Draw Media

سەبارەت بە ویژدانی نیشتیمانیی و ویژدانی دینیی

سەبارەت بە ویژدانی نیشتیمانیی و ویژدانی دینیی

2026-01-11 15:09:04


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

لە رۆژانی رابردوودا و لە پەیوەندیدا بە روروداوەکانی دوو گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەڵەبەوە، جارێکی دیکە هەموومان کەوتنیە ناو تاقیکردنەوەی «ویژدانی نیشتیمانیی و نەتەوەیی» خۆمانەوە، ویژدانێک کە فۆرمی کۆنکریت و مێژوویی «ویژدانی ئینسانیی» ئێمەیە. 
ئێمە لەبەردەم گەمارۆدان و بۆمبارکردنی دوو گەڕەکدابووین کە دانیشتوانەکەیان لە سەروی یەک ملیۆن مرۆڤەوەیە. 

ئەوانەی کە گەمارۆدرابوون هەم خەڵکی مەدەنیی و هەم هێزە چەکدارەکانی رۆژئاوابوون، کە لەمڕۆکەی سوریادا، نوێنەرایەتی مەسەلەی میلەتێک دەکەن کە بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی سوریی، بێماف و بێڕێز کراون. لە مافە کولتوریی و زمانەوانیی و کەلەپورییەکانەوە بیگرە، بۆ مافە سیاسییەکانیان. 

 گەمارۆدەرەکانیش، گەرچی ناوی سوپای دەوڵەتی سوریایان لێنراوە، بەڵام لە واقیعدا، بەشی هەرەزۆریان ئەو جیهادیست و جەنگاوەرە دینییە ئیسلامییە پەڕگیرانە بوون، کە لە سی ساڵی رابردوودا، هەزاران تاوانی گەورە و بچوکیان ئەنجامداوە. لە تاوانی جینۆسایدەوە بۆ تاوانی کوشتن و ڕاونان و بێماڵکردنی سەدان هەزار مرۆڤ. 

ئەو لەشکرە گەورەیە، تەنها کۆمەڵێک جەنگاوەری دینیی پەڕگیر نین و نەبوون، بەڵکو لە پشتیانەوە، هەم حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع و هەم دەوڵەتی تورکیای ئەردۆغانیی لەپشتیانەوە بوو. لە ڕاستیدا گەمەکەری ژمارە یەکی ناو ئەو ڕووداوانە دەوڵەتی تورکیا و چەکدارە پرۆکسییەکانیەتی کە بەشی هەرە گەورەی باکوری سوریایان لەژێردەستدایە و تورکیا چۆنی بوێت و چی بخوازێت، ئەو کارانە جێبەجێدەکەن. 

تورکیاش دەوڵەتێکە لە هەر شوێنێکی دونیادا بۆی بکرێت دژایەتی کورد و دژایەتی مەسەلەی کورد دەکات. تا ئەو شوێنەی دەتوانین بڵێین یەکێک لە خاڵە هەرەسەرەکیی و بنەڕەتییەکانی سیاسەتی ئەم دەوڵەتە، لە رۆژی دروستبوونییەوە، رێگریکردنە لە هەر بەرەوپێشەوەچونێکی مەسەلەی کورد لە هەر پارچەیەک لە پارچەکانی کوردستان و لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا. هەم کەمالیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەکی عەلمانی لە دۆخی ئەم دژایەتیکردندا بووە، هەم ئەردۆگانیزم وەک تێکەڵێکی هاوچەرخ لە ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم. یەکەمیان لەپاڵ خەونی دروستکردنی تورکیایەکی «عەلمانیی پێشکەوتو»دا ئەم دژایەتییەی ئەنجامداوە، دووهەمیان، لەپاڵ خەونێکی ئیمپراتۆریدا، کە ئیسلامی سوونی ژێرخانە ئایدیۆلۆژیی و رەمزیەکەیەتی. یەکەمیان کورد دەکات بە تورک، دووهەمیان دەیکات بە «برایەکی دینیی» گریمانکراو، کە شوناسەکەی لە دینیبوونەکەیدا کورتکرابێتەوە، بە بازادان بەسەر ڕەهەندە ئەتنیی و نەتەوەیی و نیشتیمانییەکەی ئەم شوناسە و پێشەلکردنی سەرجەمی ئەو مافانەوە کە بەم رەهەندە تایبەتانەی ئەو شوناسەوە گرێدراون. لە یەکەمیاندا تورکبوون دەبێتە ئامرازی سڕینەوەی هەموو دەرکەوتەکانی کوردبوون، لە دووهەمیاندا ئیسلامبوون، ئیسلامبوونێکی سونی، کە نەک تەنها فۆرمە جیاوازەکانی کوردبوون دەسڕێتەوە، بەڵکو فۆرمە جیاوازەکانی تری دینداریی و نادینییش.  

دەرکردنی کورد لە حەڵەب، وەک دەرکردنی پێشتری لە عەفرین، بەشێکە لە پرۆژەی بەتورکیکردنی ئەو ناوچانە. ئەوانەشی بەو کارە هەڵدەستن سەرجەمی ئەو هێزە چەکدارەن کە لەژێر رکێفی تورکیادان و بە ئەمری ئەردۆغان و حکومەتەکەی، دەجوڵێنەوە. ترسی تورکیا لە کوردانی رۆژئاوا تا ئاستی فۆبیایەکی سیاسیی بەرزبۆتەوە، ئەم فۆبیایە ئامادەگی ئەوەیشی تێدایە تا ئاستی ئەنجامدانی جینۆسایدکردن، بڕوات. جینۆسایدێک ئەمجارە بەناوی «برایەتی دینیی»ەوە ئەنجامئەدرێت. ئەوانەیشی ئامرازە تازەکەی ئەم کۆمەڵکوژییە پلان بۆدانراوەیە، ئەو جیهادیستە ئیسلامییانەن، کە بەناوی ئیسلام خۆیەوە، بەر لە هەمووکەسێک، ئەو «برایەتییە دینییە» دەخنە ژێر پۆستاڵ و پێلاوەکانیانەوە. 

پەلاماردانی هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی شاری حەڵەب، لەلایەن بەشێکی گەورەی خەڵکی کوردستانەوە رووبەرووی ئیدانەکردنێکی سەرتاسەری و هەمەلایەن بووەوە. خەڵکانێکی زۆر رژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی هاوسۆزیی و هاودەردیی خۆیان و بۆ بەرگریکردنیش لە کوردبوونی خۆیان و لە کوردبوونی ئەوانەی لە حەڵەب دا پەلاماردران. هەم لە باکور و هەم لای خۆیشمان ئەم ئیدانەکردنە بەشێوەیەکی بەرفروان بەڕێوەجوو، هاوکات لەناو ئەو جالیە کوردییەشدا کە لە دەرەوەی کوردستان، لە ئەوروپا، دەژین.
لەسەرێکی دیکەوە جەنگی شەش رۆژەی حەڵەب، وێنەیەکی ئەو بەرگریکارانە بە ئێمە و بە جیهان نیشاندا، کە شوێنی لێوردبوونەوە و بایەخپێدان و بەرزنرخاندنە. وێنەی کەسانێک، دەیانەوێت باوەش بە کوردبوونی خۆیاندا بکەن و ئەم کوردبوونەش بەرجەستەکەریسەرەکیی مرۆڤبوونی ئەوان لە جیهاندا، نیشانبدات. کوردبوونێک لە مافە هەرە سەرەکییەکانی مرۆڤ و لە فۆرمێکی تایبەتی مرۆڤی خاوەن کەرامەت و خاوەن رێزەوە، ئاڵابێت. کوربوون وەک فۆرمێک لە مرۆڤبوون لەپاڵ فۆرمە زۆر و جیاوازەکانی مرۆڤبوون لە جیهاندا. لەمەشدا جارێکی دیکە پێیان لەسەر ئەو پرنسیپە ئینسانییە داگرتەوە کە دەڵێت: کاتێک وەک ئیماندار پەلاماردرایت پێویستە وەک ئیماندار بەرگری لە خۆت بکەیت. کەی وەک ژنیش پەلاماردرایت پێویستە وەک ژن بەرگریی لەخۆت بکەیت، ئەگەر وەک کوردیش پەلاماردرایت پێویستە وەک کورد بەرگریی لەخۆت بکەیت. ئەمەش درێژەدانە بەو دیدە ئینسانیی و گەردوونییەی ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی ئەمریکی هانا ئارێنت بەرگری لێدەکات. ئارێنت کە خۆی جولەکە بوو، دەلێت: «کاتێک وەک جو پەلاماردرایت پێویستە وەک جو بەرگریی لەخۆت بکەیت». 

ئەوەی شوێنی لەسەر ڕاوەستانە ئەو راستییە تاڵەیە لە رۆژانی رابردوودا لای بەشێک لە ئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە بینیمان.  کەسانێک پێدەچێت  ئەو «ویژدانە ئینسانیی» و «نیشتیمانیی» و «نەتەوەیی»ەیان لەناودا نەمابێت و بەتەواوی سڕابێتەوە. ئەمانەش، بە تایبەتی، لای زیاد لە بکەر و هێزێکی ئیسلامی بینیمان. ئەم کەس و هێزانە، بە ڕادەیەک دیلی جۆرێکی تایبەت لە «تائیفیەت»ی دینین، پێدەچێت هەموو هەستێکی ئینسانیی و نیشتیمانیی و نەتەوەییان لەناودا ئیفلیج بووبێت. ئەوان بەناوی بەرگریکردنەوە لە دینەوە بەرگری لەو هێزە ترسناکانە دەکەن کە ئامادەن بەناوی دینەوە تا سنووری جینۆسایدکردن بڕۆن. هەندێکجار ویژدانی نیشتیمانیی و نەتەوەیی مرۆڤ لەناوەوە لە دانەپاڵ و بەرگریکردن لە جینۆساید و تاوانی گەورە دەپارێزێت.  لە ساتەوەختی گەمارۆدان و پەلاماردانەکانی حەڵەب دا بەرگریکردن لە کوردبوون نموونەی ئەو جۆرە ساتەوەختانەیە. کوردبوون وەک فۆرمێکی تایبەت لە فۆرمە زۆرەکانی مرۆڤبوون لە جیهاندا. 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand