كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی.. فره‌ژنی وه‌كو ئاڵنگاری هه‌ڵبژاردن
2024-02-10 17:50:09
راپۆرت: دره‌و
كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی بۆ یه‌كه‌مجار به‌بێ پاشگری "ئیسلامی" ده‌چێته ناو هه‌ڵبژاردنی كوردستانه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه تا مانگی ئایاری ئه‌مساڵ بكرێت، دیارترین ئاڵنگاری به‌رده‌م كۆمه‌ڵ بۆ هه‌ڵبژاردن ره‌نگه یه‌كلابونه‌وه‌ی چاره‌نوسی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی بێت بۆ عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز، به‌تایبه‌تیش له سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، پرۆسه‌ی فره‌ژنیی له‌ناو كۆمه‌ڵدا كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر پێگه‌ی حزبه‌كه دروستكردووه، كۆمه‌ڵ له‌دواین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا ژماره‌ی كورسییه‌كانی له (2) كورسییه‌وه بۆ (1) كورسی كه‌میكرد، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2010 كۆمەڵ (144) هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2021دا كۆمەڵ (64) هەزار دەنگی بەدەستهێنا دەنگەكانی بۆ زیاتر لە نیوەر دابەزیوە. گرنگترین ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م كۆمه‌ڵ بۆ هه‌ڵبژاردن له‌م راپۆرته‌دا.
دۆخی حزبه‌كان له‌زنجیره‌یه‌ك راپۆرتدا
هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ستیارترین هه‌ڵبژاردندایه له مێژووی خۆیدا، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی 1992 تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كورد بووبێت له‌وه‌ی ئایا دوای كشانه‌وه‌ی رژێمی به‌عس له ناوچه كوردییه‌كان، كورد توانای به‌ڕێوه‌بردنی خۆی هه‌یه، ئه‌وا هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره تاقیكردنه‌وه ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئایا دوای 32 ساڵی حوكمڕانیی نیمچه سه‌ربه‌خۆی خۆی، كورد ده‌توانێت پارێزگاری له‌و فیدراڵیه‌ت و نیمچه سه‌ربه‌خۆییه بكات كه به‌ده‌ستیهێناوه؟
بۆ تێگه‌یشتن له دۆخی كورد له ئێستادا، خوێندنه‌وه بۆ دۆخی حزبه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی خۆیان و له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌یان، هه‌ندێك ئاماژه نیشان ده‌دات، (دره‌و) به زنجیره‌یه‌ك راپۆرت شیكاریی بۆ دۆخی هه‌موو ئه‌و حزب و گروپه سیاسییانه ده‌كات كه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن.
بەشی شەشەم:: كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان
ئه‌م حزبه له‌ناو (جبه)كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستانه‌وه هاتوه‌ته‌ده‌ر، ساڵی 1987 ژماره‌یه‌ك له مامۆستا‌و زانای ئاینیی كورد به سه‌رۆكایه‌تی (عوسمان عه‌بدولعه‌زیز) له ئێران بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستانیان دروستكرد، ئه‌مه یه‌كه‌مین حزبی ئیسلامی چه‌كدار بوو له كوردستانی عێراقدا له‌سه‌ر په‌یره‌وی "ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت" دروستكرا.
ساڵی 1992 ئه‌م ره‌وته ئیسلامییه به‌شداری له یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا كرد، له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه ئیسلامییه‌كانی تری ئه‌وكاته‌دا لیستی ئیسلامی دروستكرد، به‌ڵام نه‌یتوانی به‌ربه‌ستی 7%ی ببڕێت و بگاته ناو په‌رله‌مانی كوردستان.
بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كۆتاییه‌كانی ساڵی 1993 توشی شه‌ڕی ناوخۆیی بوو له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، ئه‌مه سه‌ره‌تای شه‌ڕی ناوخۆیی كوردستان بوو، شه‌ڕه‌كه به شكستی بزوتنه‌وه كۆتایی هات، رابه‌ره‌كه‌ی ده‌ستگیركراو بنكه‌و باره‌گاكانی له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه كۆنترۆڵكرا، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی چووه ئێران و دوای خۆڕێكخستنه‌وه جارێكی تر گه‌ڕایه‌وه‌و ساڵی 1997 سه‌رله‌نوێ توشی شه‌ڕ بووه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی، دواجار به رێككه‌وتنێك له تاران شه‌ڕه‌كه ته‌واو بوو، تا ئه‌وكات بزوتنه‌وه كۆنترۆڵی ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان و خورماڵی به‌ده‌سته‌وه بوو.
بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی دوای ته‌وابوونی شه‌ڕه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی، روبه‌ڕووی كێشه‌ی ناوخۆیی بووه‌وه، ساڵی 1999 بزوتنه‌وه‌ی راپه‌ڕینی ئیسلامی كه مامۆستا (سدیق عه‌بدولعه‌زیز) سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كرد، له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی یه‌كگریانگرتنه‌وه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌كی نوێیان به‌ناوی (بزوتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامی) راگه‌یاند، ئه‌مه سه‌ره‌تای لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی بوو، له‌دوای یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی ئه‌م یه‌كبونه ئیسلامییه كه ئابی ساڵی 2000 به‌ڕێوه‌چوو، ئیتر یه‌كبوونی ئیسلامی په‌رت بوو بۆ سێ هێز:
• بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به رابه‌رایه‌تی (عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز)
• ئه‌نسار ئیسلام به رابه‌رایه‌تی (مه‌لا كرێكار)
• كۆمه‌ڵی ئیسلامی به ئه‌میرایه‌تیی (عه‌لی باپیر)
كۆمه‌ڵی ئیسلامی له 31ی ئایاری 2001دا به‌فه‌رمی خۆی راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامی.
لەدامەزراندنیەوە تائێستا (عەلی باپیر) رێبه‌رایه‌تی ئه‌م حزبه دەكات، واتە ماوه‌ی زیاتر له (23 ساڵ)ە كۆمه‌ڵ له‌لایه‌ن یه‌ك كه‌سه‌وه رێبه‌رایه‌تی ده‌كرێت.
شوباتی 2021 كۆمەڵی ئیسلامی كۆنگرەی (چوارەم)ی خۆی لە سلێمانی بەست، لەم كۆنگرەیەدا وەكو یەكەمین حزبی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان، پاشگری "ئیسلامی"ی لەخۆی كردەوە‌و ناوی خۆی لە (كۆمەڵی ئیسلامی)یەوە گۆڕی بۆ (كۆمەڵی دادگەریی كوردستان)، سەرباری ئەمە له كۆنگره‌كه‌دا ناوی "ئەمیر"ی لە كەسی یەكەمی حزبەكە كردەوە‌و لەبری ئەوە ناوی "سەرۆك"ی بۆ دانا.
عەلی باپیر كە سەرلەنوێ‌و بەبێ ركابەر وەكو كەسی یەكەمی كۆمەڵی دادگەریی هەڵبژێردرایەوە، ئه‌وكات لەبارەی گۆڕانكارییەكان‌و لابردنی پاشگری "ئیسلامی" لەسەر ناوی حزبەكە وتی" لابردنی پاشگری ئیسلامی بۆ مامەڵەكردنە لەگەڵ دەرەوەی خۆمان".
هیچ ئاماژه‌یه‌ك له‌به‌رده‌ستدا نییه بۆ ئه‌وه‌ی له‌دوای لابردنی پاشگری ئیسلامییه‌وه كۆمه‌ڵ به‌ره‌و كرانه‌وه‌ی زیاتر چووبێت، هێشتا هێڵی سه‌له‌فی له‌ناو ئه‌م حزبه‌دا به‌هێزه، هێشتا گوتاری ئاینیی له‌ناو كۆمه‌ڵدا له گوتاری سیاسی به‌هیزتره، ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوه‌تی له گوتاره‌كانی سه‌رۆكی ئه‌م حزبه‌دا به‌ده‌رده‌كه‌وێت.
له خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا كۆمه‌ڵ (7) په‌رله‌مانتاری هه‌بوو، لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر (2) ئه‌ندامی هه‌بوو، یەكێكیان پێشتروازهێنانی لە ئەندامێتی كۆمەڵ راگەیاندبوو، له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیش كۆمه‌ڵ (2) ئه‌ندامی هه‌بوو، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له كابینه‌ی نۆیه‌مدا كۆمه‌ڵ بوو به ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام هێشتا له سلێمانی قاچێكی له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا بوو، كۆمه‌ڵ له‌م پارێزگایه (1) پۆستی قائیمقام‌و (4) پۆستی بەڕێوەبەری ناحیە‌و (1) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی (چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی)و پۆستی جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی به‌ده‌سته‌وه بوو، تا ئه‌وكاته‌ی له ئایاری 2023دا له ئه‌نجومه‌ن و حكومه‌تی خۆجێی سلێمانی كشایه‌وه به‌به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی واده‌یان به‌سه‌رچووه، واده‌یه‌ك كه به‌ر له بڕیاره‌كه‌ی كۆمه‌ڵیش خۆی هه‌ر به‌سه‌رچوو بوو.
كۆمه‌ڵ له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدا
له‌دوای كۆنگره‌ی چواره‌مه‌وه، یه‌كه‌م ئاڵنگاریی له‌به‌رده‌م ده‌ره‌نجامه‌كانی كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵدا، هه‌ڵبژاردنی مانگی ئۆكتۆبه‌ری 2021ی په‌رله‌مانی عێراق بوو، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا كۆمه‌ڵ پاشه‌كشێی گه‌وره‌ی كرد‌و ژماره‌ی كورسییه‌كانی له په‌رله‌مانی عێراق له (2) كورسییه‌وه بۆ (1) كورسی دابه‌زی، شكسته‌كه به‌جۆرێك بوو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ داوای لێپێچینه‌وه‌یان ده‌كرد، بۆ ئه‌م دۆخه نوێیه عه‌لی باپیر زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ی كرد، ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كان خرایه به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ، سه‌ركردایه‌تی به‌فه‌رمی ئه‌نجومه‌نی باڵای كۆمه‌ڵی به به‌رپرسیار له شكستی هه‌ڵبژاردن ناساند، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی باڵا كه سه‌ركرده كۆنه‌كانی كۆمه‌ڵی تێدایه، جگه له داوای لێبوردنێك له ده‌نگده‌رانی كۆمه‌ڵ، هیچ هه‌نگاوێكی بۆ چاكسازی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خۆی هه‌ڵنه‌گرت و تائێستا به‌رده‌وامه.
سه‌رباری ئه‌مه، ئه‌نجومه‌نی باڵا له‌لایه‌ن هه‌ندێك له ئه‌ندامان و به‌رپرسانی كۆمه‌ڵه‌وه گله‌یی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره، له‌دوای كۆنگره‌ی چواره‌وه نه‌یتوانیوه‌و چاكسازی بكات و ئیداره‌ی ناكۆكییه‌كان بدات، به‌تایبه‌تیش كێشه‌ی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ی پێ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌و به‌وهۆیه‌وه به‌شێك له ئه‌ندامانی مه‌ڵبه‌نده‌كه تائێستا ده‌وام ناكه‌ن.
له‌ناو كۆمه‌ڵدا ئه‌نجومه‌نی چاودێری هه‌یه، ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ده‌بێت لێپرسینه‌وه له ئۆرگانه‌كان بكات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی خۆی له سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردراوه‌و له كۆنگره‌دا ده‌نگ به ئه‌ندامه‌كانی نه‌دراوه، له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی باڵادا لاوازه‌و توانای نییه ئه‌ركی خۆی ئه‌نجام بدات.
كۆمەڵ لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمدا بەشداربوو، پۆستی سكرتێری پەرلەمانیشی بەدەستەوە بوو، لەم سەردەمەدا كە ناكۆكی لەنێوان پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان دروستبوو لەبارەی درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، ئه‌وكات كۆمەڵ پاڵپشتی لە سیاسەتەكانی گۆڕان دەكرد، بەهۆی ئەم كێشەیەوە پارتی پەرلەمانی كوردستانی پەكخست، ساڵی 2017 پارتی بۆ پرسی ریفراندۆم پەرلەمانی كاراكردەوە، بەڵام بەبێ یوسف محەمەدی سەرۆكی ئەوكاتی پەرلەمان، سكرتێری پەرلەمان (فەخرەدین قادر) كە سەربە كۆمەڵ بوو، وەكو هاوسۆزییەك لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان نەگەڕایەوە بۆ پەرلەمان، بەڵام كۆمەڵ سەرباری دەركردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی حكومەتدا، هەر لەناو حكومەت مایەوە‌و لەدوا ساتەكانی تەمەنی كابینەكەدا كشایەوه.
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، كۆمەڵ بڕیاری خۆی بۆ بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەت یەكلانەكردەوە، لەگەڵ پارتی هەندێك گفتوگۆی كرد بۆ بەشداربوون، نەگەیشتە رێككەوتن، پارتی لەگەڵ یەكێتیی‌و گۆڕان‌و بەبێ كۆمەڵ كابینەی نوێی دروستكرد‌و بەمشێوەیە كۆمەڵ كەوتە ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە لە كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێمدا، ئه‌م خۆیه‌كلانه‌كردنه‌وه‌یه له بڕیاره سیاسییه‌كانی كۆمه‌ڵدا، كاریگه‌ریی جه‌ماوه‌ری له‌سه‌ر ئه‌م حزبه هه‌بووه، وایلیكردووه به‌ره‌و ستایله سیاسییه‌كه‌ی یه‌كگرتوو بڕوات، به‌تایبه‌تیش كه توانای ده‌ستپێشخه‌ریی سیاسی و دروستكردنی رووداوی سیاسی نییه‌و چاوه‌ڕوانی رووده‌وه‌كان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستیان له‌باره‌وه رابگه‌یه‌نێت.
كاتێك ته‌مه‌نی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان درێژكرایه‌وه، فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كرد‌و به‌ته‌واوه‌تی نه‌كشایه‌وه، ئه‌مه‌ش جۆرێك له لاوازی و سه‌رلێشێواوی كۆمه‌ڵی له‌نێوان به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدا نیشاندا، به‌تایبه‌تیش له‌كاتێكدایه فراكسیۆنی یەكگرتوو ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پێشكه‌ش كردبوو، كۆمه‌ڵ بڕیاری كشانه‌وه‌ی له په‌رله‌مان و حكومه‌ته خۆجێییه‌كان بۆ سه‌ره‌تای ئایاری 2023 دواخست، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا بوو كه دادگای فیدراڵی عێراق له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌وه‌دا بوو درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، بۆیه كشانه‌وه‌كه‌ی كۆمه‌ڵ له په‌رله‌مان و ئیداره خۆجێییه‌كان له‌ڕووی جه‌ماوه‌رییه‌وه سودێكی ئه‌وتۆی بۆ كۆمه‌ڵ نه‌بوو.
ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م كۆمه‌ڵ بۆ هه‌ڵبژاردن
ئه‌گه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرێت، هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان وه‌كو مانگی ئایاری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی چه‌ند ئاڵنگارییه‌ك هه‌یه كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌نگده‌رانی ده‌بێت، له‌وانه:
• دوای به‌لاداخستنی كێشه‌ی (حاجی كامیل و لایه‌نگره‌كانی)، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی بۆ عیرفان عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز یه‌كلابوه‌ته‌وه‌و ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه تاڕاده‌یه‌ك خۆی رێكخستوه‌ته‌وه، ئه‌مه له شارێكی وه‌كو هه‌ڵه‌بجه‌دا ره‌نگه هه‌ندێك كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌نگی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی هه‌بێت، به‌تایبه‌ت كه مه‌ڵبه‌ندی كۆمه‌ڵ له هه‌ڵه‌بجه كێشه‌ی تێدایه‌و كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر نه‌كراون.
• هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی كوردستان ده‌بێت كه كۆمه‌ڵ به‌پێ پاشگری ئیسلامی به‌شداری تێدا ده‌كات.
• پرسی فره‌ژنی به‌رپرسانی كۆمه‌ڵ له‌م ساڵانه‌ی دوایدا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ناوبانگی حزبه‌كه هه‌بووه، له‌وانه فره‌ژنییه‌كه‌ی عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵ و بەشێك لە پەرلەمانتار و بەرپرسانی باڵای كۆمەڵ، ئه‌مه جگه له كاریگه‌رییه‌كانی ئاشكرابوونی شه‌راكه‌ته ئابورییه‌كه‌ی مه‌لا هه‌ورامان كه‌چێنه‌یی په‌رله‌مانتاری پێشووی كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامێكی حزبه‌كه‌ی، كه كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی و تۆمه‌تباركردنی یه‌كتری به‌دوای خۆیدا هێنا، هه‌موو ئه‌م دیمه‌نانه وێنایه‌كیان لای به‌شێك له ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ و ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵ دروستكردووه، كه به‌رپرسه‌كانی ئه‌م حزبه زیاتر سه‌رقاڵی ژیانی تایبه‌تی خۆیانن و پرۆژه‌یان بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی حزبه‌كه‌و گۆڕانكاریی له كوردستان نییه.
• له‌ڕووی میدیاییه‌وه كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی ناتوانێت به‌باشی گوتار‌و هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كانی بۆ ناو شه‌قام شۆڕ بكاته‌وه، ھێشتا گوتاری ئاینیی زاڵه به‌سه‌ر گوتاری سیاسی و دوای لابردنی پاشگری ئیسلامیش، هێشتا كۆمه‌ڵ نه‌په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ ناو چینه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه.
• هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی دادبینییه‌كانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕوات هاوشێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی 2021ی په‌رله‌مانی عێراق بكرێت به‌شێوازی فره بازنه‌یی، كۆمه‌ڵ له هه‌ڵبژاردنی 2021دا له یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی شێوازی فره‌بازنه‌یدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، ئه‌گه‌ر خۆی كۆنه‌كاته‌وه‌و پێگه‌ی خۆی له بازنه‌كان به باشی دیاری نه‌كات و به كاندیدی گونجاو به‌شدار نه‌بێت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه روبه‌ڕووی شكستێكی تری بكاته‌وه.
• له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌م حزبه ده‌زگایه‌كی خێرخوازی وه‌كو "به‌خشین"ی هه‌یه، كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر چینه هه‌ژاره‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه هه‌یه‌و ده‌كرێت بۆ هه‌ڵبژاردن سودی هه‌بێت.
• ئه‌گه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرێت لیستی نوێ به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن له‌وانه لیستی لاهور شێخ جه‌نگیی و ناڕازییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن پڕ ده‌بێت له ناڕه‌زایه‌تی و هێرش بۆسه‌ر حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و میدیای كۆمه‌ڵ به ئاستی ئێستای خۆیه‌وه ره‌نگه توشی سه‌رلێشێواوی ببێت و نه‌توانێت ئیداره‌ی هه‌ڵمه‌تێكی باشی هه‌ڵبژاردن بدات، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵ هێڵی سیاسی خۆی له‌ناو ئه‌و كێشمه‌كێشه‌دا به‌ڕوونی جیابكاته‌وه.
• كۆمه‌ڵ بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن لێكتێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی كرد، لێكتێگه‌یشتنه‌كه به‌زیان شكایه‌وه، بەهۆی ئەم لێكتێگه‌یشتنه‌وه كۆمەڵ لە ژمارەیەكی زۆری بازنەی هەڵبژاردن كاندیدی دانەناوە‌و لەبەرامبەر ئەمەدا هیچی له یه‌كێتیی دەست نەكەوت، بۆ نمونە لە بازنەی (5)ی گەرمیان كۆمەڵ خاوەنی زیاتر لە (9) هەزار دەنگ بوو، بەڵام كاندیدی نەبوو، ئەمە لەكاتێكدایە لە گەرمیان كاندیدی لایەنەكانی تر بە (5 هەزار) دەنگ سەركەوتوون بۆ پەرلەمانی عێراق، هه‌ر جۆره رێككه‌وتنێكی تری كۆمه‌ڵ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان مه‌حكومه به شاره‌زایی له دابه‌شبوونی ده‌نگ به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا.
• كۆمەڵی دادگەری خاوەنی بنكەیەكی جەماوەری دیاریكراوی خۆیەتی، لە زۆربەی هەڵبژاردنی خولەكانی پەرلەمانی كوردستاندا دەنگ و كورسیەكانی نزیكە لەیەكەوە، لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان (6) كورسی و (118) هەزار دەنگ و لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 2018دا كۆمەڵ (7) كورسی و (109) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.
دارایی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئه‌م حزبه‌ش هاوشێوه‌ی زۆربه‌ی حزبه‌كانی تر، مانگانه له بڕه‌پاره‌یه‌ك سودمه‌ند ده‌بێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی دامه‌زراوه‌كانی، ئه‌م بڕه پاره‌یه دوو حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان دابینی ده‌كه‌ن و له ده‌ره‌وه‌ی یاسای به‌كاره.
ساڵی 2013 كە هەرێمی كوردستان دواین یاسای بودجەی هەبووە، له پارەی حزبە سیاسییەكان و لە دەرەوەی یاسای بەركار، مانگانه بڕی (350 ملیۆن) دینار به كۆمه‌ڵی ئیسلامی دراوه (كه ئێستا ناوه‌كه‌ی بووه به كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی)، له‌دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمیشه‌وه له ته‌موزی 2019دا، پارتی و یه‌كێتیی به‌شێوازێكی تر خه‌رجی حزبه سیاسییه‌كان دابین ده‌كه‌ن، به‌نمونه به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، له 2022دا كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی مانگانه بڕی (150 هه‌زار) دۆلاری له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانییه‌وه بۆ دابین كراوه، ئه‌م پاره‌یه خراوەتە بری (یاسای پێدانی بودجەی حزبەكان)، كە زیاتر له هه‌شت ساڵە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراوە، بەڵام كاری پێناكرێت و پارتی و یه‌كێتیی بۆ راكێشانی لایه‌نداری حزبه‌كان، خۆیان بودجه‌یان بۆ دابین ده‌كه‌ن.
به‌پێی قسه‌ی هه‌ندێك له سه‌رچاوه ئاگاداره‌كان، ئێستا یه‌كێتیی نیشتمانی له سنوری ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆی مانگانه بۆ به‌شێك له حزبه سیاسییه‌كان بڕه بودجه‌یه‌ك دابین ده‌كات.
پاره‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتیی تاڕاده‌یه‌ك هه‌ندێك له حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی له باسكردنی بردنی داهاتی ناوخۆ له‌لایه‌ن حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه بێده‌نگ كردووه، تا ئه‌و راده‌یه‌ی به‌مدواییه محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان له گفتوگۆیه‌كی (دره‌و)دا وتی:" له كوردستان ئۆپۆزسیۆن نییه، ئۆپۆزسیۆن سه‌ری مانگ ئه‌چێت پاره له ده‌سه‌ڵات وه‌رئه‌گرێت".
هه‌ندێك له حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كان به‌دیاریكراوی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی هه‌ر له پارتی و یه‌كێتیی نا، بۆ ئیداره‌دانی دۆخی دارایی خۆیان ناچاربوون ته‌نانه‌ت پاره له كۆماری ئیسلامی ئێرانیش وه‌ربگرن، نیسانی 2023 له به‌رنامه‌یه‌كی (دره‌و)دا بۆ یه‌كه‌مجار محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود ئاشكرایكرد، ساڵی 2009 كه حزبی سۆسیالیست و زه‌حمه‌تكێشان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی لیستی هاوبه‌شیان هه‌بووه بۆ هه‌ڵبژاردن، بڕی (یه‌ك ملیۆن) دۆلاریان له قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران وه‌رگرتووه.
كۆمەڵی دادگەری و هەڵبژاردن بە ژمارە
كۆمەڵی دادگەری لە ساڵی 2005ەوە تائێستا بەشداری لە (11) پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمی كوردستان كردووە:
• لە یەكەم بەشداریدا لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 2005دا بە لیستی هاوبەش بەشداربوو .
• لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2010دا كۆمەڵ (144) هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراق تەنیا (64) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە.
• لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 2013دا لەكۆی (2 ملیۆن و 653 هەزار) دەنگدەر، (118) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (4%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە.
• لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021، كۆمەڵ لەكۆی (3 ملیۆن و 450 هەزار) دەنگدەر، (64) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەرێژەی (2%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە.
• لە هەڵبژاردنی 2010ی پەرلەمانی عێراق، كۆمەڵ لە پارێزگای سلێمانی (79 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2021دا لە سلێمانی (44 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە.
• لە هەڵبژاردنی 2010ی پەرلەمانی عێراق، یەكگرتوو لە پارێزگای هەولێر (62 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2021دا لە پارێزگای هەولێر (19 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە.
راپۆرتی پەیوەندیدار
بەشی پێنجەم: یه‌كگرتوو.. چیرۆكی گه‌شه‌و پاشه‌كشێكردن
بەشی چوارەم: نه‌وه‌ی نوێ.. خه‌ونی دووباره‌كردنه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی 2021
بەشی سێیەم: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه بۆ ئۆپۆزسیۆن
بەشی دووەم:یه‌كێتیی به خه‌یاڵی كه‌ركوكه‌وه ده‌یه‌وێت كوردستان بباته‌وه
بەشی یەكەم: پارتی له یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی دوای كۆنگره‌دا