درەو:
راپۆرتێکی تەکنیکی هەواڵگریی عێراقی، کە وێنەی مانگی دەستکردو نەخشەی رێڕەوی تەنکەرەکانی لەگەڵدا هاوپێچ کراوە، تۆڕێک ئاشکرا دەکات کە گومانیان لێ دەکرێت تێوەگلاو بن لە قاچاغچێتی بە نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لە کێڵگەکانی هەرێمی كوردستان كەركوكەوە (باكوری عێراق) بەرەو ئێران و تا دەگاتە ئەفغانیستان.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی 14 لاپەڕەیی کە لەلایەن بەشی هەواڵگریی شوێنیی (GSI)ی سەر بە ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی عێراقەوە دەرچووەو ماڵپەڕی "العربیە/الحدث" بڵاویكردووەتەوە، پرۆسەكانی قاچاغچێتی تەنیا لە گواستنەوە و فڕۆشتنی نەوتدا كورت نەبووەتەوە، بەڵکو گەشەیان کردووە بۆ چالاکیی گۆڕینی سەرچاوەی بەرهەمە نەوتییەکان و سەرلەنوێ بە بازاڕكردنەوەیان لە دەرەوەی سیستەمی فەرمیی هەناردەکردن.
لە کەرکوک و سلێمانییەوە
راپۆرتەکە وردەکاریی ئەوەی ناوی ناوە "رێڕەوی رۆژهەڵات" خستووەتە ڕوو، کە لە کێڵگەکانی کەرکوک و سلێمانییەوە دەست پێدەکات، بەپێی گێڕانەوەی راپۆرتەکە، ئاماژە بە بەکارهێنانی پشكی نەوتیی دەكات کە بە بەڵگەنامەی فەرمی بۆ شوێنەکانی سلێمانی تەرخان دەکرێن، بەرلەوەی بەشێکیان بگوێزرێنەوە بۆ تۆڕەکانی قاچاغچێتی.
راشیگەیاندووە، نەوتی خاو و بەرهەمە سەرەتاییەکان لە ڕێگەی تەنکەری بچوک و مامناوەندەوە بەرەو سنورەکانی ئێران دەگوێزرێنەوە، بە تێپەڕبوون بە دوو دەروازەی باشماخ و پەروێزخاندا.
دواتر پاش گەیشتنی بارەکان بۆ ئێران، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە نەوتی عێراقی لە پالاوگە بچوک و مامناوەندەکاندا دەپاڵێورێت، یاخود بەرهەمەکانی لەگەڵ بەرهەمە نەوتییەکانی ئێراندا تێکەڵ دەکرێت، بەرلەوەی وەک بەرهەمی ئێرانی بفرۆشرێن، راپۆرتەکە ئەم چالاکییانەی بە هەوڵەکانی خۆدزینەوە لە سزا نێودەوڵەتیەكان بەستووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، ئەفغانستان مەبەستی سەرەکیی بەرهەمە رەوانەکراوەکانە.
بەپێی بەڵگەنامەکە، بارهەڵگرە ئێرانییەکان لە ڕێگەی دەروازە سنورییەکانەوە، لەوانەش "ماهیرود"، بەرەو ئەفغانستان دەپەڕنەوە، بەرلەوەی بارەکانیان لە کۆگاکانی نزیک "هیرات و فەراه" بەتاڵ بکەنەوە و پاشان سوتەمەنییەکە لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا دابەش دەکرێت، هەروەها جەختی لەوە کردووە، ئەم بەرهەمانە زۆرتر لە ناوخۆی ئەفغانستاندا بەکاردەهێنرێن و سەرلەنوێ بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی دیکە هەناردە ناکرێنەوە.
وێنەی ئاسمانی کە کەڵەکەبوونی تەنکەرەکان نیشان دەدەن
لە لاپەڕەکانی چوارەم تاوەکو هەشتەمی راپۆرتەكەدا، وێنەی مانگی دەستکردی شوێنی کۆبوونەوەی تەنکەرەکان لە نزیک دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان تێدایە، لەگەڵ نەخشەیەک کە ڕێڕەوە وشکانییەکان روون دەکاتەوە کە ئامادەکارانی راپۆرتەکە پێیانوایە بۆ گواستنەوەی نەوت بەکاردەهێنرێن.
وێنە نمایشكراوەكانی ناو راپۆرتەكە دیمەنی مێژوکراون بە ساڵانی جیاواز، لەوانەش 2024 و 2025و 2026 دەردەخەن، بەمەبەستی دەرخستنی گۆڕانکارییەکان لە ژمارەی تەنکەرەکان و دامەزراوەکانی دەوروبەری دەروازەکان، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە روودانی دروستکردنی بینا و کۆگای نوێ لە نزیک دەروازەی باشماخ کردووە.
داواکاری بۆ لێکۆڵینەوەی دارایی و بەدواداچوونی تەنکەرەکان
سەرەڕای ئەمانە، راپۆرتەکە داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی دارایی کردووە بۆ دیاریکردنی ئەو لایەنانەی کە لەم قاچاغچێتییە سودمەند دەبن، لەگەڵ دیاریکردنی قەبارەی ئەو زیانانەی بە داهاتی عێراق گەیشتوون.
هەروەها پێشنیازی کردووە تەنکەرەکان لە کەرکوک و سلێمانی، هەولێر و دهۆک بخرێنە ژێر چاودێری سیستەمی بەدواداچوونی ئەلیکترۆنیی "GPS" و جوڵەکانیان بە سیستەمی چاودێریی فیدراڵییەوە ببەسترێتەوە. راسپاردەی ئەوەشی کردووە، رێکاری یاسایی دژ بەو کۆمپانیا و کەسانە بگیڕێتە بەر کە سەرپێچیی مەرجەکانی بەڵێندەرایەتی و بازاڕپێکردنی نەوتیان لەسەرا سەلمێنراوە.