Draw Media

یه‌كگرتوو.. چیرۆكی گه‌شه‌و پاشه‌كشێكردن

یه‌كگرتوو.. چیرۆكی گه‌شه‌و پاشه‌كشێكردن

2024-02-06 15:45:09


راپۆرت: دره‌و
یه‌كگرتووی ئیسلامی ته‌مه‌نی ده‌بێت به‌ (30) ساڵ، له‌م ته‌مه‌نه‌دا سه‌ره‌تا به‌ گه‌شه‌كردنی خێرا ده‌ستیپێكردو له‌ ناوه‌ڕاستیدا هیواش بووه‌وه‌، له‌ئیستاشدا له‌ پاشه‌كشێدایه‌و ده‌ستی به‌ دۆخی خۆیه‌وه‌ گرتووه‌و به‌وه‌ی هه‌یه‌تی قایله‌، به‌هۆی هه‌ڵبژاردنی چاوه‌ڕوانكراوی كوردستانه‌وه‌ یه‌كگرتوو كۆنگره‌ی نۆیه‌می خۆی بۆ كۆتایی ئه‌مساڵ دواخستووه‌، یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستاندا (10) كورسی بەدەستهێنا، نە پێشتر و نە دواتر ئەو ژمارەیەی بەدەستنەهێناوە، لە هەڵبژاردنی 2010ی پەرلەمانی عێراق، یەكگرتوو (214) هەزار دەنگی هەبوو، لە 2021 دەنگەكانی بووە (108)، ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م یه‌كگرتوو بۆ هه‌ڵبژاردن چین ؟ ورده‌كاری له‌م راپۆرته‌دا.
‌‌  
دۆخی حزبه‌كان له‌زنجیره‌یه‌ك راپۆرتدا
هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ستیارترین هه‌ڵبژاردندایه‌ له‌ مێژووی خۆیدا، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی 1992 تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كورد بووبێت له‌وه‌ی ئایا دوای كشانه‌وه‌ی رژێمی به‌عس له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان، كورد توانای به‌ڕێوه‌بردنی خۆی هه‌یه‌، ئه‌وا هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ تاقیكردنه‌وه‌ ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئایا دوای 32 ساڵی حوكمڕانیی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆی خۆی، كورد ده‌توانێت پارێزگاری له‌و فیدراڵیه‌ت و نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆییه ‌بكات كه‌ به‌ده‌ستیهێناوه؟
بۆ تێگه‌یشتن له‌ دۆخی كورد له‌ ئێستادا، خوێندنه‌وه‌ بۆ دۆخی حزبه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی خۆیان و له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌یان، هه‌ندێك ئاماژه‌ نیشان ده‌دات، (دره‌و) به‌ زنجیره‌یه‌ك راپۆرت شیكاریی بۆ دۆخی هه‌موو ئه‌و حزب و گروپه‌ سیاسییانه‌ ده‌كات كه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن.

به‌شی پێنجه‌م: یه‌كگرتووی ئیسلامی
ئه‌مڕۆ یادی 30 ساڵه‌ی ئیعلانكردنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانه‌، له‌ فه‌رهه‌نگی سیاسی یه‌كگرتوودا 6ی شوباتی 1994 وه‌كو یادی ئیعلانكردن ناوده‌برێت نه‌ك دامه‌زراندن، چونكه‌ به‌وته‌ی ئه‌وان دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كگرتوو به‌ر له‌ راگه‌یاندنی حزبه‌كه‌ش هه‌ر له‌ناو كاری ئیسلامیدا بوون و به‌م قۆناغه‌ ده‌ڵێن" قۆناغی كاری نهێنیی".
یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌سه‌ره‌تاكانی شەڕی ناوخۆی كوردستاندا لەدایكبوو، لەناو بۆنی باروتی شەڕدا، سیاسەتكردنی بەچەك رەتكردەوە، بۆ ئەو كات ئەم بیرۆكەیە جێگای گاڵتەجاڕی بوو، به‌ڵام سه‌رباری هه‌ڵبه‌زو دابه‌زی دۆخی حزبایه‌تی له‌ كوردستان، یه‌كگرتوو تائێستا ده‌ستبه‌رداری ئه‌م بنه‌مایه‌ نه‌بووه‌و هێزی چه‌كداری نییه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ناوچه‌یه‌كی وه‌كو عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ تائێستاش میلیشیاو هێزه‌ نافه‌رمییه‌كان باڵاده‌ستن به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كاندا.
یه‌كگرتوو له‌سه‌ره‌تای راگه‌یاندنییه‌وه‌ یه‌كێك له‌ كێشه‌ گه‌وره‌كانی به‌رده‌می ئه‌وه‌ بوو، ته‌مه‌نی سیاسی كه‌م بوو، كاتێك پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری زیاتر هه‌ڵده‌كشا، لایه‌نه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌دیاریكراویش پارتی و یه‌كێتیی تۆمه‌تباریان ده‌كرد به‌وه‌ی حزبێكی گه‌نجه‌و به‌شداری خه‌باتی چه‌كداری دژی رژێمی به‌عس نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئیتر ئه‌مڕۆ یه‌كگرتوو ته‌مه‌نی 30 ساڵه‌و له‌ریزی حزبه‌ گه‌نجه‌كاندا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت.
له‌ 30 ساڵی ته‌مه‌نیدا، سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هادین ئه‌مینداریی ئه‌به‌دی یه‌كگرتووه‌، ئه‌م پیاوه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌م (30) ساڵه‌دا ته‌نیا بۆ ماوه‌ی (4) ساڵ ده‌ستبه‌رداری پۆستی ئه‌میندار بوو (2012 بۆ 2016)و پۆسته‌كه‌ی بۆ (محه‌مه‌د فه‌ره‌ج) چۆڵكرد، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام نه‌بوو، خۆی گه‌ڕایه‌وه‌و له‌وكاته‌وه‌ تائێستا هه‌ر خۆی ئه‌مینداره‌.
سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هادین حزبه‌كه‌ی به‌جۆرێك دروستكردووه‌، كاره‌كته‌ره‌كانی ناوی به‌ كه‌می توانای روبه‌ڕووبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌میندار هه‌یه‌، شه‌رم ده‌كه‌ن، بۆ نمونه‌ سه‌ره‌تاكانی 2021 ئه‌میندار به‌بێ گوێدانه‌ بڕیاری سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شورای هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و دواتر خۆی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌شی گرته‌ده‌ست، ئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ كه‌ له‌ كاره‌كته‌ره‌ كۆنه‌كانی یه‌كگرتوون، بێده‌نگنیان هه‌ڵبژاردو ئێستاش قایلن به‌وه‌ی  ئه‌میندار ماوه‌ له‌دوای ماوه‌، به‌ جیاو هه‌ر جاره‌ی له‌گه‌ڵ گروپێكیان كۆده‌بێته‌وه‌.  
تا به‌ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه‌، یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌ناو زۆر قۆناغی سه‌ختدا تێپه‌ڕیوه‌، جه‌نگی ناوخۆیی پارتی و یه‌كێتیی له 1994 بۆ 1998 به‌رده‌وام بوو، یه‌كگرتوو له‌ هه‌ردوولاوه‌ له‌ژێر فشاردا بوو، به‌ڵام ئه‌م قۆناغه‌ی تێپه‌ڕاندو نه‌بوو به‌ به‌شێك له‌ شه‌ڕه‌كه‌، له‌به‌رامبه‌ردا به‌ بێده‌نگی سودی له‌ دۆخی ره‌شبینی شه‌ڕی ناوخۆیی وه‌رگرت بۆ به‌هێزكردنی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی خۆی، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك له‌رێگه‌ی بابه‌خدان به‌ خێزان وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی كۆمه‌ڵگه‌و له‌لایه‌كی تر راكێشانی رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌‌ ئیسلامییه‌كان بۆ كوردستان و گه‌یاندنی كۆمه‌ك به‌ هه‌ژاران و دروستكردنی مزگه‌وت و پرۆژه‌ی ئاو و قوتابخانه‌و چه‌ندین پرۆژه‌ی تر.  ‌
لە دوای رووداوەكانی 31ی ئابی 1996 یەكگرتوو بە وەزیری هەرێم بەشداری لە كابینەكەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا كرد، دواتریش بە وەزیری داد له‌ (كابینه‌ی چوار له‌ سالی 1999)بەشداربوو، ئه‌مه‌ش هێنده‌ی تر گوشاری یه‌كێتیی له‌سه‌ر ئه‌ندامه‌كانی له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی زیادكرد، له‌و ساڵانه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌ندام و لایه‌نگرانی ئه‌م حزبه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌ ده‌گیران و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرا، به‌تایبه‌تیش كه‌ یه‌كگرتوو به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر خزابووه‌ ناو خێزانه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌و له‌ هه‌ر خێزانێك لانی كه‌م لایه‌نگرێكی بۆ خۆی دروستكردبوو، له‌ هه‌ڵبژاردنی قوتابخانه‌و زانكۆكاندا هه‌ندێكجار له‌ پارتی و یه‌كێتیشی ده‌برده‌وه‌، ئه‌مه‌ مه‌ترسی لای هه‌ردوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ دروستكردو فشاره‌كانیان توندتر كرده‌وه‌، سه‌رباری ئه‌م فشارانه‌، یه‌كگرتوو ئه‌م قۆناغه‌شی بڕی و توشی كاردانه‌وه‌و ده‌ستبردن بۆ چه‌ك نه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا فشاره‌كانیش بێ كاریگه‌ریی نه‌بوون و گه‌شه‌كردنی زیاتری ئه‌م حزبه‌ نوێیه‌ تاڕاده‌یه‌ك له‌ قاڵبدرا.
یه‌كگرتوو كه‌ هێشتا له‌ فشاره‌ ناوخۆییه‌كانی پارتی و یه‌كێتیی ده‌رباز نه‌بوو بوو، 11ی سێپتێمبه‌ری 2000 روویدا، له‌م رۆژه‌دا رێكخراوی قاعیده‌ له‌ناو جه‌رگه‌ی ئه‌مریكادا چه‌ند هێرشێكی گه‌وره‌ی جێبه‌جێكرد، ئیتر لێره‌وه‌ ئه‌مریكا جیهانی دابه‌شكرد به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا (ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵمانه‌و ئه‌وه‌ی دژمانه‌)، له‌پاڵ ئه‌م دابه‌شكارییه‌دا، ئه‌مریكا جه‌نگی "دژه‌تیرۆر"ی راگه‌یاند، تیرۆر مه‌به‌ست لێی رێكخراوی قاعیده‌و هه‌موو گروپه‌ ئیسلامییه‌كان بوو، ئه‌م سیاسه‌ته‌ جیهانییه‌ ده‌رفه‌تی بۆ پارتی و یه‌كێتیی خۆشكرد، سه‌رله‌نوێ هه‌ڵمه‌تێكی پاكتاوكردنی ئیسلامییه‌ سیاسییه‌كان له‌ كوردستان به‌ڕێوه‌ببه‌ن، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی (كه‌ ئێستا ناوه‌كه‌ی بووه‌ به‌ كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان) به‌ر ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ كه‌وتن، رێبه‌رانی ئه‌م دوو حزبه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركران، به‌ڵام یه‌كگرتووی ئیسلامی ئه‌م قۆناغه‌شی به‌ سه‌لامه‌تی بڕی و له‌ لیستی تیرۆری جیهانی رزگاری بوو، به‌ر له‌ كه‌وتنی رژێمی سه‌ددام له‌ 2003دا چووه‌ پاڵ پارتی و یه‌كێتیی و به‌شداری له‌ كۆنگره‌ی حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی عێراقدا كرد كه‌  له‌ژێر چاودێری وڵاتانی خۆرئاوا به‌ڕێوه‌چوو، لێره‌وه‌ ئیتر سه‌رده‌می زێڕینی یه‌كگرتوو ده‌ستیپێكردو دوای كه‌وتنی رژێمی پێشووی عێراق، یه‌كگرتوو لە عێراقی نوێدا به‌ قه‌باره‌ی خۆیه‌وه‌ پێگه‌ی باشی زامن كرد، سەلاحەدین محه‌مه‌د بەهادین ئەمنیداری حزبەكە، بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی حوكمی عێراق‌و یەكێك لە كەسایەتییە سیاسییە دیارەكانی عێراق.
به‌به‌هانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كودستانه‌وه‌، یه‌كگرتوو سازدانی كۆنگره‌ی (نۆیه‌م)ی خۆی بۆ مانگی 12ی ئه‌مساڵ دواخستووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرێت له‌ مانگی (5)ی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، ده‌ره‌نجامه‌كانی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆنگره‌كه‌ی یه‌كگرتوو ده‌بێت.
لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، یەكگرتوو ئێستا له‌نێوان قه‌ته‌رو تاران و ئه‌نكه‌ره‌دا جموجوڵ ده‌كات.

یه‌كگرتوو له‌ناو هه‌ڵبژاردنه‌كاندا
تاوەكو ساڵی 2005 كە تەمەنی ئەوكات  12 ساڵ بوو، یەكگرتوو هیچ نوێنەرایەتییەكی لە پەرلەمانی كوردستان نەبوو، بەڵام لەو ساڵەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ حزبە كوردستانییەكاندا بەشداریكرد، لیستەكە ناوی "لیستی نیشتیمانی كوردستان" بوو، جگە لە كۆمەڵی ئیسلامی‌و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، هەموو لایەنەكانی تر لەو لیستەدا كۆبونەوە، یەكگرتوو كە لە یەكەم ئەزمونی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردندا شەریكایەتی لەگەڵ یەكێتیی‌و پارتی كرد (9 كورسی) پەرلەمانی بردەوە.
11 مانگ دوای هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، یەكگرتوو بەپێچەوانەی كوردستانەوە لەسەر ئاستی عێراق بە لیستی جیا لە یەكێتیی‌و پارتی بەشداری هەڵبژاردنی كرد، ئەمە شەپۆلێك توڕەیی یەكێتیی‌و پارتی بەدوای خۆیدا هێنا، لە ناوچەی بادینان پەلاماری بارەگاكانی یەكگرتوو درا، ئەندامێكی سەركردایەتی‌و (4) كادری یەكگرتوو كوژران، لە سلێمانیش هەوڵێك هەبوو بۆ پەلاماردانیان، بەڵام دواتر كۆنترۆڵكرا، لەم پرۆسەیەدا بۆ یه‌كه‌مجار دەنگی راستەقینەی یەكگرتوو دەركەوت، لە سێ پارێزگاكەی هەرێم، یەكگرتوو (133 هەزارو 206) دەنگی بەدەستهێناو (4) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوه‌.
لە دووەم ئەزمونی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە ساڵی 2009 بەڕێوەچوو، یەكگرتوو شێوازێكی نوێی بەشداری تاقیكردەوە، ئەمجارە بە لیستی هاوبەش لەگەڵ (كۆمەڵی ئیسلامی، حزبی زەحمەتكێشان، حزبی سۆسیالیست) بەشداریكرد، لیستەكە ناوی "خزمەتگوزاری‌و چاكسازی" بوو، بە هەرچوار حزبەكەوە (13) كورسییان بەدەستهێنا، ئەم پرۆژەیەش شكستی هێنا، یەكگرتوو لەم هەڵبژاردنەدا (6) كورسی بەركەوت، ئه‌وكات هەندێك هۆكاری پاشەكشەی یه‌كگرتوویان بۆ دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی رادیكاڵی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە یەكێتیی‌و پارتی‌ ده‌گه‌ڕانده‌وه‌، له‌ناو ناوه‌نده‌ ئیسلامییه‌كه‌شدا هەندێكی تر هاودەنگی یەكگرتوویان لەگەڵ حزبە نائیسلامی‌و چەپەكان، به‌ هۆكاری پاشه‌كشێی ده‌نگه‌كان ده‌زانی.
2010 ساڵێكی زێڕین بوو بۆ یەكگرتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا یەكگرتوو بە لیستی سەربەخۆ بەشداریكرد، بۆ یەكەمجار دەنگەكانی هەڵكشا، (214 هەزارو 222) دەنگی بەدەستهێناو، (4) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە.
لە ساڵی 2013ەوە سەردەمی پاشەكشەی یەكگرتوو وه‌كو ده‌نگ دەستیپێكرد، به‌ڵام كورسییه‌كانی بۆ یه‌كه‌مجار بۆ (10  كورسی) زیادی كرد، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا كه‌ محه‌مه‌د فه‌ره‌ج ئه‌مینداری یه‌كگرتوو  بوو، دەنگەكانی یەكگرتوو بۆ (186 هەزارو 741) دەنگ دابەزی.
ئەم پاشەكشەیە بەردەوام بوو، ساڵی 2014 ژمارەی دەنگەكانی یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ (155 هەزارو 92) دەنگ دابەزی.
لە هه‌ڵبژاردنی ئه‌یلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكگرتوو بە لیستی هاوبەش لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداریكرد، لەم هەڵبژاردنەدا پرسی یەك لیستیی ئیسلامییەكان شكستیهێنا‌و یەكگرتوو بەتەواوەتی بووە هێزێكی بچوك، ژمارەی دەنگەكانی ئەم حزبە بۆ (79 هەزارو 913) دەنگ دابەزی، بەبەراورد بە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، رێژەی دەنگەكانی یەكگرتوو (120%) دابەزی، كورسییەكانیش بەڕێژەی (50%).
به‌هۆی ئه‌و شكسته‌وه‌، ئه‌مینداری یه‌كگرتوو واده‌ی به‌رێوه‌چوونی كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی (6) مانگ پێشخست.
له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراقدا كه‌ 10ی ئۆكتۆبه‌ری 2021 به‌رێوه‌چوو، بۆ یه‌كه‌مجار شێوازی فره‌بازنه‌یی له‌ هه‌ڵبژاردندا جێبه‌جێكرا، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا یه‌كگرتوو (4) كورسی برده‌وه‌، به‌مه‌ش هه‌م رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی و هه‌م كورسییه‌كانیشی له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌به‌راورد به‌ پاشه‌كشێكانی رابردوو، زیادیان كرد.
دواین  هه‌ڵبژاردن كه‌ یه‌كگرتوو به‌شداری تێدا كرد هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق بوو كه‌ رۆژی 18ی كانونی یه‌كه‌می 2023 به‌ڕێوه‌چوو، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا یه‌كگرتوو به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی به‌شداریكرد، لیسته‌كه‌یان ناوی "مه‌شخه‌ڵی كه‌ركوك" بوو،  هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ شكستی هێناو هیچ كورسییه‌كی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌برده‌وه‌، به ‌هه‌دوو حزبه‌كه‌وه‌ (6 هه‌زارو 879) ده‌نگیان به‌ده‌ستهێنا.

ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م یه‌كگرتوو
بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ بڕیاره‌ تا ئایاری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، یه‌كگرتوو هاوشێوه‌ی هه‌موو حزبه‌كانی تر له‌به‌رده‌م چه‌ند ئاڵنگارییه‌كدایه، دیارترینیان ئه‌مانه‌ن:
•    یه‌كگرتوو به‌ شكستی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌چێته‌ ناو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، بۆیه‌ پێشبینی ناكرێت ژماره‌ی ده‌نگ و كورسییه‌كانی له‌په‌رله‌مانی كوردستان بەو شێوەیە زیاد  بكات، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می (10) كورسییه‌كه‌ی محه‌مه‌د فه‌ره‌ج بكات.
•    له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراقدا له‌ 2021، یه‌كگرتوو ژماره‌ی كورسییه‌كانی له‌ (2) كورسییه‌وه‌ بۆ (4) كورسی زیادی كرد، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ هه‌مان بارودۆخ بۆ یه‌كگرتوو له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دووباره‌ ببێته‌وه‌، چونكه‌ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار بوو شێوازی فره‌بازنه‌یی ته‌واو جێبه‌جێ كراو حزبه‌كان زۆر سه‌ریان لێ ده‌رنه‌ده‌كرد، سه‌رباری ئه‌مه‌ش یه‌كێتیی له‌ناو كێشه‌ی ناوخۆیدا (8ی ته‌موزو كێشه‌ی ئامۆزاكان) بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی كوردستان به‌شێوازی فره‌بازنه‌یی به‌ڕێوه‌بچێت، له‌لایه‌ك حزبه‌كانی تر به‌تایبه‌تیش پارتی و یه‌كێتیی ئاماده‌كارییه‌كانیان باشتر ده‌بێت، له‌لایه‌كی تر شێوازی فره‌بازنه‌یی له‌ قازانجی یه‌كگرتوو نییه‌و ده‌نگه‌كانی په‌رت ده‌كات و مه‌رج نییه‌ ئه‌مجاره‌ بۆ نمونه‌ له‌ سنوری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ بتوانێت به‌ (22 هه‌زار) ده‌نگه‌وه‌ دوو كورسی ببات، له‌كاتێكدا له‌ پارێزگای دهۆك به‌ (81 هه‌زار) ده‌نگه‌وه‌ هه‌ر (2) كورسی بردووه‌.
•    یه‌كگرتوو به‌به‌راورد به‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كانی تر كێشه‌ی ناوخۆیی كه‌مه‌، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت به‌ كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كه‌ هێڵیكی سه‌له‌فی تێدایه‌و جۆرێك له‌ ناكۆكیی دروستكردووه‌، به‌ڵام یه‌كگرتووش هێشتا به‌ده‌ست ئیشكالیه‌تی سیاسه‌ت و ده‌عوه‌وه‌ گیری خواردووه‌و خۆی پێ یه‌كلاناكرێته‌وه‌.
•    یەكلانەبوونەوەی سیاسەتی یەكگرتوو لەگەڵ یەكێتیی‌و پارتی وەك دوو لایەنی دەسەڵاتدار، نەبوونی میكانیزمێكی روون بۆ روبەروبونەوەی گەندەڵی‌و پرسی چاكسازیكردن، بەجۆرێك وای لێهاتووە ئێستا خەڵك‌و دەنگدەر چاوەڕێی هیچ موفاجەئەیەكی سیاسی لە یەكگرتوو ناكه‌ن، ئەم حزبە بەردەوام لە خەمی تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی‌و سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆدایە، هەمیشە لەبری ململانێكردن لەگەڵ ئەم دوو هێزە، هەوڵی نێوەندگیریكردنی لەنێوانیاندا هەڵبژاردووەو له‌وان زیاتر مه‌ترسی له‌ناوچوونی قه‌واره‌ی هه‌رێمی هه‌یه‌، لەدواین كۆنگرەدا سەلاحەدین محەمەد بەهادین وتی:" واقیعە كوردییەكەمان باش نەخوێندوەتەوە"، به‌ڵام به‌م دانپێدانانه‌شه‌وه‌ ئه‌میندار درێژه‌ به‌ سیاسه‌تی باوی خۆی ده‌دات.
•    گرفتی گه‌وره‌ی یه‌كگرتوو ئه‌وه‌یه‌ خه‌ونی نه‌ماوه‌، به‌ بارودۆخی خۆی قایله‌و پارێزگاری له‌ دۆخی باوی خۆی ده‌كات، له‌ژێر هیچ بارودۆخێكدا نایه‌وێت گۆڕانكاری ریشه‌یی له‌ سیاسه‌ته‌كانیدا بكات، هۆكاری ئه‌مه‌ زیاتر بۆ ئه‌مینداری گشتی حزبه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یه‌كگرتوو ته‌مه‌نی ده‌بێت به‌ (30 ساڵ) له‌م ته‌مه‌نه‌دا (26 ساڵ)ه‌ ئه‌مینداری گشتی هه‌ر سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هادینه‌و ته‌نیا (4  ساڵ) پۆستی ئه‌مینداری بۆ محه‌مه‌د فه‌ره‌ج چۆڵكردوه‌.
•    یه‌كگرتوو كه‌ رۆژگارێك توانایه‌كی گه‌وره‌ی گه‌نجانی له‌ناو خۆیدا كۆكردبووه‌وه‌، ئێستا ئیتر گه‌نج خه‌ونی خۆی له‌ناو ئه‌م حزبه‌دا نابینێته‌وه‌و بووه‌ به‌ حزبی ده‌نگده‌ره‌ پیره‌كان، ئه‌وانه‌ی زیاتر بایه‌خیان بۆ پاراستنی خێزان و مانه‌وه‌ له‌ناو داب و نه‌ریته‌ ئیسلامییه‌كاندا هه‌یه‌و له‌مانه‌ زیاتر هیچ خه‌ونێكی تری گۆڕانكارییان به‌ یه‌كگرتوودا هه‌ڵنه‌واسیوه‌‌.
•    یه‌كگرتوو له‌ بڕیارداندا هێزێكی ڕاڕایه‌، ئه‌م دۆخه‌ له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی سه‌لاحه‌دین به‌هادینی ئه‌مینداری حزبه‌كه‌دا ماوه‌ی (30 ساڵ)ه‌ به‌رده‌وامه‌، ئەم حزبە پێگەی خۆی لەناو گەمە سیاسییەكاندا نادۆزێتەوە، هەمیشە چاوەڕێی تەواوبونی یاری ئەوانی تر دەكات، لەسەر بنەمای ئەوە بڕیار لەسەر رۆڵی خۆی دەدات، بۆیه‌ توانای خولقاندنی رووداوی نییه‌و زیاتر كارلێك له‌گه‌ڵ ئه‌و رووداوانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆی رووده‌ده‌ن و ئه‌م ده‌یه‌وێت به‌ كه‌مترین كارلێككردن لێی ده‌رباز ببێ و تێیپه‌ڕێنێت.
•     یەكگرتوو هێزێكی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام رادیكاڵ نییە، ئەمە وایكردووە لەبەرامبەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی تر بەتایبەتیش جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ كەمتر نەخش‌و كاریگەریی ئۆپۆزسیۆنبوون لەلای دەنگدەران بەجێبهێڵێت.
•    لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە لە ساڵی 2003، یەكگرتوو لەنێوان پرسی نێودەوڵەتیبوون‌و نەتەوەیبووندا قەتیس ماوە، لەدوای روخانی رژێمەوە تاڕادەیەك پشتی لە بازنە جیهانییەكەی رەوتی ئیخوان موسلیمین كردو وەكو رەوتێكی نەتەوەیی دەركەوت تا ئه‌و راده‌ی له‌ 2017دا پشتیوانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی كرد، به‌ڵام بەمدواییانە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆسەر ریشەی فیكری خۆی‌و بچێتەوە ناو بازنە ئیخوانییەكەی، بەتایبەتیش بەپێچەوانەی دوو كۆنگرەی پێشتری خۆیەوە، لە كۆنگرەی هەشتەمدا كه‌ كۆتاییه‌كانی (2019) به‌ڕێوه‌چوو، پرسی نەتەوەیبوون كەمڕەنگ تر دەركەوت، بەمدواییەش لە پرسی جه‌نگی ئیسرائیل- حه‌ماس، یه‌كگرتوو به‌ته‌واوه‌تی چوه‌ته‌وه‌ سه‌ر هێڵه‌ پانه‌كه‌ی ئیخوان موسلیمین.
•    لاوازی گوتاری میدیایی یەكگرتوو بەبەراورد بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی تر، ئەمە لە حاڵێكدایە كە زۆرینەی ئەو میدیاكارانەی ئێستا میدیای لایەنە سیاسییەكانی تر بەرێوەدەبەن، لە كارگەكەی یەكگرتووەوە بەرهەمهێنراون.
•    یەكگرتوو لەسەرەتای دامەزراندنییەوە خاوەنی تۆڕێكی رێكخستنی بەهێز بوو كە كاری لەسەر خێزان دەكرد، ئەم ساڵانەی دوایی لەم بوارەشدا پاشەكشەی گه‌وره‌ی كردووە.
•    سەرباری پاشەكشێكان، هێشتا بەبەراورد بە پارتە سیاسییەكانی تر، خاوەنی رێكخستنێكی تۆكمەیە، لایەنگران و ئەندامانی گوێڕایەڵی پرەنسیپە حیزبیەكانن.
•    گوتاری ئاینیی به‌كارده‌هێنێت و هەست و سۆزی به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی موسڵمان بەلای خۆیدا رادەكێشێت، به‌تایبه‌تیش كه‌  خاوەنی چەندین بانگخوازی بەناوبانگە كە دەنگی زۆر بۆ حزبه‌كه‌ كۆدەكەنەوە.
•    پارێزگای دهۆك بوەتە گرێكوێرەی هەڵبژاردنی زۆرێك لە حیزبەكانی كوردستان، بەڵام یەكگرتوو توانیویەتی ئەو گرێیە بكاتەوەو ناوچەگەرێتی تێپەڕاندووە، دەنگی یه‌كگرتوو له‌ دهۆك زیاتر له‌ ده‌نگه‌كانی له‌ سلێمانی، به‌ڵام له‌ هه‌ولێر به‌رده‌وام له‌ پاشه‌كشێدایه‌.  
•    سەرباری ئەوەی لە چەندین كابینەی حكومیدا لە هەرێمی كوردستان بەشداربووە، بەڵام بەرپرسەكانی ئەم حزبە لە پۆستە حكومییەكان، لە گەندەڵی گەورە تێوەنەگلاون.
یه‌كگرتوو به‌م خاڵه‌ به‌هێزو لاوازانه‌وه‌ ده‌چێته‌ ناو هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، كۆمه‌ڵێك خاڵ كه‌ پێشتریش زۆربه‌یان ئاماده‌گییان هه‌بووه‌و كاریگه‌ری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر زیادبوونی ده‌نگه‌كانی یه‌كگرتوو نه‌بووه‌.   

ئابوری یه‌كگرتوو
دوای (30 ساڵ) ته‌مه‌ن، یه‌كگرتوو هێشتا له‌ڕووی داراییه‌وه‌ به‌هێز نییه‌و، نەیتوانیوە ئابورییەكی خۆبەڕێوەبەر دروستبكات، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌ ئه‌رێنییه‌كانی تر بێت كه‌ یه‌كگرتوو ده‌ستی نه‌خستوه‌ته‌ ناو بازاڕه‌وه‌، یاخود پارتی و یه‌كێتیی له‌به‌ر خۆیان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ حزبه‌كانی تر نه‌كردوه‌ته‌وه‌.
لەسەرەتای درووستبونییەوە یەكگرتوو سودی لە كۆمەكی رێكخراوە خێرخوازییەكانی وڵاتانی دەرەوە وەردەگرت، لەدوای راگەیاندنی جیهانی "شەری تیرۆر"ەوە، زۆرێك لەو سەرچاوە داراییانەی لەدەستداوە، ئەوەش بەهۆی سەختی حەواڵەی دارایی رێكخراوە ئیسلامییەكانەوە، كۆكردنەوەی ئابونەوە لە كادرانی حزب، سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی یەكگرتوو بووە، ئەم سەرچاوەیەش ئێستا لاواز بووە.
ئه‌م دۆخه‌ داراییه خراپه‌،‌ یه‌كگرتووی ناچاركردووه‌ بۆ كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردن پاره‌ له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران وه‌ربگرێت، نیسانی ساڵی رابردوو له‌ به‌رنامه‌یه‌كی (دره‌و)دا، محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان وتی:" ساڵی 2009 من و مامۆستا سەڵاحەدین و مامۆستا عەلی باپیرو كاك قادر عەزیز چوینە ئێران و قاسم سولەیمانیمان بینی، داوای هاوكاریمان لێكرد، بڕی (ملیۆنێك) دۆلارمان لێوەرگرت بۆ پاڵپشتی هەڵبژاردن، ئەو كات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لیستیكمان هەبوو بەناوی (لیستی خزمەتگوزاری و چاكسازی)".
له‌دوای راگه‌یاندنییه‌وه‌ له‌ 1994، یه‌كگرتوو خۆی له‌ وه‌گرتنی هه‌ر جۆره‌ پاره‌یه‌ك له‌ پارتی و یه‌كێتیی له‌ژێر هه‌ر ناوێكدا ده‌پاراست، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 1999 بۆ یه‌كه‌مجار له‌ حكومه‌تی پارتیدا به‌شداری كرد، ئیتر ورده‌ ورده‌ له‌ كۆمه‌كی دارایی پارتی وه‌رده‌گرت و له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتیی كه‌ پاره‌ی به‌ هه‌موو حزبه‌كان ده‌دات، یه‌كگرتووی لێ به‌ده‌ر كرد.
ساڵی 2013 كە هەرێمی كوردستان دواین یاسای بودجەی هەبووە، پشكی یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ دابه‌شكاری پاره‌ی حزبه‌كاندا بریتی بووه‌ له‌ بڕی (450 ملیۆن) دیناری مانگانه‌.
(یاسای پێدانی بودجەی حزبەكان) لە رۆژی 24ی تەموزی 2014دا پەسەندكرا، به‌ڵام له‌وكاته‌وه‌ تائێستا نه‌خراوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن، پارتی و یه‌كێتیی ماوه‌ له‌دوای ماوه‌ به‌پێی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان، مانگانه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ هه‌ریه‌كێكیان دابین ده‌كه‌ن و ئه‌م دۆخه‌ تائێستا به‌رده‌وامه‌.


یەكگرتووی ئیسلامی و هەڵبژاردن بە ژمارە
یەكگرتووی ئیسلامی لە ساڵی 2005ەوە تائێستا بەشداری لە (11) پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمی كوردستان كردووە:
•    لە یەكەم بەشداریدا لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 2005دا بە لیستی هاوبەش بەشداربوو .
•    لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان  لە 2013دا لەكۆی (2 ملیۆن و 653 هەزار) دەنگدەر، (186) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (7%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە.
•    لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021، یەكگرتوو  لەكۆی (3 ملیۆن و 450 هەزار) دەنگدەر، (108) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەرێژەی (3%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە.
•    لە هەڵبژاردنی 2010ی پەرلەمانی عێراق، یەكگرتوو لە پارێزگای سلێمانی (103 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2021دا لە سلێمانی (22 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە.
•    لە هەڵبژاردنی 2010ی پەرلەمانی عێراق، یەكگرتوو لە پارێزگای دهۆك (59 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2021دا لە پارێزگای دهۆك (81 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە.

 

راپۆرتی پەیوەندیدار

بەشی چوارەم: نه‌وه‌ی نوێ.. خه‌ونی دووباره‌كردنه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی 2021

بەشی سێیەم: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئۆپۆزسیۆن
بەشی دووەم:یه‌كێتیی به‌ خه‌یاڵی كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌یه‌وێت كوردستان بباته‌وه‌

بەشی یەكەم: پارتی له‌ یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی دوای كۆنگره‌دا

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand