Draw Media

بۆچی دوورگەی سینتۆسا بۆ كۆبوونەوەكەی ترەمپ – كیم دیاریكراوە؟

بۆچی دوورگەی سینتۆسا بۆ كۆبوونەوەكەی ترەمپ – كیم دیاریكراوە؟

2018-06-06 22:37:32


وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ و سەرۆكی كۆریای باكور كیم جۆن ئون لە هۆتێلێكی دوورگەی سینتۆسای سەنگاپورە بەڕێوەدەچێت، ئەوەش بەگوێرەی جەختكردنەوەی كۆشی سپی.
دوو هەفتە لەمەوبەر ترەمپ لە كتوپڕێكدا كۆبوونەكەی لەگەڵ كیم هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو ١٢ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بەڵام دوای گفتوگۆی چڕی نێوان هەردوولا جارێكی تر بڕیاردرا كۆبوونەوەكە بكرێت و رۆژی سێشەممە ترەمپ وتی كە ئامادەكارییەكانی كۆبوونەوەكە " بەشێوەیەكی باش " بەڕێوەدەچێت.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەیەوێت سەرۆكی كۆریای باكور دەستبەرداری چەكە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی  بێت،  بەڵام تا ئێستا ئەو پرس و دۆسیانە ئاشكرانەكراون، كە لەسەر مێزی گفتوگۆی سەنگاپورە باسدەكرێن، ترەمپ لەو رووەوە ئاماژەی بەوەدا كە دیدارەی یەكەم بە زنجیرەیەكی دورودرێژ لە دانوستان دەستپێدەكات و بە دیدارێكی " زۆر گرنگ بۆ زاننینی هەڵوێستی لایەنی بەرامبەر" وەسفیكرد.
ترەمپ  رۆژی سێشەممە لە لێدوانیدا بۆ رۆژنامەنووسان  وتی كە ئەو " پەیوەندی زۆری بونیادناوە و پێش دەستپێكردنی گەشەكە چەندین دانیشتن بۆ گفتوگۆكردن بەڕێوەچووە " وتیشی " كارێكی زۆر گرنگە و دوو رۆژی زۆر گرنگ دەبێت".
كۆبوونەوەكەی سەنگاپورە یەكەمین دیداری نێوان سەرۆكی كۆریای باكور و سەرۆكێكی ئەمریكی دەبێت كە هێشتا لە پۆستەكەیدا بێت و سارە ساندەرز وتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر جەختیكردەوە كۆبوونەوەكە لە هۆتێلی پێنج ئەستێرەی " كابێلا" بەڕێوەدەچێت، بەڵام وادیارە ئەو دوور سەرۆكە لە شوێنی تر دەمێننەوە و ئەگەری ئەوە هەیە ترەمپ لە هۆتێل " شانگرێلا" بمێنێتەوە كە سەرۆكەكانی پێشووتری ئەمریكا تێیدا ماوەنەتەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت سەرۆكی كۆریای باكور لە هۆتێلی " زە سانت ریگیس سەنگاپورە" بمێنێتەوە، ئەوەش بە گوێرەی رۆژنامەی "ستریتس تایمز"، هەردووو هۆتێلەكەش دەكەونە ناوەڕاستی دوورگە بەناوبانگەكە و نزیكن لە بازاڕی سەرەكی دوورگەكە كەناوی " رۆد ئۆرشارد"ە.
سینتۆسا یەكێكە لەو 63 دوورگەیەی كە رووبەری خاكی سەنگاپورە پێكدەهێنن  و 500 هێكتارە و زۆر لە دوورەگە سەرەكییەكەوە دوور نییە و بەناوبانگە بەوەی كە چەندین بەندەری تایبەت و یانەی گۆڵفی پێشكەوتووی لێیە.


بۆچی دوورگەی سینتۆسا؟
ئەوەی كە وایكردووە كە دوورگەی سینتۆسا بۆ كۆبوونەوەی لوتكەی ترەمپ و كیم دیاریبكرێت، كە شوێنێكی سەقامگیر و ئاسایشی پارێزراوە و رێگاكانی بەئاسانی كۆنترۆڵدەكرێن و تەلەفریكێك و هێڵێكی شەمەندەفەری  و پردێكی پیادەڕەو و تونێلێكی هاتوچۆی ئۆتۆمبیلی تێدایە و ئەگەر ترەمپ و كیم  بخوازن پشوو بدەن لەكاتی كۆبوونەوە مێژوویەكەیاندا پشوو بدەن، ئەوا چەندین یاریگای گۆڵفی ناوازەی تێدایە، بەڵام دوورگەكە مێژوویەكی لە چەتەگەریی و خوێنڕشتن و جەنگ هەیە.
ناوەندی راوەدوونانی چەتەكانی دەریا
سەنگاپوورە لە سەدەی نۆزیەمەدا بە بنكەی بازرگانی بەریتانیا دادەنرا و بەریتانیا كردبوویە بنكەی سەرەكی رێگای دەریایی  نمونەییی نێوان هیند و چین ، بەڵام پێش دەسەڵاتی بەریتانیاش سەنگاپور ناوەندێكی بازرگانی گەشەسەندوبوو و بازرگانەكان و هەروەها چەتەكانیش روویان تێدەكرد.
سینتۆسا ئەو كاتە بە " پاولۆ بلانكاگ ماتای" ناسراو بوو كە واتای " دوورگەی پشت مەرگ" دەگەیەنێت بەهۆی ئەو ناوبانگە خوێناوییەی هەیبوو لە كاری چەتەگەریدا و دانیشتوانەكەشی زۆرینەیان مالاویی و چینی و رەگەزی ئەلبوقەیس بوون، كە ئەمانە دەریاوانی گەڕۆك بوون و لە بنەڕەتدا خەڵكی دوورگەی سولاویزی ئیندۆنیزیا بوون.
پێگەی دوورگە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا
سەنگاپوورە ساڵی 1942 دوای خۆ رادەستكردنی هێزە داگیركەرەكانی بەریتانیا كەوتە دەست ژاپۆنییەكان، ئەوانیش ناویاننا" سیۆنا" واتا روناكیی باشوور، لە چەند ساڵی دواتریشدا لە ئۆپەراسیۆنێكی  پاكتاوكردنی خوێناویدا هەزاران كەس لە رەگەزی چینی نەیاری ژاپۆنییەكان كوژران و پیاوانی چینی كە تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 50 ساڵدا بوو  دەبرانە شوێنێك و گوللەباراندەكران و دواتر فڕێدەدرانە دەریاوە و یەكێك لەو شوێنانەی كە ترسانكترین رەشەكوژی تێداكرا كەنارەكانی دوورگەی سینتۆسا بوو، كە ئێستا هۆتێلی " كابێلا" ئەو هۆتێلەی دیدارەكەی سەرۆكی ئەمریكا و كۆریای باكوری تێدا بەڕێوەدەچێت بەسەریدا دەڕوانێت، هەروەها دوورگەكە سەربازگەیەك بوو بە دیلەكانی جەنگ و نزیكەی 400 دیلی هێزەكانی هاوپەیمانانی لەخۆگرتبوو.


گەشەسەندنی گەشتوگوزار و رووداوە تراژیدییەکان
لە ماوەی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا ، حكومەتی سەنگاپورە ناوی سینتۆسای بۆ دوورەگە گەڕاندەوە كە بە واتای " ئاشتی و هێمنی " دێت و دەستیكرد بە گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی وەك شوێنێگی گەشتوگوزاری ناوازە، بەڵام دواتر چەندین كێشە روویاندا و لە ساڵی 1983 دوو فارگۆنی تەلەفریگە گەشتوگوزاری دەریایی نقومبوون كاتێك تەلەكانیان لە كەشتییەك گیرا، هەروەها سەیرانگەیەكی ئاویی بەناوی " فانتازی ئایلاند" كرایەوە، بەڵام دواتر بووە مایەی سكاڵای لە بارەیەوە كرا كە پەیوەست بوون بە سەلامەت و ئاسایش و ساڵی 2000 منداڵێكی تەمەن هەشت ساڵان گیانی لەدەستدا دوای وەرگەڕانی بەلەمە بچوكەكەیان وبەوەش سەیرانگاكە ساڵی 2002 داخرا.
دوای ئەم رووداوانە سینتۆسا جارێكی تر پێداچوونەوەی كرد و پلانی دامەزراندنی ستۆدۆیكانی یۆنیڤێرسال و سەیرانگەیەكی تری ئاویی و ژمارەیەك گازینۆی " ریزۆرتس وۆڵد" ساڵانە  هەزاران هاوڵاتی سەنگاپورە و گەشتیارانی  بۆلای خۆی كێشكرد.
یاریگای دەوڵمەندەكان و بەناوبانگەكان
هەروەها لە سینتۆسا یەكێك لە باڵاترین و ناوازەترین ناوچەی نیشتەجێبوون لە خۆدەگرێت كە ناوی " سینتۆسا كوف" ەو بەهای خانوەكانی چەندین ملیۆن دۆلارە و چەندین یەختی گرانبەهاشی تێدایە و هاوكات لە دوورگەكەدا ژمارەیەكی زۆر لە یاریگای گۆڵف و هۆتێلی ناوازە و چێشتخانەی ئاستی بەرزی جیهانیی هەن.


سەرچاوە: سایتی بی بی سی

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand