کوردستان و مایکرۆسۆفت و ستی بانک و فەرگەسۆن

Draw Media

2023-02-03 10:42:16



فازڵ كوردى

زۆر لەمێژ بوو هەستمان بە داڕمانی سیستەمی دارایی و ئابوری لە عیراق و کوردستان کرد! بەڵام کەس گوێی نەگرت! ستی بانک یەکێکە لە بانکە گەورەکانی ئەمریکاو جیهان لە ساڵی ٢٠٠٧ ئامادەبوو بەهاوکاری مایکرۆسۆفت سیستەمی دارایی بە ئەلیکترۆنی بکات بۆ ڕێگرتن لە دزی و ڕاوڕوت و سپیکردنەوەی پارە بەقاجاغ! ڕێک وەک ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە عێراق و کوردستان کە ڕۆژانە بە دەیان ملیۆن دۆلار بە قاچاغ دەبردرێتە دەرەوەی سنورەکان.  تەنها لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە (٤٠ ملیار) دۆلار دزراوەو بە قاچاغ ڕەوانەی وڵاتان کراوە!
ئەمەی خوارەوە یەکیکە لە بیرەوەرییەکانم کە کاتی خۆی لە خەمی بە سیستەمکردنی سیستەمی دارایی و دراو بووم لە عێراق بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی.

کوردستان و مایکرۆسۆفت و ستی بانک و فەرگەسۆن
لە گەرمەی بایکۆتی سوننە لە حوکمڕانی عێراق و چالاکی چەکداری ڕۆژانەی گروپە چەکدارە تیرۆریستەکان لەدژی حکومەتی خۆجێیی و ناوەندو هێزەکانی ئەمریکا، بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ (کۆتا چارەگی ساڵی ٢٠٠٥ هەتا چارەگی یەکەمی ٢٠٠٧) بەڵێندەری حکومەتی ئەمریکا بووم لە موسڵ لەگەڵ (پی ئاڕ تی) وەک نوێنەری (یو ئێس ئەی ئای دی) بۆ کارکردن لەسەر تواناسازی حکومەتی خۆجێیی و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە لە هەموو بوارەکانی ژیان کە لەلایەن ئەمریکاوە بودجەی بۆ تەرخان کرابوو! 
بۆ زانیاری و بەرچاوڕوونی (پی ئاڕ تی نەینەوا) بەشێک بوو لە قونسوڵگەری موسڵ بۆ سەرپەرشتی پڕۆژەکانی هەر سێ پارێزگای نەینەواو دهۆک و هەولێر. (پی ئاڕ تی کەرکوک) بەشێک بوو لە قونسوڵگەری کەرکوک بۆ سەرپەرشتی پڕۆژەکانی هەر سێ پارێزگای کەرکوک و تکریت و سلێمانی. 
ئەوکات نە قونسوڵگەری هەولێر، نە (ئاڕ ئاڕ تی) بوونی نەبوو و دەستبەکار نەبوون، هەرێمی کوردستان سەر بە پی ئاڕ تی نەینەوا بوو.
ئەوکات باری ئەمن و ئاسایش لە نەینەوا بەگشتی و ناو شاری موسڵ بەتایبەتی زۆر خراپ و ناجێگیر بوو، هەفتە نەبوو هاوەنباران نەکرێین یان مین و بۆمب نەچێندرێ لەسەر ڕێگامان لەلایەن چەکدارە توندڕەوە تیرۆریستە ئیسلامییەکان! ئەمریکا بە هەموو توانای هەوڵی بەرقەراری ئەمن و ئاسایشی دەدا لە موسڵ لەڕێگای پڕۆژەی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لە شارەکە، بەجۆرێک داوا لە مایکرۆسۆفت و ستی بانک و کۆمپانیای تراکتۆری فارگەسۆن کرا وەک سێ وەبەر‌هێنەری زەبەلاح پڕۆژەی وەبەرهێنان بە چەندین ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان بکەن لە موسڵ! 
لە بەغدا تیمەکە ڕەوانه‌ی موسڵ کران، پێشوازیم لە هەرسێ نوێنەرەکە کرد لە فڕۆکەخانی سەربازی کە بە فڕۆکەیەکی سەربازی لە بەغدا بۆ موسڵ نێردرابوون. لەماوەی مانەوە لە موسڵ و بۆ شارەزابوون لەباری ئەمنی و پڕۆژەکان لە کۆبوونەوەی ڕۆژانەی (پی ئاڕ تی) بەشدار بوون، سەردانی پارێزگارو ئەنجومەنی پارێزگامان کردو چەندینجار کۆبوونەوەمان ئەنجام دا، پێویستە بگوترێ کە لایەنی حکومی خۆجێی موسڵ زۆر هاوکاربوون بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکان! سەرئەنجام هەموومان گەیشتن بەوەی کە لەم بارودۆخە ئەمنیە خراپ و ناجێگیرە پڕۆژەکانی ئەوان لە موسڵ جێبەجێ ناکرێ و تیمەکە بڕیاری گەڕانەوەیان دا بۆ بەغدا! بەڵام من هەولێرم پێشنیار کرد وەک شارێکی ئارام و ئەلتەرناتیڤێک بۆ موسڵ هەتا بارودۆخی شارەکە چاک دەبێ! بیرۆکەکەی منیان پەسەند کردو دەستمان کرد بە ئامادەکاری و پلاندانان بە تەنسیق لەگەڵ ئۆفیسی (یو ئێس ئەی ئای دی) هەولێرو پەیوندیکردن لەگەڵ حکومەتی خۆجێی و پارێزگارو وەزارەتە پەیوەندیدارەکان. لە ئۆفیسی هەولێر پێیان ڕاگەیانین کە هەموو ئامادەکارییەک کراوەو حکومەتی هەرێم چاوەڕێی سەردانی سێ نوێنەرەکەن بۆ هەولێر!
بە کاروانێکی سێ ئوتومبێلی سەربازی و سترایکەرێک بەیانی زوو بەڕێکەوتین بەڵام لە ناوچەی پیشەسازی کەوتینە بەر دەستڕێژی گولەو (ئاڕ پی جی)! بڕیاری سەربازی گەڕانەوە بوو بۆ ناوشار بۆ ئەوەی ئەمجارەیان لە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی موسڵ دەرچین، بەهەمانشێوە لەناو تاقی دەروازەکەش کە پێکهاتبوو لە دوو تاق بۆمبیان چاندبوو پێمان تەقیەوە. 
"لە ڕوداوێکی هاوشێوە، جارێکی تر لەنیوان موسڵ و تەلەعفەر بۆمبێکی تریش لەژێر کاروانە هەمڤیەکەمان تەقیەوە"!!
بەهەرچی چۆنێک بێ گەیشتینە ئۆفیسی هەولێر، بۆ پاشنیوەڕۆ بڕیار بوو کۆبوونەوە بکەین لەگەڵ لایەنی حکومی بەڵام بەبێ ئاگادارکردنەوە نەهاتن! بۆ بەیانی بڕیاردرا کە ئێمە بچین بۆ لای ئەوان، ئەویشیان هەڵوەشاندەوە! دەستی دەستیان پێکردین بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەبێ ئەوەی هیچ بەرپرسێک ببینین! لە دوایین ڕۆژ نوێنەری پەیوەندییەکان لە حکومەتی هەرێم پەیوەندیان کرد بە ئۆفیسی هەولێرو پێیانوتن بە قسەی خۆیان کە ئەو پارەیەی تەرخان کراوە بۆ ئەم پرۆژانە پێویستە بدرێ بە وەزارەتەکانی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی خۆیان پڕۆژەکان جێبەجێ بکەن، هەر لەلایەن خۆیان چەند کەسێکی سەرپەرشتیاری کارگێڕیش دادەنێن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی وەبەرهێنەرەکان بکەن!! ئەم داوایە لەلایەن هەرسێ کۆمپانیا ڕەتکرایەوەو ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییە باشانە لەدەستچوو، چونکە لە بنەڕەتدا پڕۆژەکان بۆ تواناسازی و بوژاندنەوەی کەرتی تایبەت بوو بە هاوکاری حکومەت!!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand