ئەو دەرگایەی حکومەت دەیەوێت دایبخات!

Draw Media

2023-03-24 12:30:10



ئارام سەعید

وەڵامێک بۆ نوسینگەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان

لە کوردستاندا دەسەڵات کۆنترۆڵی بەسەر حکومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت و میدیاو دەسەڵاتی دادوەریدا هەیە، هەربۆیە گۆڕانکاری لەناو سیستەمەکەوە قورس بووە. لەم جۆرە حاڵەتانەدا زۆر گرنگە چالاکوانان و رێکخراوە سەربەخۆکان و میدیای ئازاد داوای پشتیوانی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی جیهانی بکات بۆ ئەوەی فشار بخرێتە سەر دەسەڵات بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پرەنسیپە دیموکراسییەکان.

کاتێک ڕووبەڕووی حکومەتێک دەبێتەوە کە کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگادا هەبێت، زۆر گرنگە داوای پشتیوانی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکرێت، کاربکرێت بۆ دروستکردنی تۆڕو هاوپەیمانی و کەڵکوەرگرتن لە سۆشیال میدیاو پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان لە ڕێگەی میدیاوە.

لەکاتێکدا هاونیشتمانیان نەتوانن بە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و بەشداریکردن لە خۆپیشاندان مافەکانیان بەدەستبهێنن، ئەوا پەنابردن بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی حکومەت بۆ مافەکانی مرۆڤ و بەرەوپێشبردنی شەفافیەت و لێپرسینەوە ئەرکێکی گرنگە.. هەروەها ئاشکراکردنی گەندەڵی و ڕاپۆرت لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان دەبێتە چالاکییەکی گرنگ و ئالەوکاتەدا نوسینگەی راسپاردە نێودەولەتییەکان دێتە سەر خەت و دەیەوێت ئەو تەنها دەرگایەش لەسەر خەڵک دابخات.

ئەگەر حکومەت چارەسەری پرسی مافی مرۆڤ و توندوتیژی دژ بە ڕۆژنامەنوسان لە کوردستاندا پێ ناکرێت، ئەوا ئامانجی هەبوونی فەرمانگەیەکی لەوشێوەیە بۆ راسپاردە نێودەوڵەتییەکان زیادەیەو بودجەکەی بۆ باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ بەکاربێت باشترە.. چونکە گەر سەرنج بدەین ئەو نوسینگەیە ناتوانێت پێچەوانەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەره‌وەی ئەمریکا بسەلمێنێت، لەمەسەلەی دامەزراندنی سەرۆکی زانکۆکاندا کە دەڵێت بە تەزکیەی حزبیەو هەروەها مامەڵەی خراپی دەسەڵات لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکاندا هیچ وەڵامێکی نیە کە بتوانێت قەناعەتمان پێ بکات.

پێویستە حکومەت درک بەوە بکات کە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و دەستەبەرکردنی سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان تەنها ئەرکێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو ئەرکێکی یاساییشە. دەبێت حکومەت کار بکات بۆ داننان بە پێشێلکاریەکانداو چارەسەرکردنی ئەو تەحەددایانەی ڕووبەڕووی هەرێم بوونەتەوەو هەنگاو بنێت بۆ چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکی شەفاف و لێپرسینەوە نەک تەنها خەریکی وەڵامدانەوە بیت.

پشتگوێخستنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و توندوتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان بەرهەمی کلتورێکە کە سەروەری یاسای تیدا نیە. هەروەها زیان بە ناوبانگی هەرێم و حکومەت دەگەیەنێت لە چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی پشتیوانی و پشتگیری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

زۆر گرنگە رێکخراوەکان و میدیا بەشێوەیەکی سەربەخۆ کاربکەن و لەژێر کاریگەری فشارە سیاسییەکان یان لایەنگرییەکاندا نەبێت. پێویستە سەرنجی سەرەکی لەسەر چارەسەرکردنی ئاستەنگەکان و دڵنیابوون بێت لەوەی کە حکومەت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت لەسەر کارەکانی. ئەمەش تەنها بە شەفافیەت و گفتوگۆو هاوکاری نێوان حکومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست دێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand