Draw Media

ئەخلاقیاتی مشورخواردن و کارەساتەکەی چەمچەماڵ

ئەخلاقیاتی مشورخواردن و کارەساتەکەی چەمچەماڵ

2025-12-28 18:28:36


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

لەدوای رووداوەکەی چەمچەماڵەوە ئەوەی لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا دەیبینین، نەک لەناو کایەی سیاسیی و کایەی خزمەتگوزاریی دینیی و نادینیی پۆپۆلیستیدا، دەکرێت ناوی «ئەخلاقیاتی مشورخواردن»ی لێبنێین. «ئەخلاقیاتی مشورخواردن»ی کۆمەڵگایەک لە پەیوەندیدا بە لێقەوماو و قوربانییەکانی ناو هەناوی خۆیەوە دەردەکەوێت. ئەم فۆرمە تایبەتە لە ئەخلاقیات لە دونیای ئێمەدا، لەباتی گفتوگۆیەکی بێزەنتی لەسەر ئەم یان ئەو پرنیسپ و دیدگای ئەخلاقیی، راستەوخۆ سەیری قوربانییانی لافاوەکە و زیان پێگەیشتوەکانی، دەکات. واتە لەوەوە دەستپێناکات ئایا ئەو مرۆڤانە کێن و سەر بەکام هێز و دین و دیدگان، بەڵکو سەیری ئەوە دەکات  کێ پێویستیی بە کام شت و بە کام شێوازی مامەڵەکردن هەیە؟ ناپرسێت پێویستە کام یاسای دینیی و نادینیی، کام  دیدگا و پرنسیپی ئەخلاقیی، پەیرەوبکرێت، بەڵکو  سەیری ئەوەدەکات لافاوەکە زیانی بە کێ گەیاندوە و ژیانی کێی تێکداوە و کێی خستۆتە دۆخێکی قورسی پڕوکێنەرەوە. چ جۆرە هاریکاریی و بەدەمەوەچونێکیش لەو دۆخە تایبەتەدا، پێویستە. کام فۆرمی ژیانی قابیلی تێکشکانی دروستکردوە؟ لە بەردەم ئەم جۆرە ڕروداوانەدا هەستەکانی وەک بەزەیی و دڵسۆزیی و رەحم و گرنگیپێدان، هەستی هێجگار گرنگ و بنەرێتین و سەرچاوەی کردە و هەڵّوێستی ئەخلاقیی دروست و راستەقینەن. سەرجەمی ئەم شتانەش وادەکەن گرنگی بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵکەکە و کەمکردنەوەی زیانەکانیان بدەن، نەک ئەم یان ئەو بکەر و ئەم یان ئەو دیدگای ئەخلاقیی بەرز و بەهادار بنرخێنن. ئەم دۆخەی ناو کۆمەڵگاکە، تەواو ناکۆکە بەو نارسیزمە سیاسییەی دوای کارەساتی لافاوەکە بینیمان و خودی لافاوەکە خۆی و زیانە گەورەکانیشی، گۆڕی بۆ بۆنەیک بۆ دەرکەوتنی خودئەڤینیی زیاد لە بکەرێکی سیاسیی. 

«مشورخواردن لەوانیتر» تەنها بەهایەکی ئەخلاقیی نییە، بەڵکو بنەما و ژێرخانی دیدگایەکی ئەخلاقیشە کە ئەمرۆ لە هەمووکات زیاتر مرۆڤ لە زیاد لە بەشەکی جیهاندا، پێویستی پێیەتی. دونیای ئەمرۆ دونیایەکی پڕ لە گۆڕانکاریی هەمەجۆر و تەحەدای گەورە و کێشەی چاوەڕواننەکراوە. ژمارەیەکی گەورەی مرۆڤ بەردەوام لەبەردەم ئەگەری گەورە و هەمەجۆری رووداوی نەخواستراودایە. لە کێشەی دەرەقەتنەهاتنی بژێوی رۆژانەوە بیگرە، بۆ کێشەی بێکاریی و بێجێیی و بێماڵیی، بە تێپەرین بەناوی تێکچونی ژینگە و نەمانی ئاو و بەبیابانبوونی ژینگەی سروشتی ملیۆنەها مرۆڤ و دروستبوونی چەندان ڤایرۆس و پەتاو و نەخۆشی کوتوپڕ و نەناسراو. ئەمە با واز لە دروستبوونی لافاوی گەورە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دریا و زۆربوونی زەمینەلەرزە و بورکان و هەڵکردنی ڕەشەبا وێرانکەرەکان، بهێنین. جیهانی ئەمرۆ جیهانی تەحەدای هێجگار گەورە و زۆرجار وێرانکەرە کە هەم فۆرمی جیاوازی ژیانی ناسک و قابیلی وێرانکردن و هەم ژمارەیەکی گەورە لە مرۆڤی بێدەرەتان و پێویست بە ئەوانیتر، دروستدەکات. لەسەرێکی دیکەوە پێکدادانی ئەتنیی و دینیی و تائیفیی پەڕگیر و فرەچەشن، سیاسەتی گەشەدان بە رق، بەرپابوونی جەنگ، ملیۆنەها مرۆڤی ئاوارە و بێماڵی بە دونیادا بڵاوکردۆتەوە کە پێویستیان بە مشورخواردنی بەردەوام هەبێت. بڵاوبوونەوەی ئەخلاقیاتی بەرخۆریی و بەبازاڕکردنی بڕێکی گەورەی بەهەکان و گرێدانی بەشەکی گەورەی ژیانیش، بە سود و قازانجی تایبەتییەوە، تەحەدایەکی گەورەی ترە کە دیسانەوە پێویستی بە مشورخواردن بۆ قوربانییەکانی ئەو دۆخە هەیە.

 هەموو ئەمانە وادەکەن «مشورخواردن» ببێت بە بەهایەکی مەرکەزیی ناو ژیانی ئینسانیی ئەمڕۆکە. ببێت بە دیدگایەکی ئەخلاقیی کە مانا و نرخ بۆ پەیوەندییە ئینسانییەکان و بۆ پشتبەستنی فرەجەمسەرە بەیەکتر و بۆ بەیەکەوەبوونێکی مرۆیی، بگەرێنێتەوە. هاوکات وێنەی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی بەرپرسیار و خەمخوۆر لە جیهان، سەروەربکات. هیچ واقیعێکی کۆمەڵایەتیی تەندروست، بەبێ هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی و مشورخواردنی مرۆڤەکان بۆ یەکتری، دروستنابێت. مشورخواردن لەم دۆخانەدا دەبێت بە بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقیی بەرامبەر بەو کەسانەی پەراوێزدەکەون و ژیانیان بەئاسانی قابیلی تێکشکاندن و سڕینەوەیە. 

ئەخلاقیاتی مشورخوردن، بە پلەی یەکەم، نرخ بۆ ژیانی رۆژانە و تەفاسیلە وەردەکانی ژیانی پێکەوەیی مرۆڤەکان دەگەڕێنێتەوە. ئەزموونە مرۆییەکان، چ لەناو خێزان و چ لەناو ژیانی کۆمەڵایەتیی و چ لەناو ئەو دونیا رەمزیەدا کە بەدەوری مرۆڤەکاندا دروستدەکرێت، کۆڵەکە سەرەکییەکانیەتی. بەتایبەتی ئەزموونی نەمانی پەنا و تەنهاکەوتن و لێقەومان، کۆتایی دڵنیایی و لاوازبوونێکی سەرتاسەریی، کە وابکەن ژیان قابیلی ژیان نەبێت، یان ژیان لە ژیانبوون بخەن، ژێرخانە مرۆیی و ئەخلاقییەکەیەتی. لە هەموو ئەم ئاستانەدا ئەم جۆرە لە ئەخلاقیات، مشورخواردن لە کەسەکانی تر وەک چالاکیی هەرە سەرەکیی و بنەڕەتیی مرۆڤەکان وێنادەکات. خاڵی سەرەکییش لە ناسینی پێداویستییەکانی ئەوانیترەوە دەستپێدەکات، بەتایبەتی ئەوانەی ژیانیان قابیلی تێکشکانە و  لە پرۆسەی دابەشکردنی ئازار لە کۆمەڵگادا بەشی شێریان بەردەکەوێت، یان ژیانیان زۆر نزیکترە لە ئازار و زۆر کراوەترە، بەرووی ئازاردا. ناسینی پێداویستییەکانی ئەوانیتر و بەدەمەوەچونیان لەکاتی پێویستدا، بەبێ هیچ چاوەروانییەکی سیاسیی و دینیی و کۆمەڵایەتیی، مەرجی هاتنەکایە و بەهێزبوونی ئەم جۆرە تایبەتەیە لە ئەخلاقیات. بە مانایەک لە ماناکان «ئەخلاقیاتی مشورخواردن» مانای بەرپرسیاربوونە بەرامبەر بەو راستییەی کە ئێمە وەک مرۆڤ دروستبووین و وەک مرۆڤ بەناو ژیاندا تێدەپەڕین. ئەوەی وامان لێدەکات مشورخواردن ببێت بە ئەخلاقیاتی باڵادەست لەلامان، پەیوەنیی بەوەوە هەیە ئێمە مرۆڤین.

ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین هەندێک فۆرمی ژیان هەن تەواو لاواز و ناجێگیر و قابیلی تێکشاندنن. بەرپرسیاربوونی ئەخلاقیی، بەرپرسیاربوونە بەرامبەر بەم راستییە. پرسیاری سەرەکیی لێرەدا ئەوە نییە ئایا ئێمە سەر بە کام هێز و کام دین و کام ئایدیۆلۆژیا و کام ناوچەین؟ کام زمان و کام دابونەریەتی کۆمەڵایەتیمان هەیە؟ پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە کام فۆرمی ژیانی ناجێگیر و قابیلی تێکشکاندن و وێرانبوون لەناوماندایە و. چۆن دەکرێتە بەدەم نیشتەجێبوەکانی ناو ئەم جۆرە ژیانەوە بچین.

بێگومان ئەوەی بەشێک لە مرۆڤەکان دەکاتە هەڵگری ئەو جۆرە لە ژیان کە قابیلی تێکشکان بێت، پەیوەندیی بەو سیستمە سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتییانەوە هەیە کە دروستکراون. ژیانی قابیلی تێکشکان، ژیانێکی دروستکراوە نەک دیاردەیەکی سروشتیی. لە کۆمەڵگا و ناوچەیەکی جیهاندا ئەم جۆرە لە ژیان زۆر زیاتر و گەورەترە تا لەناوچەیەکی دیکەدا. ئەمەش لەزۆر رووەوە وابەستەی ئەو سیستمە سیاسیی و ئابورییانەیە کە دروستکراون و سەپێندراون.  ئەمەیە وادەکات «ئەخلاقیاتی مشورخواردن» رەهەندێکی سیاسیی گرنگیی هەبێت و داوای تێپەڕاندنی ئەو جۆرانە لە مۆدێلی سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵەیتی بکات، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان ژیانی قابیلی تێکشکان بەرهەمدەهێنن. جیاوازیی راستەقینەی کۆمەڵگاکانیش لەیەکتری، بە پلەی یەکەم، لەوەدایە، ئایا تا کوێ و تا چەند دەزگا سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگا، ئەو جۆرە ژیانە بەرهەمدەهێنن، کە قابیلی تێکشکانە. 

«ئەخلاقیاتی مشورخواردن» مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی بەرپرسیار، دەیکات بە خاوەنی هەستێکی ئەخلاقیی گەورە، کە دەشەت دەرەنجامی سیاسیی گەورەی لێبکەوێتەوە. ئەم ئەخلاقیاتە مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ کەسێک توانای گوێگرتنی لەوانیتر هەبێت، توانای بینین و هەستکردنی بە ئازار و نەهامەتییەکانی ئەوانیتری، هەبێت، توانای هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیشی بەرامبەر بەو فۆرمانە لە ژیان هەبێت کە ناسکن و بە ئاسانی دەکرێت بشکێندرێن. ئەم جۆرە لە ئەخلاقیات کۆمەڵگاش دەگۆڕێت بۆ سەرزەمنی پشتبەیەکبەستنی فرەجەمسەری مرۆڤەکان بە یەکتریی و بە دەزگا و گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان. کۆمەلگا دەکات بە سەرزەمینی متمانە و باوەڕکردن بەیەکتری. غیابی ئەخلاقیاتی مشورخواردن لەم ئاستەدا، واتە لە ئاستی کۆمەڵگا و دەزگا سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگادا، دۆخی ململانێی رووت و دابڕاو لە هەموو بەها و نرخێکی ئینسانیی، سەروەردەکات. بە تایەبتی کاتێک ململانێکان رەهەندی سیاسیی و کۆمەڵایەتی نەخواستراو دەگرنەخۆیان و کۆمەڵگا بەسەر چەندان کامپ و بەرەی ناحەز و ناکۆکی بێپەیوەندیدا، دابەشدەکەن.   

لافاوەکەی چەمچەماڵ، لە سەرێکەوە بەهێزیی کۆمەڵگای ئێمەی وەک کۆمەڵگا نیشانداین و لەسەرێکی دیکەوە نارسیزم و خودئەڤینی بکەرە سەرەکییەکانی ناو کایەی سیاسیی هەرێمەکە. ئەوەی لە کۆمەڵگاکەدا ئامادەیە و لە سیاسەتی هێزە حوکمڕانەکانی هەرێمدا غائیبە، ئەم ئەخلاقیاتی مشورخواردنەیە. گۆڕینی خودئەڤینیی سیاسیی بکەرە سیاسییەکانی ناو کایە سیاسییەکەش، بۆ ئەخلاقیاتی مشورخواردن، تەحەدای ژمارە یەکی ناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەمرۆکەی کۆمەڵگای ئەمەیە. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand