یەکەمەکان ڕەوانەی کلیة الطب مەکەن

Draw Media

2023-07-04 07:15:01



د. دانا حه‌مه‌عه‌زیز

سیستەمی سیاسی وڵاتانی خۆرهەڵاتیی، ڕۆڵێکی خراپی هەیە لە ئاڕاستەکردنی پەروەردەو زانست. پێوەرو فلتەرەکانی خەمڵاندنی زیرەکیی لە کۆمەڵگەی خۆرهەڵاتی و بەتایبەتیش خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (جگە لە ئیسرائیل) وەك سیستەمە سیاسییەکەی شەرمهێن و تا ئەندازەی کارەسات، چەواشەکارانەیە. گەورەترین هەڵە لە هەڵسەنگاندنی زیرەکییدا ئەوەیە خاوەن نمرە بەرزەکانی دوا قۆناغی ئامادەیی- زانستی، یەکسەر ڕاپێچی خوێندنی پزیشکیی بکرێن و ڕەچاوی ئارەزووی خوێندکار نەکرێت. هەڵەیەکی گەورەیە زیرەکیی گشتی خوێندکار لە نەشتەرگەریی و لێکۆڵینەوە لەسەر نەخۆشی و دەم و دان دا کورت بکرێتەوە، لەبەرامبەردا بوارەکانی دیکەی خوێندن و لێکۆڵینەوە بە کەمتر بخەمڵێنرێت، لەکاتێکدا خوێندنی پزیشکیی توانای زانستی کەمتر پێویستە لەچاو هەندێك بواری دیکە، لە بنەڕتدا پزیشکیی بەبێ کارەباو تیشك و کۆمپیوتەر، بەبێ تێگەیشتن لە کیمیاو بایۆلۆجی و بنەماو فۆرمولە فیزیایی و ماتماتیکییەکان، هیچ بەهایەکی نیە.

دکتۆریی یان بە دکتۆرکردنی منداڵەکان، ئەوەندەی گرێی دەرونیی کۆمەڵگاکانی دنیای سێ یە بەتایبەتی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هێندە پەیوەست نیە بە چنینەوەی سەرمایەی کاری دکتۆریی وەك بزنسێکی باش. ڕەنگە بەشی زۆری ئەم گرێ یە، پەیوەست بێت بە کەلتوری ئەم کۆمەڵگەیانە کە مرۆڤ بە حەزو بە ویستی خۆی ناژی، وەك خۆی چێژ لە ئارەزووەکانی ژیان وەرناگرێت و هەمو شتێك دەکرێت بە قوربانیی بۆ ڕازیکردنی دەوروبەر.

گرێی دکتۆریی یان کەلتوری بەزۆر بە دکتۆرکردنی منداڵان تەنها هەر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دنیای سێ باو نیە، بەڵکو بەشێوەیەکی خراپتر ڕەوه‌ندی "عەرەبیی و کوردی و تورکی و ئێرانی و هیندی..." دانیشتووی ئەوروپاو ئەمریکای گرتۆتەوە، ئەمە تەنها منداڵانی لە مەیل و ئارەزووی خۆیان بۆ خوێندن، بێ بەش نەکردوە، بەڵکو زیانێکی گەورەو مەترسیداریشی بە خودی زانستی پزیشکی و خزمەتگوزاری تەندروستی گەیاندوە.

ئەوانەی بەبێ ویستی خۆیان و بە حەزی دایك و باوك ڕاپێچی خوێندنی پزیشکیی کراون، سەرکەوتو نین و دکتۆر یان پسپۆڕێکی باشی تەندروستیان لێ دەرناچێت. بۆ نمونە به‌ریتانیا ئەو وڵاتەیە کە ساڵانە زۆرترین دکتۆری بە بنەچە خۆرهەڵاتیی بەرهەم دەهێنێت، هەر بۆیە بەپێی پێوەری وردی زانستیی، زۆرترین دکتۆری کۆڵەوارو نەشارەزا لە کەرتی تەندروستی به‌ریتانیادا هەیە کە ئینگلیز نین، ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورەی بە کەرتی تەندروستی به‌ریتانیا کردوەو کەلێنێکی دیاری پیشەیی لە خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتیمانی NHSی به‌ریتانیادا دروستکردوە، ئەم کەلێنە لە کەرتی تەندروستی وڵاتانی دنیای سێ دا زۆر ترسناکترە!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand