ئێران و ئیسرائیل: بەرەو کوێ

Draw Media

2024-04-14 07:57:42



سه‌ردار عه‌زیز

دوێنێ شەو ساتەوەختێکی ناوازە بوو لە ناوچەکە. لە سی ساڵی ڕابردوودا ئێران هەوڵیداوە ڕاستەوخۆ نەبێت بەشێک لە جەنگەکان، بەڵام ناچارکرا، بە بەشداریی. ئێرانییەکان یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی ئامانجەکانیان ئەوەبوو کە چۆن زەمینەی تۆڵەتەکی سنوردار بدۆزنەوەو کۆتایی بە دڵەڕاوکێ ستراتیژییەکەیان بهێنن.

ئێران خێرا پاش هێرشەکان ئەوەیان ڕاگەیاند کە کۆتایی هات. لە هەمانکاتدا ئەمریکا دەخوازێت کە کۆتایی پێ بهێنرێت، بەوەی کە بایدن داوای لە نەتانیاهۆ کردوە کە وەڵام نەداوە.

لە بەر بنەمای ئەم پێودانگە. دەکرێ هەڵوێست و دۆخی هەر سێ ئەکتەرە سەرەکییەکەو ئەکتەرە ناوەنجییەکان هەڵبسەنگێنین. سێ ئەکتەرە سەرەکییەکان بریتین لە ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا.

ئیسرائیل

ئامانجی نەتانیاهو ئەوەبوو کە ئێران بهێنێتە ناو جەنگەکەوە. هەروەها ئەمریکاش بکات بە بەشێک لە شەڕەکە. ئیسرائیل وەک مناڵێکی نازکێشراوی، بێزاری ئەمریکییە. ئەمریکا ناتوانێت پشتیوانی ئیسرائیل نەکات، بەڵام حەز ناکات ئیسرائیل دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بکات.

ئامانجێکی تری ئیسرائیل ئەوەبوو کە وڵاتانی ناوچەکە لە جەنگەکە بەرامبەر ئێران تێوەبگلێنێت. دوێنێ شەو ئوردن شەوێکی پڕ لە ترسی بەڕێوەبرد. وڵاتانی کەنداو بە چاوی خۆیان بینیان کە توانای ئێران چەندەو ئەگەر هەمان تەکنەلۆجیای ئیسرائیلیان نەبێت، ئەوا لە ڕەحمەتی ئێراندا دەبن.

ئیسرائیل ناتوانێت وەڵام نەداتەوە، چونکە ئەوان وەها بیر دەکەنەوە، وەڵام نەدانەوە وەک لاوازی دەبینرێت، لاوازیش سەر دەبڕدرێت نەک ڕێزی دەگیرێت. دۆخی کوردستان لە عێراق بەڵگەیەکی ڕونی ئەم بیرکردنەوەیە.

ئیسرائیل وەڵام دەداتەوە. چاوەڕوانکراو بوو هەندێک ڕۆکێت بگاتە ناو خاکی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی بەڵگە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بەڵام زۆرینەی نەگەشتە سەر ئیسرائیل.

ئێران

ئێران ناچاربوو. ئێستا بەهیوایە، دۆخەکە بگەڕێتەوە سەر دۆخی جارانی. لە هەمانکاتدا ئێران ئەوەی بۆ دەرکەوت کە سەرباری زۆری چەک و تەقەمەنی هێشتا لاوازە بەرامبەر تەکنەلۆجیای ئیسرائیل و ڕۆژئاوا. ئەمە لە هەمانکاتدا کێشەیە بۆ حیزبوڵا، کە سەرباری چەک و تەقەمەنی توانای زیان گەیاندنی بە ئیسرائیل سنوردارە.

ئێران بە ئاستێکی زۆر زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا وەڵامی دایەوە، هەرچەندە ئەم هەوڵانە شکستی هێنا، بەڵام کۆمەڵێک شتی دەرخست، هەبونی خەزێنەی زۆری درۆن و ڕۆکێت.

ئێران ئێستا چاوەڕێی ئیسرائیلە. هەرچەندە ئەوەی بە ئەمریکاییەکان گەیاندوە کە کۆتایی بە هێرشەکەی هێناوە. ئێران بۆ دەرکەوت سەرباری ئەوەی لە غەزە دەگوزرێت، ئیسرائیل تەنها نیە، نەک ڕۆژئاوا بەڵکو وڵاتانی عەرەبیش لە گەڵدایە.

ئەمریکا

دوو ئەمریکا هەیە. یەکەم، ئیدارەی بایدن کە سیاسەتی کورت خایەنی هەیە. بەڵام ئەمریکا وەک وڵات خاوەن ستراتیژی درێژخایەنی خۆیەتی. بایدن دەخوازێت لەوە زیاتر گەورە نەبێت، هەر زوو کۆتایی پێ بهێنرێت. ئەمریکای دەوڵەت دەخوازێت ئێران لاوازبێت بەڵام نەکەوێت، چونکە زیاتر پشێویی دروست دەکات. بەڵام ڕێگری لە کەوتنی ناکات.

دەرئەنجامەکان

ئێران و ئیسرائیل ڕاستەوخۆ ڕوبەڕووبوونەوە.

غەزە جۆرێک دادەپۆشرێت.

نەدەبوو بۆ ئیسرائیل پاش غەزە ئێران بە بێ لێدان بەجێبهێڵێت.

ئیسرائیل هاتەوەوە ناو هاوپەیمانی ناوچەکەو نێودەوڵەتی لە ڕێگای ناچارکردن و هێزەوە.

ئیسرائیل وەڵامی دەبێت و ڕەنگە ئەم دۆخە بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand