یه‌كێتیی به خه‌یاڵی كه‌ركوكه‌وه ده‌یه‌وێت كوردستان بباته‌وه
2024-01-28 15:34:50
راپۆرت: دره‌و
بەشی دووەم
هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كه‌م ئاڵنگارییه روبه‌رووی یه‌كێتیی دوای كۆنگره‌ی پێنجه‌م ده‌بێته‌وه، ئه‌م یه‌كێتییه نوێیه به‌سودوه‌رگرتن له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران، له به‌غداده‌وه فشاری له‌سه‌ر نه‌یاره ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی توندكردوه‌ته‌وه، له رێگه‌ی گۆڕینی یاسای هه‌ڵبژاردن و به‌كارهێنانی شێوازه‌كه‌ی پارتی بۆ ئیداره‌دان هه‌ڵبژاردن، ده‌یه‌وێت هاوشێوه‌ی كه‌ركوك هه‌ڵبژاردنی كوردستانیش بباته‌وه، لە پارێزگای سلێمانی كە مەڵبەندی سەرەكی دەسەڵاتداریی خۆیەتی، یەكێتیی لەنێوان دوو هەڵبژاردنی رابردوودا ژمارەی دەنگەكانی لە (258) هەزار دەنگەوە بۆ (124) هەزار دەنگ دابەزیوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، یەكێتیی لەناوچەی خۆی روبەرووی سەرهەڵدانی لانی كەم دوو لیستی نوێ دەبێتەوە، ئه‌و ئاڵنگارییانه چین كه روبه‌ڕووی یه‌كێتیی ده‌بنه‌وه، ورده‌كاری له‌م راپۆرته‌دا.
دۆخی حزبه‌كان له‌زنجیره‌یه‌ك راپۆرتدا
هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ستیارترین هه‌ڵبژاردندایه له مێژووی خۆیدا، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی 1992 تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كورد بووبێت له‌وه‌ی ئایا دوای كشانه‌وه‌ی رژێمی به‌عس له ناوچه كوردییه‌كان، كورد توانای به‌ڕێوه‌بردنی خۆی هه‌یه، ئه‌وا هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره تاقیكردنه‌وه ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئایا دوای 32 ساڵی حوكمڕانیی نیمچه سه‌ربه‌خۆی خۆی، كورد ده‌توانێت پارێزگاری له‌و فیدراڵیه‌ت و نیمچه سه‌ربه‌خۆییه بكات كه به‌ده‌ستیهێناوه؟
بۆ تێگه‌یشتن له دۆخی كورد له ئێستادا، خوێندنه‌وه بۆ دۆخی حزبه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی خۆیان و له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌یان، هه‌ندێك ئاماژه نیشان ده‌دات، (دره‌و) به زنجیره‌یه‌ك راپۆرت شیكاریی بۆ دۆخی هه‌موو ئه‌و حزب و گروپه سیاسییانه ده‌كات كه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن.
به‌شی دووه‌م: یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان
یه‌كێتیی ساڵی 1975 دامه‌زراوه، واتا ئه‌مساڵ ته‌مه‌نی ده‌بێت به (49 ساڵ)و له یوبیلی زێڕینی خۆی نزیكبووه‌ته‌وه، ئه‌م حزبه له كۆی نزیكه‌ی (6 ملیۆن) كه‌س له دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی (100 هه‌زار) ئه‌ندامه، واتا به‌گوێره‌ی ئه‌ندام بێت یه‌كێتیی رێژه‌ی نزیكه‌ی 2%ی كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عێراق پێكده‌هێنێت.
یەكێتیی كه خۆی زاده‌ی جیابوونه‌وه‌و ئینشیقاق بوو له پارتی، لەسەرەتای دامەزراندنییەوە، لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەی سیاسی (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، هێڵی گشتی) دروستبوو، بۆیه له ته‌مه‌نی خۆیدا روبه‌ڕووی چه‌ندین جیابونه‌وه‌و په‌رتبوون هاتووه، دیارترینیان جیابونه‌وه‌ی حزبی سۆسیالیست (حسك) له ساڵی 1981و ئاڵای شۆڕش له 1984و جیابونه‌وه‌ی نه‌وشیروان مستهفاو دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له 2009، دواتر جیابونه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح له 2018، ئه‌م جیابونه‌وانه دواجارو دوای 48 ساڵ له دامه‌زراندنی یه‌كێتیی، بارودۆخێكیان دروستكرد حزبه‌كه به‌ته‌واوه‌تی بكه‌وێته ده‌ست ماڵباتی جه‌لال تاڵه‌بانی، وه‌كو یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌ره‌كانی حزبه‌كه، له 8ی ته‌موزی 2021دا له‌ناو ماڵباتی جه‌لال تاڵه‌بانیشدا پهرتبونێك روویداو ئامۆزاكان (كوڕانی جه‌لال تاڵه‌بانی و شێخ جه‌نگی) له‌یه‌ك ترازان.
دۆخی ناوخۆیی یه‌كێتیی
یه‌كێتیی 27ی ئه‌یلولی 2023 كۆنگره‌ی پێنجه‌می خۆی به‌ست، ئه‌مه كۆنگره‌ی یه‌كلابونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی یه‌كێتیی بوو بۆ كوڕانی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری كۆچكردووی حزبه‌كه، ئه‌م كۆنگره‌یه بافڵ تاڵه‌بانی كرد به خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌م و كۆتایی یه‌كێتیی و هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی بۆ ئۆرگانه‌كانی تری حزبه‌كه نه‌هێشته‌وه.
له‌م كۆنگره‌یه‌دا گروپێكی تر له سه‌ركرده كۆنه‌كانی یه‌كێتیی له حزبه‌كه‌یان دابڕان و به‌شداری كۆنگره‌یان نه‌كرد، له دیارترینیان (مه‌لا به‌ختیار- به‌رهه‌م ساڵح- مه‌حمود سه‌نگاوی- عه‌دنان حه‌مه‌ی مینا- عه‌دنان موفتی)، ئه‌وانه‌شی كه مانه‌وه‌و به‌شدارییان كرد، له پێگه‌و ده‌سه‌ڵاتیان درا، ئه‌م كۆنگره‌یه كۆتایی به هه‌ردوو گروپی كه‌ركوكی و جافه‌كان هێنا، كوڕه‌كانی كۆسره‌ت ره‌سوڵیش كه له‌دوای 8ی ته‌موزو وه‌ده‌رنانی لاهور شێخ جه‌نگییه‌وه پشتیوانیان له كوڕه‌كانی تاڵه‌بانی كرد، مانه‌وه‌و له مه‌كته‌بی سیاسی و په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیدا پۆستیان وه‌رگرت، تائێستا شهراكهتهكهیان له‌گه‌ڵ كوڕانی تاڵه‌بانی به‌رده‌وامه، له‌كاتێكدا دوو جومگه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتیی (دارایی+ هێزی چه‌كدار) به‌ته‌واوه‌تی كه‌وته ده‌ست بافڵ تاڵه‌بانی.
ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت له‌دوای كۆنگره‌ی پێنجه‌مه‌وه جۆرێك له بڕیاری مه‌ركه‌زی بۆ یه‌كێتیی گه‌ڕاوه‌ته‌وه، كه چه‌ندین ساڵ بوو به‌ده‌ست نه‌بوونی ئه‌م شێوازه له بڕیاردانه‌وه ده‌یناڵاند، به‌ڵام جموجوڵه‌كانیش له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی كۆتاییان نه‌هاتووه، لاهور شێخ جه‌نگی له ده‌ره‌وه ئاماده‌كاری بۆ دروستكردنی لیست بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات، جافه‌كان به‌دیاریكراویش (مه‌حمود سه‌نگاوی و عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا) چه‌ند رۆژی رابردوو گورزێكیان له‌لایه‌ن (حامیدی حاجی غالی)یه‌وه لێدراو سه‌نته‌ری عێل به‌گی جافیان لێوه‌رگیرایه‌وه، كه ساڵانی رابردوو له‌سه‌ر دارایی یه‌كێتیی به‌كاریانده‌هێنا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی هوزی جاف، حامیدی حاجی غالی به دوركه‌وتنه‌وه‌ی له مه‌حمود سه‌نگاوی و عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا هه‌نگاوێك له بافڵ تاڵه‌بانی نزیكبووه‌و دوێنێ بافڵ تاڵه‌بانی پۆستێكی به‌ناوی لێپرسراوی (نوسینگه‌ی پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان) پێ به‌خشی، كه راسته‌وخۆ سه‌ربه مه‌كته‌بی سه‌رۆكی یه‌كێتییه.
كاسته كۆنه‌كه‌ی تری سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی كه له‌چوارچێوه‌ی ئه‌نجومه‌نێكدا به‌ناوی (ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی) كۆدەكرێنەوەو جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا كراوه به سه‌رۆكیان، دوای نزیكه‌ی چوار مانگ له كۆنگره، هێشتا ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان كارا نه‌كراوه، به‌مدواییه بینای كۆنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی تابلۆی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌سه‌ر دانرا، به‌ڵام ئه‌ندامه‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه هێشتا دیاری نه‌كراون و بافڵ تاڵه‌بانی دایانده‌نێت، واتا ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ش له‌ژیر كۆنترۆڵی سه‌رۆكی حزبدایه، دیارترین ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ ئه‌ندامێتیی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه كاندیدن بریتین له هه‌ریه‌كه له (مستەفا چاوڕەش- دلێر سەید مەجید- جەمیل هەورامی- فەرید ئەسەسەر- روناك شێخ جەناب- نەرمین عوسمان- سامان گەرمیانی).
ئیستا دیارترین ئه‌و كاره‌كته‌ره سیاسیانه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتین و جۆرێك له جموجوڵی سیاسی‌یان هه‌یه بریتین له هه‌ریه‌كه له (مه‌لا به‌ختیار) كه جوڵه‌ی ئاشكرا ده‌كات، ئه‌وی تر (به‌رهه‌م ساڵح)ه كه به شاراوه‌یی هه‌نگاوه سیاسییه‌كانی هه‌ڵده‌گریت.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی تا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه بڕیاره ئایاری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، پێشینی ئه‌وه ناكرێت كاره‌كته‌ره ناڕازییه‌كانی یه‌كێتیی هیچ جوڵه‌یه‌كی ئه‌وتۆی سیاسی بكه‌ن و خۆیان له‌ناو گروپ و لیستی سیاسی‌دا رێكبخه‌ن (جگه له لاهور شێخ جه‌نگی كه هه‌وڵێكی هه‌یه بۆ دروستكردنی لیست له‌گه‌ڵ ناڕازییه‌كانی ناو یه‌كێتیی و ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی)، به‌ڵام ده‌كرێت له دورمه‌ودادا ئه‌م گروپانه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی له‌ژێر چه‌ترێكدا كۆبكرێنه‌وه، به‌تایبه‌تیش مه‌لا به‌ختیار كه له‌دواین كتێبیی خۆیدا كه چاوپێكه‌وتنێكه، به ئاشكرا باس له‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری له‌ناو یه‌كێتیدا نه‌كرێت، له یادی زێڕینی یه‌كێتیدا (واتا یادی 50 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی له 2025دا) بیر له دروستكردنی حزب ده‌كاته‌وه‌و له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا به‌رده‌وام له گفتوگۆدایه، به‌رهه‌م ساڵحیش به بێده‌نگی له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی له جموجوڵ و هاتوچۆدایه له‌نێوان به‌غدادو واشنتۆن و ئه‌نكه‌ره‌دا.
لەسەرئاستێكی تر، لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021ەوە بافڵ تاڵەبانی هەڵمەتێكی گه‌ورەی بەرێوەبردووە لەناو پێكهاتەی هێزە ئەمنییەكانی سنوری ناوچەی سەوز، لەچوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا هێزی چەكداری نوێی دروستكردووە، لە نمونەی هێزی (كۆماندۆ) كە لەڕووی چەك و پێداویستی سەربازییەوە پۆشتەو پەرداختره لە هێزە فەرمییەكانی دیكه، ئەم جیاكارییە هەندێك نیگەرانی بۆ فەرماندە ئەمنییەكان دروستكردووە، سەرباری ئەمەش هیزی تایبەتی بافڵ تاڵەبانییە نەك هێزێكی حكومەتی و، بەمدواییەش بەشێكی هێزی كۆماندۆی لەنزیك ماڵەكەی خۆی لە دەباشان جێگیركردووە، ناوبەناو بۆ سەركوتكردنی هەر جۆرە سەرهەڵدانێكی ناوخۆیی سودیان لێدەبینێت.
یه‌كێتیی و هه‌ڵبژاردن
له‌دوای كۆنگره‌ی پێنجه‌مه‌وه، یه‌كێتییه‌كه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنی له هه‌ڵبژاردندا له ناوچه جێناكۆكه‌كان تۆماركرد، به‌دیاریكراویش له كه‌ركوك. بۆئه‌م هه‌ڵبژاردنه بافڵ تاڵه‌بانی هه‌مان سیاسه‌تی پارتی په‌یڕه‌و كرد، سیاسه‌تی فشاركردن و دروستكردنی لیست بۆ ناوی ده‌نگده‌رانی یه‌كێتیی و ئاڕاسته‌كردنیان بۆسه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، به‌تایبه‌تیش له كه‌ركوك.
له دوو كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مدواییه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیدا گفتوگۆ له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرا، به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، له‌م كۆبونه‌وانه‌دا سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتیی جه‌ختیان له‌سه‌ر گواستنهوەی فۆرم و ستایلی كاركردنی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك كردووه بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، واتا دابه‌شكردنی سه‌ركرده باڵاكانی یه‌كێتیی به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن و دروستكردن و ئاماده‌كردنی لیستی ده‌نگده‌رانی یه‌كێتیی به‌تایبه‌تی هێزه ئه‌منییه‌كانی سنوری زۆنی سه‌وز كه ژماره‌یان نزیكه‌ی (130 هه‌زار) كه‌سه، فشاركردن به‌مه‌به‌ستی ئاڕاسته‌كردنیان بۆسه‌ر سندوقی ده‌نگدان، تاڕاده‌ی دیاریكردنی ئه‌و كاندیده‌شی كه ده‌نگی پێده‌ده‌ن.
ئه‌م شێوازه‌ی كاركردن له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن كه یه‌كێتیی به‌نیازه بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش هاوشێوه‌ی كه‌ركوك په‌یڕه‌وی بكات، شێوازی كاركردنی پارتییه، واتا یه‌كێتیی دوای ئه‌وه‌ی چوه سه‌ر هێڵی پارتی و حزبه‌كه‌ی له باوكه‌وه راده‌ستی كوڕه‌كانی كرد، ده‌یه‌وێت ورده‌كاری پرۆسه‌یه‌كی هه‌ستیاری وه‌كو هه‌ڵبژاردنیش له پارتییه‌وه كۆپی بكات، ئه‌م شێوازه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه یه‌كێتیی بێ‌ئومێد بوو له‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵمه‌ت بانگه‌شه‌و به‌ڵێنی هه‌ڵبژاردنه‌وه بتوانێت خه‌ڵكی زۆنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی ئاڕاسته‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدان بكات، خه‌ڵكێك كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه به‌ته‌واوه‌تی له هه‌ڵبژاردن تۆراون و بایكۆتیان كردووه به باشترین بژارده‌ی خۆیان.
به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا به‌كارهێنانی شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركوك له هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا هه‌مان كاریگه‌ریی ده‌بێت بۆ یه‌كێتیی ؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره ده‌بێت ته‌ماشای دۆخی هه‌ڵبژاردن له كه‌ركوك بكرێت و به‌راورد بكرێت له‌گه‌ڵ دۆخی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان. له كه‌ركوك به‌شێك له لایه‌نه سیاسییه‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌ناو گۆڕه‌پانی یه‌كێتیدا كاری سیاسی ده‌كه‌ن داخڵی هه‌ڵبژاردن نه‌بوون، یه‌كێتیی له كه‌ركوك ركابه‌رێكی به‌هێزی نه‌بوو، سه‌رباری ئه‌مه‌ش هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌نگده‌ران له كه‌ركوك واتایه‌كی جیاوازی هه‌بوو، به‌پله‌ی یه‌كه‌م وه‌كو پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی ته‌ماشا ده‌كرا، به‌ڵام بارودۆخه‌كه له هه‌رێمی كوردستان جیاوازه، چونكه هه‌موو حزبه سیاسییه‌كان به‌وپه‌ڕی هێزی خۆیانه‌وه به‌شداری ده‌كه‌ن و پێشبینی دروستبوونی دوو لیستی تریش ده‌كرێت كه یه‌كێكیان لیستی (لاهور شێخ جه‌نگی)و ئه‌وی تریان لیستی ناڕازییهكانه كه ژماره‌یه‌ك كاره‌كته‌ری سیاسی پیشووی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و لایه‌نه‌كانی تر له‌خۆ ده‌گرێت.
به‌م دۆخه‌وه، هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان گه‌وره‌ترین ئاڵنگاری له هه‌مان كاتدا تاقیكردنه‌وه ده‌بێت بۆ ده‌ره‌نجامه‌كانی كۆنگره‌ی پێنجه‌می یه‌كێتیی و شه‌راكه‌تی كوڕانی تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، به‌تایبه‌تیش له هه‌ولێری پایته‌خت كه یه‌كێتیی كۆنترۆڵی به‌سه‌ر هێزه ئه‌منییه‌كاندا نییه‌و ناتوانێت به ستایله‌كه‌ی كه‌ركوك و سلێمانی ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌نگده‌ری تایبه‌ت ئاڕاسته‌ی سندوقه‌كان بكات.
خاڵی به‌هێزی یه‌كێتیی بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و سكاڵایه كه له دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان تۆماریكردووه، دادگای فیدراڵی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو (4ی شوباتی 2024) بڕیاری خۆی له‌باره‌ی سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی راده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ی تائێستا له دانیشتنه‌كانی دادبینیدا ده‌ركه‌وتووه ئه‌وه‌یه، دادگای فیدراڵی شێوازی هه‌ڵبژاردنی كوردستان له یه‌ك بازنه‌ییه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ (فره‌بازنه‌یی)، یه‌كێتیی له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت ده‌نگه‌كانی پارتی په‌رت بكات و وابكات چیتر كاندیدێكی پارتی له هه‌ڵه‌بجه به ده‌نگی ده‌نگده‌رێكی پارتی له دهۆك سه‌رنه‌كه‌وێت بۆ په‌رله‌مان، به‌ڵام ئه‌مه چه‌كێكی دوو سه‌ره‌یه، ده‌نگه‌كانی یه‌كێتیش هاوشێوه‌ی پارتی دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا. له‌پاڵ شێوازی هه‌ڵبژاردن، دادگای فیدراڵی ده‌یه‌وێت كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه یان ده‌ستكاری بكات و سه‌رله‌نوێ رێكیبخاته‌وه، یه‌كێتیی له‌مه‌دا سودمه‌ند ده‌بێت، (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان چیتر نابن به به‌شێك له زۆرینه‌ی پارتی له په‌رله‌مانی كوردستان و چه‌ند كورسییه‌كی "كۆتا"ش ده‌كه‌وێته سنوری سلێمانی.
یه‌كێتیی له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه
یه‌كێتیی به حوكمی ئه‌و ناوچه جوگرافییه‌ی كه كاری سیاسی تێدا ده‌كرد، له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه له په‌یوه‌ندیدا بووه له‌گه‌ڵ ئێران، به‌تایبه‌تیش دوای شۆڕشی ئیسلامی و كه‌وتنی رژێمی شاهنشایی له ئێران، به‌ڵام دوای رووداوه‌كانی 31ی ئابی 1996 كه پارتی هێزی عێراقی هێنا بۆ گرتنی هه‌ولێرو دواتریش سه‌رتاسه‌ری رووبه‌ری ئیستا هه‌رێمی كوردستانی كۆنترۆڵكرد، په‌یوه‌ندی یه‌كێتیی و كۆماری ئیسلامی ئێران چووه قۆناغێكی تره‌وه‌و یه‌كێتیی به پاڵپشتی كاتیۆشاكانی ئێران گه‌ڕایه‌وه‌و ئیتر له‌وكاته‌وه (دێگه‌ڵه) بوو به خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان دوو ده‌سه‌ڵاتدارێتی پارتی و یه‌كێتیی.
دوای نه‌خۆشكه‌وتن و دواتریش كۆچی دوایی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری مێژوویی یه‌كێتیی، په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌ندێك به‌رزو نزمی به‌خۆوه بینی، به‌ڵام له‌دوای كۆنترۆڵكردنی یه‌كێتیی له‌لایه‌ن كوڕه‌كانی تاڵه‌بانییه‌وه له 8ی ته‌موزی 2021وه، یه‌كێتیی به‌ته‌واوه‌تی خۆی بۆ به‌ره‌كه‌ی ئێران یه‌كلاكردوه‌ته‌وه، له‌دوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراق له ئۆكتۆبه‌ری 2021 كه ماڵی شیعه به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی ناكۆك (به‌ره‌ی سه‌درو به‌ره‌ی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی) دابه‌شبوو، یه‌كێتیی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له به‌ره ئێرانییه‌كه‌دا (واته به‌ره‌ی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی) راوه‌ستا، ئه‌م هه‌ڵوێسته پێگه‌ی یه‌كێتیی له به‌غداد، به‌دیاریكراویش له‌ناو لایه‌نه شیعه‌كانی دۆستی ئێران به‌هێز كرد، بافڵ تاڵه‌بانی سودی له‌م نزیكایه‌تییه وه‌رگرت بۆ دانانی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ندێك بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، به تایبه‌تی له كه‌یسه یاساییه‌كه‌ی لاهور شێخ جه‌نگی و دواتریش ئه‌و كه‌یسه‌ی كه په‌یوه‌ندی به یاسای هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌یه‌و رۆژی 4ی شوبات دادگا بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات.
په‌یوه‌ندییه‌كانی یەكێتی له‌گه‌ڵ به‌ره‌كه‌ی ئێران وایكرد، له كۆنگره‌ی پێنجه‌می یه‌كێتیدا جگه له نوێنه‌ری كۆماریی ئیسلامی ئێران و قه‌یس خه‌زعه‌لی و ره‌یان كلدانی، هیچ یه‌كێك له باڵیۆز‌و دیپلۆماتكارانی بیانی به‌شداریی نه‌كه‌ن.
له‌مه‌ش زیاتر، دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئێران گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی، یه‌كێتیی له یه‌كه‌م رۆژی كۆنگره‌ی خۆیدا، ده‌رگای بۆ (حەسەن دانایی فەڕ)و (ئاغای مسگریان) كرده‌وه بچنه ناو كه‌مپی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ناوچه‌ی (زڕگوێز)، دانایی فه‌ڕو مسگریان وه‌كو دوو فەرماندەی سوپای قودس چونه ناو كه‌مپه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بن له‌وه‌ی یه‌كێتیی هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی چه‌ك كردووه.
قوباد تاڵه‌بانی هه‌ستی به مه‌ترسییه‌كانی نزیكبوونه‌وه‌ی زۆری بافڵ تاڵه‌بانی له ئێرانییه‌كان كردووه، بۆیه بۆ راگرتنی باڵانس له‌گه‌ڵ ئهمریكاو وڵاتانی ئه‌وروپا، هه‌وڵه‌كانی چڕكردوه‌ته‌وه‌و خۆی له دیدار‌و كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان ده‌پارێزێت.
یه‌كێتیی له‌كاتێكدا له‌گه‌ڵ ئێران زۆر نزیكبوه‌ته‌وه، به هه‌مان مه‌سافه له توركیا دوركه‌وتوه‌ته‌وه، توركیا له 3ی نیسانی 2023وه گه‌شته‌كانی بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی راگرتووه‌و ئه‌م راگرتنه هێشتا به‌رده‌وامه، سه‌رباری سه‌ردانێكی بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی بۆ ئه‌نكه‌ره، توركیا قایل نه‌بوو به ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته ئاسمانییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانی سلێمانی تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یان كردووه به په‌ناگه بۆ هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردسان (په‌كه‌كه).
له‌پاڵ كه‌یسی په‌كه‌كه‌دا، په‌یوه‌ندی یه‌كێتیی و توركیا به‌مدواییه توشی دوو ئاڵنگاری تریش بوه‌ته‌وه، یه‌كه‌میان پرسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان به‌دیاریكراوی پێكهاته‌ی توركمان، دووه‌میش پرسی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری داهاتووی كه‌ركوك و ئاستی به‌شداری توركمانه‌كانه.
یه‌كێتیی له‌ناوخۆی هه‌رێم
له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و به‌دیاریكراوی له‌و ناوچه‌یه‌ی كه یه‌كێتیی كۆنترۆڵی به‌سه‌ردا كردووه، ژماره‌یه‌ك ئاڵنگاری هه‌ن، كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پێگه‌ی یه‌كێتیی دروستكردووه‌و بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووش كاریگه‌رییان ده‌بێت، له‌وانه:
• خراپی دۆخی خزمه‌تگوزارییه‌كان له سنوری سلێمانی و راوه‌ستانی به‌شێكی زۆر له پرۆژه‌كان، به‌به‌راورد به پارێزگاكانی هه‌ولێرو دهۆك.
• گومان و قسه‌وباسه‌كان له‌باره‌ی قاچاغچێتی و شاردنه‌وه‌ی داهاتی سنوری سلێمانی، كه زیاتر له جارێك له‌سه‌ر زاری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه گوزارشتی لێكراوه‌و بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و گومانانه ساڵی رابردوو قوباد تاڵه‌بانی سایتی "شه‌فافیه‌ت"ی راگه‌یاندووه.
• راوه‌ستانی گه‌شته‌كانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی.
• زیادبوونی جه‌نگی درۆنه‌كانی توركیا له سنوره‌كه‌و زیادبوونی ژماره‌ی قوربانیانی مه‌ده‌نی له‌و هێرشانه‌دا.
• زیادبوونی كۆچی گه‌نجانی سنوری ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیی به‌ره‌و ئه‌وروپاو كه‌نه‌دا، به‌جۆرێك به‌پێی ئاماری كۆمه‌ڵه‌ی په‌نابه‌ران، له ساڵی 2023دا له هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی (21 هه‌زار) كه‌س كۆچیان كردووه، له‌م رێژه‌یه (3 هه‌زارو 400) كه‌سیان له ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕینی سه‌ربه پارێزگای سلێمانییه‌وه سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرتووه‌و وڵاتیان بهجیهێشووهو رێگای مه‌ترسیداریان هه‌ڵبژاردووه.
• سه‌رباری په‌یوه‌ندییه به‌هێزه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران، هێشتا ناوبه‌ناو گروپه چه‌كداره شیعه‌كانی عێراق كێڵگه‌ی غازی (كۆرمۆر) له‌ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیی ده‌كه‌نه ئامانج، ئه‌م كێڵگه‌یه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی دابینكردنی غازی ماڵان و غازی وێستگه‌كانی كاره‌بایه له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان.
• دواین ئاڵنگاریش كه روبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی یه‌كێتیی بوه‌ته‌وه له سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه، بایكۆتكردنی پرۆسه‌ی خوێندنه له‌لایه‌ن مامۆستایانه‌وه، بایكۆتێك كه چاره‌نوسی خویندنی ساڵێكی خستوه‌ته مه‌ترسییه‌وه‌و یه‌كێتیی وه‌كو ده‌سه‌ڵاتداری ناوچه‌كه هیچ چاره‌سه‌رێكی دارایی بۆ ئه‌م قه‌یرانه پێ نییه‌و له‌حاڵی توندكردنه‌وه‌ی فشارهكانیشدا له‌سه‌ر مامۆستایان، له هه‌ڵبژاردندا كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر پێگه‌ی خۆی دروستده‌كات.
یه‌كێتیی و هه‌ڵبژاردن به ژماره
یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە ساڵی 1992ەوە تائێستا بەشداری لە (12) پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمی كوردستان كردووە:
• لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992، یەكێتیی لەكۆی (ملیۆنێك و 112 هەزار) دەنگدەر، (423) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (38%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە.
• لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021، یەكێتیی لەكۆی (3 ملیۆن و 450 هەزار) دەنگدەر، (215) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەرێژەی (6%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە.
• لە هەڵبژاردنی 2005، یەكێتیی لە پارێزگای سلێمانی (485 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2021دا یەكێتیی لە سلێمانی (124 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە.
• لە هەڵبژاردنی 2005، یەكێتیی لە پارێزگای هەولێر (244 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2021دا یەكێتیی لە هەولێر (65 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە.
بەشی یەكەمی یه‌كه‌می ئه‌م زنجیره راپۆرته له‌م ناونیشانه‌ی خواره‌وه بخوێنه‌ره‌وه: