نه‌وه‌ی نوێ.. خه‌ونی دووباره‌كردنه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی 2021
2024-02-03 14:18:58
راپۆرت: دره‌و
شاسوار عه‌بدولواحید بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا كه بڕیاره تاوه‌كو ئایاری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، ده‌نگی یه‌كه‌می كوردستان ببات و حكومه‌ت بگرێته‌ده‌ست، نه‌وه‌ی نوێ له ستراتیژی 15 ساڵه‌ی خۆیدا به‌ڵێنی داوه هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر دروستبكات و هه‌رێمی كوردستان ببه‌ستیته‌وه به به‌سره‌و به‌غدادو تاران و ئه‌ستانبوڵه‌وه، بۆ كێشه‌ی پیسبوونی ژینگه‌ش باس له به‌كارهێنانی ئۆتۆمبیلی كاره‌بایی ده‌كات، له‌باره‌ی موچه‌شه‌وه داوای كردووه فه‌رمانبه‌ران به كاش پاره‌یان پێنه‌درێت و بكرێت به كارتی بانكیی، حكومه‌تی مه‌سرور بارزانی هه‌نگاوی یه‌كه‌می ئه‌م پرۆژه‌ی ده‌ستپێكردوه‌و نه‌وه‌ی نوێ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی وه‌رگرت ده‌توانێت ته‌واوی بكات، ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م نه‌وه‌ی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن چییه ؟ ورده‌كاری زیاتر له‌م راپۆرته‌دا.
دۆخی حزبه‌كان له‌زنجیره‌یه‌ك راپۆرتدا
هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ستیارترین هه‌ڵبژاردندایه له مێژووی خۆیدا، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی 1992 تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كورد بووبێت له‌وه‌ی ئایا دوای كشانه‌وه‌ی رژێمی به‌عس له ناوچه كوردییه‌كان، كورد توانای به‌ڕێوه‌بردنی خۆی هه‌یه، ئه‌وا هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره تاقیكردنه‌وه ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئایا دوای 32 ساڵی حوكمڕانیی نیمچه سه‌ربه‌خۆی خۆی، كورد ده‌توانێت پارێزگاری له‌و فیدراڵیه‌ت و نیمچه سه‌ربه‌خۆییه بكات كه به‌ده‌ستیهێناوه؟
بۆ تێگه‌یشتن له دۆخی كورد له ئێستادا، خوێندنه‌وه بۆ دۆخی حزبه‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی خۆیان و له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌یان، هه‌ندێك ئاماژه نیشان ده‌دات، (دره‌و) به زنجیره‌یه‌ك راپۆرت شیكاریی بۆ دۆخی هه‌موو ئه‌و حزب و گروپه سیاسییانه ده‌كات كه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن.
به‌شی چواره‌م: نه‌وه‌ی نوێ
ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه دوای كەمپەینی "نەخێر لەئێستادا" دژ بە ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان لە ساڵی 2017 دروستكرا، شاسوار عه‌بدولواحید كه سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و كه‌مپه‌ینه‌ی ده‌كرد، جوڵانه‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ر دارایی خۆی دروستكرد. به‌شێك له روخساره دیاره‌كانی كه‌مپه‌ینی "نه‌خێر له ئێستادا" له‌دوای دروستكردنی جوڵانه‌وه سیاسییه‌كه‌وه ئیتر له شاسوار عه‌بدولواحید دوركه‌وتنه‌وه، دیارترینیان نوسه‌رو لێكۆڵه‌ر (فارووق ره‌فیق) بوو.
دوای وەرگرتنی مۆڵەتی كاركردن وەكو پارتێكی سیاسی نوێ لە حكومەتی عێراق، 5ی كانونی دووه‌می 2018 جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ لە شاری سلێمانی یەكەمین كۆنگرەی دامەزراندنی خۆی بەست، لەم كۆنگرەیەدا شاسوار عەبدولواحید وەكو سەرۆكی جوڵانەوەكە هەڵبژێردرا، كۆنگرەكه بێ كێشمەكێش تێنەپەڕی، ژمارەیەك لە كارەكتەرە سەرەكییەكانی جوڵانەوەكە وازهێنانی خۆیان راگەیاند، شاسواریان تۆمەتبار كرد بە "تاكڕەوی"و هەوڵدان بۆ یەكلاكردنەوەی كۆنگرەكە لەبەرژەوەندی خۆی، لەبەرامبەردا شاسوار عەبدولواحید پەنای بۆ "تیۆری پیلانگێڕی" برد، به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ هاوڕێكانی خۆی تۆمەتبار كرد بەوەی "بەكرێگیراوی پارتی‌و یەكێتی"ن، لە دیارترین ئەو كەسانەی كە لە یەكەمین كۆنگرەدا نەوەی نوێیان بەجێهێشت بریتی بوون لە (شێروان شێروانی)و (ئیبراهیم عەباس)، شێروان شێروانی ئێستا یەكێكە لە حوكمدراوانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی بادینان‌و لە زینداندایەو كه‌یسه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئاستی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و كونسوڵخانه‌كان كاردانه‌وه‌ی دژی مامه‌ڵه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئازادی راده‌ربڕین لێكهوتهوه.
5ی ئۆكتۆبەری 2019 جوڵانەوەی نەوەی نوێ كۆنگرەی دووه‌می خۆی به‌ست، ئەمجارەش شاسوار عەبدولواحید وەكو سەرۆكی جوڵانەوەكە هەڵبژێردرایەوە.
ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه ئێستا ته‌مه‌نی زیاتر له (6) ساڵه، به‌ڵام هێشتا هێڵی فیكری و ئه‌ده‌بیاتی سیاسی روون نه‌بوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت په‌یكه‌ری ته‌لاری رێكخراوهیشی ناڕوونه، له جوڵه سیاسییه‌كانییه‌وه ده‌خرێته ناو خانه‌ی ره‌وته پۆپۆلیسته‌كانه‌وه.
جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ماڵپه‌ڕێكی هه‌یه، به‌شی زۆری بڵاوكراوه‌كانی ناو ئه‌م ماڵپه‌ڕه هه‌واڵ و قسه‌كانی سه‌رۆكی جوڵانهوهكهیه، په‌یڕه‌وی ناوخۆی جوڵانه‌وه‌كه له‌سه‌ر ئه‌م سایته دانه‌نراوه، ئه‌وه‌ی هه‌یه كورتكراوه‌یه‌كه به‌ناوی (پێكهاته‌و دامه‌زراوه) له‌م به‌شه‌دا ناوی شاسوار عه‌بدولواحید وه‌كو سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه نوسراوه‌و دواتر به‌مشێوه‌یه په‌یكه‌ری جوڵانه‌وه‌كه پێناسه‌كراوه:
• ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ: لە سەرۆکی جوڵانەوەکەو 12 ئەندامی تر پێکدێت.
• ئۆفیسەکانی نەوەی نوێ: دابەشکراون بەسەر کۆمەڵێک ئۆفیسدا کە هەر ئۆفیسەیان ئیشوکاری جیاوازی هەیە، لەوانە: ئۆفیسی سەرچاوە مرۆییەکان- ئۆفیسی ژن و دیموکراسی- ئۆفیسی گەشەپێدان- ئۆفیسی گەنجان وخوێندکاران- ئۆفیسی ڕاگەیاندن- ئۆفیسی ئەندازیاران- ئۆفیسی مامۆستایان- ئۆفیسی توێژینەوەی زانستی- ئۆفیسی پەیوەندییە گشتییەکان.
• ئەنجومەنی سیاسی: بڕیاری سیاسی و یەکلاکەرەوەی جوڵانەوه‌كه دەدات و پێکدێت لە (ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا، بەرپرسی ئۆفیسەکان، بەرپرسی پارێزگاکانی هەرێم لە سەرچاوە مرۆییەکان).
• رێکخەرەکان: هەر شار‌و شارۆچکەیەک خۆبەخشێک سەرپەرشتی کار‌و چالاکی خۆبەخشانی تر دەکات و کارەکانیان رێکدەخات لەنێوان ئەو شارەو ئۆفیسی سەرەکی، پێی دەوترێت رێکخەر.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه په‌یكه‌ری رێكخراوه‌یی نه‌وه‌ی نوێ بێت، ئه‌وا ئێستا ئه‌م په‌یكه‌ره‌ش نه‌ماوه‌و شاسوار عه‌بدولواحید خۆی بڕیارده‌ری یه‌كه‌م و كۆتاییه، چونكه رۆژی 11ی ئازاری 2023 سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه به بڕیارێك (ئه‌نجومه‌نی باڵای) جوڵانه‌وه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، عومه‌ر عه‌لی یه‌كێك له ئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه به‌هۆی بڕیاره‌كه‌وه وازهێنانی خۆی له جوڵانه‌وه‌كه راگه‌یاند.
نه‌وه‌ی نوێ له نیسانی 2018وه له پهیپهرێكدا پلانی ستراتیژی خۆی بۆ یه‌ك ساڵ تا چوار ساڵ و له‌كۆتایشدا بۆ 15 ساڵی داهاتوو راگه‌یاند، له‌م ستراتیژه‌دا بۆ چاره‌سه‌ری دوو ئیداره‌یی له هه‌رێمی كوردستان باوه‌ڕی وایه، بكرێت به مـەرج هـەرکات پۆسـتی سـەرۆک وەزیـران لـە کەسـایەتی حیزبێـک بـوو کـە لـە یەکێـک لـە دوو زۆنەکـە زۆرینـە بـوو، ئـەوە پێویسـتە پۆسـتی سـەرۆکی هەرێـم لـە حیزبێکـی تـر بێـت کـە لـە زۆنەکـەی تریـان زۆرینەیـە، ئەمـەش لەپێنـاو هاوســەنگی نێــوان دوو زۆنــی دابەشــبوو وە دروخســتنەوەی کوردســتان لــە شــەڕو ناکۆکــی".
ستراتیژه‌كه‌ی نه‌وه‌ی نوێ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات پێدانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌شێوازی كاش و ده‌ستییه‌وه بگۆردرێت بۆ كارتی ئه‌لیكترۆنی له‌رێگه‌ی بانكه‌كانه‌وه، به‌مدواییه حكومه‌تی هه‌رێم پرۆژه‌یه‌كی خستوه‌ته بواری جێبه‌جێكردن به‌ناوی "هه‌ژماری من"، ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی كارتی بانكییه‌وه موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دابه‌ش بكات، هه‌روه‌ها باس له دروستكردنی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌كات به‌جۆرێك هه‌رێمی كوردستان به به‌غدادو به‌سره‌و تاران و ئه‌سته‌نبوڵه‌وه ببه‌ستێته‌وه، له‌م كابینه‌یه‌دا پرۆژه‌یه‌كی شه‌مه‌نده‌فه‌ر هه‌یه، به‌ڵام بۆ خه‌ڵك بابه‌ته‌كه ره‌هه‌ندێكی گاڵته‌جاڕی وه‌رگرتووه، بۆ پاراستنی ژینگه‌ش باس له هاورده‌كردنی ئۆتۆمبیلی كاره‌بایی ده‌كات كه دۆستی ژینگه‌یه.
دواین شت كه سه‌رۆكی نه‌وه‌ی نوێ بۆ خه‌ڵكی نمایشكرد، دانانی تۆڕباینێكی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با بوو له رێگه‌ی هه‌واوه، تۆڕباینهكه له‌ناو پرۆژه‌ی جاڤی لاند دانراوه، ئه‌مه وه‌كو چاره‌سه‌ری نه‌وه‌ی نوێ بۆ كێشه‌ی كاره‌بای كوردستان نیشاندرا.
چیرۆكی شاسوار عه‌بدولواحید
به‌وپێیه‌ی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ به دارایی شاسوار عه‌بدولواحید دامه‌زراوه‌و به‌ڕێوه‌ده‌چێت، چاره‌نوسی جوڵانهوهكهش به‌ته‌واوه‌تی به‌ستراوه‌ته‌وه به چاره‌نوسی سه‌رۆكه‌كه‌یه‌وه، ده‌رفه‌رتی هه‌ر جۆره گۆڕانكارییه‌ك له سه‌ری هه‌ڕه‌می جوڵانه‌وه‌كه‌دا زۆر سه‌خته.
شاسوار كە كوڕی پیاوێكی كەبابچی شاری سلێمانییەو لەسەرەتای ژیانیدا لە كەبابخانەكەی باوكی كاریكردووە، پاشان رووی لە جیهانی یارییە ئەلیكترۆنییەكان كردووە، بەر لە هاتنی بۆ ناو جیهانی سیاسەت، چوه‌ته ناو كاركردن لە بواری خانوبەرەو نیشتەجێبوون.
ئەو ساڵی 2007 بە سودوەرگرتن لە لاوازی یاسای وەبەرهێنان، زەوی لە حكومەت وەرگرتووەو پرۆژەی نیشتەجێبوونی لەسەر دروستكردووەو فرۆشتویەتی.
شاسوار چیرۆكی وەرگرتنی ئەو زەوییانەو دروستكردنی كۆمەڵێك یەكەی نیشتەجێبون بە "چیرۆكی سەركەوتن" ناودەبات، تا ئه‌و ڕاده‌ی لەڕێگەی كەناڵەكەی خۆیەوە بەرنامەیەكی دۆكیۆمێنتاری لەسەر ژیانی خۆی به‌رهه‌مهێناوه بە ناونیشانی "چیرۆكی من"، لەو بەرنامەیەدا بەوشێوەی كە خۆی دەیەوێت باس لە قۆناغەكانی ژیانی خۆی وەكو كەسێكی "سەركەوتوو" دەكات.
چیرۆكی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی شاسوار عه‌بدولواحید لەسەرەتاوە به‌ستراوه‌ته‌وه به ئیداره‌ی گشتی یه‌كێتییه‌وه، ئۆرگانێكی حزبی كه له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌دده‌ی رابردووه‌وه ده‌ستی خسته ناو بازاڕ‌و به‌دیاریكراویش له‌ڕێگه‌ی كۆمپانیایه‌كه‌وه به ناوی "نۆكان"، ئابوری ئه‌و ناوچه‌یه‌ی قوتدا كه پێی ده‌وترێت "زۆنی سه‌وز".
ره‌نگه دیارترین به‌ڵگه بۆ تێكه‌ڵبوونی سه‌رمایه‌كه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی گشتی یه‌كێتیدا، ئه‌و نوسراوه بێت كه رۆژی 23ی تشرینی دووه‌می 2017 عه‌لی فه‌تاح به‌رپرسی پێشووی به‌شی موڵكایه‌تی له كۆمپانیای "نۆكان" ئاڕاسته‌ی كۆمپانیای (نالیا)ی كردووه‌و، تێیدا ئاگاداری ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی ئه‌وان وه‌كو كۆمپانیای "نۆكان" ره‌زامه‌ند نین به فرۆشتنی پشكه‌كانی پرۆژه‌ی گوندی ئه‌ڵمانی سێ و كۆمپانیای دار المولكی بابان و داوای پاكتاوی قه‌رزه‌كان له كۆمپانیای نالیا ده‌كات.
ده‌قی به‌ڵگه‌نامه‌كه
شاسوار لەماوەی ساڵانی 2007 بۆ 2011 حەوت پرۆژەی وەبەرهێنانی لە سلێمانی وەرگرتووە كە بریتین لەم پرۆژانە:
• گوندی ئەڵمانی یەك
• چاڤیلاند
• گوندی ئەڵمانی دوو
• كوردسیتی یەك
• كوردسیتی دوو
• نالی سیتی
• گوندی ئەڵمانی سێ
به‌ڵام وه‌كو خۆی ده‌ڵێ" له‌دوای ئه‌وه‌ی هاتوه‌ته ناو سیاسه‌ت هیچ بزنسێكی نه‌كردووه"، ئه‌وه‌ی ئه‌م سیاسه‌توانه نوێیه له كۆنه‌كان جیاده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه: ئه‌م له كۆمپانیاوه بووه به حزب، ئه‌وانی تر له حزبه‌وه بوون به كۆمپانیا، كه هه‌ردووكیان ئاماژه‌ن بۆ تێكه‌ڵابوونی سیاسه‌ت و كۆمپانیا له هه‌رێمی كوردستان.
ساڵی 2011 كاتێك داهاتی كۆمپانیاكەی بەرەو هەڵكشان رۆیشت، شاسوار عه‌بدولواحید رووی لە جیهانی میدیا كرد، ئەو كە پێشتر‌و لەسەردەمی قۆناغی خوێندنی زانكۆیدا خاوەنی ئیمتیازی رۆژنامەیەك بوو بەناوی "خوێندنی لیبراڵ"، ئەمجارە بیری لە دروستكردنی تۆڕێكی میدیایی كردەوەو لەو ساڵەدا كەناڵی "تەلەفزیۆن و رادیۆی نالیا (NRT) دروستكرد، ئه‌م تۆڕه ئێستا فراوانتر بووه‌و كه‌ناڵێكی هونه‌ری و كه‌ناڵێكی ئاینی و منداڵانە له‌خۆده‌گرێت، به‌مدواییه‌ش كه‌ناڵێكی لۆكاڵی وه‌رزشی كردوه‌ته‌وه، ماوه‌یه‌كیش كه‌ناڵێكی به‌زمانی عه‌ره‌بی كرده‌وه‌و دواتر دایخست.
NRT تا دروستبوونی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له 2017 وه‌كو میدیایه‌كی ئه‌هلی ئازاد خۆی پێناسه ده‌كرد، به‌ڵام دواتر بوو به به‌شێك له پرۆژه سیاسییه‌كه‌ی شاسوار عه‌بدولواحیدو، كه‌وته رێكخستنی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی سیاسی دژی نه‌یاره‌كانی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ و دروشمی خۆی گۆڕی.
ئه‌م میدیایه لە سەرەتای دامەزراندییەوە زیاد له دووجار سوتێنراوەو داخراوه، جاری یه‌كه‌م له‌دوای خۆپیشاندان و رووداوه‌كانی شوباتی 2011و جارێكی ترش له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی یه‌كێتییه‌وه له 2020 ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراو په‌خشه‌كه‌ی راگیراوه، له هه‌ولێرو دهۆكیش كه له‌ژێر كۆنترۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستاندایه، میدیاكه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید روبه‌ڕووی فشار‌و داخستن بوه‌ته‌وه، چه‌كی به‌ھێزی سیاسی شاسوار عه‌بدولواحید ئه‌م ده‌زگا میدیاییانه‌یه له‌گه‌ڵ ئیداره‌دانی ژماره‌یه‌ك په‌یج له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كه چه‌ندجارێك به‌هۆی ناوزڕاندنه‌وه گرفتی بۆ سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه دروستكردووه‌و روبه‌ڕووی سكاڵای یاسایی و دادگای كردوه‌ته‌وه.
بینای میدیاكان و باره‌گای سه‌ره‌كی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌ناو پرۆژه ئابورییه‌كه‌ی شاسوار عهبدولواحیددان له (گوندی ئه‌ڵمانی) له‌شاری سلێمانی.
21ی تشرینی دووه‌می 2017 شاسوار لە وتارێكدا رایگەیاند" تەواوی گروپی كۆمپانیاكانی نالیا‌و پرۆژە بازرگانی و پشكەكانی لە پرۆژەی چاڤیلاند فرۆشتووە بە دوو كۆمپانیای بیانی و دەستبەرداری بووە، هەروەها دەستبەرداری تەواوی پشكەكانی كۆمپانیای نالیا بۆ كاری میدیایی بووە كە خاوەنی كەناڵەكانی NRTیە"، ئەم قسانەی شاسوار لەبارەی فرۆشتنی كۆمپانیا‌و پشكەكانی تەنیا رێخۆشكەری بوو بۆ هاتنی بۆناو جیهانی سیاسەت و راگەیاندنی پارتێكی سیاسی، ئەگەر نا هیچ كەسێك ئەم كڕین و فرۆشتنەی بە شێوەیەكی كرداری نەبینیوە و تائێستا ئەو خۆی خاوەنی پرۆژە ئابوری و میدیاییەكانی خۆیەتی.
هەندێك پێیان وابوو ئەم راگەیاندنە لەبارەی فرۆشتنی پرۆژەكان، "بۆ خۆدزینەوە بوو لە فشاری قەرزو سكاڵای هاوپشكەكانی، كە ترسی هەبوو دواتر بە زیان بۆ ناوبانگی پرۆژە سیاسییەكەی بشكێتەوە"، به‌ڵام ئه‌و ئێستا ئیتر ئه‌و قۆناغه مه‌ترسیداره‌ی بڕیوه‌و سه‌رۆكایه‌تی هێزێكی سیاسی خاوه‌ن پێگه‌ی په‌رله‌مانیی ده‌كات و باڵیۆز‌و كونسوڵی وڵاتان ده‌بینێت و بووه به به‌شێك له چینه سیاسییه‌كه‌ی عێراق و كوردستان.
شاسوار بەرلەوەی روو لە دنیای سیاسەت بكات، كێشەو گرفتی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر خەڵك هەبوو، كێشەكانی بە چارەسەرنەكراوی بەجێهێشت و دەرگای سیاسەتی كردەوە، ئه‌و تەنیا لە پرۆژەی (چاڤیلاند)دا كێشەی لەگەڵ (9 هەزارو 700) كەسدا هەیە، ئەو كەسانە زیاتر له (300) سكاڵایان لە دادگاكان لەسەر تۆماركردووەو كه‌یسه‌كه ماوه‌ی 12 ساڵه به‌كراوه‌یی ماوه‌ته‌وه، ئه‌م كه‌سانه وەكو پشكدار بەشدارییان لە پرۆژەی چاڤیلاند كردووەو پارەیان بەو كۆمپانیایە داوە كە شاسوار خاوەندارێتی دەكات، لەپای بەشداریكردنیان لە پرۆژەكەدا، تائێستا دووجار سودی پرۆژەی چاڤیلاندیان پێدراوە، به‌جۆرێك بۆ خاوه‌ن پشكێك كه بڕی (10 هه‌زار) دۆلاری دابێت، له‌م 12 ساڵه‌دا دووجار سودی پاره‌كه‌ی پێدراوه، جارێك بڕی (360 هه‌زار) دینار‌و جاری دووه‌میش بڕی (300 هه‌زار) دینار‌و كارتێكی (240 هه‌زار) دیناری بۆ سواربوونی یارییه‌كانی پرۆژه‌ی چاڤیلاند. كێشەی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند بووە بە بەڵا بۆ پرۆژە سیاسییەكەی شاسوار، نەیارە سیاسییەكانی ماوە لەدوای ماوە ئەو كەیسەی لە میدیاكانەوە بۆ بڵاودەكەنەوە، ئەمە وایكردووە هەركاتێك خاوەن پشكەكان ناڕەزایەتی دەردەبڕن، شاسوار تۆمەتباریان دەكات بەوەی لایەنێكی سیاسی هانی داون، بەڵام لەڕاستیدا ناڕەزایەتی ئەوان مێژوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروستبونی نەوەی نوێ.
قه‌باره‌ی تێكڕای پاره‌ی خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤیلاند به‌ته‌واوه‌تی دیارنییه، شاسوار عه‌بدولواحید ساڵی 2016 وتی تێكڕای پاره‌كه‌یان (20 ملیۆن) دۆلاره، به‌ڵام له 2021دا وتی هه‌موو ئه‌و خاوه‌ن پشكانه‌ی كه ناویان نوسیوه‌و داوای پاره‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه تێكڕای پاره‌كانیان (5 ملیۆن) دۆلاره.
شاسوار به‌ته‌نیا كێشه‌ی پاره‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا نییه، له‌گه‌ڵ حكومه‌تیش هه‌یه‌تی، ئەو لە سەردەمی كابینەی شەشەمی حكومەتدا بڕی (٤٣ ملیار‌و ٧٥٠ ملیۆن) دیناری بەقەرزی بۆ تەواوكردنی پرۆژەكانی لە حكومەت وەرگرتووەو تائێستا ئه‌م قه‌رزانه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه، قه‌رزه‌كه سودی چوه‌ته‌سه‌ر ئێستا بووه به بڕی (104 ملیار) دینار، ئه‌مه‌ش كه‌یسێكه كه ره‌نگه رۆژێك له رۆژان زیان له خۆی پرۆژه سیاسییه‌كه‌شی بگه‌یه‌نێت، هه‌رچه‌نده تائێستا ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتیی به‌دیاریكراویش قوباد تاڵه‌بانی كه جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانه له‌م كه‌یسه بێده‌نگه.
له‌به‌رامبه‌ردا شاسوار به‌رده‌وام به‌رگری له پرۆژه ئابورییه‌كانی ده‌كات، تا ئه‌و رادهیەی كه روو له هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌كات و ده‌ڵێ" ئەگەر شتێکی نا یاساییم هەیەو ئەم دەسەڵاتە چاوپۆشی لێکردوم، لە تاکێ پێڵاو کەمترن ئەگەر چاوپۆشییم لێبکەن".
بەشێوەیەكی گشتی سامانی "كۆمپانیاكانی نالیا" بە هەموو پرۆژەكانییەوە لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەپێی ئەوەی شاسوار خۆی لە وتارەكەیدا به‌ر له دروستكردنی جوڵانه‌وه سیاسییه‌كه‌ی باسی كرد، گەیشتبووە (681 ملیۆن) دۆلار، به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵێ ئه‌و سامانه‌ی كۆمكردوهتهوه له پرۆژه سیاسییه‌كه‌دا خه‌رجی ده‌كه‌م، ده‌سه‌ڵاتمان به‌ده‌سته‌وه نییه‌و نه‌وت و به‌نزین و ئاو دابه‌ش ده‌كه‌ین، پرد چاك ده‌كه‌ین.
نه‌وه‌ی نوێ و په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی
له‌سه‌ره‌تای دروستكردنی جوڵانه‌وه سیاسییه‌كه‌وه، شاسوار عه‌بدولواحید زۆر بابه‌خی به دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكی و ئه‌وروپییه‌كان ده‌دا، له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م هه‌وڵه‌یدا پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ژمارەیەك ناوەندی سیاسی ناكاریگەری ئەمریكا دروستكرد، ئەو پەیوەندییانەش زیاتر لەڕێگەی پێدانی پارەوە رێكده‌خرا، به‌ڵام كاتێك جوڵانه‌وه‌كه‌ی بوو به هێزێكی په‌رله‌مانی له كوردستان و عێراق، ئیتر ده‌رگای به‌روویدا كرایه‌وه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ناوه‌نده فه‌رمییه‌كانی ئهمریكاو ئه‌وروپا بكات، به‌تایبه‌تیش له‌رێگه‌ی باڵیۆزخانه‌و كونسوڵگه‌رییه‌كانه‌وه.
لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكەش، شاسوار عه‌بدولواحید 15ی ئایاری 2023 سه‌ردانی تارانی كرد‌و دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هیچ زانیارییه‌كی له‌باره‌ی گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان ئاشكرا نه‌كرد، ئه‌مه یه‌كه‌مجار بوو به ئاشكرا سه‌ردانی ئێران بكات.
دوای سه‌ردانه‌كه‌ی تاران، له ئه‌یلولی هه‌مان ساڵدا سه‌ردانی ئه‌مریكای كرد.
ئه‌گه‌ر ته‌نیا ساڵی 2023 وه‌ربگیرێت، له‌م ساڵه‌دا سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ (22) دیداری له‌گه‌ڵ دیپلۆماتكارانی (فه‌ڕه‌نسا- نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان- به‌ریتانیا- كه‌نه‌دا- وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا- ئوسترالیا- ئه‌ڵمانیا- یه‌كێتیی ئه‌وروپا- هۆڵه‌ندا- روسیا) كردووه، جگه له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ تاران، به‌ئاشكرا هیچ دیداریكی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ دیپلۆماتكارانی ئێران و توركیا نه‌بووه.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌وڵی راگرتنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌دات له‌گه‌ڵ سه‌ركرده شیعه‌كانی نزیك له ئێران له به‌غداد، به‌ڵام سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ دژی هێرشه‌كانه بۆسه‌ر ئه‌مریكا له‌ناو خاكی عێراق و ده‌ڵێ:" نازانم لەم وڵاتەدا كێ بەرپرسە لە جەنگو ئاشتی، بەڕاستی كێ حوكمی وڵات دەكات؟ بۆ بەدبەختی، بەرژەوەندی هەندێك لە گروپە چەكدارەكان ئەولەویەت دەدات بە ئەجێندای دەرەكییان لەسەر حسابی خۆشگوزەرانی گەلی عێراق".
نه‌وه‌ی نوێ و هه‌ڵبژاردن
له‌دوای دروستبوونیه‌وه، جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ به‌شداری چوار هه‌ڵبژاردنی كردووه، له هه‌ڵبژاردنی ئایاری 2018ی په‌رله‌مانی عێراقدا (4) كورسی برده‌وه، به‌ڵام دواتر هه‌ر چوار په‌رله‌مانتاره‌كه به‌هۆی ناكۆكی له‌گه‌ڵ شاسوار عه‌بدولواحید له جوڵانه‌وه‌كه جیابونه‌وه، له‌هه‌مان ساڵداو له مانگی ئه‌یلولدا جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ (8) كورسی په‌رله‌مانی كوردستانی برده‌وه، تا كۆتایی خولی پێنجه‌م په‌رله‌مان ته‌نیا سێ په‌رله‌مانتاریان له‌گه‌ڵ شاسوار عه‌بدولواحید مانه‌وه‌و ئه‌وانی تر وازیان هێنا.
ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانی عێراقدا كه 10ی ئۆكتۆبه‌ری 2021 به‌ڕێوه‌چوو، گه‌شه‌كردنێكی بێوێنه‌ی به‌خۆوه بینی و (9) كورسی په‌رله‌مانی برده‌وه.
به‌خه‌یاڵی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌وه، شاسوار عه‌بدولواحید چووه ناو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگانی عێراق و له كه‌ركوك بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد پۆستی پارێزگار ده‌بات، به‌ڵام توشی شۆك بوو كاتێك بینی هیچ یه‌كێك له كاندیده‌كانی بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك سه‌رنه‌كه‌وت، دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان، شاسوار عه‌بدولواحید رایگه‌یاند" رەنگە خوێندنەوەمان بۆ دۆخی كەركوك هەڵە بووبێت بەڕاستی ئێمە لەوەدا غەڵەت بووین و دانیشی پێدا دەنێین".
له ستراتیژی 15 ساڵه‌ی نه‌وه‌ی نوێ‌دا باس له پێكه‌وه‌ژیان له كه‌ركوك ده‌كرێت، به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا نه‌وه‌ی نوێ بۆ روبه‌رووبونه‌وه‌ی گوتاری پارتی و یه‌كێتیی له كه‌ركوك گوتاری نه‌ته‌وه‌یی به‌رزكرده‌وه.
ئێستا كه هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندایه، جارێكی تر شاسوار عه‌بدولواحید بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات "ته‌پڵ به پارتی و یه‌كێتیی لێده‌دات"و ئه‌مجاره حوكمه‌ت ده‌گرێته‌ده‌ست، تا ئه‌و راده‌یه‌ی ده‌ڵێ" وه‌فده بیانییه‌كان كه سه‌ردانمان ده‌كه‌ن ده‌ڵین ئێوه له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كه‌م بن چی ئه‌كه‌ن ؟".
شاسوار كه گوتاره سیاسییه‌كانی زیاتر موخاته‌به‌كردنی گه‌نجانه، ئه‌وانه‌ی كه ئه‌زمونی سیاسی‌یان تاقی نه‌كردوه‌و به‌ر بێئومێدی بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌وتوون، چاوی له‌سه‌ر (400 هه‌زار) ده‌نگده‌ری نوێیه كه بۆ هه‌ڵبژاردنی كوردستان بۆ یه‌كه‌مجار مافی ده‌نگدانیان ده‌بێت، ئه‌و له‌رێگه‌ی كورته ڤیدیۆوهو نوسینی كۆمێنته‌وه له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له سیاسییه‌كانی دیكه سه‌ركه‌وتوو تر بووه له راكێشانی سه‌ره‌نجی ئه‌م توێژه‌ی ده‌نگده‌ران، تا ئه‌و راده‌ی جارێك به توری قوڕاوییه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت و جارێكی تر ده‌چێته ناو حه‌زی مه‌له‌كردن و ده‌ڵێ" توانیم دوو دەقەو هەشت چركە لەژێر ئاو بمێنمەوە"، یاخود یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كان و تۆپی سه‌ر مێز ده‌كات و پشیله له باوه‌ش ده‌گرێت.
سه‌رباری ئه‌مه‌ش، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ زیاتر له ساخته‌كاری، ترسی له بایكۆت پرۆسه‌ی ده‌نگدان و دروستبوونی هێزی سیاسی نوێ هه‌یه، پێوایه ئه‌م دووانه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پێگه‌ی ئه‌و ده‌بێت له هه‌ڵبژاردن، بۆیه هه‌ر هه‌وڵێك له هه‌ر لایه‌كه‌وه به ئاڕاسته‌ی بانگه‌وازكردن بۆ یایكۆتی هه‌ڵبژاردن یان دروستكردنی لیستی نوێ، روبه‌ڕووی هه‌ڵمه‌تی میدیایی و په‌یجه‌كانی سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ده‌بێته‌وه.
شاسوار پێگه‌ی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و هاوكێشه‌یه دیاری ده‌كات كه وه‌كو خۆی ده‌ڵێ له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا كه 2021 به‌ڕێوه‌چوو، به‌شی (17) كورسی په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌نیا 9 كاندیدی داناوه، ته‌نیا ئه‌و 9 كورسییه‌ی بردوه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئایاری ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت، هه‌ندێك بابه‌ت بۆ جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ده‌بن به ئاڵنگاری، گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن:
• شكستی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی نه‌وه‌ی نوێ له كه‌ركوك كاریگه‌ریی ده‌روونی له‌سه‌ر ده‌نگده‌رانی ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه ده‌بێت، به‌تایبه‌تیش كه جوڵانه‌وه‌كه به كورسییه‌كی په‌رله‌مانی عێراقه‌وه له كه‌ركوك نه‌یتوانی كورسییه‌كی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ببات.
• هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌هه‌مان بارودۆخی سیاسی‌دا به‌ڕێوه‌ناچێت كه هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 2021ی تێدا كرا، ئۆكتۆبه‌ری 2021 كه نه‌وه‌ی نوێ 9 كورسی په‌رله‌مانی عێراقی برده‌وه، یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان له‌ناو قه‌یرانێكی قوڵی ناوخۆیدا بوو (لێكه‌وته‌كانی 8ی ته‌موزو ته‌قینه‌وه‌ی ناكۆكی ئامۆزاكان له‌ناو یه‌كێتیدا)، به‌ڵام بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه یه‌كێتیی سه‌رله‌نوێ خۆی رێكخستوهتهوهو ده‌نگده‌رانی خۆی لیست كردووه‌و چاودێری توندی له‌سه‌ر داناون.
• هه‌ڵبژاردنی 2021 یه‌كه‌مجار بوو شێوازی فره‌بازنه‌یی له هه‌ڵبژاردندا له عێراق و هه‌رێمی كوردستان تاقیكرایه‌وه، لایه‌نه‌كان به‌باشی له ورده‌كارییه‌كانی ئه‌م شێوازه‌و دابه‌شبوونی ده‌نگه‌كانیان به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا شاره‌زا نه‌بوون، به‌ڵام ئه‌مجاره هه‌م پارتی و هه‌م یه‌كێتیش ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ پرۆسه‌كه باشتر ده‌بێت (به‌تایبه‌تی كه پێشبینی ده‌كرێت دادگای فیدراڵی عێراق شێوازی هه‌ڵبژاردنی كوردستان بگۆڕیت بۆ فره‌بازنه‌یی).
• بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی كوردستان پیشبینی دروستبوونی زیاتر له دوو لیستی نوێی هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، یه‌كێكیان لیستی لاهور شێخ جه‌نگی ده‌بێت كه ده‌نگی ناڕازییه‌كانی ناو یه‌كێتیی كێش ده‌كات، ئه‌وی تر لیستی یوسف محه‌مه‌د سادق و عه‌لی حه‌مه‌ساڵح و ناڕازییه‌كانی تر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه، ئه‌م دوو لیسته ده‌كرێت له پێگه‌ی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ بده‌ن، به‌تایبه‌تیش كه هه‌ردوو لیسته نوێیه‌كه له‌ناو گۆره‌پانی ده‌نگده‌رانی نه‌وه‌ی نوێ‌دا كارده‌كه‌ن.
• له‌به‌رامبه‌ردا خاڵی پۆزه‌تیڤی هه‌ڵبژاردن بۆ جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ خراپتربوونی دۆخی دارایی خه‌ڵك و دواكه‌وتنی موچه‌یه، كه ده‌توانێت زیاتر كاری له‌سه‌ر بكات، له‌مه‌شدا میدیاكه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بێت، چونكه دوو هێزه تازه‌كه‌ی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی میدیایه‌كی كاریگهرتریان به‌ده‌سته‌وه نییه.
• ئەم جوڵانەوەیە لەچوارچێوەی گوتارە پۆپۆلیستییەكەیدا، بەهەمان خەسڵەتی پارت‌و رەوتە پۆپۆلیستەكان لە جیهاندا، تێڕوانین‌و چارەسەری سادەو ساكاری بۆ كێشە ئاڵۆزەكانی هەرێم هەیەو هێندە كار بۆ گۆڕینی دەستەبژێری دەسەڵاتدار دەكات، هێندە خەونی بۆ گۆڕینی ئەو واقیعە نییە كە ئەم جۆرە لە دەستەبژێری سیاسی دروستكردووە، ئەمە وایكردووە به‌شیكی به‌رچاو له دەنگدەران نەك وەكو بەدیل بۆ هێزە دەسەڵاتدارەكان، تەنانەن ئەم جوڵانەوەیە وەكو بەدیل بۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی تریش تەماشای نەكه‌ن، بۆ نمونه له پرسی ناكۆكی نێوان هه‌رێم و به‌غداد شاسوار عه‌بدولواحید ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بگرینه‌ده‌ست نه‌وته‌كه راده‌ستی به‌غداد ده‌كه‌ین ئه‌ڵێین بودجه‌مان بده‌نێ، ئه‌گه‌ر نه‌یاندا نه‌وته‌كه ئه‌گرینه‌وه، داوای داهاتی ناوخۆیان كرد مانگێك بۆ دوو مانگ ئه‌یانده‌ینێ، ئه‌گه‌ر به‌غداد راستگۆ نه‌بوو ئه‌وكاته قسه‌یه‌كی تری لێ ئه‌كه‌ین" ئه‌م جۆره له چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌یه‌كی قوڵی وه‌كو بابه‌تی نه‌وت و بودجه زۆر جیاواز نییه له‌و ستراتیژه‌ی كه حكومه‌تی مه‌سرور بارزانی له‌م كابینه‌یه‌دا جێبه‌جێ كردوه‌و كه‌ڵكێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه.
• خاڵێكی پۆزه‌تیڤی تر بۆ نه‌وه‌ی نوێ ئه‌وه‌یه ئه‌م هێزه به‌رده‌وام له كه‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردندایه، به‌رده‌وامی ئه‌م كه‌مپه‌ینه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران ده‌بێت و له‌كاتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌توانێت ئه‌نجامه‌كه‌ی بچنێته‌وه.
نه‌وه‌ی نوێ و هه‌ڵبژاردن به ژماره
نەوەی نوێ لە ساڵی 2018ەوە تائێستا بەشداری لە (3) پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمی كوردستان كردووە:
• لە یەكەم بەشداریدا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 2018دا (4) كورسی بەدەستهێنا، لەكۆی (3 ملیۆن و 758 هەزار) دەنگدەر، (152) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (4%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە.
• لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 2018دا (8) كورسی بەدەستهێنا، لەكۆی (3 ملیۆن و 85 هەزار) دەنگدەر، (127) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی (4%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە.
• لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021، نەوەی نوێ لەكۆی (3 ملیۆن و 450 هەزار) دەنگدەر، (204) هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەرێژەی (6%)ی كۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە ، واتا لە نێوان یەكەم بەشداری و دوایین بەشداریدا رێژەی دەنگەكانی (25%) زیادی كردووە.
• لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق، نەوەی نوێ لە پارێزگای سلێمانی (63 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2021دا لە سلێمانی (106 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە، واتا رێژەی دەنگەكانی زیادیكردووە.
• لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق، نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر (70 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی 2021دا لە هەولێر (79 هەزار) دەنگی بەدەستهێناوە واتا رێژەی دەنگەكانی زیادیكردووە.
راپۆرتی پەیوەندیدار
بەشی سێیەم: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه بۆ ئۆپۆزسیۆن
بەشی دووەم:یه‌كێتیی به خه‌یاڵی كه‌ركوكه‌وه ده‌یه‌وێت كوردستان بباته‌وه
بەشی یەكەم: پارتی له یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی دوای كۆنگره‌دا