مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت
یەکێک لە گرنگترین ئەو پرسیارانەی هەموو کۆمەڵگایەک پێویستە لە خۆی بکات، بە تایبەتی کۆمەڵگایەک لە سەدەی بیست و یەکدا بژی،«چۆنیەتی رێکخستنی دەسەڵاتی سیاسییە لەناویدا». ئەم پرسیارە سەرەکییەش دابەشدەبێت بۆ چەندەها پرسیاری تر، لەوانەش، کێ مافی ئەوەی هەیە حوکمڕانیی بکات؟ کام شێواز لە حوکمرانیی سەروەربێت؟ چ جۆرە دەزگایەک رێکخستنی ئەم دەسەڵاتە بەرێوەببات؟ چۆن پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا و دەوڵەت و تاکەکەس، دەوڵەت و گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، بەڕێوەببرێن؟
لە پەیوەندیدا بە دونیای ئێمەوە خاڵی سەرەکیی لە کردنی ئەو پرسیارانەدا بریتییە لە هەوڵدان بۆ گۆرینی تاکەکەس بۆ هاوڵاتیی خاوەن ماف و خاوەن بەرپرسیاریەتی یەکسان. واتە دەرچوون لە عەقڵیەتی بەرەعیەتکردن. ئینجا هەوڵدان بۆ گۆڕینی دەڤەر و ناوچە و سەرزەمینە جیاوازەکەن بۆ نیشتیمان. هاوکات گۆڕینی گروپ و تاقم و کۆمەڵە جیاوازەکان بۆ نەتەوە. مەسەلەی چۆنیەتی رێکخستن و دابەشکردنی سەروەت و سامانی نیشتیمانیی و شێوازی دەستەبەرکردن و دابەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، بەشێکی دیکەی ئەو مەسەلە سەرەکییانەیە کە پێویستیان بە رێکخستنێکی دادپەروەرانە هەیە.
لەڕاستیدا پرسیاری «چۆنیەتی رێکخستنی دەسەڵاتی سیاسیی»، ژێرخانی سەرجەمی ئەو پرسیارانەی ترە کە باسمکردن. رێکخستنی دەسەڵاتی سیاسیی پرۆژەیەکە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە چۆنیەتی رێکخستنی کۆمەڵگا و چۆنیەتی پیادەکردنی دەسەڵات و پێگەی تاکەکەسەوە لە کۆمەڵگا هەیە. لە هەمانکاتدا دەستنیشانکردنی ماناکانی ئازادیی و بەرپرسیارێتیی و دادپەروەریی و کەرامەتی ئینسانیش، دەکات. لە هەر شوێنێکدا نەهێڵدرێت سیاسەت ببێت بە سەرەتانێکی کوشندە و دەسەلاتدارەتی نەبێت بە تاعون، کردنی ئەو پرسیارانە هەنگاوی ژمارە یەکی چۆنیەتی رێکخستنی ژیانی پێکەوەیی کۆمەڵگایە. بە حوکمی ئەوەی لە دونیای ئێمەدا، بە تایبەتی لەناو کایە سیاسییەکەدا، هیچ یەکێک لەو پرسیارانە ناکرێن، بۆیە سیاسەت لای ئێمە بووە بە تاعون، بووە بە سەرەتانێکی ترسناک، بووە بە چالاکی ژمارە یەکی ڕێگرتن لە هەرجۆرە تازەبوونەوە و پێشکەوتنێکی کۆمەڵایەتیی عەقڵانیی.
لە ماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردوودا کاری سیاسەت لە هەرێمەکەی ئێمەدا رێگریکارییەکی هەمەلایەن و هەمە جۆر بووە. لەوانەش رێگرتن لە لە دروستبوونی هەرشتێک سەر بە جیهانی ئەمرۆکە و سەر بە مامەڵەکردنی مرۆڤ بێت وەک بوونەوەرێک خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت. بۆ نموونە، رێگرتن لە دروستبوونی «هاوڵاتیی»، لە دروستبوونی «نیشتیمان»، لە دروستبوونی «نەتەوە»، لە دروستبوونی «جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتری»، لە دروستبوونی «حوکمی یاسا» لە «دەستگۆرکێی دەسەڵات»، لە «توانای لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن»، لە سەرجەمی «میکانیزمەکانی چاودێریکردنی حوکمڕانیی». لەمەشدا لە دەزگاخستنی سەرجەمی دەزگاکان و بەشەخسیی و بەحیزبیکردنی هەمووشتێک لە وڵاتەکەدا. کارکردن وەک ئەوەی خاوەنی شەخسی وڵاتەکە و خاوەنی شەخسی میلەتەکە و خاوەنی شەخسیی ئێستا و ئایندە و رابردووی هەمووان بن. ئینجا بەرهەمهێنانێکی بەردەوامی دوژمن، دوژمنی هەمەجۆر، پێشێلکردنی بەرژەوەندی گشتیی، تێکدانی فۆرمە هەرە سادە و سەرەتاییەکانی یەکرێزیی ناوەکیی هتد..
بۆ کەسێک چاوی هەبێت بۆ بینین بە ئاسانی دێگەڵە دەبینێت، وەک دیوارێکی سیاسیی و رەمزیی و ئەمنیی و خێزانیی و بنەماڵەیی
بێگومان کۆی ئەو دەزگایانەی لە سەدەی نۆزدەهەمەوە بۆ رێکخستنی دەسەڵاتی سیاسیی لە بەشە جیاوازەکانی جیهاندا دروستکراون، هەموویان لە دونیای ئێمەدا بوونیان هەیە، بەڵام هەموویان لەناوەوە پەکخراون و لۆژیکی چەند تاقم و خێزان و بنەماڵەیەکی سیاسیان بەسەردا سەپێنراون. لە هەرێمدا پەرلەمان، پارتی سیاسی، دەزگاکانی حکومەت، داوەریی، ماشێنی بیرۆکراسیی، سوپا، پۆلیس، ئاسایش، میدیا و سیستمی خوێندن، نەخۆشخانە، کۆمەڵگای مەدەنی، هەموویان لە رووی مادیی و فیزیکییەوە هەن، بەڵام هیچ یەکێکیان بە لۆژیکی دەزگایی خۆی کارناکات و لە دەرەوەڕا لۆژیکی دەسەڵاتە سوڵتانییە خێزانییەکەیان بەسەردا سەپێنراوە. ئەوەیشی ئاراستەی دەکات لۆژیکی بەهێزکردن و درێژەپەدان و پاراستنی دەسەڵاتی خێزانیی و بنەماڵە سیاسییەکان و ئەو ململانێیە ئەم خێزانە سیاسیانە دروستیانکردوە.
خاڵێک کە ئەم دەسەڵاتە خێزانییە داخراوەی پێدەناسرێتەوە، لە دەستدانی هەموو تواناکانی گوێگرتن و بیستنە. ئەم گوێنەگرتنە لە هەرێمدا هەموو سنوورێکی عەقڵانیی و ئەخلاقیی و ئینسانی تێپەڕاندوە. واز لە گوێنەگرتن لە دەنگە ناوەکییەکانی ناو کۆمەڵگاکە خۆی بهێنین، کە ئەوان بە ئاسانیی بە خائین و ناپاک و سەرلێشێواو ناونووسیان دەکەن، گوێنەگرتن لە هێزە دەرەکییەکانیش بەشێکە لەم توانا گەورەیەی گوێنەگرتن. سێ زلهێزی جیهان، کە سێ ئەندامی سەرەکیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین، مەبەستم ئەمریکا و فەرەنسا و بریتانیایە، چەندەها ساڵە خەریکی ڕێکخستنی دەسەڵاتی سیاسین لە هەرێمەکەدا بەپڕی لۆژیکی هەندێک لەو پرسیارانەی لەسەرەوە باسمکردن. لە پپێش هەمووانیشەوە کۆتاییهێنان بە دوو ئیدارەیی و بە دروستکردنی لەشکر و سەرباز و ئاسایشێکی نیشتیمانیی یەکگرتووەوە، کەچی گوێشیان لەوان نەگرت، هەتا گەیشتن بە دۆخی ئەمرۆکە، کە دۆخی پارچەپارچەکردنێکی دوژمنکارانە و کەلەرەقانەی هەرێمەکەیە.
لە ٣٥ ساڵی ڕابردوودا دووئیدارەیی بونیادی قووڵی سیستمە سیاسییەکە و شێوازی سەرەکیی رێکخستنی دەسەڵاتی سیاسیی بووە لە هەرێمدا. دوو ئیدارەییەک زۆرجار بەناوی «حکومەتی هەرێم» و «پەرلەمانی کوردستان و «دەسەڵاتی کوردیی»، بەناوی میلەت و نەتەوە و نیشتیمانێکی هاوبەشەوە، بە خودی کۆمەڵگاکە و بە دونیای دەرەوە فرۆشراوە. ئەوەی لەسەرەتای یەکەمیان هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩١ ەوە هەیە و کاردەکات دوو ئیادرەییەکی ڕانەگەیەندراو و داپۆشراوە، بە چەندەها درۆی سیاسیی گەورە و بە گوتارێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ساختە و بە گاڵتەکردن بە هەرجۆرە پێکەوەبوونێکی راستەقینەی عەقڵانیی و بەرپرسیارەوە.
بۆ کەسێک چاوی هەبێت بۆ بینین بە ئاسانی دێگەڵە دەبینێت، وەک دیوارێکی سیاسیی و رەمزیی و ئەمنیی و خێزانیی و بنەماڵەیی، وەک سنوورێکی ئەستور ئەمدیوی دێگەڵە لەودیدی دێگەلە جیادەکاتەوە و بە کردەوە هەرێمی کوردستان شاقوڵییانە بەسەر دوو ناوچە و دوو زۆنی دەەسەڵات و دوو بنەمالەی سیاسیدا دابەشدەکات. نە ئەمیان لە زۆنی ئەویان و نە ئەویان لە زۆنی ئەمیان هیچ رێز و بەها و دەسەڵاتێکی قابیلی باسکردنی هەیە.
لە ئاستی ئەخلاقیدا ئەو بەهایانەی لە دونیای ئەمرۆدا رەوایەتی بە دەسەڵاتی سیاسیی دەبەخشن کۆمەڵێک بەهان کە پێ لەسەر بەهای ئازادیی، یەکسانیی، دادپەروەریی، کەرامەتی ئینسانیی، زەلیلنەکردن، بەرپرسیارێتی، لێبوردەیی، پارستنی جیاوازیی، هاریکاریی، دادەگرن. ئەم باهایانەش بە توندی بە دەزگا و میکانیزمە سیاسییە سەرەکییەکانەوە گرێدراون، لەناویشیاندا پەرلەمان، هەڵبژاردن، دەزگاکانی داوەریی، دەستور، تەنانەت چەمکی نەتەوە و نیشتیمان خۆیانەوە. دێگەڵە هێمای وێرانبوونی سەرتاسەریی ئەو بەهایانە و سەرجەمی ئەو میکانیزم و دەزگا و خەیاڵە سیاسییەیە کە بەو بەهایانەوە گرێدراون.
لە راستیدا حوکمڕانانی هەردوو زۆنەکە نوێنەرایەتی کەمینەیەکی ناو کۆمەلگاکە دەکەن
کەسانێک هەن پێیانوایە ئەم فۆرمە خێزانیی و بنەماڵیی و دوو ئیدارەییە، کە لە هەرێمدا سەروەر کراوە و سەپێندراوە، رەنگدانەوەی «عەقڵیەت» و «تێگەیشتن» و «نەزانیی» و «دواکەوتویی» کورد خۆیەتی وەک میلەت و کۆمەڵگا. پەیوەندییەکی یەکسەرە و شاقوڵیی لەنێوان ئەو «دواکەوتویی»ە و ئەو سیستمە سیاسییە بنەماڵەییەدا دروستدەکەن کە حوکمڕانە. بە بۆچوونی من ئەم دیدگایە لە زیاد لەسەرێکەوە هەڵەیە. لە سەرێکەوە ئاو بە ئاشی ئەو مۆدێلە بنەماڵەیی و سوڵتنییە خراپ و ترسناکەی هەرێمەکەدا دەکات. لۆژیکەکە بەم شێوەیە: مادام میلەتەکە دواکەوتو و خراپە، بۆیە سیستمە سیاسییەکەیشی دواکەوتو خراپە. بەمەش بەرپرسیارێتی نوخبە حوکمڕانەکە خۆی لە دروستکردن و بەردەوامیدان بە خراپەکارییەکاندا دەسڕنەەوە، یان لە باشترین دۆخدا پەراوێزدەخەن. دووهەمیان، ئەو دیدگایە پشتگوێخستنی ئەو راستییە سۆسیۆلۆژییە سادەیە کە ساڵانێکی درێژە نیشانیئەدات، زۆرینەی کۆمەڵگاکە نەک تەنها دەنگ بەو پارتە سیاسییە بنەماڵەییانە نادەن، بەڵکو تەواو لێی نارازیی و توڕەن. لە راستیدا حوکمڕانانی هەردوو زۆنەکە نوێنەرایەتی کەمینەیەکی ناو کۆمەلگاکە دەکەن. ئاخر نزیکەی ٧٠ لە سەدی خەلکی کوردستان بایکۆتی سەرجەمی پرۆسە سیاسییەکەیان کردوە و بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکەن. ئەوە با باسی تەزویر و کڕین و مامەڵەکردن و ناچارکردنی خەڵک بە دەنگدان هەر نەکەین.
داواکردنی دروستکردنی «هاوڵاتیی»، دروستکردنی «نیشتیمان»، دروستکردنی «نەتەوە»، «جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتری»، بەرقەرارکردنی «حوکمی یاسا» پیادەکردنی «دەستگۆرکێی دەسەڵات»، دەستەبەرکردنی «توانای لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن»، بەرهەمهێنانی «میکانیزمەکانی چاودێریکردنی حوکمڕانیی»، رێگرتن لە بەشەخسیی و بەحیزبیکردنی هەمووشتێک لە وڵاتەکەدا، داواکردنی کۆمەڵێک شتی ناماقوڵ و نەگونجاو نییە، یان لاساییکردنەوەی سیستمە سیاسییەکانی خۆرئاوا و گواستنەوەیەکی میکانیکیان بۆ دونیای ئێمە نییە، بەڵکو لە هەنگاوە هەرە سەرەتایی و سادەکانی بونیادنانی ناوەندێکی سیاسین کە نەکرێت لە جیهانی ئەمڕۆدا وەک تاعون و وەک سەرەتان کاربکات.