئابوری هۆکاری بڵاوبونەوەی بیری توندڕەوییە، چونکە ئەم گرووپانە لە ژینگەی پەراوێزخراو و هەژار زیاتر خۆیان جێگیر دەکەن، دواجار مرۆڤی خۆشگوزەران کەمتر بیر لە تێکدان و کاولکاری و چالاکی خۆکوژی دەکاتەوە". هۆکارێکی دیکەی ئەو دۆخەش دەگەڕێنێتەوە بۆ "نەزانی و بێئاگایی لە سەرچاوە بنەڕەتییە ڕەسەنەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، کە ئەمە وادەکات ئەو گەنج و کەس کەم زانستانە ئاسان بخەڵەتێنرێن"
هەروەها وایدەبینێت "حکومەت بودجەی دیاریکراوی نییە بۆ دروستکردنی مزگەوتەکان، هاوڵاتیان لەسەر ئەرکی خۆیان دروستی دەکەن، بۆیە مزگەوتەکان بە موڵکی خۆیان دەزانن و زۆربەی جار بۆخۆشیان وتاربێژ و پێشنوێژی بۆ دیاریدەکەن، ئەمەش وادەکات لەژێر کۆنتڕۆڵ و چاودێری دامەزراوە ڕەسمییە حکومیەکاندا نەبن". بە پێویستیشی دەزانێت "بەڕێوەچوونی مزگەوتەکان و کاروبارەکانیان لەژێر چاودێریدا بێ و لەوەش گرنگتر دیاریکردنی مەزهەبی ڕەسمی دەوڵەتە و پابەندکردنی وتاربێژ و پێشنوێژەکانە بەو مەزهەبە ڕەسمییە، بۆ ئەوەی مزگەوتەکان لە فەوزای وتارو فەتوا ڕزگار بکرێن".
ئەم بۆچونە هاوتەریبە لەگەڵ بۆچونی حەسەن عەلی مامۆستای ئایینی، کە پێی وایە " حکومەت دەستی خەڵکانێک دەگرێت و پاڵپشتییان دەکات، کە لە بنەڕەتەوە ئەوان ئەو بیرە توندڕەوەیان لە وڵاتانی دیکەوە هێناوەتە ئەم وڵاتەی ئێمە"
کاتێک ڕۆدەچییە ناو هەڵسوکەوتی کەسیی بەشێك لە دەستگیرکراوەکان و پرسیار لە کاسانێک دەکەی، کە لێیان نزیک بون لەو ناوچانەی تیایدا ژیاون، هەڵسوکەوتی سەیر دەبیستی، کە لەگەڵ بیرە توندڕەوییەکەیاندا پێچەوانەیە!
(هەژار نەمرود) ناوی خوازراوی هاوڵاتییەکی گوندی کانی شۆکی سەر بەقەزای دوکانە، سەبارەت بە یەکێک لەو دەستگیرکراوانەی، کە ماوەیەك لە گوندەکەیان وەك مامۆستای ئایینی خۆبەخش ژیاوە ئاشکاری دەکات کە " مامۆستا (م. م. و) لە گوندەکەیان پێشنوێژ و وتارخوێن بوو، بەڵام دوای شەش مانگ دەریان کردووە، چونکە کەسێک بوو حەزی لە دینداری نەبوو، لەگەڵ گەنج و هەرزەکارەکانی گوند هەڵسوکەوتی سەیری دەنواند و نێرگەلە و جگەرەی دەکێشا"
هەژار وایدەبینێ "ئەم هەڵسوکەوتانەی پێشنوێژی گوندەکەیان لەگەڵ گەنجان، بۆ پەردەپۆشکردن و شاردنەوەی ئەو گومانانە بووە، کە لەسەری بوون".
ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی: تۆڕە کۆمەلایەتییەکان و مینبەری مزگەوتەکان بۆ بڵاوکردنەوەی هزری توندڕەوەی بەکارهێنراون
لەهەمانکاتدا بەشی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی باس لەوە دەکات "دەستگیرکراو (م. م. و) لە گوندێکی سەر بە قەزای دوکان، بە ئاگاداری ئەوقافی قەزای دوکان مۆڵەتی کارکردنی پێدراوە".
ئاماژەی بەوەشدا کە " ئەو دەستگیرکراوانەی، کە لەناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، دوو جۆرن، بەشێکیان، تەنها فکرەی داعشیان هەبووە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان وەک مینبەری بڵاوکردنەوەی بیرە توندڕەوییەکانیان بەکارهێناوە، بەشێکی دیکەشیان هەڵگری فکرە و  لەهەمانکاتدا پەیوەندییان لەگەڵ داعش هەبووە و لەژێر ناوی جیا جیا هاوکاری داراییان بۆ داعش کۆکردووەتەوە، مینبەری مزگەوتەکانیش، یەکێک بووە لەو شوێنانەی بەشێک لەو دەستگیرکراوانە، بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانیان بەکاریانهێناوە".                  
(م. م. و) تەمەنی ( 24 ساڵ) -خێزاندارە  بە وتەی ئەفسەری بەشی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی "کەسێکی چالاکی ناو ئەو گروپەیە کە دەستگیرکراوە، لە سەرەتادا تا ساڵی 2014 لە ژێر کاریگەری بەرەی نوسرەدا بووە و دواتر پەیوەندی پتەوی لەگەڵ داعش دروستکردووە"
(م. م. و) بە مەبەستی مەلایەتی چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستان گەڕاوە، ئاشنایەتی لەگەڵ چەندین وتارخوێن پەیداکردووە، پێشنوێژ و وتارخوێنی چەند گوندێکی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بووە تا لە کۆتاییدا لە گوندێکی سەر بە ئیدارەی راپەڕین دەستگیرکراوە، وەك خۆی باسی دەکات دەستگیرکردنەکەی لەسەر هیجرەت بووە و چەند جارێک هاوکاریی دارایی بەناوی خێرخوازییەوە، لە کەسانی دەوڵەمەندی شار و گوندەکان کۆکردووەتەوە و بۆ رێکخراوی داعشی ناردووە لە سوریا".
لە ژوورێکی ناو گرتوخانەی (کانی گۆمە) لە چاوەڕوانیدا دانیشتووم، لە هەر چوارلای ژوورەکە، ژمارەیەکی زۆری کاخەز و دۆسییە لەسەر یەک دانراون، پێدەچێت وتەی ئەو زیندانیانە بێت، کە لێیان وەرگیراوە، لێکۆڵەرێك، ناوە ناوە دۆسییەیەک دەردەهێنێت و چەند خولەکێک سەیریدەکات و دەیخاتەوە شوێنی خۆی، (ب. م. م)ی تەمەن (35 ساڵ) بە کەلەپچەکراوی و بە ڕیشێکی ڕەشی درێژ و جلوبەرگێکی سەرتاپا ڕەشەوە، لەگەڵ لێکۆڵەرێکی ناو گرتوخانەکە دێنەژورەوە، سەیری ناوچاوانی دەکەیت، ڕەنگی سپی پەڕیوە، کەلەپچەکەی دەستی دەکەنەوە و لەسەر کورسییەک بەرانبەر ئامادەکاری ئەم بەدواداچوونە دادەنیشێت.
ئەو لە شەوێکی تاریکی ئەنگوستەچاوی ساردی زستانی رابردوودا لە شارۆچکەی چوارقوڕنە دەستگیرکراوە و باسی ساتی دەستگیرکردنەکەی کرد و وتی "هەر کە دەستگیرکرام شۆکێکی سەیر گرتمی، شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی هێزە ئەمنییەکان، کە منی پێ گوازرایەوە، هەڵسوکەوتێکی مرۆڤانەی لەگەڵدا کردم، پاڵتۆکەی خۆی دا بەمن بۆ ئەوەی سەرمام نەبێ، ئەمە لەکاتێکدا، پێموابوو هەموو هێزە ئەمنییەکان، مامۆستایانی ئایینی، فەرمانبەر و کەسانی موچەخۆری حکومەت کافرن"
(ب. م. م) لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە باوکی نەماوە و ئەرکی بەخێوکردنی دایکی کەوتووەتە ئەستۆ، خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە، بەهۆی بیروباوەڕی توندڕەوەی و بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە دەستگیرکراوە، ماوەی ساڵێک حوکم دراوە.
لەو کاتەی قسەمان لەگەڵ کرد  (پێنج  مانگ و 20 ڕۆژ) لە حوکمەکەی ڕۆیشتووە، لە چاوەڕوانی تەواوکردنی شەش مانگی حوکمەکەیدا بوو بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە لای دایک و خێزان و منداڵەکانی، ئەو لە درێژەی قسەکانیدا پەشیمانی خۆی راگەیاند لەو تەکفریکردنەی بەرامبەر خەڵك کردوویەتی و وتی "من هەڵەبوم و پەشیمانم، لەو تەکفیرەی بەرانبەر هەمو خەڵک کردومە، من تەنها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پۆستی توندم بڵاودەکردەوە و بەردەوامیش خێزانەکەم لەم کارەم ئاگاداری دەکردمەوە، کە مەترسییە بۆسەر ژیانم،  (واللە و تعالی) هەڵسوکەوتی باشی هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی لێکۆڵەر، گۆڕانکاریی بەسەر بیرکردنەوە هەڵەکەی مندا هێناوە".
بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی، کە ئامادەکاری ئەم بەدواداچوونە دەستیکەوتووە " لە ساڵی 2023دا (107) کەس بە تۆمەتی تیرۆر و پەیوەندی لەگەڵ داعش و بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین دەستگیرکراون، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا،( 22 ) کەس بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون، کە بەشێکیان پەیوەندیان بە داعشەوە هەبووە".


رۆژنامەنووسێك: دەستگیرکردنی باندە توندڕەوەکان خەڵك شۆك ناکات!
دەستگیرکردنی تۆمەتباران بەتۆمەتی هەبونی پەیوەندی لەگەڵ داعش و بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی لەسنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین گەرمیان، شۆکی لای خەڵک دروستنەکردووە، لەمبارەیەوە ڕۆژنامەنوس ڕەنج عوسمان پێیوایە " لەبەر ئەوەی خەڵک زۆر متمانەی نەماوە بە حکومەت و دەزگا هەواڵگرییەکان نەماوە، زۆرجار ئەوشتانە، کە ڕودەدەن نابێتە شۆک و وەک سیناریۆ لێی دەڕوانن، بۆ لادانی سەرنجی هاوڵاتیان لەسەر پرسە گشتییەکانی گەندەڵی و کەمی خزمەتگوزاری". لەگەڵ ئەوەشدا لەوباوەڕەدایە "کۆمەڵگەی ئێمە بیری توندڕەوی تێدایە و بانگەشەی بۆ دەکرێت، لەهەمانکاتدا لەوباوەڕەدایە "جۆرێك لە ترازانی پەیوەندی لەنێوان خەڵك و حکومەت و دەستگا هەواڵگرییەکان هەیە و بێ متمانەیی دروستبووە، کە پێویستی بە ڕاستکردنەوەیە"

*ئەم بەدواداچوونە بە سەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە لەچوارچێوەی پڕۆژەی "رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی بۆ ئاشکراکردن و بەدواداچوون"، بە سپۆنسەری کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand