پارتی له یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی دوای كۆنگره‌دا
2024-01-26 17:47:38
راپۆرت: دره‌و
هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی راسته‌قینه‌ی ده‌ره‌نجامه‌كانی كۆنگره‌ی 14یه، ناكۆكی نێوان دوو ئامۆزا میراتگره‌كه‌ی پارتی گه‌یشتوه‌ته ناو كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، پارتی به 45 كورسی په‌رله‌مانه‌وه 75%ی پۆسته‌كانی هه‌رێمی به‌ده‌سته‌وه‌یه، به‌ڵام دوای ئه‌و دۆخه نوێیه‌ی له چوار ساڵی رابردوودا هاتوه‌ته پێش، ئایا پارتی جارێكی تر زۆرینه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌ت كۆنترۆڵ ده‌كات، به‌تایبه‌تیش له‌كاتێكدا یاسای هه‌ڵبژاردن گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت و چاره‌سه‌ری دۆخی دارایی‌ش ئاسۆی نادیاره، ورده‌كاری دۆخی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی پارتی له‌م راپۆرته‌دا، ئه‌مه به‌شی یه‌كه‌می زنجیره‌یه‌ك راپۆرتێكه كه (دره‌و) له‌باره‌ی دۆخی هه‌ریه‌كه له حزبه‌كان بۆ له هه‌ڵبژاردن بڵاویده‌كاته‌وه.
دۆخی حزبه‌كان له‌زنجیره‌یه‌ك راپۆرتدا
هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ستیارترین هه‌ڵبژاردندایه له مێژووی خۆیدا، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی 1992 تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كورد بووبێت له‌وه‌ی ئایا دوای كشانه‌وه‌ی رژێمی به‌عس له ناوچه كوردییه‌كان، كورد توانای به‌ڕێوه‌بردنی خۆی هه‌یه، ئه‌وا هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره تاقیكردنه‌وه ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئایا دوای 32 ساڵی حوكمڕانیی نیمچه سه‌ربه‌خۆی خۆی، كورد ده‌توانێت پارێزگاری له‌و فیدراڵیه‌ت و نیمچه سه‌ربه‌خۆییه بكات كه به‌ده‌ستیهێناوه.
بۆ تێگه‌یشتن له دۆخی كورد له ئێستادا، خوێندنه‌وه بۆ دۆخی حزبه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی خۆیان و له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌یان، هه‌ندێك ئاماژه نیشان ده‌دات، (دره‌و) به زنجیره‌یه‌ك راپۆرت شیكاریی بۆ دۆخی هه‌موو ئه‌و حزب و گروپه سیاسییانه ده‌كات كه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن.
به‌شی یه‌كه‌م: پارتی دیموكراتی كوردستان
له‌و جوگرافیایه‌ی پێی ده‌وترێت "باشوری كوردستان"، پارتی دیموكراتی كوردستان حزبی دایكه، زۆربه‌ی حزبه‌كانی تر له‌ناو عه‌باكه‌ی پارتییه‌وه هاتونه‌ته ده‌ره‌وه، ئه‌م حزبه له 1946 دامه‌زراوه، واتا ئه‌مساڵ ته‌مه‌نی ده‌بێت به (78 ساڵ)، پارتی له‌م ته‌مه‌نه‌دا چه‌ندین نسكۆی به‌سه‌ردا هاتووه‌و هه‌ڵساوه‌ته‌وه، ئه‌م حزبه ئێستا له‌كۆی نزیكه‌ی (6 ملیۆن) له دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان (600 هه‌زار) ئه‌ندامی هه‌یه، واتا به‌گوێره‌ی ئه‌ندام بێت پارتی رێژه‌ی 10%ی تێكڕای دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان پێكده‌هێنێت.
دۆخی ناوخۆیی پارتی
دوای حه‌وت ساڵ دواكه‌وتن له‌واده‌ی خۆی، رۆژی 3ی تشرینی دووه‌می 2022 پارتی كۆنگره‌ی 14ی خۆی به‌ست، ئه‌م كۆنگره‌یه سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی سیاسی نوێ بوو له ناوخۆی پارتیدا، مه‌سعود بارزانی كه له‌دوای مسته‌فا بارزانی باوكییه‌وه، سه‌رۆكی هه‌میشه‌یی پارتییه، له‌م كۆنگره‌یه‌دا نه‌خشه‌ی رێبه‌رایه‌تیكردنی پارتی بۆ دوای خۆی داڕشت.
بارزانی كه له‌گه‌ڵ دروستبوونی پارتیدا له ساڵی 1946 له‌دایكبووه‌و به (78 ساڵ) هاوته‌مه‌نی حزبه‌كه‌یه‌تی، له كۆنگره‌ی 14دا سه‌رباری به‌رزبوونه‌وه‌ی ته‌مه‌ن، له پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی پارتیدا مایه‌وه، به‌ڵام په‌یكه‌ری سه‌رۆكایه‌تیی پارتی گۆڕی، مه‌سرور بارزانی كوڕی هێنایه پێشه‌وه‌و هاوشان له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی برازای، كردی به جێگری سه‌رۆكی پارتی.
هه‌ر له ساتی یه‌كه‌می راگه‌یاندنی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی پارتییه‌وه، ئیتر سه‌ره‌تای ناكۆكییه‌كی نوێ، به‌ڵام قوڵتر له‌نێوان نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی ده‌ركه‌وت، میدیای نێچیرڤان بارزانی وه‌كو جێگری (دووه‌م)ی سه‌رۆكی پارتی ناوی مه‌سرور بارزانی هێنا، میدیای مه‌سرور بارزانیش ده‌یوت "هه‌ردووكیان جێگرن" واتا كه‌سیان له‌پێش ئه‌وه‌ی تریانه‌وه نییه.
سه‌ره‌تای ئه‌م گۆڕانكارییه له‌ناو په‌یكه‌ری ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بۆ رۆژی 3ی كانونی یه‌كه‌می 2018 ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌م رۆژه‌دا ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی، به بڕیاری مه‌سعود بارزانی، مه‌سرور بارزانی بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت كاندید كرد، نێچیرڤان بارزانیش دوای 17 ساڵ سه‌رۆكایه‌تیكردنی حكومه‌ت، بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم كاندید كرا.
نێچیرڤان بارزانی ئه‌وكات ئه‌م گۆڕانكارییه‌ی قبوڵ كرد، به‌وئومێده‌ی له پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و له شوێنه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانییه‌وه، بۆ داهاتوو ده‌ستی له پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی پارتیش گیر ببێت و ئه‌و هاوكێشه‌یه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه كه ده‌وترێت " هه‌ركه‌سێك به سلكی ده‌زگای پاراستندا تێنه‌په‌ڕیبێت ناتوانێت ببێت به سه‌رۆكی پارتی"، به‌ڵام دوای كه‌متر له هه‌شت مانگ كه مه‌سرور بارزانی له‌پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌ستبه‌كاربوو (10 ته‌موزی 2019)، ئیتر نێچیرڤان بارزانی خۆی له دۆخێكی نوێ‌دا بینییه‌وه كه ره‌نگه هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی نه‌كردبێت، مه‌سرور بارزانی هه‌موو كه‌سه نزیكه‌كانی نێچیرڤان بارزانی له حكومه‌ت ده‌رپه‌ڕاندو له‌دوای یه‌كه‌مین قه‌یرانیشه‌وه كه روبه‌ڕووی كابینه‌ی نۆیه‌م بووه‌وه (قه‌یرانی په‌تای كۆرۆناو دابه‌زینی نرخی نه‌وت) یه‌كسه‌ر مه‌سرور بارزانی جه‌نگی دژی نێچیرڤان بارزانی راگه‌یاندو خراپی دۆخی دارایی حكومه‌ت و قه‌رزه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی خسته ئه‌ستۆی 17 ساڵ حوكمڕانیی نێچیرڤان بارزانی له‌ناو حكومه‌تدا.
له‌وكاته‌وه تائێستا په‌یوه‌ندی دوو ئامۆزا میراتگره‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی به‌دۆخی كێشمه‌كێشدا تێپه‌ڕده‌بێت، له‌سه‌ره‌تای ململانێكه‌وه نێچیرڤان بارزانی خۆی له كاردانه‌وه ده‌پاراست، به‌ڵام به‌مدواییه دژه هێرشی ده‌ستپیكردووه، له‌رێگه‌ی میدیاكانییه‌وه (به‌دیاریكراویش تۆڕی میدیایی رووداو) فشاری له‌سه‌ر كابینه‌ی مه‌سرور بارزانی توندكردوه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وام ده‌ست ده‌خاته‌سه‌ر كه‌موكورتییه‌كانی حكومه‌ت، ئه‌م هه‌ڵمه‌ته میدیاییه به‌ته‌واوه‌تی مه‌سرور بارزانی بێزار كردووه، تائه‌و ڕاده‌ی له ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و وه‌زیره‌كانی قه‌ده‌غه‌كردووه چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (رووداو) بكه‌ن، له‌مه‌ش زیاتر چه‌ند به‌رپرسێكی پارتی سه‌رزه‌نیشت و سزا دراون له‌سه‌ر شكاندنی ئه‌م قه‌ده‌غه میدیاییه، واتا ئێستا دۆخێك له‌ناو پارتیدا دروستبووه، هه‌ر ئه‌ندامێكی ئه‌و حزبه بۆ ئه‌وه‌ی له كێشمه‌كێشی نێوان دوو ئامۆزاكه تێبگات، ته‌نیا پێویستی به‌وه‌یه ته‌ماشای ته‌له‌فزیۆنه‌كانی حزبه‌كه‌ی بكات.
پارتی كه جاران به مه‌ركه‌زیه‌تی بڕیاری سیاسی و میدیایی ناسرابوو، ئێستا هاوشێوه‌ی یه‌كێتیی خاوه‌نی زیاتر له میدیایه‌كه، كه هه‌ریه‌كه‌یان گوزارشت له جه‌مسه‌رێكی به‌هێزی ناو پارتی ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستكردنی مینبه‌ری جیاوازی میدیاییه‌وه له‌ناو پارتی، پێشبینی ئه‌وه هه‌بوو پارتی روبه‌ڕووی هه‌مان دۆخی ساڵانی رابردووی یه‌كێتیی ببێته‌وه، به‌تایبه‌تیش بۆ قۆناغێك كه ئیتر چاره‌نوسی شوێنگره‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی له‌نێوان كوڕ‌و برازاكه‌یدا یه‌كلاده‌بێته‌وه، به‌جۆرێك به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، ساڵی رابردوو له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ وه‌زیرو به‌رپرسانی ئیداریی پارتی، مه‌سرور بارزانی وتویه‌تی:" ئێستا ئه‌وه‌ی كه‌ناڵی رووداو به‌رامبه‌ر به حكومه‌ت ده‌یكات، لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان نایكه‌ن".
به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، له كۆبونه‌وه‌ی رۆژی 10ی ئه‌م مانگه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستاندا، ناكۆكیی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی به‌ئاشكراو له‌به‌رده‌م وه‌زیری لایه‌نه به‌شداره‌كانی حكومه‌تدا ده‌ركه‌وتووه، به‌راوركارییه‌كی كابینه‌ی نۆیه‌م به كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌ت له‌لایه‌ن رێبه‌ری ئه‌حمه‌دی وه‌زیری ناوخۆوه، كاردانه‌وه‌ی توند‌و ده‌نگ به‌رزكردنه‌وه‌ی (فه‌وزی هه‌ریری) سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به‌دوای خۆیدا هێناوه، هه‌ریری له‌به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌كانی رێبه‌ر ئه‌حمه‌ددا، به‌نوێنه‌رایه‌تی نێچیرڤان بارزانی و له‌به‌رده‌م مه‌سرور بارزانیدا به‌رگری له كابینه‌ی پێشووی حكومه‌ت كرد‌و ره‌خنه‌ی له كابینه‌ی نۆیه‌م گرت، ئه‌مه مه‌سرور بارزانی ناچاركرد كۆتایی به كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بهێنێت. (فه‌وزی هه‌ریری كه سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمه، پله‌ی وه‌زیره‌و به‌نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌شداری كۆبونه‌وه‌كانی حكومه‌ت ده‌كات)
ئه‌م كێشمه‌كێشه‌ی نێوان دوو جێگره‌كه‌ی سه‌رۆكی پارتی، له‌دواین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراقدا كه 18ی كانونی یه‌كه‌می 2023 به‌ڕێوه‌چوو، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ده‌نگ و پێگه‌ی پارتی دروستكرد، به‌تایبه‌تیش له پارێزگای نه‌ینه‌واو كه‌ركوك، به‌جۆریك له نه‌ینه‌وا پارتی رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی 50% دابه‌زی، له كه‌ركوكیش به‌به‌راورد به یه‌كێتیی، پارتی له‌ئاستی چاوه‌ڕوانكراوی خۆیدا نه‌بوو.
نزیكه‌كانی مه‌سرور بارزانی ده‌ڵێن، نێچیرڤان بارزانی ئیداره‌ی گه‌مه‌یه‌كی سیاسی ده‌دات له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی، به‌دیاریكراویش له‌گه‌ڵ قوباد تاڵه‌بانی، له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت له‌پێگه‌ی مه‌سرور بارزانی بدات، تا ئه‌و ڕاده‌ی له هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا كه بڕیاره له ئایاری داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت، پێگه‌ی پارتی له په‌رله‌مان لاواز ببێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م رێگه‌یه‌وه په‌یامێك به ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی پارتیش بدات و بڵێ: من كه حكومه‌تم راده‌ستی مه‌سرور بارزانی كرد پارتی خاوه‌نی 45 كورسی په‌رله‌مان بوو، به‌ڵام كه مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی وه‌رگرت پارتی كورسییه‌كانی كه‌میكرد".
پارتی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان
له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان، پارتی به (45) كورسی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه رێژه‌ی 75%ی پۆسته باڵا‌و هه‌ستیاره‌كانی هه‌رێمی به‌ده‌سته‌وه‌یه، به‌جۆرێك ئێستا بڕیاری سیاسی هه‌رێم له‌ده‌ستی پارتیدایه‌و 100%ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێم لای پارتییه (سه‌رۆكی هه‌رێم+ سه‌رۆكی حكومه‌ت+ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كه لای یه‌كێتیی بوو، به‌هۆی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئه‌م سه‌رۆكایه‌تییه ئێستا نه‌ماوه).
له‌ناو پارتیشدا بڕیاری سیاسی له‌ده‌ستی مه‌سرور بارزانیدایه، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌م سود له پۆسته‌كه‌ی وه‌كو سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌رده‌گرێت، هه‌م له پێگه حزبییه‌كه‌ی وه‌كو جێگری سه‌رۆكی پارتی و كوڕی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی حزبه‌كه.
كابینه‌ی نۆیه‌م كه چوار ساڵی ته‌مه‌نی خۆی به‌ڕێكردووه‌و ماوه‌ی ساڵێكیشه وه‌كو كاربه‌رێكه‌ر به‌رێوه‌ده‌چێت، له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان ناڕه‌زایه‌تی و بێئومێدیی دژی ده‌سه‌ڵاتی پارتی زیاتر كردووه، چونكه له یه‌كه‌م ئه‌زمونی مه‌سرور بارزانیدا، هه‌رێمی كوردستان روبه‌ڕووی زنجیره‌یه‌ك فشاربووه‌ته‌وه كه پێشینه‌ی نه‌بووه، له‌وانه:
• شوباتی 2020، بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆناو دابه‌زینی نرخی نه‌وت له كۆتایی كابینه‌ی مه‌سرور بارزانی توشی قه‌یرانێكی دارایی گه‌وره كرد، به‌وهۆیه‌وه حكومه‌ت بۆ ماوه‌ی 10 مانگ به لێبڕینه‌وه موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دابه‌شكرد، ئه‌مه سه‌ره‌تای نائومێدی خه‌ڵك بوو به‌رامبه‌ر به كابینه‌ی نۆیه‌م و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێگه‌ی پارتیش دروستكرد.
• له 15ی شوباتی 2022دا، دوای 10 ساڵ چاوه‌ڕوانی، دادگای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایه‌كی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق سه‌باره‌ت به فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم، بڕیاریدا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێم و هه‌ولێری پابه‌ندكرد به‌وه‌ی نه‌وت و غازه‌كه‌ی راده‌ستی به‌غداد بكات.
• له تشرینی یه‌كه‌می 2022دا، به‌هۆی كێشه‌ی ئه‌منیی نێوان پارتی و یه‌كێتیی، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم بایكۆتی كۆبونه‌وه‌كانی حكومه‌تی كرد، دواتریش وه‌زیره‌كانی یه‌كێتیی له مانگی كانونی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵدا بایكۆتی كۆبونه‌وه‌كانی حكومه‌تیان كرد، ئه‌م بایكۆته ماوه‌ی نزیكه‌ی 6 مانگ به‌رده‌وام بوو، له‌دوای یه‌كخستنی ئیداره‌ی هه‌ولێرو سلێمانییه‌وه ئه‌مه یه‌كه‌مجار بوو تیمی یه‌كێتیی له حكومه‌ت بایكۆتی كۆبونه‌وه‌كان بكات.
• 13ی شوباتی 2023 دادگای ناوبژیوانی پاریس دوای چه‌ندین ساڵ چاوه‌ڕوانی، دواجار بڕیاری خۆی له‌باره‌ی سكاڵایه‌كه‌وه یه‌كلاكرده‌وه كه حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر توركیا تۆماریكردبوو، له‌م سكاڵایه‌دا عێراق ناڕه‌زایه‌تی نیشاندا بوو له‌باره‌ی به‌كارهێنانی هێڵی بۆری نه‌وتی عێراق- توركیا بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ ره‌زامه‌ندی به‌غداد، له‌سه‌ر ئه‌م سكاڵایه، دادگای نێوده‌وڵه‌تی بڕی نزیكه‌ی (ملیارێك و 500 ملیۆن) دۆلار قه‌ره‌بووی به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاند، به‌هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه له به‌ره‌به‌یانی 25ی ئازاری 2023دا توركیا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان راگرت و تائێستا هه‌نارده ده‌ستیپێ نه‌كردوه‌ته‌وه، به‌هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه حكومه‌تی هه‌رێم رێژه‌ی نزیكه‌ی 80%ی داهاته‌كانی خۆی له‌ده‌ستداو سه‌رله‌نوێ كێشه بۆ موچه‌ی موچه‌خۆران دروستبووه‌وه.
• 30ی ئایاری 2023 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق درێژكردنه‌وه‌ی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، به‌هۆی ئه‌م بڕیاره‌وه په‌رله‌مانی كوردستان نه‌یتوانی یاسای هه‌ڵبژاردن و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم كارابكاته‌وه‌و گرفت بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان دروستبوو.
• كۆتایی ئایاری 2023 یاسای بودجه‌ی سێ ساڵه‌ی عێراق كه‌وته بواری جێبه‌جێكردن، له‌م یاسایه‌دا بۆ جاری یه‌كه‌م له‌دوای روخانی سه‌ددامه‌وه حكومه‌تی هه‌رێم قایل بوو به راده‌ستكردنی نه‌وته‌كه‌ی به كۆمپانیای به‌بازاڕخستی نه‌وتی عێراق "سۆمۆ"و راده‌ستكردنی پاره‌ی كاشی داهاتی نه‌وت به وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێم به‌شی خۆی له بودجه‌ی گشتی عێراق پێبدرێت، بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی عێراق و دادگای ناوبژیوانی پاریس كاریگه‌رییان هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی مه‌سرور بارزانی له یاسای بودجه‌دا مل بۆ خواسته‌كانی به‌غداد بكات.
• 24ی ئه‌یلولی 2023 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق به بڕیارێك ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، به‌ڵام له تائێستا ئه‌م بڕیاره جێبه‌جێ نه‌كراوه‌و ئه‌نجومه‌نه‌كان به‌رده‌وامن له‌سه‌ر كاركردنی خۆیان.
• كۆتاییه‌كانی 2023، به‌هۆی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وت، حكومه‌تی هه‌رێم توانای دابینكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی نه‌بوو، به‌ناچاری بۆ ماوه‌ی سێ مانگ قه‌رزی (700 ملیار) دیناری له حكومه‌تی فیدراڵی عێراق وه‌رگرت، به‌م قه‌رزه‌شه‌وه حكومه‌ت به سێ مانگ قه‌رزی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه ماڵئاوایی له 2023 كرد.
• رۆژی 4ی شوباتی ئه‌مساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی له‌باره‌ی سكاڵایه‌كه‌وه یه‌كلایی ده‌كاته‌وه كه یه‌كێتیی نیشتمانی له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان تۆماریكردووه، ئه‌م بڕیاره‌ش كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دۆخی سیاسی هه‌رێم ده‌بێت، به‌تایبه‌تیش له بواری گۆڕینی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له كوردستان بۆ (فره‌بانه‌یی)و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و گۆڕانكاریكردن له كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان، ئه‌مه‌ش به‌پله‌ی یه‌كه‌م گورزێكه كه له‌سه‌رده‌می حوكمڕانی مه‌سرور بارزانیدا به‌ر پێگه‌ی پارتی ده‌كه‌وێت له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.
هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه له 5 ساڵی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌مدا رووی له هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌پله‌ی یه‌كه‌م كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌سه‌ر پێگه‌ی پارتی ده‌بێت، پاشان لایه‌نه‌كانی تری به‌شدار له حكومه‌ت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پارتی زۆرینه‌ی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه، بۆ ده‌ربازبوون له‌و فشارانه، له‌دوای راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وته‌وه، مه‌سرور بارزانی رووی له كه‌مپه‌ینێكی میدیایی كرد بۆ هه‌نارده‌كردنی به‌روبومی كوردی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌وانه هه‌نگوین و هه‌نارو چه‌ند به‌رهه‌مێكی تر، كه كاریگه‌ریی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر تێكڕای داهاتی ناوخۆیی هه‌رێم نییه.
پارتی له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه
له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌مدواییه به‌هۆی پارتییه‌وه هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تیش هه‌ولێری پایته‌خت كه‌وتوه‌ته ژێر فشاری توندی ئێرانه‌وه، له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ر به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی پارتییه‌وه حكومه‌تی هه‌رێم كه‌وتوه‌ته‌ژێر فشاری دارایی به‌غداده‌وه.
پارتی كه خۆی بۆ به‌ره‌ی توركیا‌و ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا ساغكردوه‌ته‌وه، له‌به‌رامبه‌ر فشاره زۆره‌كانی به‌غدادو تاران‌دا، هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆی ئه‌مریكا نه‌بینیوه، ئه‌م نائومێدییه له هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا له راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركردایه‌تی پارتیدا له 12ی ته‌موزی 2023دا گوزارشتی لێكرا، كاتێك سه‌ركردایه‌تی پارتی رایگه‌یاند" سیاسەت و بەرنامەكانی ئەمریكا لە خورهەڵاتی ناوەراست بە شێوەیەكی گشتی بوەتە مایەی نیگەرانی هاوپەیمانەكان، بەشێك لەم لێكەوتانە راستەوخۆ هەندێكیش ناڕاستەوخۆ كاریگەریان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە"، ئه‌م نیگه‌رانییه‌ی پارتی له ئه‌مریكا بۆ یه‌كێك له ئاژانسه هه‌واڵییه‌كانی روسیا جێگای سه‌ره‌نج بوو، وا لێكدرایه‌وه ئه‌مریكا یه‌كێك له هاوپه‌یمانه‌كانی تری خۆی له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ده‌ستداوه.
پارتی له‌ناو كێشمه‌كێشی ئه‌مریكاو ئێران‌دا له‌ناوچه‌كه گیری خواردووه، له‌لایه‌ك له‌ژێر فشاری ئێران و لایه‌نه شیعه‌كانی عێراقدایه بۆ كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی، له‌لایه‌كی تر مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه به گه‌ره‌نتی بۆ مانه‌وه‌ی خۆی و هه‌رێمی كوردستان ته‌ماشا ده‌كات، پارتی به‌شێكه له هاوپه‌یمانی (ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت)، ئه‌مه هاوپه‌یمانێتی ئه‌و لایه‌نانه‌یه كه پێكه‌وه كابینه‌ی حكومه‌تیان له عێراق دروستكردووه، پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه كه له‌و شیعانه‌ن، له ئێرانه‌وه نزیكن.
له‌كاتێكدا لایه‌نه شیعه‌كانی عێراق فشاره‌كانیان بۆ كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان له عێراق توندكرده‌وه، رۆژی 9ی ئه‌م مانگه مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی ژه‌نه‌راڵ (جۆوڵ ڤاوڵ) فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق و سوریا بینی، له‌م دیداره‌دا بارزانی جەختی له‌سه‌ر بەردەوامی کاری هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا كرد، به‌ڵام له‌ناو حكومه‌تی عێراق ناچاربووه پابه‌ندبێت به بڕیاری شیعه‌كانه‌وه بۆ كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانان له عێراق، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش به‌پله‌ی سه‌ره‌كی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سه‌رپه‌ره‌شتی ده‌كات كه وه‌زیره‌كه‌ی (فوئاد حسێن)ی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتییه.
یه‌كێك له‌و بنكانه‌ی كه هێزه‌كانی ئه‌مریكای له عێراق تێدا جێگیربووه، بنكه‌ی (هه‌ریره) له‌نزیك هه‌ولێر، سه‌رباری ئه‌مه هاوپه‌یمانان له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێریشدا بنكه‌یه‌كیان هه‌یه، به‌وهۆیه‌وه له‌دوای ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ئیسرائیل و حه‌ماسه‌وه له 7ی ئۆكتۆبه‌ری 2023، زیاتر له 150 هێرش له‌لایه‌ن گروپه چه‌كداره‌كانی نزیك له ئێرانه‌وه كراونه‌ته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
پارتی و هه‌ڵبژاردن
پارتی وه‌كو ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌می هه‌رێمی كوردستان له دۆخێكی جیاوازدا ده‌چێته ناو هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، دۆخێك كه له دۆخی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو ناچێت، له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه:
• دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستان به‌به‌راورد به رابردوو خراپتر بووه، به‌تایبه‌تیش كه هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم وه‌كو سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهاتی حكومه‌ت ئێستا ئیتر جڵه‌وه‌كه‌ی له‌ده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵی عێراقدایه‌و هه‌مواری یاسای بودجه‌ش چاره‌نوسی نادیاره‌و ئه‌گه‌ر له په‌رله‌مانیش په‌سه‌ند بكرێت ئه‌وه به حكومه‌تی هه‌رێم نادات كه داوای ده‌كات.
• یاسای هه‌ڵبژاردن به‌هۆی سكاڵاكه‌ی یه‌كێتییه‌وه له دادگای فیدراڵی عێراق دڵخوازی پارتی نابێت، شێوازی فره‌بازنه‌یی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه یان دابه‌شكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان تاڕاده‌یه‌ك زامنی ئه‌وه ده‌كات چیتر پارتی ئه‌و زۆرینه‌یه‌ی له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان نه‌بێت كه له خولی پێنجه‌مدا هه‌یبوو، ئه‌مه پارتی ناچار ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر ركابه‌ره سیاسییه‌كانی به‌دیاریكراویش یه‌كێتیی، پاشه‌كشێی سیاسی زیاتر بكات.
• ناكۆكی نێوان مه‌سرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی كاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر پێگه‌ی پارتی له هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا ده‌بێت، به‌تایبه‌تیش له ئاڕاسته‌كردنی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری پارتی بۆ به‌شداربوونیان له هه‌ڵبژاردن و لێكدانه‌وه‌ی حساباتی پێگه‌و هه‌ژمونی هه‌ریه‌كه‌یان دوای هه‌ڵبژاردن.
• سه‌رباری ئه‌م خاڵه نه‌رێنییانه، هێشتا پارتی هێزی یه‌كه‌می ده‌سه‌ڵاته له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌نگده‌ره‌كانی ده‌بێت، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر تاكاتی هه‌ڵبژاردن حكومه‌تی مه‌سرور بارزانی بتوانێت ریككه‌وتنێكی هاوسه‌نگ له‌باره‌ی یاسای بودجه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غداد بكات و به‌مه‌ش هه‌ندێك ئارامی ده‌روونی بۆ موچه‌خۆران و پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه.
پارتی و هه‌ڵبژاردن
دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرجەم هەڵبژاردنەكانی (پەرلەمانی كوردستان، ئەنجومەنی پارێزگاكان، پەرلەمانی عێراق) لە هەرێمی كوردستان (1992 – 2021)
• بۆ نوسینی ئه‌م راپۆرته شیكارییه (دره‌و) له‌گه‌ڵ چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی ئاگادار له‌ناو پارتی و یه‌كێتیی قسه‌ی كردووه