پشتی پەردەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کۆرمۆر

Draw Media

2024-04-27 10:09:41



رێبوار کەریم وەلی

بەدەر لە هاوکێشە ئیقلیمییەکان کە رێگرن لەوەی عێراق لە رووی بەرهەمهێنانی غازەوە بگاتە ئاستی دابینکردنی پێویستیی ناوخۆیی و دواتر هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان، کێڵگەی غازی کۆرمۆر وەک پاژنەی ئاشیلی هەر دوو حکومەتەکەی هەولێر و بەغدای لێهاتووە.
*
هەڵکەوتە جوگرافییەکەی کۆرمۆر لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدایە، پارتی و حکومەت دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان بەسەر ناوچەکەوە نییە. بۆیە پارتی بە ملیۆنەها دۆلاری خەرج کرد تا لە رێگەی کڕینی کەسایەتی و عەشیرەتەکانی ناوچەکە و دروستکردنی هێزی چەکداری بۆیان، پەرە بە نفوزی سەربازی و جەماوەریی خۆی بدات.
*
بۆ بەغداش بەهەمان شێوەیە کە ناوچەکە بە تەواوەتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە ئیتیحادییەکاندا نیە و میلیشیا چەکدارەکانی شیعە لە ناوچەی نێوان دەسەڵاتەکان جێگیرن و خۆسەرن.
*
هەڵگریسانی شەڕی ئۆکراین، جەنگ و ئەمنیەتی وزەی بردە قۆناغێکی نوێوە. بۆیە سەرنجی رۆژئاوا کەوتەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هێشتا رووس و ئێرانییەکان نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی بکەن.
*
ئەگەر ئێران دەستی هەبێ لەو هێرشانەدا، دەستتێداهەبوونی راستەوخۆ نییە. تەنانەت ئەنجامدانی ناڕاستەوخۆش لە رێگەی میلیشیا شیعەکانەوە، ناکرێت ئەگەر دەستێکی ناوخۆیی وەک یەکێتیی نیشتیمانی پاڵپشتی نەبێ.
*
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەر هەواڵێک سەبارەت بە پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی کێڵگەکە، ئێران تەنگاو دەبێ، حکومەتەکەی پارتی لووتبەرزتر و یەکێتیش سەرکزتر دەبێ. دەرچوون لەو حاڵەتەش رەوانەکردنی چەند درۆنێکە و، ئینجا دوبارەکردنەوەی ئەو قسەیەی کە “مەگەر بۆڕیی غاز بە سەرلاشەی مندا تێپەڕ بێت”.
*
ئاراستەی سیاسەتی ئێران و یەکێتی یەکە. بۆیەش دوای کوژرانی تەمومژاویی ئاکام عومەری فەرماندەی هێزی کۆماندۆ و هاوکات هێزی درۆنیی یەکێتی، بۆ ماوەیەکی زۆر هێرشە درۆنییەکان وەستان. پێدەچێ کوژرانی ئاکام تەسفییەیەک بووبێ یان رووداوێکی چاوەڕواننەکراو، بەڵام لە هەردوو حاڵەتدا دەرکەوت کە یەکێتی و سەرۆکی یەکێتی خاوەنی هێزی درۆنین و دیار نییە ئەو درۆنانە لە کوێ دابین دەکەن.
*
لە هەموو ئەو هێرشە درۆنیانەدا، یەکەم کەس کە بەیاننامە دەردەکات و سەرکۆنەی رووداوەکە دەکات، قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرۆکی حکومەتە.!بەڵان بەیاننامەی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر بەس ماوە ئەوەی تێدا بنوسرێ کە یەکێتی لەو هێرشە بەرپرسیارە.!
*
پوختەی کەلام ئەوەیە کە سەرۆکی یەکێتی بە هاوکاریی میلیشیاکان، کەرتی وزە و ژێرخانی ئابوریی کوردستانی بۆ تەسفیە حیساباتی سیاسیی خۆی لەگەڵ پارتیدا کردۆتە ئامانج. لەوە واوەتریش بۆ تەسفییە حیساباتی ناوخۆی یەکێتیش(لەگەڵ هەولێرییەکان) بەکاری دێنێت. هاوکات بەدوریش نازاندرێ کە پەیامێکی راستەوخۆ بێت لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە بۆ ئیماراتییەکان کە لەماوەی رابردوودا دەستیان بەسەر پارەکانی کۆمپانیایەکی نزیک لە سەرۆکی یەکێتیدا گرتووە کە نزیکەی 350 ملیۆن دۆلارە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand