چەند سەرنجێک لەبارەی ڕێککەوتنی یەکێتیی و پارتی

Draw Media

2023-05-16 07:54:18



 ئەبوكاروان- ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان

دوای شەش مانگ لەشەڕی نێوان یەكێتیی و پارتی، ھێرشی ھەمەلایەن بۆسەر یەكتری بە ناشرینترین شێواز، كە خۆشبەختانە تاكە فیشەكێكی تێدا نەتەقێنراو لەچوارچێوەی (شەڕی میدیای)دا مایەوە، كۆتاییھات، بەڵام ئەمە كۆتایی چیرۆكەكە نییەو لەوەناچێت ناكۆكییەكانیان ھەرگیز كۆتایی بێت، بەڵكو جارێكی تر سەلماندیان شەڕی ئەم دوو لایەنە بەردەوامە، لەشەڕی ئەم شەش مانگەدا کار گەیشتە ئەوەی یەکدی بەخاکفرۆش و سەرانەسێن و تیرۆرست و گەندەڵ تۆمەتبار بکەن. پارتی لەسەرەتای دروستبوونییەوە بەو ئاڕاستەیە كاردەكات كە دەبێ خۆی حیزبی یەكەم و سەرۆك سەردار لەو بێ، یەكێتیش ھەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە وەكو بەدیلی پارتی خۆی ڕاگەیاند، ئەگەرچی لەچەندین قۆناغدا ھاوپیمان دەبن و پێكەوە كاردەكەن كە ھۆكارەكەی زۆرجار بۆ بەرژەوەندی ھاوبەش گەڕاوەتەوە. دوای شەش مانگ لە بایكۆتكردن و بەشدارنەبوون لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتیی گەڕانەوە بۆ كۆبونەوەكان سەرەڕای ئەوەی خەڵكی كوردستان ئەمن و ئاسایشی و ئازادی دەوێ، دژی ئاڵۆزی و كێشەو گرفتی لایەنەكانە، بەڵام خەڵك بەردەوام بڕوای بە نوسینی سەر كاغەز نییە، بەڵكو چاوی لەواقیع و جێبەجێكردنە، بۆیە ھەقیانە بپرسن و ئێمەیش لەگەڵیان دەپرسین بۆچی ئەو ھەڵایەتان دروستكرد؟ بۆچی بۆ ماوەی شەش مانگ خەڵكتان توشی دڵەڕاوكێ كرد؟ گەر كێشەكەتان لەسەر بابەتی ئەوەی كە موچە بكرێتە سیادی و بنەمای چل و حەوت لەسەدو پەنجاو سێ لە سەد نەمێنێ، دەپرسین بۆچی ئەو ڕێككەوتنەتان نوێ كردەوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران مانگی حەوتی ٢٠٢١؟ ئەی ئێمە دەیانجار لە میدیاكان باسی ئەم ھەڵەیەمان نەكردو داوای چارەسەرمان نەكرد؟ ئەی باشە بۆچی ھەرخۆتان لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران چارەسەرتان نەكرد؟ بەتایبەتیش كێشەی كورتھێنانی موچەو خەرجی لە سنوری سلێمانی و ھەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین؟ گەر یەكێكی تر لە كێشەكان كەیسی كوژرانی ھاوكار جاف بوو، بەپێی چارەسەری كۆبونەوە ھاوبەشی یەكێتیی و پارتی، بۆچی ئەو شەڕەتان شەش مانگی خایاندو ئەو بڕیارەتان نەدا كە لێژنەی ھاوبەش دروستبكەن و دادگا یەكلای بكاتەوە؟ بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تیمی بزوتنەوەی گۆڕان ناڕازی بوونە لە ئەنجامی ئەو ڕێككەوتنەو دیدو بۆچوونەكانیان خستووەتەڕوو، من لێرەدا دەمەوێ بە بیری برادەرانی ئێستای گۆڕان بھێنمەوە كە ڕابردوو بەھەند وەرگرن، ھێندە بزانن گەر پارتی و یەكێتیی لەكاتێكدا ڕێكبكەون و یەكگرتووبن پێویستییان بە ھیچ لایەنێك نەبوەو نییەو خۆ گەر كێشەو ناكۆكیشیان ھەبێت ئەوا ڕێزیان لەچەند لایەنێك گرتووە بەمەبەستی پاراستنی تەرازووی ھێزو خێریان ڕژاندوەتە سەریان، دڵنیابن ھاوبەشی و شەریك لەگەڵ ئەو دوو لایەنە لەوە زیاتر خێر ناداتەوە برایانی گۆڕان. سروشتی پارتی و یەكێتیی وایە دەبێ جار جار شەڕ بكەن و جار جاریش ئاشتبوونەوە بەپێی بەرژەوەندییەكانیان، پێویستە لەسەر دڵەڕاوكی خەڵكی و ئازاردانی موچەخۆرانی سنوری سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین ئەم دوو لایەنە سزا بدرێن .

لە كۆتایدا دەمەوێ بڵێم ئەوەی ڕوویدا ڕێککەوتن نەبوو، بەڵکو پینەوپەڕۆیەکی کاتی بوو بە فشاری دەرەوە، مێتودی سیاسەتی هەردوو حیزب نادیموکراتەو عەقڵیەتە سیاسییەکەیان بە لۆژیکی براوەو دۆڕاو مامەڵە دەکات، ئەم عەقڵییەتەش خۆی خوڵقێنەری قەیرانە..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand