دەرمانی قەدەغەکراوی کشتوکاڵی لە بازاڕەکانی کوردستاندا دەفرۆشرێت

Draw Media

2024-09-30 13:02:48



درەو:

کامیار کەمال - پێنجوێن/ بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری
لە ناو نووسینگە کشتوکاڵییەکاندا چەند دەرمانێک بەدی دەکرێن کە نە ناوی وڵاتی دروستکار و نە بارکۆدیان لەسەرە، لەگەڵ ئەوەشدا نوسراوە زۆر زیان بەخشە و ئەم دەرمانانەش دەدرێنە جوتیاران و ئەوانیش دەرمانەکە دەکەن بە بەرهەمەکانیانەوە، لەکاتێکدا ئەم دەرمانە قەدەغەکراوە و زیانێکی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ و ژینگە و زەوی کشتوکاڵی و بەرهەمی جوتیاران دەگەیەنن.
دەرمانەکان لە سەرجەم ناوچەکانی عێراقدا بوونیان هەیە و لە نوسینگەی کشتوکاڵییەکاندا بە ئاسانی دەفرۆشرێن و لەگەڵیدا رێنماییەکی ئاسایی دەدرێت بە جوتیارانی کڕیار.
محەمەد کەمال ئەندازیاری کشتوکاڵ و خوێندکاری ماستەر لە بەشی پاراستنی رووەک لە زانکۆی سەڵاحەدین لەبارەی دوو جۆر دەرمانی قەدەغەوە زانیاری دەدات و دەڵێت "تریفلان و میسۆمیل دوو دەرمانی قەدەغەکراون جوتیاران زۆر بەکاری دەهێنن، تریفلان بۆ کەمکردنەوەی بژار بەکاردێت و وا دەکات تۆوەکان نەتەقن و بسوتێن و زیانێکی زۆر بەخاک دەگەیەنێت و ئاوی ژێر زەویش پیس دەکات، میسۆمیل بۆ لەناوبردنی مێشوولەیەکی زۆر وردی سپی کە پێی دەوترێت "تربز" بەکاردێت دەرمانەکە زیان بە مرۆڤ دەگەیەنێت". ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە "لەسەر بەرگی دەرمانەکە هێمای کەلـلە سەر و ئێسک هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا دەرمانەکە ناتوێتەوە و لە زەویدا دەنیشێت، تا باران لە دوای باران دەیگەیەنێتە ئاوی ژێر زەوی و زەوی کشتوکاڵی پیس و بێ فەڕ دەکات و دووبارە ئەو ئاوە پیس بووەش دەکرێتەوە ناو بەرهەمی کشتوکاڵی.
بەگوێرەی (بڵاوکراوەی "لیژنەی نیشتمانی بۆ تۆمارکردنی دەرمانی قڕکەر" لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کە لەسەر وێبسایتی فەرمی) بڵاوکراوەتەوە بۆ مانگی شوباتی 2020، میسۆمیل یەکێکە لەو دەرمانانەی کە تۆمارنەکراوە و لە لیستی قەدەغەکراوەکانە و نابێت بەکاربهێنرێت و لە لیستی دەرمانە قەدەغەکراوەکانی ساڵی 2013ی وەزارەتی کشتوکالی عێراقیشدا ناوی هەیە.
میسۆمیل دەرمانێکی زۆر کاریگەرە و دوای بەرکارهێنانی نابێت تا دوای( 40 بۆ 50 )رۆژ بەهیچ جۆرێک ئەو بەرهەمە بخورێت کە دەرمانەکەی لەسەر بەکارهێندراوە و لەگەڵ ئەوەش دەرمانەکە شی نابێتەوە و کاریگەری هەر دەمێنێتەوە و زیانەکەی کەم ناکات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەسەر بەرگی دەرمانەکە ئەوە نوسراوە کە تەنها بە (5) رۆژ بەسە تاوەکوو بتواندرێت لە بەرهەمەکە بخورێت.
محەمەد کەمال باسی ئەوەشی کرد" کە دەبێت لەکاتی پێدانی ئەم دەرمانە جوتیار ئاگادار بکرێتەوە لە "فەترە ی ئەمان"ی دەرمانەکە"،  واتا  کاتێک ئەو دەرمانە دەکرێت بە بەرهەمێکەوە نابێت تا ئەو رۆژەی دیاریکراوە بەهیچ جۆرێک، لێی بخورێت و هەندێک بەرهەم کە رۆژانە دەچندرێت وەک کولەکە و خەیار دەبێت ئەو بەرهەمە لێبکرێتەوە و فڕێ بدرێت تا کاریگەری ئەو دەرمانە کۆتایی دێت لەسەر بەرهەمەکە وبەرهەمێکی نوێی بێ دەرمان ئەگرێت".


"دەرمانی قەدەغەکراو بەقاچاغ دەهێنرێتە بەغدا وباشووری عێراق و لەوێشەوە دەگاتە هەرێمی کوردستان"
جوتیار و خاوەن نووسینگەیەکی کشتوکاڵی لەبەر هەستیاریی زانیارییەکان نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئەو زانیارییەی بۆ ئێمە ئاشکرا کرد کە "نووسینگە کشتوکاڵییەکان ئەم دەرمانانە لە بەغداوە هاوردە دەکەن". روونیشیکردەوە کە "چەند کەسێک خۆیان کۆمپانیا یان نوسینگەی کشتوکاڵیان هەیە بەقاچاغ هاوردەی عێراقی دەکەن و لەوێشەوە لەژێر باردا دایدەنێنن و لەسەر داواکاری خاوەن نووسینگەکان و بەپێی داواکاری چەندیان بوێت بۆیان دەنێرێت".
هەروەها وتی "ئەو کەسانە لە ناو بەغدا بە ئاشکرا ئەو دەرمانانە دەفرۆشن و کاتێک هەندێکیان سەردانی نوسینگە کشتوکاڵییەکانیان کردووە لە کوردستان پێیان سەیر بووە پڕبووە لە دەرمانی تۆمارکراوی کۆمپانیا فەرمییەکان و باسیان لەوەکردووە، لە هەرێم یاسا هەیە و کارەکان لە رووی دەرمانی کشتوکاڵییەوە رێکوپێکن، نەک وەك بەغدا کە زۆر بە ئاسایی و ئاشکرا و بەبێ ترس لەناو نوسینگە کشتوکاڵییەکاندا دەفرۆشرێن".
خاوەن نووسینگەیەکی  دیکەی کشتوکاڵی بەهەمان شێوە نەیوست ناوی بڵاوبکرێتەوە، لەوبارەیەوە پشتڕاستی دەکاتەوە کە "ئەوە هەیە لە باشووری عێراقەوەیە و دەشزانن لە کێی دەکڕن و چۆن بە دەستیان دەگات بەڵام ئەوە نازانن کە چۆن دەهێنرێتە ناو عێراقەوە".
وتیشی" خاوەن نووسینگە کشتوکاڵییەکان دەزانن دەرمانەکە قەدەغەکراوە بەڵام ئەگەر جوتیاران بەکاری نەهێنن، لەم کاتەدا دەبێت واز لە بەرهەمەکانیان بهێنن و هەرچیان خەرج کردووە بیکەن بە زیان و بە دەستی بەتاڵ لە ساڵێکی رەنج و ماندووبوون دەربچن، چونکە تا ئێستا بەدیلیان نییە"
 بەشێکیان تازە پێیان زانیوە  ئەو  جۆرە دەرمانانە قەدەغەکراون و پێشتر زانیارییان لەسەر ئەو بابەتە نەبووە و دوای ئەوەی کە زانیویانە ئەو بابەتەیان زۆر سنوردار کردووە بەجۆرێک، پێشتر ساڵانە 500کیلۆیان لەو دەرمانە فرۆشتوە بەڵام ئێستا تا 20کیلۆیەک دەهێنن".
"هەندێکی دیکەش دوای ئەوەی زانیویانە بڕەکەیان زیاترکردووە و بڕێکی زۆر زیاتریان هاوردەکردووە و ئەوانەی کە سنورداریان کردووە دەڵێن" لە کاتێکدا ئەو دەرمانە دەفرۆشن کە بزانن بەرهەمی جوتیارەکە لە ماوەی 50رۆژی داهاتوودا پێدەگات، بە پێچەوانەشەوە، هەندێک لە خاوەن نووسینگەکانیش دەرمانی قەدەغە دەدەنە جوتیارێک کە ئەمڕۆ لە بەرهەمەکەی دەدات و بەیانی دەیچنێت و دەیخاتە بازاڕەوە و ئەوەش وەک پێدانی "شێرپەنجەیە لە ناو کەپسولێکی کشتوکاڵیدا".
باس لەوەش دەکەن ئەو دەرمانانە جگە لەوەی کاریگەرییان بۆ سەر بەرهەمەکانیان هەیە، نرخەکەشی هەرزانە وئەوەش وایکردووە پشت بە بەدیلی ئەو دەرمانانە نەبەسترێت کە هەمان کار دەکەن لەسەر بەرهەمەکان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەرمانە بەدیلەکان نرخەکەنیان چەند قات گرانترە، بەڵام ئەندازیارانی کشتوکاڵی دەڵێن ئەو دەرمانە رێگا پێدراوانە چارەسەرەکەی کاریگەریەکی زیاتری هەیە لەسەر بەرهەمەکە بێ ئەوەی زیانی هەبێت، بۆ نمونە هەندێک دەرمانی قڕکەری مێرووەکان، دەرمانی کە قەدەغەکراون، تەنها مێرووەکە دەکوژن، بەڵام دەرمانە رێگاپێدراو کە  نەخۆشییەکەبنبڕ  دەکات و زیانی بۆ بەرهەم و ژینگە و مرۆڤ نییە.
ئەوەی کە لەسەر زاری نووسینگە کشتوکاڵییەکانەوە بۆ ئێمە روون بووەتەوە ئەوەیە کە "دەرمانەکان بە قاچاغ دێنە ناو عێراق و لەوێشەوە دێنە هەولێر، لە ژێر باری دیکەوە دێن و لەوێوە بەسەر نوسینگە کشتوکاڵییەکاندا دابەشدەکرێن و بەشێکی زۆریشی لە ئەردەن و ئێران و هیندستان و چین دروست دەکرێن".


 کێشەی دەرمانەکان چییە؟
ئەندازیاری کشتوکالی محەمەد کەمال لەبارەی کێشەی ئەم دەرمانانەوە وتی، ئەم دەرمانانەی پێکهاتەکانیان جیاوازە و هەریەکێکیان لە پۆلێنێکی جیاوازە و جۆرێکی تایبەتە، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەم دەرمانانە ئەوەیە کە شی نابنەوە و ئەمێننەوە و لە ناو خاکدا تێکەڵ دەبن و ژینگە پیس دەکەن و دەبنە هۆی دروست بوونی شێرپەنجە و لە ناو بەرهەمەکان دەمێننەوە و تەنانەت دوای چەندین ساڵ بە باران بارینیش لەسەری لە ناو خاکدا شی نابێتەوە و هەر دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا خاک باشترین شیکەرەوەیە.
هاوکات، ئەندازیاری کشتوکاڵی ئاسۆ فەتاح، ئەوەی خستەروو، ئەو دەرمانە قەدەغەکراوانە نابێت بەهیچ جۆرێک بەکاربهێندرێت و لە رێگای گروپێکی تایبەتی فەیسبوک و خودی خۆیەوە هۆشیاری تەواوی داوە بە جوتیارەکانی کە کام دەرمانە قەدەغەیە و نابێت بەکاربهێنرێت و بەوەش، توانیویەتی بەشێک لە جوتیارانی بەردەستی هۆشیار بکاتەوە و باسی ئەوەشی کرد، بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەش تاوانە و دەبێت هەموو ئەو کەسانەی کە زانیارییان هەیە لەسەر دەرمان دەبێت بەکارهێنەرەکان ئاگادار بکەنەوە و دەبێت خولی تایبەت بۆ جوتیاران بکرێتەوە و تاوەکوو هۆشیار ببنەوە لەسەر دەرمان چونکە دەرمانی کیمیایی هەمووی خراپە و لە نێوان خراپ و خراپترین هەیە و دەبێت خراپترینەکە کەم بکرێتەوە.
ئاسۆ فەتاح، لەبارەی خۆپارێزی جوتیارانەوە وتی ( %95 )ـــی جوتیاران خۆیان ناپارێزن و نازانن زیانەکانی چین ئەو( %5)ەش کە خۆیان ئەپارێزن دوای توشبوونیان بە زیانەکانی دەرمانی کشتوکاڵی خۆیان دەپارێزن.
وتیشی، هەندێک لە دەرمانی قەدەغەکراو بە ناوی بازرگانی جیاواز دێن و ماددە کاریگەرەکەی دەشارێتەوە یاخود زۆر بە وردی دەنوسرێت و لەو حاڵەتەشدا دەبێت خاوەن نوسینگە کشتوکاڵییەکان ئاگاداری ئەوە بن و ئەو دەرمانانە نەفرۆشرێت.
ئەو ئەندازیارە دەشڵێت، هەندێک لە خاوەن نووسینگەکان دەیانەوێت ناوبانگ پەیدا بکەن و دەچن دەرمانی قەدەغەکراو دەدەن بە جوتیاری نەشارەزا تاوەکوو کێشە کشتوکاڵییەکەی بۆ چارەسەر بکات و دواتر لای جوتیارەکانی دیکە بڵێت ئەم دەرمانەم لای فڵانە کەس کڕیوە و کێشەکەی بەتەواوی بۆ چارەسەر کردووم و بەمەش لەو رێگایەوە ریکلامێک بۆ خۆی دەکات.
 

دەرمانی قەدەغەکراوی کشتوکاڵی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی تەندروستی و ژینگە
دکتۆر محەمەد عەبدولوەهاب پزیشکی پسپۆری تەندروستی کۆمەڵگا لە نەخۆشخانەی هیوا، بوونی دەرمانی قەدەغەکراوی کشتوکاڵی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی تەندروستی و ژینگە دادەنێت و دەڵێت "دەرمانی کشتوکاڵی ئەگەر لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمارکراوبێت و بەگوێرەی رێنمایی کشتوکاڵی و مەرجی سەلامەتی بەکاربهێنرێت، ئەوا هیچ زیانێکی نییە، بەڵام ئەوەی کە دەبینرێت هێنانی دەرمانە بەشێوەیەکی نایاسایی وبەکارهێنانی ئەو دەرمانانەش بەشێوەیەکی نازانستی زیانێکی زۆری بە ژینگە و تەندروستی کۆمەڵگا دەگەیەنێت".
پێشیوایە کە دەبێت "ئەو دەرمانانە بەکارنەهێنرێن، چونکە هۆکاری راستەوخۆی شێرپەنجە و تێکدانی تەندروستین و تەنها ژیانی ئەو کەسەش ناخاتە مەترسییەوە کە بەکاری دەهێنێت بەڵکو  زیانی بۆ کۆمەڵگا و نەوەی داهاتوو هەیە". باسی لەوەشکرد، ئەو دەرمانانەی کە قەدەغەن، بەڵام بەکاردەهێنرێن،جارێکی دیکە دەچنە ژینگەوە و تێکەڵ بە ئاوی ژێر زەوی دەبنەوە و دواتر دووبارە جوتیار بۆ خواردنەوەی خۆی بەکاریان دەهێنێت و دەیانکاتەوە بەرهەمەکەی بەوەش کاریگەری ئەو دەرمانە بەشێوەیەکی بەردەوام ئەمێنێتەوە". لەلایەکی دیکەوە باسی لەوەشکرد، ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانەی کە لە دەرەوەی وڵات دێن بە تایبەت وڵاتە ئەتۆمییەکان، دەبێت پشکنینی تایبەتیان بۆ بکرێت تاوەکوو بزاندرێت ماددەی تیشکدەری تێدایە یاخوود نا کە دروستکەری شێرپەنجەیە، چونکە وڵاتانی ئەتۆمی پاشماوەی ئەتۆمیان هەیە و تیشکدانەوەی ئەو ماددانەش بە بەردەوامی دەمێنتەوە.
 


"ساڵانە نزیکەی ٣٠٠ جوتیار لە سنووری پارێزگای سلێمانی تووشی شێرپەنجە دەبن"
بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا بۆ ساڵانی 2021- 2022- 2023نەخۆشی شێرپەنجە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و هاوڵاتی زیاتر گیرۆدە دەکات، لەو ئامارەی نەخۆشخانەی هیوا دەردەکەوێت، ساڵانە نزیکەی ( 300 )جوتیار توشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن".
لە ئامارەکەدا هاتووە کە " لە ساڵی 2021دا کۆی گشتی ئەو نەخۆشانەی توشبوون بە شێرپەنجە( 2874)کەس بوون و لەو ژمارەیەش ( 296 )کەسیان پیشەیان جوتیار بوون. هەروها لەساڵی 2022، (2994)کەس تووشی شێرپەنجە بوون و ( 298)کەسیان جوتیار بوون. هەروەها لە ساڵی 2023 دا( 3168) کەس توشی شێرپەنجە بوون و لەو ژمارەیەش ( 285 )یان جوتیار بوون".
 

بۆچوونی جوتیاران
بۆ زیاتر قووڵبوونەوە لەم بەدواداچوونە لە بەهاری ئەمساڵدا راپرسییەکمان لەناو جوتیارانی قەزای پێنجوێن ئەنجامداوە و بۆچوونی (25 )جوتیاری دانیشتووی سنووری قەزاکەمان وەرگرت کە تەمەنیان لە نێوان( 20 تا 60)ساڵە و لە کاری کشتوکاڵیدا بەکارهێنەری سەرەکی دەرمانەکانن.
راپرسییەکە سێ پرسیاری لەخۆگرتبوو، سەبارەت بە رای جوتیاران لەسەر دەرمانی کشتوکاڵی وچۆنیەتی خۆپارێزیکردنیان و ئاگاداربوونیان لە هەبوونی دەرمانی قەدەغەکراو..
بەگوێرەی وەڵامەکانیان لە کۆی ئەو ( 25 )جوتیارەی وەرگیراون تەنها هەشت جوتیار دەڵێن لە کاتی رشتنی دەرمانەکاندا خۆپارێزی دەکەن و (17) جوتیاریشیان هیچ رێکارێکی خۆپارێزی ناگرنەبەر، بەوەش دەردەکەوێت بەشێكی زۆری جوتیاران رێکاری خۆپارێزی ئەنجام نادەن هەروەك ئەندازیاری کشتوکاڵی ئاسۆ فەتاح باسی کرد لە (٪95 )ی جوتیاران خۆیان ناپارێزن، یاخود ئەوەشی کە ئەنجامی دەدەن تەنها دەمامك ودەستکێش دەکەن ئەوەش بەشێکی زۆر کەمی خۆپارێزییە، چونکە جلوبەرگی تایبەت بەکارناهێنن، واتا بەهەمان ئەو جلوبەرگە دەچنەوە ماڵەوە و دواتر بەکاری دەهێننەوە".
سەبارەت بەو پێکهاتە کیمیاییەی لە دەرمانەکاندا بەکاردێت بەگوێرەی وەڵامەکانی راپرسییەکە هیچ جوتیارێک زانیاریی دەربارەی پێکهاتەکانی دەرمانەکان نییە و نازانن چۆن دروست دەکرێن، تەنها ئەوەندە دەزانن بۆ چ مەبەستێک یاخود نەخۆشییەک بەکاری دەهێنن، ئەوان باس لەوە دەکەن لەو کاتەی دەرمانەکان وەردەگرن یان دەیکڕن بیان رووندەکرێتەوە چۆن بەکاری دەهێنن، لەوە زیاتر هیچ شتێکیان دەربارەی پێکهاتەی دەرمانەکان و کارلێککردنیان لەگەڵ ماددەکانی ناو خاك نەپرسیوە و پێیان نەوتراوە.
هەر بەگوێرەی وەڵامەکان( 11 ) جوتیاری بەشداربوو لە راپرسییەکەدا ئاگادارن دەرمانی قەدەغەکراو هەیە  بەڵام ناوی دەرمانەکەیان نەدەزانی و تەنها دەیان وت ئەو دەرمانەی بۆ جۆریک نەخۆشی بەکاردێت قەدەغەیە لەکاتێکدا سەرنجی ئەوەش درا ناوی هەندێک دەرمان دەگوترا کە قەدەغە نەبوون، دەرمانی کیبریت کە بۆ پارێزگارییە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و خۆر، چونکە دەرمانێکی توندە لەسەر مرۆڤ، هەندێکیشیان بە پیشاندانی دەرمانەکەش نەیانزانی قەدەغەیە یاخود نا لەکاتێکدا کە بەکارهێنەری سەرەکی ئەو دەرمانانە بوون و( 14)جوتیاریش بێئاگایی خۆیان دەربڕیوە لەوەی شتێک هەبێت بە ناوی دەرمانی قەدەغەکراوی کشتوکاڵی و ناشزانن چ زیانێکیان پێ دەگەیەنێت و چ زەرەرێکیش لە ژینگە و ئاوی ژێر زەوی بەرهەمەکانیان دەدەن.
بەشێکی زۆری ئەو دەرمانەی بەکاردێت و دەیانزانی قەدەغەیە بریتی بوو لە (میسۆمیل) کە قڕکەری مێرووە و (تریفلان) کە بۆ کوشتنی تووی بژارە، لە کاتێکدا ناوەکەیان نەدەزانی و تەنها دەیانزانی بۆ کام نەخۆشی بەکاردێت و رەنگی پاکەتەکەی چۆنە، هاوکات دەرمانی ( کیبریت) کە بۆ پارێزگاری لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و خۆر، چونکە دەرمانێکی توندە لەسەر مرۆڤ، جوتیاران پێیان وابوو دەرمانەکە قەدەغەیە لەکاتێکدا قەدەغە نییە.
لەتیف حوسێن، یەکێکە لەو جوتیارانەی کە ماوەی زیاتر لە 35ساڵە کاری کشتوکاڵی دەکات دەڵێت "جاران هەموو ئەو دەرمانەی هەبووە بریتی بووە لە "کوت" کە جۆرێکی پەینی کیمیاوییە و پێکهاتەکەی نایترۆجینە و بۆ زیادکردنی بەشی سەوزی لە رووەکدا بەکاردێت". ئاماژەش دەدات بەوەی کە "لەوکاتەدا هەرگیز بەم شێوەیە نەخۆشی نەبووە، کاتێکیش هەستیان کردبێت بەرهەمەکەیان نەخۆشە جگە لە کوت هیچی دیکەیان بەکارنەهێناوە هیچی تریش نەبووە بەکاری بهێنن". ئەو هیچ زانیاری لەسەر پێکهاتەی دەرمانەکانی ئێستا و قەدەغەبوونیان نییە و هیچ کات خۆشی نەپاراستووە و پێشیوایە ئەو هەست بە هیچ ناکات کە بەهۆی دەرمانەوە تووشی بووبێت ئەگەر توشی نەخۆشیش بووبێتم نایزانێت.


هەر جوتیارێك دەرمانی قەدەغەکراو بەکاربهێنێت دەدرێتە دادگا
 تەلان زرار غەفوور، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەکارهێنانی دەرمانی کشتوکالی قەدەغەکراو ئاماژە بەوەدا کە "لە کاتی هەبوونی هەر حاڵەتێکی دەرمانی قەدەغەکراودا سەرەتا لیژنەی گەیشتن بە راستییەکان پێکدەهێنن و بەدواداچوون دەکەن، ئەگەر دەرکەوت بەکارهێنەر زانیاریی دەربارەی قەدەغەبوونی ماددەکە هەبووبێت، ئەوا دەستگیر دەکرێت و رادەستی دادگا دەکرێت". بەپێچەوانەشەوە ئەگەر زانیاری نەبێت لەسەر دەرمانەکە رێنمایی بەجوتیارەکە دەدرێت و بەدواداچوون دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت لەکوێ ئەو دەرمانەی کڕیوە. لەهەمانکاتدا ئەگەر سەلمێنرا نوسینگە کشتوکاڵییەکان دەرمانی قەدەغەکراویان فرۆشتووە ئەوا نووسینگەکەی بۆ ماوەی سێ مانگ دادەخرێت و خاوەنەکەی دەدرێتە دادگا".


هاوردەکردنی دەرمانی قڕکەر پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەت هەیە
لەلایەکی ترەوە دکتۆرە زێدان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لەوەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئەو کۆمپانیایانەی دەرمانی کشتوکاڵی قڕکەر هاوردە دەکەن پێویستە پێشتر داواکاری وەرگرتنی  مۆڵەت پێشکەش بە بەرێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن و لە لایەن ئەوانەوە، بەدواداچوون بۆ دەرمانەکە دەکرێت تاوەکوو بزانرێت ئەو دەرمانە کشتوکاڵییە لە لیستی دەرمانە ڕێگەپێدراو یان قەدەغەکراوەکان هەیە یاخود نا، دوای رێگا پێدانیش بەڕێوەبەرایەتی کەرەنتینەی کشتوکاڵی لەسەر سنورەکان پشکنین بۆ ئەو دەرمانە و بەڵگەنامە پێویستەکان دەکەن". هەروەها وتی " دەبێت دەرمان چەند مەرجێکی تێدا بێت بۆ هاتنە ناوەوە بەم شێوەیەی "لە لیژنەی باڵای توماری ماددە قڕکەرەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیدا تۆمارکراو بێت وناوی وڵاتی دروستکەری لەسەر بێت و بەرواری دروستکردن و بەسەرچوونی تێدا بێت، لەگەڵ تەواوی رێنماییەکان بۆ جوتیار لەسەر شێوازی بەکارهێنانی ماددەکە کە چەندێک لەو دەرمانە بۆ چەند لیتر ئاو دەبێت و رێنماییەکانی خۆپاراستنی لەسەر بێت".
 

قوربانیانی دەرمان
کۆمەڵێك جوتیار باسی زیانەکانی دەرمانی قڕکەریان کرد و  هەندێکیان دوای دەرمان رشتن دەستیان داوە لە دەموچاویان و دەڵێن نزیك بوون لەوەی کوێربن و هەندێکی دیکە بەهۆی دەرچوونی سۆندەی ئەو ئامێرەی کە دەرمانی پێدەپرژێنێت هەموو دەرمانەکەیان رشتووە بە خۆیاندا لە بری بەرهەمەکەیان و ئەوەش هەستیاری کاتی بۆ دروستکردوون، زۆربەی هەستیاری جوتیارانیش لە پێستی دەموچاو و دەست و کۆئەندامی هەناسەیاندایە.
زاگرۆس کامیل، کە بە دانیار بانگ دەکرێت جوتیارێکی خەڵکی پێنجوێنە و ماوەی 17ساڵە سەرقاڵی کارکردنە، یەکێکە لەو جوتیارانەی بەهۆی دەرمانی کشتوکاڵیەوەی تووشی هەستیاری هەمیشەیی پێست بووە، وتی"بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی کشتوکاڵییەوە  چاوم و پێستی دەمووچاوم تووشی هەستیاری بوون و دەستیشم توشی سووربوونەوە و خوران و کزانەوە بووە، هەرچەندە خۆپارێزیشم کردووە".
جەختیشکردەوە، کە "بەناچاری دەرمانە کشتوکاڵییەکان بەکاردەهێنن  ودواتریش تووشی نەخۆشیش دەبن،  ئەوەش ناچاریان دەکات چارەسەری پزیشکی وەربگرن ".
وەك هەندێك لە نۆرینگە پزیشکییەکان باسی دەکەن، ساڵانە لە وەرزی کشتوکاڵیدا بەردەوام کەیسی تایبەتیان بەم حاڵەتەیان هەیە و جوتیاری زۆر دێن بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ چاویان یاخود پێستیان،
رەحیم محەمەد خاوەنی نۆرینگەی پزیشکییە باسی لە حاڵەتێك کرد کە کرێکارێکی دەرمان رشتنیان هێناوە بۆلای و بەهۆی بەکارنەهێنانی خۆپارێزی و بەکارهێنانی دەرمانەکانەوە توشی رەبۆ و هەناسەتەنگی بووە و بەو هۆیەوە چیتر ناتوانیت کار بکات".
لەم بارودۆخەدا، دەبێت چارەسەرێکی بنەڕەتی هەبێت بۆ نەهێشتنی دەرمانی قەدەغەکراوی کشتوکاڵی و چارەسەرەکەش لەلای وەزارەتی کشتوکاڵە بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەسانەی کە ئەم دەرمانانە هاوردە دەکەنە ناو هەرێمی کوردستان و دەبێت ئەو رەگە هەڵبکێشرێت تاوەکوو لقەکانیش وشک ببن، بۆیە  دەبێت هەموو ئەو کەسانەی دەستیان هەیە لە هاوردەی ئەو دەرمانانە رێگایان لێ بگیرێت و دەروازەکان ئاگادار بکرێنەوە.


*ئەم بەدواداچوونە بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە لەچوارچێوەی پڕۆژەی "رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاریی بۆ ئاشکراکردن و بەدواداچوون"، بە سپۆنسەری کونسوڵگەری ئەمریکا لە هەولێر.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand