ئارام سەعید ئێستا لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا بزوتنەوەی نارەزایەتی سەرهەڵدەدات کە سەرۆک یان سەرکردەیان نیە، لەکاتێکدا کە سەدان و بگرە هەزاران و ملیۆنەها لە هەندی شوێن درژێنە سەر شەقامەکان بەبێ سەرکردە، لە عێراق،لوبنان،هۆنگ کۆنگ چیللی لەریگەی سۆشیال میدیاوە گردبونەوەو خۆپیشاندانی گەورەیان کرد کە هەندیکیان گەیشتۆتە گۆرینی حکومەت وەک لە عێراق و لوبنان رویدا. هۆکاری سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان جیاوازن، لە لوبنان هۆکاری سەرەکی نارازیبونی خەلک بوو لە دانانی باج لەسەر وەتس ئەپ،لە چیللی حکومەت بریاریدا نرخی میترۆ زیاد بکات، لە فەرەنسا هێلەک زەردەکان لەسەر گرانکردنی نرخی بەنزین رژانە سەر شەقامەکان، لە جەزائر پاش ئەوەی بوتەفلیقەی کەنەفت ویستی خۆی بە سەرۆک هەلبژێریتەوە بۆ خولی پێنجەم، لە عێراق کۆمەڵیک دەرچوی زانکۆ داوای دامەزراندنیان کرد و حکومەت توندوتیژ وەلامی دانەوە و خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەر دەستی پیکرد تا گەیشتە گۆرینی سەرۆکی حکومەت و هەلوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و چەندین گۆرانکاری تر.... جیاوازی ئەم خۆپیشاندانانە ئەوخالە هاوبەشەیە کە لە هەمویاندا دەبینریت ئەویش سەرکردەو حزبی لەپشتەوە نیە، مانیفیستیکیان نیە، بەلکو لە ریگەی سۆشیال میدیاوە رێکدەخرین و هەرکەس بە سمارت فۆنی خۆی بەشدارەو رێنمایی لە حزبەوە وەرناگرن. هەربۆیە دەسەلاتداران چەند چالاکەوان و نارازی دەگرن و زیندانیان دەکەن بەڵام خۆپیشاندانەکان بەردەوامە، خۆپیشاندانەکانی عیراق بە نمونە کە تا ئێستا چەندین کەس غافڵکوژکراوەو رفێندراون و زیندانی کراون، بەلام بەردەوامن. نەبونی سەرکردە لەو خۆپیشاندانانەدا چەند لایەنیکی باش و خراپی هەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە حکومەتە ستەمکارەکان ناتوانن بە ئاسانی سەرکوتیان بکەن چونکە نایان ناسنەوەو نازانریت کێ سەرکوت بکەن، پاشان وتوویژ لەگەلیان ئاسان نیە چونکە نازانریت لەگەل کێ وتوویژ بکریت، چونکە بەشێکی زۆری ئەو کەمپەین و نارەزاییانەی لەرێگەی سۆشیال میدیاوە دەکرێن بەشێوەیەکی ئاسۆیی کاردەکات واتە هەیکەلێکی رێکخراوەیی نیە، کەس سەرۆک نیە، جێگر و مەکتەبی سیاسی نیە، هەرکەس لەرێگەی مۆبایل یان لاپتۆپەکەیەوە وەک سەرکردەیەک کاردەکات ، هەموان چالاکوانن دروشم دەنوسن و نارەزایی دەردەبڕن و دەکرێت یەکێک چالاکتر بێت لەوی تر بەڵام کەس سەرۆک نیە! ئەگەر کەسێکیش هەلکەویت ئەوا گروپێکی دەبێت و ناتوانێت ببیتە سەرکردەی هەموان. " بێ هیچ شکڵێک خۆت نیشان بدە، بێ شکڵ(فۆرم)، وەک ئاو بە" ("كن بلا شكل ، بلا شكل ، مپل الماو") ئەمە ئەو دروشمەیە کە ئیلهامی لە ئەکتەری بەناوبانگ بروس لی یەوە وەرگیراوە کە مەبەستی ئەوەیە بەبی شکل بە بۆ ئەوەی نەتوانن زەفەرت پێ بەرن، ئەو دروشمە بوو کە ماوەی پێنج مانگ خۆپیشاندەرانی هۆنگ کۆنک حکومەتیان لەرزاند. بەبێ بونی سەرۆک هەمویان لە سۆشیال میدیاوە بەستراتیژیەتێکی زیرەکانە کاریانکرد. هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە چالاکەوانەکان خۆیان ئاشکرا ناکەن لەو ولاتانە وانەیەکە لە رابردو وەریان گرتوە ئەویش کە زیندانیی نەکرێن و بتوانن بەردەوام بن،چونکە زۆر لەو سەرکردانەی ئاشکرا دەبن زیندانیی دەکرێن و تۆمەتی جیاجیایان بۆ دروست دەکەن. لایەنی خراپی خۆپیشاندانی بێ سەرکردە ئەوەیە هەندیک جار دەبیتە هۆی بەکارهینانی توندوتیژی و لەئەنجامدا پاساو دەداتە دەسەلات بۆ سەرکوتکردن وەک ئەوەی لەگەل هێلەک زەردەکانی فەرەنسادا رویدا، پاشان چیللی و هۆنگ کۆنگ، عێراق و لوبنانییش، کە ئەوەش دەبیت هۆی شکست و کۆتایهاتنی نارەزایەتیەکان. هۆکاریکی تری ئەوەی ئەو خۆپیشاندانانە بۆ سەرکردەیان نیە ئەوەیە ئەوانەی دێنە سەرشەقام یەک ئامانج کۆی نەکردونەتەوە واتە هەر گروپەو لە شتێک نارازیە و ناتوانن یەک پەیامیان هەبێت بۆ هەموان، کە یەک نەگرن لەسەر ئامانجیک ئەوا لەسەر سەرکردەیەکیش کۆک نابن ،ناتوانیت نارەزایەتیەکان یەک بخەیت. پرسیار ئەوەیە ئەم خۆپیشاندانانە بەکوێ دەگەن؟ ئایا دەتوانن هەروا بێ سەرکردە بمێننەوەو کۆنترۆڵ لەدەستی خۆیاندا بێت؟
ئومێد حەمەعەلی پێیان بڵێیت فاشیست پڕ بە هۆش و، ئەخلاق و ڕەفتار و بیرکردنەوەیانە. بێ چەندوچون بەشێکن لە زنجیرەی هەموو ئەو سیستەم و دەسەڵاتە سیاسییانەی خۆرهەڵات، کە زەڕەیەک قیمەت بۆ مرۆڤ و ئازادی و مافەکانی ڕەوانابینن. لەهەموو قۆناغەکانی فەرمانڕەواییانا بە ئەزمون داڕمانی خۆیان لە ژیانی سیاسی و پەیوەندی خەڵک و دەسەڵات و، پەیوەندی و بەرخوردی دامەزراوەکان لەگەڵ ئازادییە کەسییەکان و دەربڕینی ئازادانەدا، سەلماندووە. جۆریی ئەخلاق و بیرکردنەوەی فاشیزمی حیزبی و خێڵەکییان بەئاشکرا خەریکە کۆمەڵگەی ئێمە لەناوەوەی خۆیا ئەهاڕێت، دەنگەکان دەکوژێ و نوزەکانی ئازادی و برسییەتی بەزەبریی هێز خامۆشئەکات. لەم پرۆسەیەدا پارتی وەک بەرجەستەکاریی فاشیزمێکی خێڵەکی و حیزبی بەشێوەیەکی چڕ و بێ باکانە لە خودا و خەڵک، لە بەها و ئەخلاق و لە دیموکراسی و مافە گشتیی و بنەڕەییەکانی مرۆڤ، کارخانە فاشیستیی و گرگنە ئەمنییەکەی خۆی خستۆتەگەڕ و سەری ئازاد و ناڕازیی کۆمەڵگەکەمان دەهاڕێ. لەم ساتە پڕ لەتاوان و سەرکوتگەرییەدا لەهەموو کات زیاتر پێویستە بیرمان لای ئەوەبێت هۆی چییە مێژووی ئێمە بە ستەم و فاشیزم و جۆرەکانی تاکڕەوی و تەوریسی سیاسی و بنەماڵەییەوە گیرۆدەیە و، نەمانتوانیوە تێیانپەڕێنین؟ دەبێ لەخۆمان بپرسین بۆچی هێزی سیاسی ئێمە لە مێژووی سەدەی ڕابردوودا شکستی هێناوە تەنانەت لەجێبەجێکردنی بەرنامە و دروشمەکانی خۆیدا؟ دەبێ بپرسین، ئایا هۆکاریی ئەو کێشانەی لەم پرسیارانەدایە، ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نەمانتوانیوە لە بیرکردنەوەی خۆماندا دەسەڵات و پیرۆزی بنەماڵەکان، سەرۆکەکان و کاریزماکان بشکێنین وەک ئینسان و سەرکردەی ناو مێژوو تەعامولیان لەگەڵ بکەین؟ نەک وەکو بونەوەریی باڵا و موقەدەس؟ ئایا هۆکارەکە ئەوە نییە، شەڕەکان لەمێژووی ئێمەدا تەنیا لەوەدا کورتبونەتەوە کە شەڕی نێوان کۆماڵێک دەستە و گروپی سیاسی بن، نەک ململانێی نێوان کۆمەڵێک بیرکردنەوەی داهێنەرانە، کە بەردەوام لەخەمی بەدیلی فیکری و سیاسی و ئەخلاقی جیاوازدابێت. بۆ ئەم چرکە ساتە: ئەوەی پێویستە ڕسواکردنی زیاترە. میدیا و ڕۆژنامەنوسان، سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکان و دامەزراوە و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان هەر یەکەیان بەپێی توانا و ڕێگای خۆی بەچڕی ئیش لەسەر ئەو دەستدرێژییانە بکات کە ڕوونی ئازادی مرۆڤ و کۆمەڵگەی ئێمە وێرانتردەکات. سەرباریی ڕەخنەکان، پەرلەمان و بە تایبەت پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەی خەمی گشتییان هەیە دەتوانن بە یاداشت لەڕێی دامەزراوەکەیانەوە، سەردانی موکوڕانە بۆ دەزگاکانی ئەمنی و پەیوەندیکردن بە ڕێکراوەکانی مافی مرۆڤ و هەموو کونسوڵگەریی وڵاتە دیموکراتییەکان و، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵمەتی قسەکردن و هێرشی میدیایی بەرفراوان بۆ سەر ئەو ڕەفتارە ئەمنییە دژ بە ماف و ئازادییە ئینسانییانە، ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی پێویستی خۆیان بگێڕن.
حەسەن بارام عێراق وبەڕێز مستەفا کازمی لەبەردەم لانی کەمی (١٠)کێشەی گەورە وپڕ لەمەترسیدان ، ئایە دەتوانرێت ئەم ھەموو کێشە وگرفتە ھەڕەشە ئامێزانە تێپەڕێنێت ؟! کەمن بڕوام وایە ئەم کێشانە نەک ھەر چارەسەر نابن ، بەڵکو بەدوری نازانم عێراق لەلێواری شەڕی ناوخۆ ودابەشبون وکاولکاری زیاتر نزیک بکاتەوە ، کێشەکانیش بریتین لە : ١- خۆپیشاندانەکانی ئایندە . ٢- پیلان وبەرنامە دژەکانی ھەندێک لەمیلیشیاکانی حەشدی شەعبی . ٣- گرفت وقەیرانی دارایی . ٤- زیادبونی جموجۆڵ وھەڕەشەکانی داعش . ٥- زیندوبونەوەی سوننەکان وداواکردنیان بۆ دروستکردنی ھەرێمیکی سونی . ٦- جموجۆڵە گوماناوییەکانی بەعسیەکان . ٧- گوشارەکانی ئێران بۆ سەر کازمی بۆ دەرکردنی ئەمەریکیەکان لەعێراق وھێڵانەوەی گروپەکانی حەشد ودروستنەکردنی ھیچ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ ئیسرائیل. ٨- گوشارەکانی ئەمەریکا بۆ نەھێڵانی حەشد وبڕینی دەستی ئێران لەعێراق ، ھەروەھا کارکردن بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ئیسرائیل وعێراقدا . ٩- چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم وبەغدا ، بەتایبەتی لەسەر ناوچە جێ ناکۆکەکان . ١٠ سەرباری بەرزبونەوەی ڕێژەی پەتای کۆرۆنا لەعێراق .
رێبوار کەریم وەلی لە کاتێکدا کە پەتای کۆڕۆنا و قەیرانی دارایی و متمانە بە دەسەڵات، تەنگی بە هاووڵاتیان هەڵچنیوە، ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەنوسی، دەربڕینی ناڕەزایەتیی گشتی و تاکەکەسی و، جیاوازیی بیروڕا لە لایەن دەسەڵاتەوە کراوەتە ئامانج. * کارنامەی حکومەتی هەرێم کە متمانەی لە پەرلەمان و حزبە بەشداربوەکان وەرگرتووە، بە کەمترین وشە باس لە ئازادیی ڕادەربڕین و رۆژنامەنوسی دەکات. لە ماوەی رابردووشدا، ئەو پرۆژە یاسایانەی کە لە مەتبەخی حکومەتەوە رەوانەی پەرلەمان دەکرێن، لەژێر ناوی (رێکـ ـ خستن)ەوە، مەودایەکی ئەوتۆیان بۆ هیچ سەرەقوتەیەک نەهێشتۆتەوە. * هەرچییەک کە بەدڵی دەسەڵات نەبێ لە سێ حاڵەت بەدەر نابێ. یەکەم، دەربڕینی ناڕەزایەتی یەکسانە بە هاندانی خەڵک بۆ توندوتیژی و پێشێلکردنی رێنماییەکان کە ئەگەر شکی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی سلێمانیت لێبکرێ، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەتگرێتەوە. دووەم، ئەگەر باس لە نەبوونی ئازادی، ئەدای خراپی حکومەت و گەندەڵی بکەی، ئەوکاتەش بە تۆمەتی ناوزڕاندن راپێچ دەکریێ. سێیەمیش لێرە بەولاوە باسکردنی رابردوو دەبێتە بێڕێزی و سوکایەتی بە رەمز و پیرۆزییەکان کە تەنانەت ئەگەر پرۆژەکەش نەبێتە قانون، تا ئەوکاتە قانونێکی دیکەی بۆ دەبیننەوە. * هەر سێ حزبە سەرەکییەکەی دەسەڵات کە کێشەیان لەگەڵ دەرەوە و ناوەوەی خۆیان هەیە، پێیانوایە دەتوانن لەو رێگەیەوە رای گشتی بەرزەفت بکەن، بەڵام لە راستیدا ئەو کۆتوبەندانە، بە فیعلی پاڵنانی خەڵکە بۆ ئەو ئاراستەیەی کە خۆیان لێیدەترسن. ئازادی لە کوردستان نە موڵکی حزبە سیاسییەکانە و نە میراتێکە لەسەریان تاپۆ کرابێ! بگرە بەرهەمی قوربانیدانی هەزاران گەنج و پیری ئەم وڵاتەیە و هیچ پاساوێک ناتوانێ سنورداری بکات، مەگەر ئەوەی کە دەسەڵات بتوانێ قەرەبووی ئەو مێژووە بۆ خەڵک بکاتەوە کە ئەوەش مەحاڵە. * ئازادیی بێ ناوەرۆک و کۆتوبەندکراو بە قانونی جۆراوجۆر، کۆمەڵگا و حوکمڕانی لە بنچینەی سەرەکیی مافەکانی مرۆڤ دور دەخاتەوە. گرتن و راوەدونانی چالاکوان و رۆژنامەنوسان، دروستکردنی لەشکرێک لە قەڵەمی موالی بۆ بێڕیزی بە جیاوازئەندێشان، بۆمبێکی تەوقیتکراوە کە بە ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا دەتەقێتەوە…هەموو رێگرییەک دەرفەتێکە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکی دیکە. * کۆمەڵگە و دەسەڵاتێک کە لای خەڵک بانگەشەی ئازادی بکەن، دەبێ ئەو ئازادییە بۆ دەربڕین بێت، لەهەر شوێنێک ئازادییەک هەبێ، بۆ دەربڕینە و دەربڕینیش تاوان و سەرپێچی نییە. لەهەر شوێنێکیش دەربڕین تاوان بوو کەواتا ئازادی درۆیەکی شاخدارە!
شوان محەمەد باشە ئەوەی من لێی تێناگەم ئەو پەرلەمانتارانەی کوردستان کە پێشتر رۆژنامەنووسبوون، یان سەرو سەودایان لەگەڵ کاری رۆژنامەنووسی هەبووە، بۆ ناچنە بەردەم ئاسایشی هەولێر، یان دهۆک داوای بینینی شێروان شیروانی رۆژنامەنووس بکەن..؟ بۆ ناچن بڵێن حکومەت ، ئاسایش ، دادگا هەموو کەسێک بەپێی دەستوری عێراق و پێودانگە نێودەولەتییەکان مافی ئەوەی هەیە هەر لە رۆژی یەکەمی دەستگیرکردنیەوە پارێزەرەکەی بیبینێت، ئێوە بە چ یاسایەک رێگا نادەن..؟ بۆ ناچن بەرۆکی دادگا و داواکاری گشتی بگرن و بڵێن وڵات بەم دەسەڵاتە دژە ئازادییە بەڕێوە ناچێت..؟ دوو هەفتەیە شێروان شێروانی گیراوە.. من گومان لە جدیەتی هەر رۆژنامەنووسێک و رۆشنبیرێک و پەرلەمانتارێک و کەسانی یاسایی دەکەم کە بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانەی بەرامبەر مافی مرۆڤ دەکرێت، هەر لە ژێرەوە نووزەیان دێت..!!!!
لهتیف فاتیح فهرهج ههقیقهتهكه ئهوهیه كه حكومهتی ههرێمی كوردستان لهو پهڕی خهراپیدایه ، ههڵبهت ئێستا دهبوو ئهمه پێچهوانه بوایه لانی كهم له بهر ئهوهی پارتی و یهكێتی و گۆڕان به ههرسێ لایان حكومهت بهڕێوه دهبهن، كهچی وانیه ، حكومهت به 320 ملیارهكهی به غداشهوه نهیتوانی لهم ماوهیهدا به 40 رۆژ موچه بدات ، له گهڵ ئهوهشدا یاسای چاكسازیهكه به قهد ئهوهی یاسای چاكسازیه ، یاسایهكیشه بۆ چهوساندنهوهو برسی كردن برایه پارلهمان ، ئهمه له داهاتودا رونتر دهردهكهوێت ، ئێستا كه دۆخهكهیان وا لێكردووه به خهڵك دهڵێن خانهنشینی نایاسایی ، بن دیوار ، زۆر ناووناتۆرهی تر ئیتر دۆخێك دروست كراوه پاك و ناپاك تێكهڵ كراوهو بوار بۆ دهرخستنی راستی نههێڵراوهتهوه . چاكسازی له شوێنێكهوه دهستی پێكرد ، كه چاكسازی تیا دهرناكهوێت ، دهبوو چاكسازی له گومرگ و خاڵه سنوریهكان ، كۆمپانیاكانی نهوت و كۆمپانیكانی پاسهوانی و هێزی پێشمهرگه ، پڕۆژهكانی بیناسازی و یهكه نیشته جێبوونهكانهوه دهستی پێكردبا ، گهندهڵی و پیسخۆری گهوره لهو شوێنانهدایه . ئهم شێوازه له چاكسازی وهك خۆ دزینهوه له چاكسازی دێته بهرچاو ،ئهمهش حكومهت بهرهو شكست و ههڵوهشانهوه دهبات ، دهتوانین ههموومان چاوهڕێی ئایندهی خراپتر بكهین گهر وا بڕوات . دهبوو حكومهت سهرهتای چاكسازی بهریزبهندی دهستپێكردبا ، بۆ نمونه چاكسازی له كهرتی تهندروستی كه خهریكه وێران دهبێت ، چاكسازی له كهرتی كشت و كاڵ كه پارتی و یهكێتی رۆڵی گهورهیان له وێرانكردنیدا ههیه ، چاكسازی له كهرتی پهروهرده ، كه له سهردهمی بهعسیشا بهم جۆره خوێندن له بادینان و سۆران جیاواز نهبوو ، چاكسازی كۆمهڵایهتی ، چارهسهری تهڵاق ،رێَكخستنهوهی كۆمهڵگا ، چاكسازی سیاسی و پهیوهندیه سیاسیهكان كه له خراپترین دۆخدایه له بری چاكسازی دێن بیر له دهركردنی یاسایهك دهكهنهوه چۆن كۆت و بهند دروست بكات ، چاكسازی بواری بازرگانی ، چاكسازی ئاینی كه ئێستا له كوردستان به تهواوهتی شێوێنراوهو ههر مهلاو پیاوێكی ئاینی له ئاوازێ دهخوێنێ . ئهگهر ئهم چاكسازیانه بكرێت چاكسازی له بواری موچهو خانهنشینی و رێكخستنهوهی دارای زۆر ئاسانتر دهبێت ، دهست بردن بۆ دوا خاڵ وهك ئهوه وایه نهتهوێ چاكسازی بكهیت .
سەهین موفتی تامەزرۆی وەدەستگەیشتنی کتێبەکە بووم، هەر بۆیێ ساتی گەیشتن و تەواوبوونم لە خوێندنەوەی تەنها چەند دەمژمێرێکی بەین بوو. بارزانی، بە گەڕانەوە بۆ دیرۆکی چەند سەدەیەکی پێش ئێستێ( دابەش بوونی کوردستانییان لە نێوانی سەفەوی و عوسمانییەکان)، دەست بە نووسینەوە بۆ مێژوو دەکات پاشان دابەش بوونی کوردستان بەسەر چوار وڵات لە جەنگی جیهانی یەکەم، هەتا سەربووردەی دروستبوونی دەوڵەتی عێڕاقی کە ئەمیر فەیسەڵ، دووەمین کوڕی حوسێن شەریفی مەککە وەک پادشا دەستنیشانکراوە، لە ئەنجامی کۆنگرەی قاهیرە لە بەهاری 1921، و هەتا قۆناغی ئەمڕۆ.. بەروونی ویستی تەواوی حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێڕاق و تەنانەت وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپاو ئەمریکاش بەرامبەر بە دزۆزی کورد، نیشان دەدات. کە تەواوی ویستی حوکمڕانییەکانییەکانی عێڕاق، هەمیشە کوردیان وەک پاشکۆ سەیرکردووەو وڵاتانی دیش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆیان، چۆنییان پێ باش بووە، ئەمجار دۆستایەتی کوردیان کردووە. سەرۆک لەم کتێبەیدا، بەردەوام خواستی کوردی وەک ئاشتیخوازانەو دوور لەشەڕو کاولکاری نیشانداوە کە بەدرێژایی سەد ساڵ، تەنها ویستوویەتی بە ئارامی بژیێت و هیلاکی جەنگەکانی پێشووترن، پاشان وەک هەموو گەلانی دونیا مافی سەربەخۆیی و بڕیار دان لە چارەنووسی خۆی هەیە.. هەربۆیێش، لەسەر ئەم بنەمایانەو لە چوارچێوەی دەستووری نوێی عێڕاقیش ( دوای رووخانی سەدام)، دوای ئەوەی کورد هیچ رێگایێکی ئاشتییانەو نیازپاکی نەما دەگەڵ بەغداد نەیگرێتە بەر، بۆی درکەوت کە لە هەموو هەوڵێک بۆ هاوبەشی لە دەوڵەتی عێڕاقدا پشتگوێ دەخرێت و حکومەتەکانی دوای سەدامیش، بە هەمان عەقڵییەتی شۆفێنی پێشوو پابەندی هیچ رێککەوتن و بڕیارو رێساو یاسایێک و دەستووریش نابن، بۆیێ گەلی کوردستان لە چواچێوەی راپرسی ( رێفراندۆم )، دوای ئەم هەموو شۆڕش و قوربانیدان و قڕکردن و جێنۆسایدو کێمیابارانکردن، ویستی بوو بە دەنگێکی ئاشتیانە داوای سەربەخۆیی بکات، کەچی لەم کاتانەدا هەموو دۆستەکان پشتیان لە کورد کردو بەژەوەندییەکانییان لەگەڵ حکومەتی عێڕاقدا زێدەتر دیدە بوو..! هەر بۆیێشە بارزانی لەم کتێبەیدا رێنمایی بۆ نەوەی نوێ هەیە، کە لەهەموو قۆناغێکی دیکەی سیاسی و مانەوەی نەتەوەی کورد، باوەڕبوون بە دۆزی نەتەوەو پشت بەستن بە خوداو هێزی پێشمەرگەی کوردستان و یەکڕیزی، لە سەرو هەموو هەنگاوێکی دیکەیە، وەک لە دوادێڕدا نووسیویەتی " لەگەڵ ئەوەشدا لە ژیانی گەلاندا نشووستی و سەرکەوتن هەیە، بەڵام خەبات و وەستانەوە دژی ستەمکاری و شۆڤێنیزم و رەگەزپەرستیش هەر بەردەوام دەبێت، چوونکە ئەمانە هەموویان لە دژی سرووشتی مرۆڤایەتین، گەلی کوردستان دەیەوێت بەشێک بێت لە مرۆڤایەتی نەک ستەمکاری". پێموایە ئەم دەربڕینە نیشانی حەتمییە کە دەوروبەرمان هیچ نیازێکییان نییە کورد وەک نەتەوە ببینن، بەڵکێ هەمیشە دەیانەوێت، وەک ژێردەستەو پاشکۆ ببیندرێیین، بەڵام ئەنجامی رێفراندۆم هەمیشەو بۆ قۆناغەکانی داهاتوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خواست و ویستی ئەم نەتەوەیەی بە روونی نیشانداوە.
فارس نەورۆڵی فەلسەفەی نووسینەوەی مێژوو فێربوونە لە مێژوو، خۆ ئامادەکردنە بۆ ئایندە و بۆ گەشەی کۆمەڵ یان بۆبەھێزکردنی پێگەی ھەر نەتەوەیەک بەسوود وەرگرتن لەخاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکانی مێژوو، مێژووش ھەمیشە دوو جۆرە. وەک گەورە کەسایەتی جاسوسی فەڕەنسی کانت دمارانشی دەڵێت: ( دوو جۆر مێژوو ھەیە، یەکێکیان ئەو مێژووەیە کە دەبینرێت کە مێژووی رەسمییە، ئەوی دیکەیان مێژووی نھێنییە یان رووداوێکە لە پشتی پەردەوە) ئەگەر سەیری مێژووی کورد بکەین مێژووییەکی ماندوو، شەکەت، مێژووییەکی غەمگین، مێژووییەکی شێوێنراو، وەک دەڵێن مێژوو سەرکەوتووەکان دەینووسنەوە. بۆیە مێژووی کورد لە زۆر جێگادا پێویستی بە ساغکردنەوە ھەیە، چونکە بەبیرکردنەوەی کوردی و قەڵەمی کوردی نەنووسراوەتەوە، دەکرێ بڵێن مێژووی کورد و دەسەڵاتەکانی ھەر لە میرەکان تا شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکان کەمترین نووسراویان لێ بەجێماوە یان نیمانە یاخود کەمترین نووسینمان ھەیە، زۆربەی مێژووی کورد یان بیانییەکان نووسیوویانەتەوە یاخود قەڵەمەکانی وڵاتانی دەوروبەر، ئەم نووسینەوەش لە بەرژەوەندی نەتەوەی سەردەستە، ئەو کوردانەش مێژووی کوردیان نووسییووەتەوە بەرمەبنای مێژوونووسانی بیانی نووسیویانەتەوە. ئەوانەش مێژووی نوێی بزوتنەوەی کوردستانیان نووسیوەتەوە نەیانتوانیووە بێلایەنی خۆیان بپارێزن، بەڵکو بەشێکی بۆ یەکترشکاندن تەرخان کراوە. لێرەدا مەبەستمە قسە لەسەر نوێترین کتێبی بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی بکەم بەناوی (بۆ مێژوو). سەرەتا ئەگەر لە بەرگی کتێبەکە وردببینەوە لە ناوەڕۆکی کتێبەکە تێدەگەین، دەکرێ بڵێین ئەم کتێبە مێژووی سەدەیەک زیاتری مێژووی کوردە لە پوختەیەکدا، کە لە دابەشکردنی کوردستانەوە دەسپێدەکات ھەتا ئەم چرکەساتە کە بەڕێزیان یاریزانێکی سەر راستی بەشێک لە رووداوەکانی ئەم مێژووە بووە. کتێبەکە لە چرکە ساتەکانی دابەشکردنی کوردستان و بەرژەوەندی زلھێزەکانەوە باسێکی راستگۆیانەی مێژووی کورد دەکات، ھەتا دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق. لەو ماوەدا باس لە بەریەککەوتنەکان و شەڕ و گفتوگۆی نێوان کورد و ئەوانی دیکە دەکات و ئامادەی سیاسەتی نێودەوڵەتی لەو قۆناغەدا. دواتر باس لە راپەڕین و کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دەکات کە قسەکردن بووە لەسەر پێناسەی نوێی عێراق دوای روخانی بەعس، لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا باس لە شەڕی داعش و چۆنییەتی پەلاماردانی بۆ سەر کوردستان و ھۆکارە گوماناوییەکان لە پشتی ئەم پەلامارە، رۆڵی ھاوپەیمانان و ھەڵوێستی عێراق بەرامبەر پێشمەرگە و حکومەتی ھەرێم، لە بەشێکی دیکەدا باس لە جوڵەی دیبلۆماسی کوردی دەکات، چۆنییەتی گەشتە دیبلۆماسییەکان و دیداری ئۆباما و بایدن، باسکردن لە سەربەخۆیی و ریفراندۆم لەتەک ئۆباما و بایدن و ناوەندەکانی بڕیار لە ئەمریکا. لە ھەمانکاتدا سەردانی ئەوروپا و گفتوگۆکردن سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی و ئەنجامدانی ریفراندۆم دواتر باس لە گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات لەتەک حکومەتی عێراق و ھێزە عێراقییەکان لەسەر بنەمای (یاخود جێبەجێکردنی دەستور و ھاوبەشی راستەقینە، یان وەک دوو دراوسێی باش پێکەوە بژین) بۆ باسکردن لە دۆخی کورد و چەوسانەوەی کورد لە عێراقدا داوای پشتگیری و تێگەیشتن لە جیھان و ناوچەکە و عێراق دەکات بۆ سەربەخۆی کوردستان لە رێگای ریفراندۆمەوە. دواتر قسە لەسەر رای نێودەوڵەتی بەرامبەر ریفراندۆم دەکات لە ناڕوونی ھەڵوێستیان بۆ ئایندەی کوردستان، لە گەڕانەوەیدا بۆ کوردستان کۆبوونەوە لەتەک سەرکردەی حزبەکان گرێ دەدات و باسی ھەڵوێستی ئەمریکا و ئەوروپا و گفتوگۆکان لەتەک حکومەتی عێراقی بۆ کردوون. لە باسکردنی کۆبوونەوەدا ئاماژە بە پرسیارێکی بەڕێز عەلی باپیر دەکات، کە دەڵێت: ئەم ئەرکە زۆر قورسە بەڕێزت دەتوانی گرەنتی جێبەجێکردنی بکەی؟ بارزانی لە وەڵامدا دەڵێت: ئەگەر لە ناوخۆ تێکی نەدەن بەڵێ، واتە سەرکەوتنی پڕۆسەکەی گرێدا بە یەکڕیزی ناوماڵی کوردەوە. لە بەشێکی دیکەدا باس لە ئامادەکارییەکانی ریفراندۆم دەکات و دواترسەرکەوتنی ریفراندۆم، لەلایەکی دیکەوە باس لە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەکات. دوای دێتە سەر پەلامارەکانی حەشدی شەعبی بە ھاوکاری وڵاتێکی دراوسێ و حزبوڵڵای لوبنان، لەھەمان کاتدا ئاماژە بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان جەنابیان و مەلیکی ئوردن دەکات. لە کۆتاییدا لە بەشی پاشکۆ و بەڵگەنامەکاندا باس لە پەیوەندی ھەرێم و بەغدا لە سەردەمی حکومەتەکانی ئەیاد عەلاوی و مالیکی و جەعفەری و عەبادی دەکات و قسە لەسەر پێشێلکارییە دەستوورییەکان دەکات و بە دیکۆمێنت دەیانخاتەڕوو، دواتر باس لە رەھەندە دەستووری و یاساییەکانی ریفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان دەکات. بۆیە دەرئەنجام دەکرێ بڵێین ئەم کتێبە زۆر شتی نەوتراوی وت. واقیعی رووداوەکانی بەو شێوەیە گێڕاوەتەوە کە روویداوە، نەک لەژێر کاریگەری سۆز و ئایدۆلۆژیای حزبی. مێژووییەکە بە مانای فەلسەفەی مێژوو، بۆیە پێویستە بخوێنرێتەوە. دەشتوانین بڵێین کتێبی بۆ مێژوو دەبێتە راستترین و راستگۆترین مێژوو بۆ نەوەکانی داھاتوو. لە کۆتاییدا پێشنیاز دەکەم ئەم کتێبە وەربگێڕدرێتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی و تورکی و فارسی، کردنی بە ئینگلیزی بۆ تێگەیشتنی ناوەندە ئەکادیمییەکانی بیانی لە مێژووی ریفراندۆم، وەرگێڕانی بۆ فارسی و عەرەبی و تورکی بۆ ئەوەی رۆشنبیرانی ئەو نەتەوانە لە حەقیقەتی ویست و داواکاری گەلی کورد تێبگەن، لەلایەکی دیکەوە لەو سێ پارچەی جەستەی نیشتیماندا خوێندنی زمانی دایک قەدەغەیە و گەنجانی کورد بە زمانەکانی ئەو نەتەوانە دەخوێننەوە، کە کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە بۆیە بۆ ئاشنابوونی گەنجانی کورد لەو پارچانەی دیکەی نیشتیمان بە حەقیقەتی مێژووی وەربگێڕدرێتە سەر ئەو زمانانە کاریگەری ئەرێنی لەسەر زاکیرەی سیاسی گەنجانی کورد دروست دەکات. دوا قسەم لەسەر کتێبی بۆ مێژوو پێویستە بۆ تێگەیشتن لە مێژوو بخوێنرێتەوە. داواشم لە خوێنەران ئەوەیە ھەر چۆن، کتێبی بۆ مێژوو بە چاویلکەی حزب نەنووسرا ئاواش بە چاویلکەی حزبیی نەیخوێننەوە.
كارۆخ خۆشناو ئەگەر چاوێک بە مێژووی ئەمریکادا بخشێنینەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە "سەنگی مەحەک" لە سیاسەتکردنی ئەمریکادا بریتی بووە لە (پاراستنی بەرژەوەندیەکان و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا) لە ڕێگای بەکارهێنانی سێ هێز (هێزی ڕەق Hard Power و هێزی نەرم Soft Power و هێزی زیرەک Smart Power)، واتە داڕێژەرانی بڕیاری ئەمریکا لە سەرەتای سەربەخۆیی ئەمریکاوە تاکو ئێستا، پشتیان بەستووە بە هەر سێ هێزی (ڕەق و نەرم و زیرەک) لە هەردوو ئاستی ناوەکی و دەرەکیدا. کاتێک (کریستۆفەر کۆڵۆمبس) لەژێر فەرمانڕەوایی پاشای ئیسپانیا لە ساڵی (1492) بەرەو هیندستان بەڕێدەکەوێت، دوای ئەوەی کەشتیە چارۆگەدارەکەی ڕێڕەوی خۆی دەگۆڕێت و لە دۆرگەکانی کاریبی لە کیشوەری ئەمریکای باکور دەگیرسێتەوە، ئەوروپیەکان کاتێک دەگەنە کیشوەری ئەمریکا بۆ یەکەمجار هێزی ڕەق واتە هێزی سەربازی یان هارد پاوەر دژی هیندیە سورکان (ئەمریکیە ڕەسەکان) بەکار دەهێنن و دەست دەکەن بە داگیرکردنی خاکەکەیان و کوشتن و بڕین و جینۆسایدکردنی خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکا کە بە هیندیە سورەکان ناسراون. ئەمریکا لە تەمەنی (244) ساڵی سەربەخۆیی خۆیدا بە قۆناغی جیا جیادا گوزەری کردووە، لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەهەم ئەمریکا بە (13) ولایەت و لەسەر بنەمای دەستورێکی (7) مادەیی لە دایک دەبێت، دواتر بە پشت بەستن بە (هێزی ڕەق و هێزی نەرم) ژمارەی ولایەتەکانی زیاد دەکات بۆ (50) ولایەت، ئەمریکای ئێستا لە دوای کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەز و هەوراز و نشێو، دواتر شەڕی ناخۆ لە سەردەمی (ئەبراهام لینکۆڵن)دا کە (620) هەزار قوربانی لێکەوتەوە، پاشان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ئەمریکایەکی توکمە دروست دەبێت، ئینجا بە هێزێکی زەبەلاحی ڕەق و نەرمەوە دێتە سەر شانۆی سیاسی جیهان. هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەم و دوای جەنگی جیهانی یەکەم ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق و پشت بەستن بە هێزی نەرم و دیبلۆماسیەت (کۆمەڵەی گەلان) دروست دەکەن، پاشان لە دوای جەنگی جیهانی دووەمیش (نەتەوە یەکگرتووەکان) دروست دەکەن، ئەمریکا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بەتایبەتی لە کۆتایی ساڵەکانی جەنگی ساردەوە تا ئێستا، بە شێوەیەکی ستراتیژی پشتی بەستووە بە هەرسێ هێزی نەرم و ڕەق و زیرەک، لە پێناو یەکلایکردنەوەی بەرژەوەندییەکانیان و فراوانکردنی هەژموونیان لە کایەکانی سیاسی و ئابووری و سەربازی و بازرگانی و تەکنەلۆژی و هزریی و کەلتوری...هتد. ئەمریکا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لەجیهاندا زۆربەی کات پەنا دەباتە بەر هێزی نەرم (دیبلۆماسیەت) بەڵام هەندێک جاریش کاتێک هێزی نەرم دەگاتە بنبەست، سڵی نەکردۆتەوە لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق یان هێزی سەربازی. ئەمریکا گرنگیەکی تایبەت بە هێزی ڕەق یان سێکتەری سەربازی دەدات، بە جۆرێک ساڵانە گەورەترین و زەبەلاحترین بوجەی (لەسەر ئاستی جیهان) بۆ تەرخان دەکات بۆ نموونە ساڵی (2019) بڕی (716) ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کرد و بۆ ساڵی (2020) بڕی (733) ملیاری بۆ تەرخان کردووە. لە سیاسەتی دەرەوەدا، ئەمریکا لەسەرتای سەدەی بیستەمەوە بە شێوەیەکی پاڕالێل گرنگی داوە بە هێزی نەرم و هێزی ڕەق، بە جۆرێک هەر کاتێک لە ڕێگای هێزی نەرم و دیبلۆماسیەت نەیتوانیبێت ئامانجەکانی بپێکێت، هێزی ڕەق یان هێزی سەربازیان بەکارهێناوە، بۆ نموونە لە هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، ئەگەرچی سەرەتا ئەمریکا بێلایەن دەبێت بەڵام دواتر بەشداری دەکات و پارسەنگی هێز بەلای هاوپەیمانەکاندا دەشکێنێتەوە، بەواتایەکی تر کاتێک هێزی نەرم و دیبلۆماسیەت شکست دەهێنێت، ئەوا بە هێزی ڕەق و هێزی سەربازی ململانێکانی یەکلاکردۆتەوە، هەندێک جاریش کار گەیشتۆتە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی وەک (هیرۆشیما و ناکازاکی)، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نیە هەموو کات ئەمریکا سەرکەوتنی بەدەست هێنا بێت لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق و هێزی نەرمدا (وەک ڤێتنمام). سەبارت بە هێزی نەرم و هێزی ڕەق پرۆفیسۆر (جۆزیف نای- .Joseph S. Nye, Jr) ئەکادیمیست و ڕاوێژکاری ئیدارەی ئۆباما لە کتێبە بەناوبانگەکەی (هێزی نەرم، ڕێگەیەک بۆ سەرکەوتن لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا) ئاماژە بەوە دەکات کە لە ململانێکاندا بۆ سەرکەوتن بەسەر نەیارەکاندا پێویستە لە پاڵ هێزی ڕەق (Hard Power) هێزی نەرمیش (Soft Power) بەکار بهێنین. جۆزیف نای بەم شێوەیە پێناسە و پۆڵینی هێزی ڕەق و هێزی نەرم دەکات: "هێزی ڕەق بریتیە لە هێزی سەربازی و فشاری ئابووری توند، هەروەها هێزی نەرمیش بریتیە لە دیپلۆماسی گشتی و تێکەڵبوونی کلتوری و هاوکاری مرۆیی و بەیەکگەیاندن و میدیا و...هتد. لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە، داڕێژەرانی ستراتیژییەتی نوێی ئەمریکا لە پاڵ پشت بەستن بە (هێزی نەرم و ڕەق) بە شێوەیەکی هاوتەریب پشتیان بە هێزی زیرەکیش (Smart Power) بەستووە، هێزی زیرەک بە مانای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەک لە جیاتی (هێزی مرۆیی فیزیکی) بۆ نمونە ئەمریکا لە سەرەتای ئەم ساڵدا لە ڕێگای هێزی زیرەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (دڕۆن) توانی هەریەکە لە (سولەیمانی و موهەندس) بکوژێت، بۆیە لە ئێستادا بەشێک لە دروستکەرانی بڕیار لە ئەمریکا پێیان وایە کە بە هۆی پێشکەوتنی (هێزی زیرەک)ی ئەمریکیەوە چیتر پێویست بە بڵاوکردنەوەی هێزی فیزیکی و سەربازی ناکات، چونکە بە هۆی پێشکەوتنی هێزی زیرەک و تەکنەلۆژیای سەربازی، هەر ئامانجێکیان مەبەست بێت دەتوانن بی پێکن، بێ ئەوەی وەک جاران پێویستیان بە هێزی سەربازی فیزیکی هەبێت (Foot on the Ground) لە کۆتاییدا لە ڕێگای ورووژاندنی چەند پرسیارێکەوە ئاماژەیەکی کورت بەوە بکەم ئایا ئێمەی کورد وەک (ئەکتەرێکی نا دەوڵەتی) تاچەند توانیومانە بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی لە هێزی ڕەق و نەرم و زیرەک بگەین؟ چۆن و بە چ میکانیزمێک دەتوانین هێزی ڕەقی کوردی (هێزی پێشمەرگە) یەک بخرێت و لە ژێر چەپۆکی حیزبی کوردی دەربهێنرێت و بخرێتە ژێر چەتری حکومەت؟ چۆن و بە چ میکانیزمێک بتوانین هێزی نەرم و دیبلۆماسیەتی (لۆبی کوردی) لە دەرەوە بە هێز بکەین؟
چیا عەباس وڵاتانی ئەوروپا پاش ماڵئاوایی سەرکردە کاریزماکانی، وەک دیگۆل، میتراند، ئۆلف پاڵمەر، ویللی برانت، مارگریت تاچەر، هێڵموند کۆڵ و چەند سەرکردەیەکی تر بژاردەی سەرکردایەتی دەستەجەمعیان بۆ بەرێوەبردنی وڵات گرتەبەر، تا رادەیەکی باش سەرکەوتو بون و لە سایەیدا زۆنی ئیرۆیان دروستکرد، یەکێتی و پەرلەمانی ئەوروپا و پەیمانی ناتۆیان گەشە پێکردو پاراستویانن و چەندین رێکەوتن وگرێبەستی گرنگیان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەوروپا و روبەروبونەوەی تێرۆریزم و گەشەی ئابوری و سەقامگیری کۆمەڵایەتیان ئەنجام داوە. لە غیابی سیاسی مام جلال و کاک نەوشیروان و دواتر وەفاتی هەر دوکیان هاوکێشە سیاسی و حوکمرانیەکانی باشوری کوردستان بە رادەیەک تێكچون کە بێ ئومێدی و قەیران و کێشەکان بەردەوام خەستتر و ئاڵۆزتر دەبن، هاوکاتیش دوای وەفاتی ئەو دو سەرکردەیە، وێرای جیاوازی و ناکۆکیەکانیان، بۆشاییەکی سیاسی کوشندە سەری هەڵدا، لەوە کەمەرشکێنتر عجزی ئیرسە حزبی و خانەوادەکانیان بو کە نەك نەیانتوانی دەستەجەمعی بەرقەرار بکەن بەڵکو میراتەکانیان پارچەپارچە کرد و سەرقاڵی مسۆگەرکردنی پشکی خۆیان بون لەو میراتە. زیادە بۆ ئەمانەش بەشێک لە هاوخەبات و هاوکارانی ئەو دو سەرکردەیە لە سایەی شەفاعەت و رەحمەتی پارتی بۆیان کەوتنە لاوازکردن و پەراوێزکردنی یەکتر. پێویست بە باسکردنی روداو و دیاردە نەخوازیارەکانی ئەو قۆناغە ناکات چونکە لای خەڵک ئاشکرا و زانراون، ئەوەی ئێستا گرنگە ئایا دەکرێت بە نیەتێکی پاک و تێرامانێکی بنیاتنەری هاوبەش کار بۆ ئایندەی نیشتمان و نەتەوە بکرێت ؟ لە دۆخی سیاسی و حوکمرانی ئەم ساتەدا گەر ئەمە نەکرێت ئەوەندەی تر قوری نەگبەتی و نەهامەتی خەستر دەبێتەوە. بەتەنیشت ئەم ئاڵۆزیە خەستەی دۆخی سیاسی و حوکمرانی تێكچون و هەڵوەشاندنەوەی تەونی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە کێشە بنەرەتیەکانی ئەم سەردەمەی کۆمەڵگای کوردەواری لای خۆمان. هەرچەندە زەمینەی ئەم دیاردە مەترسیدارە بۆ سەردەمی سەدام دەگەرێتەوە، بەڵام دوای روخاندنی رژێمەکەی لە سایەی دەسەڵاتی کوردیدا ئەو هاوکێشەیە خەستتر و ترسناکتر بوە، چونکە تەونێک زۆربەی کەرەستە رەسەنەکانی لە دەست دراون، لە بری ئەوانە خۆپەرستی، گەندەڵی، رق و کینە، دو رویی، پاشکۆیەتی و کۆیلایەتی، درۆ و دەلەسە، ساختەکاری، پاشقولگرتن و ... تاد، تەنگیان بە ژیانی سیاسی و حوکمرانی و کۆمەڵایەتی هەڵچنیوە. ئاراستە فکری و سیاسیە رەسەنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هزرەکانی جەماوەری گۆرانکاری و چاکسازی تێکەڵاویەکە لە پرسە نەتەوەییەکان، لیبرالیزمی کۆنسێرڤەتیزم و چاکسازی حوکمرانی و کۆمەڵایەتی. ئەم زەمینە تێکەڵاوە نارۆشنە دوای دروستبونی گۆڕان لە نێو توێکڵە رەق و بەرتەسکەکانی حزبیدا بە قەتیسماوی نەمایەوە، بەڵکو بوە رەوتێکی جەماوەری کە تا ئەم چرکەیەش لە دەرەوەی دەسەڵاتی حزبەکاندا زیندو راگیراوە. یەکێتی بەهۆکاری توانای دارایی و سەربازی و ئیداریەوە توانیویەتی تا رادەیەک ئەو زەمینەیە بۆ مەرامی جەمسەرەکانی خۆشە بکات و بەکار بهێنێت، لە بەرامبەردا جەماوەری گۆرانکاری و چاکسازی هەرچەندە دوای وەفاتی کاک نەوشیروان دەنگی نارازیان دەبیسترێت بەڵام پەرتەوازەن و کەناریان گرتوە و یەکتر ناخوێننەوە، تا ئەم چرکەیەش شکستیان هێناوە لە سازدانی لایەنی کەمی لێکتێگەیشتن و دیدگای هاوبەش و چاوەروانن، چاوەروانن روداو و گۆرانکاریەکان دەرفەتیان بۆ برەخسێنن و ئەوان ببزوێنن نەک ئەمان بزوێنەری روداو و گۆرانکاری بن، لەم گێژاوە فکری و سیاسیەدا تەراوح دەکەن و هەر رۆژەی لە سەر شانۆیەک و لە سایەی پرۆژەیەکدا خۆیان عەرز دەکەن و سەریشیان لە خۆیان و لە خەڵک شێواندوە. ئەم دۆخە بێ ئومێدی خەستتر کردوە و رەشبینیەک فەزای فکری و سیاسی تەنیوە، خۆپەرست و ئۆپۆرچینیستەکانی سەر شۆستەی نارازی و بەناو ئۆپزسیۆن، کە زۆربەیان کوری حزبەکان بون، لە کەمیندان و کاردەکەن لە سایەی ئاڵۆزی و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەریم پێگەیەکی سیاسی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، تایبەت لە هەڵبژاردنەکانی ئایندە بۆ پەرلەمانی عێراق. پارتی وەک هێزێکی نەتەوەیی کلاسیکی باڵادەست بێگوێدانی جدی بە گۆرانکاری و چاکسازی لە لێکەوتکانی ئەم دۆخە بزەی لێوی دێت، تا بۆی بکرێت درێژە بە زەمینەی بێسەروبەری و پەرتەوازەیی و لێکترازانی بەرەکانی بەرامبەری دەدات. وێرای ئەوەی لە ناو هێزە ئیسلامیەکاندا کەسانی بوێر و نیەت پاک و خەمخۆری چاکسازی دەنگیان دەبیسترێت بەڵام تا ئەم چرکەیەش تەم و لیڵی کۆتا سیاسەتی ئەو هێزانەشی تەنیوە. لە نێو هێزە عەلمانیەکانی تردا دەنگی یاخیبونی نەوەی نوێ زیاتر راشکاوانەتر دەبیسترێت. ئەم دۆخە چەقبەستوە دینامیکی بزوێنەری نیە، دیدگایەکی رونی هاوبەشی لێ نەکەوتۆتەوە، سەرکردەیەکی کاریزمای نەخەڵقاندوە، دەستەجەمعی بۆتە خەونێکی نەزۆک و لە بازنەو چەمکە کلاسیکیە سواو و پوچەڵەکاندا دەسورێتەوە. خەڵک دوای سەراب ناکەوێت و کاتێک بەرپرسێکی باڵای عێراق دێتە لایان وەک شەپۆلی هەڵچوی دەریا بە پیریەوە دەچن. چ شەرمەزاریەکە تایبەت بۆ ئەوانەی خۆیان بە فریاد رەس دەزانن لە قسەی سواو زیاتر هیچی تریان پێ نیە، لە گەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی کوردی، تایبەت پارتی، بە بەرپرسیاری سەرەکی دەزانن، ئەم راستیە پشکی خۆیان لە بەرپرسیاریەتی ناسرێتەوە، چونکە کاتێک ئەوە هەڵسەنگاندنیانە بۆچی بەتوندی دەستیان بە سوچێکی ماڵەکەی پارتیەوە گرتوە؟ بۆچی ئەوەندە لە خۆیان بایی بون و بۆچی ..... تاد. چی بکریت؟ کورد دەلێت: کوێرە چیت دەوێت، دو چاوی ساغ. لە بەرەی بەناو نارازی بێ ئومێدی زیاتر دروێنە کراوە، لە حزبەکان خۆپەرستی و کەنارگیری، لە جەماوەری گۆرانخواز پەرتەوازەیی و نارۆشنی و لە بەغداش گەمەی سیاسی قێزەوەن و دەستەدەستی پێکردن و نیەتی شاردراوە و لە ..... تاد. هەرچۆنێک بێت رەشبینیم بێ هۆکار و زەمینە نیە، هاوکاتیش باوەری توندم هەیە کە لە هەمو کۆمەڵگایەک وزە و ئیرادەیەکی شاردراوە ( الگاقە و الارادە الکامنە) هەیە کە لە سات و ئانێکدا سەرهەڵدەدەن و کار بۆ گۆرینی واقیعەکە دەکەن. کورد دەوڵەمەندە لە پێکهاتە و کەرەستەکان بۆ ئەو سەرهەڵدانە، رێگر و کۆسپەکانیش کەم نین، کەوتۆتە ئەستۆی ئیرادەی سیاسی جەماوەری دڵسۆز و بەئەمەک بۆ سەرکردە و خەبات و قوربانیەکان چاو بە خۆیاندا بخشێننەوە، بەلایەنی کەمەوە کۆلارەیەک بە فەنەری ئومێدەوە لە ئاسماندا هەڵکەن.
عەبدولڕەزاق شەریف ئەم سێ حیزبە حوكمڕانەی ئێستای كوردستان، پارتی، یەكێتیو گۆڕان.. هاوپەیمانەكانی پێشوتریشیان لە گوتارو حوكمڕانیدا، كارێكیان بەم هەرێمی كوردستانە كردوە، وەك ئەڵێن با بە دەواری شڕی نەكردبێ. ئەو راستییەی كە هەر لایەنێك بە پێی سەنگی بەشدارییەكەیو وەختی خەتاكەی خەتم ئەكرێ، هیچ لەو هێزی تاوانكارییە ناگۆڕێ و كەمناكاتەوە كە ئەوان بەرامبەری خەڵكوخوای ئەم دەڤەرە كردویانە، بەهەمو یاسایەكی مرۆیی، بە شەرعیو عەشایەریو هەتا شەواریعی، تاوانكارو هاوڕێكەی، بێدەنگبوەكان لە تاوان و ئەوەشی روی تاوانبار سپی ئەكاتەوە، گشت وەكو یەك بەر نەفرەت ئەكەون، ئێمەومانانیش كە رۆژێك گەر بە وشەیەكیش بەرگریمان لەو تاوانكارانە كردبێت، گەر داوای لێبوردن نەكەین، پشكێكمان هەر بەردەكەوێ. تێكچونی تەونی كۆمەڵایەتیو ئاشتی كۆمەڵایەتی كۆمەڵی كوردەواری لە قۆناغێكی هێندە مەترسیداردایە، ئیتر قسەگەلی فڵان سەركردە چەتەیەو فڵان حیزب خەتایەتیو فڵان بنەماڵە مافیان و...هتد، هیچ سودێكی نەماوە، جگە لەوەی بەنزین بەو ماڵە سوتاوەی كوردا ئەكات هیچیتر نابەخشێ، كاتێك دەرفەت هەبو بۆ چاكسازی كەس لە خەمیدا نەبو، كەس نەیكرد. كاتێك دەرگایەك بۆ گۆڕانكاری لە كۆی پرۆسەی حوكمڕانیدا كرایەوە، دایانخستو تێپەڕی، كاتێكیش لافاوێكی جەماوەریی بۆ راماڵینی كۆی حیزبەكان هەڵسا، پیاوەكانی هەردو قۆناغی چاكسازیو گۆڕانكاری بە تاكو بە كۆمەڵ تەسلیم بون، بون بە بەربەست، دواجار هەمو پێكەوە گەلو نیشتیمان تاوانبار ئەكەنو بە پرەنسیپی ئەو قوڕە ئەو تۆزەی لێ هەڵئەسێ لۆمەكە بەسەر هەمواندا، ئەبەخشنەوە. ئێ خۆ رەنگە هەندێ كەسی بێ ئاگا لە نوسەری ئەم دێڕانە بڵێ ئەی خۆشت لەگەڵیان نەبوی؟ ناچار بڵێم: بەڵێ لە ژێر تۆپو تەیارەی بەعسدا، لە بەرگری لە جینۆسایدكردنی میلەتەكەم، لەگەڵ زۆرێك لە پیاوە جوامێرەكانی میلەتەكەمدا، لە یەك سەنگەردا بوم، هەندێ لەم جڕوجانەوەرانەشمان لە تەكدا بون، ئێستاش زەمەن بگەڕێتەوە هەر هەمان ڕێگەی زیندانو شاخ و پێشمەرگایەتی هەڵەبژێرمەوە، بەڵام خۆ نوسینەكانم ماونو خۆشبەختانە یەك لە قەسیدەكانم سرودێكەو ساڵی نەوەدو دو، دوای راپەڕینو لە سەرەتای یەكەم كابینەی حكومەتدا، نوسیومە كە بە گومانم لە مانەوەی ئەو پیاوە خائینانە لەسەر كورسی حوكمداریو هەر ئەو كات داوا دەكەم تۆڵەی خیانەتكردن لە شەهیدو ئەنفالكراو و قوربانیەكانیان لێبكەنەوە، لەسەر ئەو گوتارەش, چ بە كاری سیاسی یان بە نوسین و كاری ئەدەبی, بەردەوام بوم. بەڵام ئێستاو ئیتر گرێی چارەسەركردنی كێشەكان، لە گەستنیش دەرچوە، هیچ حیزبو حكومدارێ گوێ بە ئایندەی كورد و مەسەلە رەواكەی نادا، هیچیان لە خەمی تێكچونی شیرازەی كۆمەڵ و ئاشتی كۆمەڵایەتیدا نین، بەڵكو بە بەرنامە كار بۆ زیاتر تێكدانو هەڵوەشاندنەوەی ئەكەن. بەش بەحاڵی خۆم نزیكەی چل ساڵە كاری سیاسی ئەكەمو بە لێكدانەوەو لێكۆڵینەوەی هەمو ئەو مێژوە، ئێستاو ئایندە، لەگەڵ دەستەیەك لە هاوڕێكانماندا، گەیشتوینەتە ئەو بڕوایەی تەنیا چارەسەر كۆبونەوەی هەر شارو شارۆچكەیەكە بە كۆمەڵ و بە جیاواز، لەژێر سایەی فۆرمێك یان فۆرمی جیاجیادا، رەنگە پێمان بڵێن ئەوە پەرت بونو دابەش بونە، راستە وایە ! بەڵام ئەبێ دەسەڵات لەم هەرێمەدا پەرتو دابەش بكەین، بەڵام گەر ئەوە رو نەداو هەر بازنەیەك بە پرۆژەیەكی خۆماڵی لەم قۆناغەدا خۆی نەگرێتەوە، هەتا هەتایە ئەم میلەتە شیرازەی كۆمەڵایەتی یەكناگرێتەوە و مەسەلە رەواكەشی كە سەدان ساڵە قوربانی بۆ ئەدا، لەدەست ئەدات، ئایندەشی نارونو نادیار ئەبێت. بۆ ئەو كارە پیرۆزەش پرۆژەیەكی دەستوریی یاساییمان پێشنیازكردووە، كە بەدەنگی خەڵك ئەتوانین سەرەتا بە جیاكردنەوەی هەرێمی سلێمانی، هەرێمی كوردستان بكەین بە دوو هەرێمی سەربەخۆ لە عێراقدا، ئەو هەرێمەی جیائەبێتەوە ئەتوانێ خۆیو لەناو خۆیدا بە پشتیوانی خەڵكی پسپۆرو شارەزا پرۆژەی سیاسی، ئیداری، كۆمەڵایەتی بۆ هەستانەوەو رێكخستنەوەی تواناكانی میلەتەكەمان بە ئەنجام بگەیەنێ، وەك نمونەیەكی تەندروستی حكومڕانی بكرێ بە وانەیەك پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان چاوی لێبكەنو لەناوخۆی هەرێمی پارێزگای سلێمانیشدا بە بەرنامەی دابەشكردنی دەسەڵاتو گەڕاندنەوە بۆ رای خەڵكی ناوچە جیاجیاكان، خەڵك لای خۆیەوە شیرازەی خۆی بگرێتەوە دەستو لە خاڵێكی سەرەتاوە دەستپێبكەن، وەك دەڵێن لە هەنگاوی یەكەمەوە بە توانای خەڵك هەزاران میل بۆ پێشەوە بڕۆینو گرنگترین تێشوی رێگەكەشمان دروستو راستی هەنگاوی یەكەممانە.
سەلاح رەشید پەتای کرۆنا، دەستی ناوتە بیناقاقای هاوڵاتیانی هەمو جیهانەوە و ئەمەش یەکەم روداوە، کە جیاوازی لە نێوان وڵاتانی گەورە، دەوڵەمەند و زلهێزە و بچوک و هەژاردا ناکات. جیاوازیەکە لە نێوان وڵاتاندا، لەسەر شێوەی بەگژاچون و چارەسەرەکردنێتی، هەندێ وڵات گرنگی زۆر بە چارەسەر و رێکارە تەندروستیەکان ئەدات و رێوشوێنی خێرا و گونجاو ئەگرێتەبەر بۆ تەشەنەنەکردنی زیاتری و هەندێ وڵاتی تریش کەمتەرخەمترن و سستن و لە ئاستی ئەو مەترسیە گەورەیەدا نین. لە ماوەی ئەم دوهەفتەیەدا، کرۆنا لە زوربەی وڵاتانی ئەوروپا زۆر بە خێرا گەشەی کردوە و ژمارەی توشبون و گیان لەدەستدان زۆر زیادی کردوە. هەندێ دەزگای تەندروستی بە شەپۆلی دوهەمی کرۆنا ناوی دەبەن، بێگومان لە هەمو ئەو شوێنانەی کە (تێست) واتا پشکنینی زیاتری تێدایە، ئەوا ژمارەی رەسمی توشبوان زیاترن، واتا ژمارەی توشبو، تەنها لە رێگای پشکنینی زیاترەوە دەردەکەوێت. بەگژا چونی ئەم پەتایە لە شێوەی چارەسەرەیەکەیدا دەردەکەوێت، لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر دەگۆرێت. بۆنمونە، حکومەتی ئەڵمانیا، بەگژەچون و چارەسەری کردوە بە کێشەی یەکەمی خۆی و رۆژانە چەندەهاجار وەزیری تەندروستی ئیتحادی و ویلایەتەکان رێنمایی نوێ دەردەکەن و دەزگا جیاوازەکانی تر، بەشدارن لە جێبەجێکردنی بریارەکاندا. هەرچەندە وڵاتێکی گەورەی وەک ئەڵمانیا (٨٣ ملیۆن)، کە سیستەمی فیدرالی هەیە و لە زۆر بوردا، هەر ویلایەتێک ئازاد و سەربەخۆیە لە بریارەکانیدا، بەڵام لە هەندێ بواردا هەمویان لە چوارچێوە گشتیەکە و بڕیارە سەرەکیەکە دەرناچن و رۆژانە بڕیاری نوێ دەردەکرێت بۆ بەرەنگاربونەوەی پەتای کرۆنا، لەوانە: - چێشتخانە و بار و قاوەخانەکان، پێویستە سەعات ١١ شەو دابخرێن. - دوای ١١ شەو، مەی فرۆشتن لە هەمو شوێنێک قەدەغەیە. - ئەو ناوچانەی کە ٣٥ کەس لە ١٠٠ هەزار ژمارەی دانیشتوان بۆ ماوەی یەک هەفتە توشی کرۆنا ببێت، ئەو ناوچەیە بە (سور) دەستنیشان دەکرێت و مامەڵەی جیاوزیان لەگەڵدا دەکرێت، بۆنمونە خەڵکی ئەو ناوچانە ناتوانن بە ئاسانی لە هەندێ شوێن لە ئوتێل ئەڵمانیا بمێننەوە و زوربەی شوێنە گشتیەکان دادەخرێن. - دانیشتن لە چیشتخانە و بارەکاندا، سنوردار کراوە، لە هەندێ شوێن نابێت لە ٦ کەس زیاتر لەسەر مێزێک بەیەکەوە دابنیشن. - ئاهەنگ و کۆبونەوەی هەمەجۆر قەدەغەکراوە. - لە هەندێ جێگا، وەک لە شارێکی گەورەی وەک (میونخ) پێویستە دەمامک لەسەر شەقامە قەڵەباڵغەکان ببەسترێت، ئەوەی نەیبەستێ بە ٢٥٠ ئۆیرۆ غەرامە دەکرێت. - بیگومان، پێویستە هەمو یەکێک دەمامک ببەستێ لە شوێنە داخراوەکان. - لەو شوێنانەی کە ژمارەی توشبون زیادی کردوە، ئێستا بیر لەوە دەکرێتەوە، کە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی هەمو شوێنێک بدەن. - حکومەت و هەمو هێزە سیاسی و دەزگا جیاوازەکان، تکا لە هاوڵاتیان دەکەن، کە ( دەمامک ببەستن، مسافەیان لەگەڵ خەڵکی تر لە مەترونیوێک زیاتربێت و رێوشوێنی دەزگا تەندروستیەکان جێبەجێ بکەن سەفەری دەرەوە نەکەن). - رێگای توند گیراوەتەبەر بۆ دەوامی زانکۆکان، قوتابخانە و باخچەی ساوایان. - ئەم رێوشوێنانە بۆ بەرگری لە پەتای کرۆنا، تەنها لە ئەڵمانیا نیە، بەڵکو لە هەمو ئەوروپایە و هەمو رێگایەک دەگیرێتەبەر بۆ تەشەنەنەکردنی. - هەندێ وڵات لە سەرەتای هاویندا کەمێ دوربو لە پەتای کرۆناوە، وەک (چیك)، بەڵام ئێستا لە سەروی ئەو وڵاتانەوەیە کە زۆرترین توشبوی تێدا تۆمارکراوە و دەوڵەت لە زۆر شوێن قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی تەواوی راگەیاندوە، ئەمە دوای ئەوە هاتوە، کە یەک لەسەر سێی ئەوانەی پشکنینیان بۆ کراوە، دەرکەوتوە، هەڵگری ڤایرۆسی کرۆنان، تەنها لە رۆژی هەینیدا (١٦/١٠) ١١.١٠٥ هەزار هاوڵاتی توشی ئەم پەتایە بون. - دەزگا جیاوازەکان و بەتایبەتی پۆلیس، لە هەمو ئەو وڵاتانە ئەرکیانە کە چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەت بکەن و سزای ئەو شوێن و کەسانە بدەن کە سەرپێچی دەکەن. - وڵاتێکی وەک ئیرلەند، بریاری دا، لە ٢٠/١٠، هاوڵاتیان نابێت ٥ کم لە ماڵەکەیان دوربکەونەوە، مەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت و زوربەی شوێنەکان دادەخرێن. - کوردستان – سلێمانی ماوەی چەند رۆژێکی زۆرە کە ژمارەی مردن لە کوردستان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی لە هەمو شار و پارێزگاکانی تری عێراق زیاترە، تەنها لە یەک رۆژدا (دوشەمەمە ١٩/١٠) ٢٦ هاوڵاتی لە کوردستان بەهۆی کرۆناوە کۆچی دواییان کردوە، زیاتر لە نیوەی (١٦) یان لە پارێزگای سلێمانی بوە، بێگومان ئەمە ئاماری رەسمی دەزگای تەندروستیە، ئاماری مردنی راستەقینە زۆر زیاترە، بە تایبەتی ئەوانەی کە ناچنە نەخۆشخانە و نایانەوێت ناویان بهێنرێت، ئەگەر رۆژانە سەیرێکی (فەیسبوک) بکەیت، کە چەند کەس لەیەک رۆژدا کۆچی دوایی کردوە، ئەوا ژمارەکە دەردەکەوێت. ئەمە لە کاتێکدا، کە لێپرسراوانی تەندروستی سلێمانی دەڵێن: "بەهۆی نەبونی ئامێری چاودێری چرەوە نەخۆشەکان گیان لەدەست ئەدەن و ئەگەر ئەو ئامێرانە هەبوایە، ٨ نەخۆش لە مردن رزگار دەبون، لە هەمو شاری سلێمانیدا تەنها ١٠ ئامێری چاودێری چڕ هەیە". ئەم وێنەی لێشاوی مردنە لایەکی تاریکی شارە، بەڵام لاکەی تری، ئەوەیە کە وێنەی ناوبازار و چێشتخانە، قاوەخانە، شوێنە گشتیەکان دەیبینی، هیچ هەست ناکەیت کە پەتای کرۆنا لەم ناوچەیە هەیە، یاخود لە شەقام و کۆڵانەکەی خۆتاندا هیچ کەس هەبێت گیانی لەدەست دابێت!. کێ بەرپرسە: بێگومان هەریەکە لە ئێمە بەرپرسی یەکەمین لە ژیانی خۆمان و کەسوکار و هاورێ و دۆستانمان و ئەبێ هەمو هەوڵێک بدەین کە خۆمان و ئەوان بپارێزین، واتا خۆ پارێزی هەنگاوی سەرەکی و یەکەمە. بەڵام لە وڵاتدا دەزگای بەرپرسی یەکەم بۆ بەنگاربونەوەی ئەم پەتایە حکومەت و دامودەزگاکانێتی کە خۆی لە وەزارەتی تەندروستیدا ئەبینێ. بەداخەوە ئەوەی لە کوردستان و لە پارێزگای سلێمانی هەستی پێناکرێت، جوڵە و (ئیجرائاتی) وەرزارەت و دامودەزگا بەرپرسەکانە بەرمبەر بە تەشەنەنەکردنی ئەم پەتایە. پارێزگای سلێمانی، ناوبەناو بەیانێک کەم ناوەرۆک دەردەکات وەک ( ژ.٢٩٥ ی ١٣/١٠/٢٠٢٠) کە خۆی لە (داواکاری) دەبینێت و دەنوسێت: (هەرشوێنێک پابەند نەبێت دادەخرێت و سزای دارایی دەدرێت)، ئەم داخوازیە بۆ مانگی ٥ و شەش رەوا بو، کە مردن لە ئارادا نەبو، بەڵام بە هیچ شێوەیەک رەوا نیە و ناگونچی بۆ شارێکی وەک سلێمانی کە رۆژانە زیاتر لە ١٠ هاوڵاتی بۆ هەمیشە بەجێمان دێڵن. ئەبێت و پێویستە، لێپرسراوانی حکومەت لە کوردستان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین بەتایبەتی، وەک هەمو دنیا بکەونە خۆیان و کۆمەڵێک بریار بدەن و زۆر بە وردی و بە چری بەشوێن جێبەجێکردنیەوە بن، بڕیاری سەر کاغەز هیچ مانایەک ناگەیەنێ ئەگەر بەدوداچونی بۆ نەکرێت. بارودۆخی کوردستان ئێستا لەم وەرزەدا کە هێشتا گەرمە و هاوڵاتی ئەتوانێت لە دەرەوە دابنیشێت، زۆر مەترسیدارە، بەڵام پاش چەند رۆژێکی تر، هەمو ناچاردەبین بچینە ژورەوە و ئەو کاتە، چێشتخانەکان، بارکان، قاوەخانەکان، مەلەوانگە و جێگای وەرزشی، ئەگەر وەک ئێستا بمێنێتەوە، ئەبێت چاوەرێێ شەپۆلێکی زۆر زیاتر لە ئێستا بکەین لە توشبون و مردندا. پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت، با دەزگا بەرپرسەکان بکەونە خۆیان و هەندێ بڕیاری گرنگ بدەن، کە رەنگە بەدڵی هەندێ نەبێت، بەڵام لە بەرژەوەندی هەموان بێت. هەروەها دەبێت، وەزارەتی تەندروستی، چالاکتربێت و ئەم بارودۆخە بکات بە خەمی سەرەکی خۆی، هەمو پێداویستیە تەکنیکی و مرۆیەکان ئامادەبکات و شەرمە بۆ حکومەتی هەرێم کە لە یەک رۆژدا ٨ هاوڵاتی گیان لەدەست بدەن، لەبەر نەبونی ئامێر لە شارێکی گەورەی وەک سلێمانیدا، هەروەها گرنگە کە حکومەت و دەزگا جیاوازەکان و هێزە سیاسیەکان، ئەم پەتایە و توشبون و مردنی بە کۆمەڵ زۆر بەدور بگرن لە کاری سیاسی و حیزبی رۆژانەی خۆیان.
سەرتیپ جەوهەر دزو ساحێب ماڵ یەك بن، گا لەكونی دەرزی ئاوا دەكەن دەمێكە خەوم نەبینیبوو. هەواڵە ناخۆش و پڕ چەرمەسەرییەكانی ئەم وڵاتە خەو و خەونی بەكەسەوە نەهێشتووە! جاران خەونمان بە ئازادیی و دەربازبوون لەستەم و حكومڕانی خۆماڵییەوە دەبینی. هەندێجار واوەتر، ئەم خەڵكە رەشوروتەی ئێستا، تامەزرۆی دیداری بەشێك لەو ناو ناونیشانانە بوو كە لەشاخ، لەرادیۆكەی دەنگی شۆڕش و مقاوەمەت ناویان دەهات. باس لەداستان و قارەمانێتیان دەكرا! بەڵام دەرچوو، هەر رۆژێكیان، هەر هەنگاوێكیان لەسەر ئەم میللەتە نوسیوەو ئێستا حەقی ئەو رۆژانە لەمیللەتەكە وەردەگرنەوە. نەك خۆیان، بەڵكو نەوەكانی داهاتویشیان (عائیلە سەعیدەن). لەم شەوانە خەوێكم بینی، خەو نەبوو! زیندە خەو بوو! لەو خەوەدا لە وڵاتێكی كاول و بێ دەرەتان بووم. لەلایەكی 30 ساڵ بوو دزی دەكرا، لەمەرزەكەی كاكە برایمی خەلیلەوە تا رۆژئاوا كەسێك دەنگی لێنەدەهات. لەبەری رۆژهەڵاتیشەوە، شین و شایی تێكەڵ ببوو. چڕە دوكەڵێك بوو، كورد وتەنی "سەگ ساحێبی خۆی نەدەناسیەوە". ئەو مەرزانە ببووە نیعمەت بۆ ئەولادی ئەم عەسرە! عەسری شۆڕشگێڕانی قەدیم. (هیواو هاورێ و لەنجەو توانا..تد ناوەكانیان چەندە خۆشن. یەكێك شیشی دەهێناو یەكێك ئۆتۆمبێلی بەسەرچوو! یەكێك دونگی دەهێناو یەكێك دەرمانی بێكەڵك! هەبوو جوجكی دەهێناو هەشبوو كەلەسەری گا! هەرچی دەتەوێ دەیانهێنا. كورد ووتەنی "دزو خاوەن ماڵ یەك بن، گا لەكونی دەرزی ئاوادەكەن". لەو خەوەدا هەمویان برابەش و شەریك بوون. حزبەكەی باوكی هەژاران دەنگیان لێوەدەهات، ئێستا ئەوانیش دەمكوت بوون. وەزیرەكەی داراییان هەتا پیلی لێ هەڵماڵی بوو. برابەشی ئەوانی دی بوو! كوڕانی باوكی هەژارانیش قەپانێكیان بۆ دانابوون! لەهەمووی خراپتر، رێكخەری حزبەكەی باوكی هەژارانیان، بەدەم خەندەی لێوانەوە، دەیگوت چیبكەین، هەمووی دەیدزێت، كابرای مەرزەكەی ئێمەشیان فێركردووە.
سابیری سەندیکا کوردەکان نەتەوەیەکی نیشتەجێی ڕۆژھەڵاتی ناوینن بە درێژایی مێژوو لە ناوچە شاخاوییەکانی ژیاون، کە بەشێکە لە خاکەکەیان. کوردەکان بە زمانی کوردی قسە دەکەن، کە زمانی فەرمی کوردستانە. زمانەکە چەند شێوەزارێکی جیاجیای لێ دەبێتەوە، وەک کوردی باکووری کوردی باشووری، لەگەڵ گۆرانی ـ زازایی. وەھەروەھا زمانی سۆرانی و کرمانجی. لە مێژوودا، کوردەکان دەسەڵاتیان بەسەر ھەندێک لەو ناوچانەدا ھەبوو کە ئێستا لەلایەن ئێران، تورکیا، عێراق، سووریا، و داگیر کراون، بە تایبەت لە سەردەمی میرنشینە کوردییەکاندا. لە نێوان ململانێی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی سەفەوییەکان لەپێناو فراوانکردنی خاکەکەیان و زیادکردنی دەسەڵاتیان، ھەر لە زووەوە بە شێوەیەکی نافەرمی کوردستان لە نێوان ئەم دوو ھێزەدا دابەشکرابوو. ڕۆژانە کورد لەسەر دەستی داگیرکەرانمان دەکوژرێن و زیندانی دەکرێن و گوند و ڕەز و باخیان داگیردەکرێت و ئاڵای کوردستان دەسوتێ،کەس فزەی لێوە نایەت ھەروەھا لەژێر ئاڵای کوردستاندا خەڵک برسی و ڕسوا دەکەن . کوردەکان ناسراوە بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ لەژێر سایەی پەیماننامەی سیڤەری ١٩٢٠. لەکاتی ھەوڵ و کۆششی کوردەکانەوە بۆ سەربەخۆیی، تواندراوە چەند جارێک سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەێندراوە لە ساڵی ١٩٢٩ـ ١٩٢٣ لە ساڵی ١٩٢٢دا،شانشینی کوردستان لەلایەن شێخ مەحمودی حەفیدەوە دامەزرا و تاکوو ٢ ساڵ مایەوە. لەکاتی شەپۆلی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردەکانی باشووری رۆژھەڵاتی تورکیا لە ساڵی ١٩٢٧، کۆماری ئارارات لەلایەن کۆمەڵەی خۆییبوونەوە دامەزرا. لە ساڵی ١٩٤٦دا، کۆماری مەھاباد لەلایەن قازی محەممەدەوە ڕاگەیەندرا، بەڵام تەمەنی تەنیا ١٢ مانگ بوو. لە ساڵی ١٩٩١ەوە،ھەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق دامەزراوە و زمانی کوردیش زمانی فەرمی ھەرێمەکەیە.ڕۆژانە کورد لەسەر دەستی داگیرکەران زیندانی دەکرێن و گوند و ڕەز و باخیان داگیردەکرێت و دەسوتێ. وشەی کورد لە زمانی پاڵەوییەوە سەرچاوەی گرتووە، کە بە واتای «کۆچبەر» یان «نۆماد» دێت. داھێنەرانی وشەکە پێیان وابووە کە کوردەکان ماڵێکی جوگرافیی جێگیریان نەبووە و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر کۆچیان کردووە. وشەی کورد بە شێوەیەکی جیاواز لەلایەن نەتەوە جیاوازەکانەوە بەکار نەھاتووە و بە شێوەیەکی یەکگرتوو و ھاوواتا بەکارھاتووە. لە بەدواداچوونەکەیدا باسی شێوە جیاوازەکانی تری وشەی کاردا دەکات. کوردەکان چوار بەشن: کرمانجەکان، لوڕەکان، کەلھوڕەکان، لەگەڵ گۆرانەکان، ھەر یەکە لەوانیش بە شێوەزارێکی تایبەتی کوردی لەژێر ھەمان ناودا قسە دەکەن. سەدان ھەزار کورد بۆ ناوچەکانی دیکەی ئیمپڕاتۆرییەتی سەفەوی ڕاپێچ کران، لەپێناو بەرگریکردن لە سنوورەکانیان لەو ناوچانە. سەدان ھەزار گرووپی نەتەوایەتی تر کە لە ئیمپڕاتۆریەتی سەفەوی دا دەژیان ٢٩ ساڵە کێ لەخێرو بێری ئەو ئاڵایەدەخوات لەسایەیدا بۆ تە بازرگان و ملێۆنەرو شەقوەشێن بائەویش پارێزگاری لێبکات. ئێستاش ڕۆژانە کورد لەسەر دەستی داگیرکەرانمان دەکوژرێن و زیندانی دەکرێن و گوند و ڕەز و باخیان داگیردەکرێت و ئاڵای کوردستان دەسوتێ،کەس فزەی لێوە نایەت ھەروەھا لەژێر ئاڵای کوردستاندا خەڵک برسی و ڕسوا دەکەن .وەھەروەھا سوپا و جەندەرمەی تورک و ئێرانی لە دەشت و چیا و دۆڵ و گوندە و شارەکانی کوردستانی عێراق تەڕاتێنیانە؟ بۆ خەڵکێک ئەم ئاڵایە کەهچ خۆشیەکو ژیانێکی شایستە و ئاسودەی لەژێر ئەو ئاڵایە دەستنەکەوتوە جگە برسیەتی و شەڕو ماڵوێرانی و سوکایەتی ئەوە جگە لە پەڕۆیەکی ڕەنگاو ڕەنگ زیاتر هیچیتر نیە .
هاوژین زیبا لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، تاسەمان ئەوە بوو کە ئێمە وڵات و سیستم و قوتابخانە و بازاڕمان ھەبێت. تاسەمان ئەوە بوو کە بە ڕەنگ و دەنگی خۆمان بە زمانی خۆمان بدوێین، بۆ نووسینەوەی مێژووی خۆمان ئازار و مەینەتی زۆرمان چەشت. باشە لە کۆتاییدا بەعس ڕۆیشت و سیستمەکەمان دروست کرد ئێستا فیدرالیشبێت بە فەرمی وڵاتێکمان ھەیە و شانازی بە وڵاتەکەمانەوە دەکەین شانازی بە مێژوو و ڕەنگ و دەنگی خۆمانەوە دەکەین. وڵاتێکی دەوڵەمەند بە کشتوکاڵ و نەوتمان ھەیە، بەڵام مرۆڤ بیردەکاتەوە دەپرسێت بۆچی ھێشتا ھەژارین؟ بۆچی ئێمە ھەموو کات شەڕ دەکەین؟ بۆچی کۆتایی بە کێشەکانی ناو وڵاتەکەمان ناھێنین؟ حکومەت تا چەند ھۆکاری بەردەوامی کێشەکانە؟ کاری سیاسەت و دەوڵەت ئەوەیە کە وەڵامی کێشەکە بداتەوە و چارەسەری بکات، بەڵام لێرە حکومەت و سیاسەتەکەی ئەو کارە دەکەن؟ بەڕاستی ناتوانین بڵێین سیاسەتمەدارەکانمان نەزانن و نازانن سیاسەت بکەن ھەموو باش دەزانن سیاسەت چییە و چی نییە، بۆ نموونە مرۆڤ دەتوانێت وەک سیاسەتمەدارێک باسی ھۆشیار زێباری بکات. ھۆشیار زێباری پیاوێکی نەزان نییە لە ئوردن و ئینگلتەرا زانکۆی خوێندووە لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە ئینگلتەرا و ئەمریکا فێری سیاسەت بووە، بەڵام ئەمڕۆ ھۆکاری کێشەیەکی گەورەیە لە وڵاتی ئێمەدا. ھۆشیار زێباری بە زمانی خۆی شمشێرەکەی حەشدی شەعبی لە ھەناوی ئێمە دەدات. بەھۆی سیاسەتی ئەوەوەیە ئاڵای کوردستان دەسووتێندرێت ئەقڵی سیاسی ئێمە جارێکی تر بەرەو شەڕی ناوخۆ ئاراستە دەبێت. لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت ئایا ئەمەی ھۆشیار زێباری دەیکات نەزانی سیاسەتە یان جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەمریکا و ئینگلیزە؟ وەک لەسەرەوە باسمکرد ھۆشیار زێباری کەسێکی نەزان نییە، لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکاندا پەروەردەی سیاسەتی خوێندووە ئەو باش ئەم سیاسەتە دەزانێت. حەشدی شەعبی ھەرچەندە حزبێکی عیراقیش بێت لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە و دەزانین کە ئەمەریکا و ئینگلتەرا ئەم ھێزە سەربازییەیان لە عێراقدا ناوێت . ئەمریکا و ئینگلتەرا سیاسەتی خۆیان لە رێگەی ئەندام و حزبە کوردییەکانەوە پێشدەخەن. من وەک ڕۆژنامەنوس، نووسەر یان ھاوڵاتیەک، دەمەوێت ئەمە بپرسم؛ ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان چی دەوێت و چی قازانجێک دەکات؟ ئایا پارتی بەم سیاسەتەی، دەیەوێت ھێزی حەشدی شەعبی لە شەنگال دەرکات؟ شەنگال پارچەیەکی کوردستانە مرۆڤ کاتێک بە نەتەوەپەرستی بیر دەکاتەوە دەڵێت ئەمە باشە، بەڵام دەزانین نە نەتەوەپەرستی چارەسەرە و نە حەشدی شەعبیش لە شنگال دەچێتەدەرەوە. بۆیە نابێت ئێمە خۆمان فریوبدەین ئەم سیاسەتەی پارتی حیزبییە و سودێکی بۆ کورد نییە. کێشەی ئابووری چارەسەر ناکات، دەسکەوتی گەلەکەمان دەخاتە مەترسییەوە. دوای ھێرشەکانی داعش، گەلەکەمان توانای نییە بچێتە ناو شەڕێکی نوێوە دەبێت لایەنگرانی ئەم ئاژاوەیە باش بزانن کە بەم سیاسەتەی پارتی گەل و دەستکەوتەکانمان پارێزراو نابن. دەبێت حکومەت و دەوڵەتەکەمان سیاسەت بکەن بۆ سەرکەوتن، با لەبری ئەوەی قەیران و تەنگژە دروست بکەن کێشەی ئابووری وڵاتەکەمان چارەسەر بکەن.