هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەتوركیا دەستیپێكرد
2023-03-31 20:37:49
درەو:
دوای كۆتایی هاتنی ماوەی تانە لێدان, ڕۆژنامەی فەرمی توركیا لیستی كۆتایی ناوی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بڵاوكردەوە, (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ و موحەرەم ئینجەو سەنان ئۆغان) ناویان لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە پەسەندكراوە, لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردنیش بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە, مۆڵەتی تا ڕۆژی (9)نیسانی داهاتوویان لەبەردەستدایە, بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیان.
ئەمڕۆ كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەتوركیا دەستیپێكرد, دوای ئەوەی بەفەرمی ناوی ئەو كاندیدانە ڕاگەیەندرا كە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەكەن و بڕیارەی ڕۆژی (14)ی ئایاری ئەمساڵ لەتوركیا بەڕێوەبچێت.
كاندیدەكانی سەرۆكایەتی
•ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: كاندیدی هاوپەیمانی (كۆمار), كە پارتەكانی دادو گەشەپێدان و بزوتنەوەی نەتەوەیی و یەكێتی گەورەو ڕەفاهی نوێ لەخۆ دەگرێت, پارتی (هودا بار)ی كوردیش كە پارتێكی ئیسلامیە پشتیوانی دەكات.
•كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ: كاندیدی هاوپەیمانی (میللەت), كە لەلایەن پارتەكانی گەلی كۆماری و باش و سەعادەت و ئایندەو دیڤا و پارتی دیموكراتەوە پشتیوانی دەكرێت, هاوپەیمانی (كارو ئازادی)یش پشتیوانی دەكات, كە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) گەورەترین پارتەكانێتی.
•سەنان ئۆغان: كاندیدی هاوپەیمانی (ئەتا) كە پارتی سەركەوتن بە سەرۆكایەتی (ئومیت ئوزداغ) رێبەرایەتی ئەم هاوپەیمانێتییە دەكاتو چەند پارتێك لە نمونەی پارتی (حەقیقەت) لەخۆدەگرێت.
•موحەرەم ئینجە: سەرۆكی پارتی (نیشتمان) كە ماوەی چوار خول ئەندامی پەرلەمانی توركیا بووەو لەپارتی گەلی كۆماری جیابووەتەوە.
لەڕۆژنامەی فەرمی بڵاوكرایەوە
دوای كۆتایی هاتنی ماوەی تانە لێدان ڕۆژنامەی فەرمی توركیا لیستی كۆتایی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بڵاوكردەوە, كە ناوی ئەو چوار كاندیدە لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە پەسەندكراوە.
یەكلابونەوەی ناوی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا لەكاتێكدایە, لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە, مۆڵەتی تا ڕۆژی (9)نیسانی داهاتوویان لەبەردەستدایە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیان.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی توركیا, بە هەڵبژاردنێكی سەخت و یەكلاكەرەوە دادەنرێت بۆ پارتە سیاسیەكانی ئەو وڵاتە, پێشبینی دەكرێت كێبڕكێی سەرەكی لەنێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی (كۆمار)و كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی (میللەت)دابێت.
ڕاپرسیەكانی مانگی ئازار
بە گوێرەی (9) راپرسی كە لە توركیا ئەنجامداراوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا شكست دەهێنێت، لە دواین ڕاپرسیدا كە كۆمپانیایەكی توركی ڕۆژی (14)ی ئازار ئەنجامیداوە, هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا دەچێتە خولی دووەم, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 46.2%ی دەنگەكان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕێژەی 43.1% دەنگەكان بەدەستدەهێنێت, بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی بنكۆڵكاریش كە لەومایەوەدا بڵاوبوتەوە ئەوە ئاشكرادەكات, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ بە (9) خاڵ لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوەیە, بەپێی لێكۆڵینەوەكە ڕێژەی دەنگەكانی قڵیچدار ئۆغلۆ 54.5% و ڕێژەی دەنگەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 45.5%.
بەپێی ئەنجامی ڕاپرسیەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا, كە بڕیارە ڕۆژی (14)ی ئایاری (2023) لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت و لەلایەن (9)كۆمپانیای جیاوازی تایبەت بەبواری ڕاپرسیەوە ئەنجامدراوە, كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی میللەت(ئۆپۆزسیۆن) بەڕێژەی جیاواز لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی كۆمارەوەیە.
خشتەی ڕاپرسیەكان و ڕێژەی دەنگی كاندیدەكان و ناوی كۆمپانیاكانی ڕاپرسی:
كۆمپانیای) (AVRASYA: كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 53.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 39.7%
كۆمپانیای (MAK): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 47%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 42%
كۆمپانیای (PAPORU): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 54.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 45.5%
كۆمپانیای (AR-G): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 46.2%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.1%
كۆمپانیای (AKSOY): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 55.6%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 44.4%
كۆمپانیای (PIAR): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 57.1%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 42.9%
كۆمپانیای (ALF): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 55.1%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 44.9%
كۆمپانیای (ORC): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 56.8%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.6%
كۆمپانیای (SAROS): كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ 45.5%-ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 43.2%
هەڵمەتێكی چڕو ئارام دەبێت
چاوەڕواندەكرێت بەپێچەوانەی ڕابردوو, بەهۆی كارەساتی بومەلەزەكەی ئەم دوایەو هاتنی مانگی ڕەمەزان, هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن چڕو ئارامتربن, كاندیدەكان كە بەكارهێنانی میوزیكیان لەهەڵمەتەكانیاندا قەدەغەكردووە, بەشێوەیەكی گشتی چاو دەخنە سەر دیدارە ناوخۆییەكان و پرۆگرامەكانی بەربانگ زیاتر لەگردبونەوەی جەماوەری.
پێدەچێت لەگەڵ هاتنی جەژنی ڕەمەزاندا كاندیدەكان هەڵمەتەكانیان چڕتر بكەنەوەو لەقۆناغی دەركەوتنی میدیایی و بەشداریكردن لەبۆنە كۆمەڵایەتی و ئاینیەكانەوە, بڕۆن بەرەو ڕێكخستنی گردبونەوەی جەماوەری لەسەرانسەری ویلایەتەكانی توركیا.