لۆمپەنیزمی كۆمەڵگای كوردی

Draw Media

2023-05-06 16:17:20



ئەنوەر حسێن (بازگر)
یەكێك لە ڤایرۆسە كوشندەكانی كۆمەڵگای كوردستان-یش وەكو زۆر لە كۆمەڵگاكانی تر، (لۆمپەنەكان)- (لۆمپەنیزم)-ە، لەپاڵ سیاسی (پۆپۆلیست)و سیاسەتی (پۆپۆلیزم) كە كۆمەڵگا، حكومەت، حیزبی سیاسی و سۆسیال میدیای پڕكردوە لە خەڵكانی "شۆ و بێ ناوەڕۆك، فوتێكراو...".
ئەم دوو مۆدێلە، كە بێ مۆڕاڵترین دیاردەی كۆمەڵگاكانی جیهانن، تادێت بە ماسكی جیاوازو زۆرجاریش بێ شەرم و بێ پڕەنسیپ خۆیان نمایش دەكەن، وەكو فریادڕەس، سیاسی، عەدالەتخواز، شۆڕشگێڕ، مەدەنی، ناسیۆنالیست، پسپۆڕو حوكمداری عادل، كەچی لە هەقیقەتدا، ئەهریمەن، تۆتالیتارو ئەنتی شۆڕش "هەندێكجار وەكو بەكرێگیراوی دەرەكی، خۆفرۆش، نامەدەنی، دژە نیشتیمان و نەتەوە، دژی ماف و ئازادییەكانی خەڵكن، دەیانبینین".
كاتێك حوكمڕان بەردەوام درۆ لەگەڵ گەلەكەیدا دەكات. تەنها خەریكی شۆی ناو تیڤی و میدیاكانەو ناتوانێ شەقامێك جوان بكات. پەرلەمانتارێك شەق لە مامۆستا هەڵدەدات. خەڵك فڕاندن بۆ پارە دەبێتە حاڵەتێكی ئاسایی، كوشتن بەشێوەیەكی دڕندانە دەبێتە دیاردە. وەزیر هێندە ئاستی دادەبەزێت، لە ساڵێكدا دەیان بەڵێنی بێ بنەما دەدات، وەزیر هەیە هێشتا لە نۆستالۆژیای ڕابردووی دەژی و خیانەت لە ناخیدایە، هەیە هەر خەریكی شۆیە، ئەمانە ڕێكاوڕێك لۆمپەن و پۆپۆلیستن.
(ماركس) بۆچوونی وابوو؛ ئەم دەستەوتاقمانەو دیاردەی "دزیكردن، لەشفرۆشی، قوماركردن، فێڵبازی و قاچاخچێتی" لەناو هەموو كۆمەڵگایەكدا هەن، دیارە مەبەستی كۆمەڵگای كوردستان-یشە. كە پڕیەتی لەم لۆمپەنانە، تەنانەت فۆڕمی "دزی و لەشفرۆشی" لە چاو دونیا دزتر و بێ ئابڕوترە. لانیكەم دز سزای هەیە و لەشفرۆشی بە یاسا ڕێكخراوە.
جیا لەوانە هەندێك سیفاتی ئەم توێژانە بە ئاسانی جیادەكرێتەوە، لە بابەتی (نەخوێندەواری، بێموبالاتی، تێكشكاندنی عەقڵ و بەهاكان...). پەرلەمانتار هەیە؛ بكوژی خەڵكە، جوێنفرۆش و دەمپیس. هەیە هەموو زانیارییەكان دەداتە دەرەوە، هەیە سڵ لە هیچ كردەوەیەكی قێزەون ناكاتەوە، ئەی لۆمپەن چییە؟
كوڕو كچی هەژار بە دەستی هەندێك لە مناڵە مەسئولەكان بەناهەق دەكوژرێن و خوێنیان بەفیڕۆدەچێت "وەك ئەو پۆلیسەی هاتووچۆ بوە قوربانی، ئەو منداڵەی لەسەر فول لایتێك كوژرا- ئەو گەنجەی لە یەكێك لە سیتیەكان كوژرا... ".
چەقۆوەشێنەكانی بازاڕەكانی ئەم وڵاتە، پیاو و ژنكوژەكان و بەناو مۆدێلیستە داشۆراوەكانی لە بەهای كۆمەڵایەتی، ژنكوشتنی ناو ماڵەكان، دزە گەورەكانی ناو دەسەڵات و دزە بچكۆڵەكانی ناو زیندان...، قاچاخچییەكانی نەوت، ماددەی هۆشبەر، جاسوس و جاسوسە (GPS) هەڵگرەكان و بكوژی نوسەران و ڕۆژنامەنووسان، هەموو ئەمانە نێچیرێكی ئاسانن بە مەبەستی بەكارهێنانیان، بۆ خزمەتی هەندێك ئامانجی قێزەون.
لۆمپەنیزم و پۆپۆلیزمی بێ مۆڕاڵ، دەتوانێت خۆی وەكو شۆڕشگێڕو سیمبوڵ نیشان بدات، بەڵام لە هەمانكاتدا كاری كۆنتراگەریلاو شۆڕشگێڕ بۆ داگیركەر ئەنجامدەدات. خۆی وەكو فریادڕەس و ڕزگاركەری گەل و نیشتیمان نیشاندەدات، بەڵام ئەوەی ئەو بەسەر نیشتیمانیدا هێنا، پڕیەتی لە نەگبەتی و نەهامەتی.
واتا بێ مۆڕاڵی خۆی تا ئاستێك نمایش دەكات، خۆفرۆشی لە ئاستی هەرە نزمیدا دەخاتە بازاڕی كڕین و فرۆشتنەوە، دژی نەتەوە و نیشتیمان. دەتوانی بچیتە ناو هەندێك لە چایخانەكانی شارەكان، گوێبگری كە چ لۆمپەنیزمێك خۆی جێ خستوە، چ بێ مۆڕاڵییەك لەناو ئەو لەشكرە بێ كارەدا خۆی حەشارداوە؟ لە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، مافیاگەرایی، بێ مۆڕاڵی لە دیالۆگ و گوتاریاندا!
دەتوانی زانكۆكان، بپشكنی، كە چەندەها خاوەن بەناو ماستەرو دكتۆرای بێ توانای بەرهەمهێناوە، كە ئاكامەكەی جۆرە دكتۆرێك بەرهەم دێنێت، دەستدرێژی دەكاتە سەر نەخۆشەكانی. ئەندازیارێك بەرهەم دێنێت، فێڵ لە شەقام و باڵەخانەكان دەكات، پارێزەرێك ئامادە دەكات بكوژو كوژراو جیاوازی نییە لای. مەلای مزگەوت بەناو شەریعەتەوە هەرچی لە دەمی دێتە دەرەوە دەیڵێت. هەندێك لە مامۆستاكان "پرسیاری بەكالۆری" دەدزن و بە منداڵە خواپێداوەكانی دەفرۆشنەوەو ئەم منداڵە ناسك و خواپێداوانە هەر بە ڕاستی دەبنە دكتۆر، ئەندازیارو قارەمانی بێ مەعریفە، وەك ئەو بۆقەی ناو جەنگەڵ، كە هەر بەڕاستی بۆقن، بەڵام بۆیاخ كراون و دەیانەوێت بەكەناری پێمان بفرۆشن.
سۆسیال میدیای بێ پڕەنسیپ و بێ ئەرزش ڕۆژانە، پۆپۆلیستانە و لۆمپەنانە خۆی دەخزێنێتە ناو مێشك و كونج و كەلەبەری ئەم كۆمەڵگایەوە و زۆرجاریش هەر بە مەبەست ئەم سۆسیال میدیا لۆمپەنە دەخرێتە بازاڕەوە بۆ چەواشەكردنی كۆمەڵگاو نەهێشتنی مۆڕاڵ و هەقیقەت.
گروپێك لە فاشیلترین كەسانی ناو كۆمەڵگا، وەكو بانگخوازو سۆسیۆلۆگ، قادەی ڕەئی، یوتوبەرو ئامۆژگاریكارانی گەنجان و ژنان خۆیان نمایش دەكەن. بەبێ ئەوەی كەمترین مەعریفەیان هەبێت و ئازارەكانی تاك و كۆمەڵگا هەست پێ بكەن.
بەشێك لە سەرمایەدارە ڕەسەنەكان، لەژێر هەڕەشەی ئەم لۆمپەنانە یان ئازار دەدرێن یان ناچار دەكرێن وڵات جێبهێڵن، لە شوێن ئەوە دروستكردنی سەرمایەدارو بزنیسمانی بێ بەها لە جیاتی ئەوان. 
خەریكە وایلێدێت. لۆمپەنیزم و پۆپۆلیزم، لە زۆرینەی كوچەو كۆڵان و پنتەكانی كۆمەڵگا هەست پێ دەكەی. لۆمپەنەكان و پۆپۆلیستەكان، بە ئاسانی دەستت بەریان دەكەوێت و دیالۆگیان لەگەڵ دەكەیت، دەیانبینیت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand