حەلبوسی‌و خەنجەر پێش كوردو شیعە رێككەوتن

Draw Media

2022-01-06 12:09:15



 
درەو:
دوو كوتلە بەهێزەكەی سوننە لە عێراق هاوپەیمانی تەقەدوم و هاوپەیمانی عەزم پێش كورد‌و شیعە رێككەوتن‌و بڕیاریاندا بەیەك هاوپەیمانێتی بچنە ناو یەكەمین دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق‌و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدوم كاندیدی هاوپەیمانێتیە نوێیەكە دەبێت بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران‌و خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی عەزمیش سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییە نوێیەكە دەكات.
ئێوارەی پێنجشەممە پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نوێ لە نێوان هاوپەیمانی تەقەدوم بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی‌و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر راگەیەندراو هەردوولا بڕیاریاندا بە هاوپەیمانێتییەكی یەكگرتوو بەشداری یەكەمین دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكەن كە بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
هاوپەیمانێتییە نوێكەی نێوان حەلبوسی‌و خەنجەر لەكۆی 329 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران خاوەنی 64 كورسییەو زۆرینەیان نوێنەرایەتی ئەو پارێزگایانە دەكەن كە لەدەستی داعش رزگاركراون.
هاوپەیمانی تەقەدوم ئێوارەی چوارشەممە لە بەیاننامەیەكدا داوای لە سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم خەمیس خەنجەر كرد سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییە نوێەكە بكات لە پێناو یەكخستنی هەڵوێستەكان و خزمەتكردن بە پارێزگاكانیان.
لایخۆشیەوە خەمیس خەنجەر پێشوازی لەو بەیاننامەیەی تەقەدوم كردو بە هەنگاوێكی مێژووی وەسفكردو رایگەیاند سەرەڕای فەشارێكی زۆر بۆ دوورخستنەوەیان لە یەكتر ئەو هەڵوێستە بەرز دەنرخێنن‌و بەردەوام دەبن لە خزمەتكردنی عێراق و پارێزگاریكردن لە مافەكانی خەڵك.
بە گوێرەی زانیارییەكان هاوپەیمانێتییە نوێكەی نێوان تەقەدوم و عەزم, محەمەد حەلبوسی كاندید دەكاتەوە بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران‌و خەمیس خەنجەریش سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكە لە ئەستۆ دەگرێت.
رێككەوتنی حەلبوسی‌و خەنجەر هەروا بێ‌ كاردانەە تێنەپەڕی‌و ناكۆكی خستە نێو هاوپەیمانی عەزمەوەو نەیارەكانی حەلبوسی لەنێو ئەو هاوپەیمانێتییەدا هەنگاویان لەدژی خەمیس خەنجەر هەڵگرت و بە نوسراوی فەرمی ئیمزایان بۆ لادانی خەنجەر پێشكەشی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كردووە.
مشعان جبوری كە وەك كاندیدی سەربەخۆ كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێناوەو ئێستا پەیوەندیكردووە بە هاوپەیمانێتی عەزمەوە لە تویتەر رایگەیاند كوتلەی عەزم 14 كاندیدی سەركەوتووە بۆ پەرلەمان‌و 3 كاندیدی تریش پەیوەندییان پێوەكردووەو لەو ژمارەیەش 12یان هەڵوێستیان لەگەڵ خەنجەردایەو تەنها سێ‌ پەرلەمانتار كە موسەننا سامەڕایی پێشڕەوییان دەكات هەوڵدەدەن خەنجەر لە سەرۆكایەتی عەزم دووربخەنەو زۆرینەی ئەوانەی ئیمزایان كۆكردوەتەوە كاندیدی دەرنەچوون.
جبوری ئاشكراشیكردووە كۆتایی بە پشووەكەی لەگەڵ خێزانەكەیدا هێناوەو گەڕاوەتەوە بەغداد بۆ ئەوەی بەرگری لە هاوپەیمانی عەزم بكات و داواش دەكات ئەوانەی لە عەزم جیابونەتەوە لە بڕیارەكەیان پاشگەز ببنەوە.
ئەنجومەنی نوێی نوێنەرانی عێراق رۆژی یەكشەممەی داهاتوو یەكەمین كۆبونەوەی بە سەرۆكایەتی مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی تەمەن ئەنجامدەدات‌و تائێستا دوو كوتلە بەناوبانگەی شیعە رەوتی سەدر‌و هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران‌و پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان رێكك نەكەوتون‌و پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە زۆرینەی كورسییەكانی كوردیان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بەدەستهێناوە لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رێكك نەكەوتون كە لە دوای 2003ەوە وەك نەریتێك ئەو پۆستە بە كورد دراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand