لەبەر دەرگای ھەڵبژاردندا

Draw Media

2024-06-23 12:03:58



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

لەدوای کەوتنی رێژەمەکەی سەدام حوسەینەوە دروستبوونی جۆرێک لە حوکمڕانیی دەبینین، کە رۆژ بە رۆژ ناکاراتر و خراپتر و ترسناکتر، دەبێت. ھەتا کاتیش تێبپەڕێت زیاتر ئاشکرادەبێت ئەوانەی حوکمڕانییەکە بەڕێوەدەبەن، بڕیارە ستراتیژیەکانی دەدەن و چۆنیەتی دروستبوون و ھاتئەکایەی ڕووداوەکان ئاراستەدەکەن، شایانی ھیچ یەکێک لەو پێگە و سێنتەرانەی دەسەڵات نین کە ھەیانە و لەبەردەستیاندایە. سیاسی فاشیل خەریکی دروستکردنی دونیایەکی فاشیلن. لەناو ئەم دۆخەدا دۆخی ھەرێمیش تا دێت خراپتر و تەحەداکان تا دێت گەورەتر دەبن. ئەوانەیش کە حوکمڕان و بڕیاربەدەستن، تا دێت ڕقاوییتر و بوغزاویتر و تاکڕەوتر و داخراوتر دەبن، لە ھەمووشی کارەساتبارتر تا دێت بێباک و نابەرپرسیارتریش، دەبن.

 ئێستا کە ھەڵبژاردنێکی تازە لە ھەرێمدا بەڕێوەیە، دیسانەوە شتێک لە جوڵەی سیاسیی دروستبووە. ئەوەی پێویستە وەبیری خۆمانی بھێنینەوە، بۆ ئەوەی لانیکەمی بەرچاوڕونیی لەئارادابێت، ئەو ڕاستییەیە کە کێشەکانی ھەرێم بە ڕادەیەک گەورە و ترسناکن، بە جۆرێک بەسەریەکدا کەڵەکەبوون و تێکەڵکراون، چارەسەرکردنیان نەک ئاسان نییە، بەڵکو، ئەو بکەرە سیاسییانەی کە ھەن و کاردەکەن، توانای تێپەڕاندنی لانی ھەرەکەمی ئەو کێشانەیان نییە. ئەوان ئەندازیاریی دروستکردن و پاراستن و ھێشتنەوەی ئەو کێشانەن. ئەوەی دەیبینین بوونی ”تەحەدای سیاسیی گەورە“یە بەبێ ”بکەری سیاسیی راستگۆ و بەرپرسیار“، ئامادەگیی ”کێشەی سیاسیی فرەجۆر و ھەمەلایەن“ە، بەبێ ئامادەگیی ”سیاسەت“ خۆی وەک ئامرازیی سەرەکی خەمخوردن لە ژیانی گشتیی و ڕێکخستنێکی عەقڵانییانەی ئەو ژیانە گشتییە.

لە دواھەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمدا نزیکەی ٧٠ لە سەدی خەڵکی کوردستان بایکۆتی ھەڵبژاردنەکەیان کرد و نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان. بە پێچەوانەی ھەندێک بۆچوونەوە کە پێیان وایە خەڵکی ھەرێم خۆیان دواکەوتون و بەدوای ئەم پارتە سیاسییانەوەن، یان وەک فریادڕەس سەیریان دەکەن، خەڵکی ھەرێم نەک ھیچ ئومێد و باوەڕ و متمانەیەکیان بەم بکەرە سیاسییانە نەماوە، بەڵکو بە سەرچاوەی ھەرەسەرەکیی بەشی ھەرەزۆری کێشە و نەھەەماتییەکانی ھەرێمەکەیان دەزانن. خەڵک ئەو ھێزانە نەک وەک نوێنەری خۆیان نابینن، بەڵکو وەک گروپێک لە جەردە و ھێزی گەندەڵ و نابەرپرسیار وێنادەکەن.

بەشدارنەبوونی گەورەی خەڵکیش لە ھەڵبژاردنەکاندا زیاد لە ھۆکارێکی سەرەکیی ھەیە کە دەشێت ھەندێکیان بەم شێوەیە ریزبکەین. یەکەم، کورتبوونەوەی ھەڵبژاردنەکان بۆ شانۆگەرییەکی رێکخراو کە بڕێکی زۆر لە ئەنجامەکانی پێشوەخت ناسراو و دەستنیشانکراوە. ھێزە حوکمڕانەکان بەو شێوەیە ھەڵبژاردنەکان ڕێکدەخەن، کە نەک تەنھا نەتوانێت کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر پێگەکانی دەسەڵاتیان دابنێت، بوڵکو خودی شانۆگەرییەکە دەگۆڕن بۆ ئامرازێک بۆ تازەکردنەوەی شەرعیەتی دەسەڵاتدارێتییەکەی خۆیان. لەم رەوتەدا چەندساڵێک لەمەوبەر بەرپرسی یەکێک لەو پارتە حوکمڕانەکانی ھەرێم لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکانەوە جورئەتی ئەوەی کرد بە ھەمووان بڵێت گەر ھێزەکەی ئەو تەنھا یەک کورسیش بھێنێت، ھیچ ناگۆڕێت و ئەوان وەک خۆیان دەمێننەوە و پێگەکانیان چۆڵناکەن.

دووھەم، گەیشتنی چۆنیەتی رێکخستنی ھەڵبژاردنەکان بە ئاستێک لە  گەندەڵکاریی و دەستێوەردانی سیستماتیکی، کە دەکرێت زۆر بە ئاسانی قسە لە دیاردەی ”دزینی ھەڵبژاردن“ەکان بکرێت. دزینی ھەڵبژاردن یەکێکە لە میکانیزمە باوەکانی ھەڵبژاردن لە ناوچەکەدا، بە ھەرێمەکەی ئێمەشەوە، لە ڕاستیشدا دزینی ھەڵبژاردنەکان یەکێک بوو لە ھۆکارە سەرەکییەکانی ڕاپەڕینەکانی ”بەھاری عەرەبی“. لە ھەرێمدا ھەمووشتێک قابیلی دزینە، لەپێش ھەمووانەوە ھەڵبژاردنەکان.

سێھەم، بوونی چەندان دەزگا و بارەگای نافەرمیی تەریب بە دەزگاکانی حوکمڕانیی بە جۆرێک مانایەکی ئەوتۆ بۆ دەزگا فەرمییەکانی حوکمڕانییەکە ناھێڵنەوە. ئەم دەزگا و بارەگا نافەرمییانە ھەم دەسەڵاتێکی گەورە و چاودێرینەکراویان ھەیە، ھەم دەتوانن  پەرلەمان و دەزگاکانی فەرمییەکانی تری حوکومەت بێنرخ و بێکاریگەریی بکەن . ئەمانە لە دەرەوەڕا دەسەڵاتێکی تەریب بە دەسەڵاتە فەرمییەکان دروستدەکەن و لە دەزگا فەرمیەکانیش زۆر زیاتر دەسەڵاتدارترن. نموونەی ئەو دەزگایانەش، مەکتەبی سیاسیی حیزبەکان و بارەگا تایبەتەکانە، بە تایبەتی بارەگاکەی بارزانی، کە چەقی قورسایی دەسەڵاتەکانی ناو ھەرێمە. ئەمە جگە لە بازنە داخراوەکانی خێزان و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان.

چوارھەم، خاڵێکی دیکە کە وادەکات ھەڵبژاردن مانایەکی ئەوتۆی بۆ نەمێنێتەوە، مەسەلەی بە شەخسیکردنێکی تەواوی دەسەڵاتە لە ھەرێمەکەدا. زۆربەی جار کەسی ژمارەیەکی ناو پارتە حوکمڕانەکان، کە بەردەوام لە دەرەوەی دەزگا فەرمییەکانی حوکمڕانییەکەدان، بڕیاردەری سەرەکیی ناو ھەرێمەکەن. ئەم بەشەخسیکردنەی دەسەڵاتیش سەرجەمی بڕیارە سترتاتیژییەکان دەخاتە بەردەمی توانای عەقڵیی و تێگەیشتنی سیاسیی و دۆخی سایکۆلۆژیای ئەو چەند بکەرە سیاسییە دیاریکراوەوە، کە لە ھەموو سەرێکەوە وێرانن.

پێنجەم، لەم جۆرە سیستمە سیاسییەدا نە یاسا رۆل دەبینێت، نە بەرپرسیاریەت، تەنانەت نە ئایدیۆلۆژیا و جیھانبینیەکی سادە و بەرپرسیاریش. سیستمی سیاسیی ھەتا شەخسیتر بێت زیاتر دەسەڵاتگەر و نابەرپرسیار و توندوتیژتر دەبێت. زیاترش دەکەوێتە ژێر رەحمەتی دۆخی دەرونیی و تێگەیشتنی سنوورداری ئەو کەسایەتییە دەسەڵاتدارانەوە کە حوکمڕانن. ئەوەی دروستکراوە و و ئیشدەکات نە ئامادەگیی دەزگا و لۆژیکی کارکردنی دەزگاییە، نە یاسایە، نە جیھانبینییەکە کە لانی ھەرەکەمی تێگەیشتنی عەقڵانی ئەو ژینگەیەی تیایدابێت کە کە ئەو بکەرانە لەناویدا کاردەکان،  نە ئەو لانی ھەرکەمەی بوونی کۆمەڵێک حەڵاڵ و حەرامی سیاسییش، کە بتوانێت سنوورێک بۆ دۆخی سایکۆلۆژیی و خواستی شەخسی تەماحی گەورەی حوکمڕانەکان، دابنێت.

یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین دەرەنجامەکانی بەشەخسیکردنی تەواوەتی حوکمڕانیی لە ھەرێمەکەدا، کە ھاوکات کۆڵەکەی سەرەکیی بەخێزانیکردنی دەسەڵاتە، تەڵاقدانی سەرتاسەریی ئایدیۆلۆژیایە. ھەموو ئەوانەی باس لە بوونی ئایدیۆلۆژیای نیولیبرالیزم یان ناسیۆنالیزم یان کوردایەتیی یان ھەر ئایدیۆلۆژیایەکی تر لەناو حوکمڕانییەکەی ھەرێمدا دەکەن، بە ھەڵەداچوون. ئایدیۆلۆژیا ئەرکی جیاواز ئەنجامئەدات و سنووری تایبەتیش بۆ حوکمڕانان دادەنێت، ھەردوو دیوەکەی ئایدیۆلۆژیا لە ھەرێمدا غائیبە. بۆ نموونە، یەکێک لە ئەرکەکانی ئایدیۆلۆژیا ئەوەیە قەناعەت بە خەڵکی کۆمەڵگاکە بھێنێت، ئەوەی حوکمڕانەکان ئەنجامیئەدەن ھەڵگری مەعقولیەتیەکی تایبەتە و و ئەم مەعقولیەتەش لانیکەمی باوەڕ و متمانە لای خەڵکە کە دروستدەکات. بەڵام لە ھەرێمدا شتێک بەناوی باوەڕ و متمانە بە حوکمڕانان لە ھەرێمەکەدا، نەماوە. دواھەمینشتێک خەڵکی ھەرێمەکە گوێیلێبگرن قسە و باس و لێکدانەوە و بەڵێن و شیکردنەوەی حوکمڕانەکانە بۆ دیاردەکان.

ھاوکات ھەر ئایدیۆلۆژیایەک وێنەیەکی ئایندەیی بۆ ئەو کۆمەڵگایە دەکێشێت کە ھەڵگرانی ئەو ئایدیۆلۆژیایە دەخوازن دروستیبکەن، یان وێنەیەک بۆ جۆری ئەو پەیوەندییانەی کە دەیانەوێت سەروەریبکەن. لەم ڕێگایەوە حوکمڕانان دەخوازن نیشانیبدەن کۆمەڵگاکە بەرەو کوێ دەبەن و دەخوازن چ جیھانێک بۆ دانیشتوانی وڵاتەکە دروستبکەن. غیابی ئەم وێنە گشتییە پابەستی ئەو ڕاستییەیە کە حوکمڕانیکردن لە ھەرێمدا زەوق و خواستی شەخسیی و سایکۆلۆژیای تایبەتی کۆمەڵێک بکەری سیاسیی دیاریکراو ئاراستەیدەکات و ئەم خواست و زەوق و سایکۆلۆژیایەش نایەوێت ھیچ ڕێگر و بەربەستێکی لەبەردەمدابێت، یان ھیچ شتێک سنوورداری بکات، تەنانەت گەر وێنەیەکی گشتیی و ئایندیەیی کۆمەڵگاکە خۆیشی، بێت. ئەوەیشی تا ئێستا نیشانیانداوە بە ئاغاکردنی خۆیان و بە رەعیەتکردنی کۆمەڵگاکەیە، بۆ ئەمەش پێویستیان بە ئایدیۆلۆژیا نییە، بەڵکو پێویستیان بە میلیشیا و ھێزی سەربازیی ھەیە.

ھاوکات ھەموو ئایدیۆلۆژیایەک ھەڵگری توانایەکی تایبەتی شیکردنەوە و لێکدانەوەی جیھانە،  ھەڵگری جۆرێک لە زمان و دەستەواژە و چەمکی تایبەتە بۆ تەفسیرکردنی دیاردەکان و ئەو ژینگەیەی کۆمەڵگاکە لەناویدا دەژی. بکەرە سیاسییە سەرەکییەکانی ھەرێم نەک خۆیان ھەڵگری ھیچ توانایەک لەم توانا تایبەتانەی شیکردنەوەی جیھان نین، کە بوونی ئایدیۆلۆژیا داوای دەکات، بەڵکو ھاوکات ھەر یەکێک لەو ئەرکانە دەشێت دیسانەوە ببنە سنوور لە بەردەم خواست و زەوق و دۆخی سایکۆلۆژیی ھەریەکێکیاندا. ھەمو تێگەیشتنێکی عەقڵانی بۆ جیھان سنوور بۆ ھەموو خەون و خواست و ناعەقڵانیەتێکی سایکۆلۆژیی، دادەنێت.

بێگومان تەڵاقدانی ئایدیۆلۆژیا لە ھەرێمدا پەیوەندیی بە گواستنەوەوە بۆ قۆناغی دوای ئایدیۆلۆژیا نییە، بەڵکو چەقبەستن و گیرخواردنە بەدەست تەماح و خواست و نەفسییەتی ژمارەیەکی کەم لە بکەری سیاسییاوە، کە لەناو چەند بنەماڵەیەکی سیاسیدا نیشتەجێن و بە لۆژیکی قازانجە تایبەتەکانی ئەو بنەماڵانە، بیردەکەنەوە و کاردەکەن. بەم مانایە حوکمڕانی لە ھەرێمدا لە قۆناغی دوای ئایدیۆلۆژیادا ناژیی، بەڵکو لە قۆناغی بەر لە دروستبوونی ئایدیۆلۆژیا و فیکر و لێکدانەوەیەکی عەقڵانیدا. لەم جۆرە سیستمانەدا ئەوەی کاردەکات شیکردنەوەی جیھان و تێگەیشتنی فیکریی لە دۆخە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان نییە، بەڵکو ھەستە، بەتایبەتی ھەستە ھەرە نێگەتیڤ و تێکدەرەکان، لە پێش ھەمووانیشەوە ھەستی ڕق و بوغز و توڕەبوون، ھەستی ئێرەیی و ناسیزم. کە بەسەریەکەوە تەماحدارییەکی گەورە لە دەسەڵات و قازانجەکانی دەسەڵاتداربوون، لێدەکەوێتەوە و ئاراستەی دەکات.  ھەموو ئەم شتانە وا دەکەن شتێک بەناوی ئایدیۆلۆژیاوە لە ھەرێمدا بوونی نەبێت و لە باتی ئایدیۆلۆژیا وەلائی شەخسیی بۆ ھەندێک کەس و خێزان و بنەماڵەی سیاسیی، سەروەربێت.

ھەڵبژاردن بۆ ئەوەی مانای ھەبەێت، پێویستە ھەنگاوێک بێت بۆ چوونەدەرەوە لەم دۆخە، بەڵام ئەوەی ئەبینرێت غیابی بەرفراوانی سەرجەمی ئەو پێداویستییە سەرەتاییانەیە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand