بەڕەکەی ژێر پێی ئەردۆغان

Draw Media

2023-05-06 16:34:49



خالیدی حاجی ئه‌حمه‌د

چەند رۆژێکی کەم و وەک دەوترێت هەڵبژاردنە چارەنوسسازەکەی تورکیا ئەنجام ئەدرێت (14 / 5). جێی ئاماژەیە لە 27 / 4 وە، رەوەندی تورکیایی لە هەندەران دەستیانکردوە بە دەنگدان و پرۆسەکە تا 9 /4 دەخایەنێت.
گەرچی چاوەڕوان دەکرێت (ئاکەپە) وەک گەورەترین حیزبی هەڵبژاردنەکان لە تورکیادا بمێنێتەوە، بەڵام ئەم چاوەڕوانییە بۆ ئەردۆغان سەلمێنراو نیە. ڕەنگە لە دوو دەیەی رابوردودا دەنگدەری تورکیا هێندەی ئێستا، دوو دڵی پێوە دیار نەبوبێت. سەرباری پرسی ئابوریی کە هەمیشە رۆڵی سەرەکی دەبینێت، لەم هەڵبژاردنەدا دوو پرسی تر خۆی لە داڵغەو خەیاڵی دەنگدەردا دەبینێتەوە کە بریتین لە:
1 – چارەنوس و دوارۆژی تورکیا
لەدوای تێرمی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی، ئەردۆغان یاسای بنەڕەتی تورکیای لە بەرژەوەندی خۆی گۆڕی، بەوەی راستەوخۆ سەرۆک هەڵببژێرێت، نەک لە پەرلەمانەوە. دواتر لە بەرگێکی پان تورکیزمدا، کۆی ئەو سیاسەتەی گۆڕی کە لەسەر تێزەکەی داودئۆغڵو (سفرکردنەوەی کێشەکان) بنیات نرابوو. بەئاشکرا دیفاعی لە شەڕی ناوخۆی سوریا کردو سنوری ئەو وڵاتەی بەزاند. لەسەر (ئیخوان) تەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر تێکدا، دەستدرێژیەکی راستەوخۆی کردە سەر لیبیاو بووە بەشێک لەشەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە. (قەتەر)ی لێدەرچێت، ناکۆک بوو لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا. گەرچی وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆیە، بەڵام سیستەمی دژەفڕۆکەی (ئێس 400)ی روسی کڕی. دوێنێیەکی نە هێندە دوورکەوتە هەڕەشە لە یۆنان و ئەمڕۆش بەنیاز نیە دەنگ بدات بە بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆدا. گەرچی بە نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکان، لەم مانگانەی دوایدا، لە هەوڵی گۆڕینی ئەو ڕەوتەدا بوو، پێدەچێت بەرهەمێکی وای لێنەچنیبێتەوە. ئەوەی لە میدیاوە دەبینرێت، ئەمریکاو رۆژئاوا ویستی دەرچوون و هەڵیژاردنەوەی ئەردۆغانیان نیە. 
بەرەی دژ بە ئەردۆغان، لە هەموو ئەم پرسانەدا، تا رێژەیەکی زۆر دژ بە ئەردۆغانن و بەنیازن زۆر بە زوویی تورکیا بگێرنەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی.. لە دەرەوەشدا وا بڕیارە کۆتایی بە سیاسەتی هێرشبەرانەی تورکیا بهێنن و بەجورئەتەوە رووبەڕووی کێشە ناوخۆییەکان ببنەوەو هەوڵی ناردنە دەرەوەی نەدەن. گەرچی ئەم پرۆسەیە هێندە ئاسان نابێت و دەنگی پتر لە 400 ئەندام پەرلەمانی دەوێت. بەڵام دۆڕانی ئەردۆغان دەکرێت سەرەتای ئەو رەوتە بێت بەرەو ئەو گۆڕانکاریانە.
2 – ناسۆنالیزم و ئایین
ئەمڕۆ کۆمەڵگای تورکی بەهەموو مانایەک کۆمەڵگەیەکی ناسیۆنالیستیە. بە هاتنە سەرکاری ئاکەپە، زۆری لێ چاوەڕوان دەکرا: دەگوترا ئەم حیزبە دەتوانێت ریفۆرمێکی جیدی لە ئیسلامی سیاسیدا ئەنجام بدات و تەنانەت زۆرێک پێداگریان دەکرد کە ئاکەپە دەبێتە (حیزبی دیموکراتی مەسیحی) ئەڵمانەکان لە دنیای ئیسلامدا. سەرەتا بە نزیکبوونەوە لە ئەوروپاو ئازادکردنی بازاڕ ئەو بۆچونە زیاتر تۆخ دەبووەوە. بەڵام بە تێپەڕینی کات، دەرکەوت خەونی ئەردۆغان تەنها خەونێکی سوڵتانییەو جگە لەوە خاوەنی هیچ روئیایەک نیە. بە هاتنی چەند نەوەیەکی نۆێ لەکاتی هاتنە سەرکاری ئاکەپەوە، ئاین کەمەکێک ڕووی لە لاوازی کردوەو ئەردۆغان و حیزبەکەشی لەبەرانبەردا نەک رووەو کرانەوەو لیبرالیزم بەڵکو بەرەو ناسیۆنالیزمێکی توندڕەوانە رێدەکەن. سەرنجێکی خێرا لە هاوپەیمانەکانی ئەردۆغان، وێنەیەکی روونی کۆمەڵگای تورکیامان نیشان ئەدات.
بێگومان هاوبەشە بەهێزەکەی ئەردۆغان (بزوتنەوەی نەتەوەیی)ی باخچەلییە. کە دایکی گورگە بۆرەکانەو لە دەرەوەی تورکیادا (یەکێتی کۆمەڵە تورکییە دیموکراتە ئایدیالیستەکان) نوێنەرایەتی دەکات کە بە چەتری کۆکەرەوەی گورگەبۆرەکان هەژمار دەکرێت. هاوبەشێکی تری ئەردۆغان حیزبی (یەکێتی گەورە)یە کە ئەمیش لە گورگە بۆرەکانەوە لەدایکبووە. ئەم حیزبە ئیسلام بە گرنگ دەزانێت بۆ پێناسەی پانتورکیسم.هەروەک تاوانبار دەکرێت بە کوشتنی زۆرێک لە کەسە لیبراڵ و ئازادەکان، لەوانە رۆژنامەنوسی بەناوبانگی ئەرمەن (هەرانت دینک).
(حیزبوڵا)ی تورکیا کە خۆی بە بەدیلی ئاکەپە دەزانێت، لایەنگرێکی شەخسی ئەردۆغانە. ئەم حیزبە بەناوبانگە بە کوشتنی سەدان گەر نەڵێین هەزاران کەس بەتایبەت لە باشوری ئەنادۆڵ و سەراپای ناوچە کوردییەکان بەتایبەت لە دەیەی هەفتاو هەشتاکانی سەدەی رابوردودا. رەنگە جێی سەرنج بێت کە زیاتر لە 400 ئەندامی ئەم حیزبە تەنها لە ئەڵمانیادا لەژێر چاودێریدان. لە دەرەوەی حیزبەکاندا رێکخراوی (ماڵ - منزل) کە حکومەت کردیە جێگرەوەی کۆی رێکخراوە (گولەنییەکان)و بەهەزاران کارمەندو خۆبەخشی هەیە لەناوەوەو دەرەوەی تورکیاداو بۆتە ئەژدیها لەهەموو بوارەکانی رۆشنبیری و ئابوری و خزمەتگووزاریدا، ئەم رێکخراوە، دەزانێت بوون و مانەوەی بەندە بە مانەوەی ئەردۆغانەوەو هێشتا ئەردۆغان بە فەرمی خۆی کاندید نەکردبوو، ئەمان کەوتنە بانگەشە بۆی.
رەنگە پرسی ئابوری، گرنگترین کێشەیەک بێت کە روبەروی ئەردۆغان بوبێتەوە. ئەم پرسە بەتایبەت بۆ نەوەی نوێ گرنگییەکی زیاتری هەیە. بڕیارە تاکڕەوییەکانی ئەردۆغان لەبواری ئابوریدا کە بەرنجامی تێروانینێکی خۆ بەسێنتەرزان و هەمەکارەیە، گەرەنتی هەستانەوەی ئابوری تورکیاو دابەزینی هەڵئاوسان و بەرزبونەوەی نرخی دراوی وڵاتەکەی ناکەن. بەتایبەت کە لەچەند ساڵێکی کەمدا 3 سەرۆکی بانکی مەرکەزی لەکارلاداو لەراستیدا ئەردۆغان خۆی رۆڵی سەرۆکی بانکی مەرکەزی دەبینێت. لەم بوارەدا ئەردۆغان پشتیبەستوە بە وزەی هەرزان کە تا ئێستا (هەرێمی کوردستان)، بۆی دابین ئەکرد، و پارەی مۆڵی قەتەرو ئیمارات و تەنانەت سعودیە، کە بەمدوایانە تەنازولی بۆ کردن. دیسانەوە دابەزاندنی نرخی سود بە مەبەستی وەبەرهێنانێکی بەرفراوان تا بتوانێت هەلی کار بۆ نەوە نوێکان و لە پاڵیشیدا نرخی لیرە بەرزبکاتەوە. 
لەبەرانبەردا بەرەکەی تر گازەندەی خاوبونەوەی داهێنان و پێشکەوتن ئەکەن کە (ئەقڵی تورکی) وەک هیندو چینی لێهاتوەو تورکیا بەجێدەهێڵن و گومانیان لە ئایندەی ئابوری وڵاتەکەیان هەیە، کە لەلایەن دارو دەستەی ئەردۆغانەوە قۆرغکراوەو جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئابوری تورکیا لەدەست هەژمونی (قۆنتەراتچییەکانی) ئاکەپە دەربهێنن. بێگومان پرسی گەندەڵی بەتایبەت لە بابەتی خانوبەردەدا دوای بومەلەرزەکەی ئەمدواییە رووی هەڵماڵرا، گەرچی ئەردوغان بە قۆرغکردنی میدیای وڵاتەکەی توانیویەتی سەرنج لەسەر ئەم بابەتە دوربخاتەوە.بەڵام هێشتا زۆرێک بەدەست ئەم دیاردەیەوە دەناڵێنن.
کوردو ئەم هەڵبژاردنە
وا نوێنەری زۆرینە دیموکراسی خوازەکەی کورد (هەدەپە)، بڕیاریدا دەنگ بداتە رکابەرەکەی ئەردۆغان. هەموو لێکدانەوەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کوردەکان هیچ بژاردەیەکی تریان نەبوو.. لە رابوردودا هەوڵێکی زۆر درا تا ئەردۆغان بەشێوەیەکی ئاشتیانە کێشەی کورد چارەسەر بکات، بەڵام هەموو کاتێک (پەکەکە)ی کردۆتە بەهانەو پشتیکردۆتە داخوازییه‌ ڕەواکانی کوردو ئەم پرسەی لە چەقبەستوویی و تاوانبارکردنی کوردا هێشتۆتەوە. لەراستیدا بژاردەکەی هەدەپە، دەنگدانە دژ بەو چەقبەستوویەو هەوڵێکە بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغە.  

رەنگە بەهێزترین خاڵی ئەردۆغان، لاوازی رکەبەرەکانی بێت. پارتی کۆماری لێدەرچێت، کە رێژەیەک لیبرالانە بیردەکەنەوە، (هێشتا ئەو پارتەش نیوەی هەڵگری چەپی نەتەوەیی و ئیسلامی نەتەوەیین)، پێنج حیزبەکەی تر نەتەوەیی و ئیسلامین. کە زۆرینەیان لەبەر چەند هۆکارێک ئاکەپەو حیزبەکەی باخچەلیان جێهێشتوەو هەمویان لە دوو سەرچاوەی پانتورکیزم و ئیسلامگەرایی عوسمانییەوە ئاودەخۆنەوە. من گەرەنتیەک شک نابەم بۆ باشی کلیچدارئۆغڵو، بەڵام گۆڕانکاری رەنگە تەکانێک بێت لانی کەم بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand