ترەمپ لەكاردەخرێت ؟ لەبارەی ماددەی (25)ی دەستوری ئەمریكاوە

Draw Media

2021-01-13 14:28:11



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بەزۆرینەی دەنگ بڕیارێكی پەسەندكرد، لەبریارەكەدا داوالە مایك پێنس جێگری سەرۆكی ماوەتەواوبووی ئەمریكا كراوە، ماددەی (25)ی دەستوری وڵات، كارا بكات، ماددەی (25)ی چییە ؟ ئایا ترەمپ لەكاردەخرێت ؟ ئەگەر لەكاربخرێت ترەمپ بۆ داهاتووی ژیانی خۆی چی لەدەستدەدات ؟

ماددەی 25ی دەستور چی دەڵێ ؟
خاتو نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران‌و چاك شومر رێبەری دیموكراتەكان لەو ئەنجومەنە، داوایان لە مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا‌و ئەندامانی ئیدارەی ماوەتەواوبووی ئەمریكا كرد، ترەمپ لە پۆستی سەرۆكی وڵات دوربخەنەوە، ئەمە بەهۆی ئەوەی ترەمپ خەڵكی بۆ "یاخیبوون" هانداوە، لەمەشدا مەبەستیان لە پەلاماری رۆژی 6ی ئەم مانگەی لایەنگرانی ترەمپە بۆسەر بینای كۆنگرێس. 
خاتوو پیلۆسی كە یەكێكە لە نەیارە سەرسەختەكانی ترەمپ، دەیەوێت لەرێگەی كاراكردنی ماددەی (25)ی دەستوری ئەمریكاوە، لە كۆتا رۆژەكانیدا، ترەمپ لە پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا دوربخاتەوە. 
ماددەی (25)ی دەستور كە داوای كاراكردنی دەكرێت، رێگەی بە جێگری سەرۆكی وڵات دەدات، لە شوێنی سەرۆك كاروبارەكان بەڕێوەببات، ئەمە لەكاتێكدا دەبێت كە سەرۆك توانای بەڕێوەبەردنی كارەكانی نەمێنێت، بۆ  نمونە ئەگەر سەرۆك بەهۆی نەخۆشییەكی جەستەیی یان عەقڵییەوە، پەكی بكەوێت. 
ئێستا كە لە ئەنجومەنی نوێنەران بڕیارەكە تێپەرێندراو داوا لە مایك پێنسی جێگری ترەمپ كرا مادەی (25)ی دەستور كارا بكات، مایك پێنس تەنیا (24) كاتژمێر ماوەی لەبەردەمدایە ئەو ماددە دەستورییە كارا بكات، ئەگەر نا ئەنجومەنی نوێنەران كە دیموكراتەكانی نەیاری ترەمپ زۆرینەی تێیدا، خۆیان هەنگاو هەڵدەگرن بە ئاڕاستەی دەستپێكردنی رێوشوێنەكانی لەكارخستنی ترەمپ. 
بەڵام بڕگەی چوارەمی ماددەی (25)ی دەستور، جێگەی مشتومڕە، چونكە رێگە بە جێگری سەرۆك‌و زۆرینەی ئەندامانی حكومەت دەدات، ئەوە رابگەیەنن كە سەرۆك ترەمپ توانای بەڕێوەبردنی ئەركەكانی سەرشانی نییە. 
ئەم بڕگەیە بەواتای ئەوەدێت، دەبێت مایك پێنس‌و وەزیرەكانی ئیدارەی ترەمپ ئیمزا لەسەر نوسراوێك بكەن‌و تێیدا بنوسن سەرۆك ترەمپ توانای حوكمڕانی نییە‌و ئەم نوسراوە ئاڕاسەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەنجومەنی پیران بكەن، لەم حاڵەتەدا ئیتر بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی مایك پێنس، پۆستی سەرۆكی ئەمریكا لە شوێنەكەی ترەمپ وەردەگرێت. 
بەڵام ماددە دەستورییەكە رێگە بە سەرۆك دەدات، تانە بدات لەو نوسراوەی كە جێگری سەرۆك‌و ئەندامانی حكومەتەكەی لەسەر توانای ئەو بەرزی دەكەنەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران‌و پیران، ئەگەر ئەم ئەنجامە رەتكرایەوە، ئەوا بابەتەكە بەرزدەكرێتەوە بۆ كۆنگرێس بۆ ئەوەی كۆنگرێس بڕیار بدات.
هەر جۆرە دەنگدانێك لەناو ئەنجومەنی پیران‌و ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر دورخستنەوەی سەرۆك لە پۆستەكەی، پێویستی بە دەنگی زۆرینەی (دوو لەسەر سێ) هەیە.
لەم كاتەدا كە ئەم مشتومڕ دروست دەبێت، تاوەكو بابەتەكە بەلایەكدا دەكەوێت، جێگری سەرۆك كاروبارەكانی سەرۆك بەڕێوەدەبات.
بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ ئەوەی مایك پێنس‌و لانی كەم (8) كەس لە وەزیرەكانی ئیدارەی ترەمپ پاڵپشتی كاراكردنی ماددەی (25)ی دەستور دەكەن، بەپێچەوانەشەوە هەندێك راپۆرت هەن باسلەوە دەكەن، جێگری سەرۆك دژی كاراكردنی ئەو ماددەیە.
سەرباری ئەوەی هەندێك راپۆرت هەن باسلەوە دەكەن، لەسەر ئاستێكی باڵا گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە كراوە، بەڵام تائێستا تەنیا دوو وەزیری ئیدارەی ئەمریكا ناڕازیی بوون لە هەڵسوكەوتی ترەمپ، ئەوانیش دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، بۆیە ئەو وەزیرانەی كە تائێستا ماونەتەوە، پێناچێت دژی ترەمپ رابوەستنەوە.  

دورخستنەوە 
ئەگەر مایك پێنس بە ئاڕاستەی كاراكردنی ماددەی (25)ی دەستور هەنگاو نەنێت، ئەوا نانسی پیلۆسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بۆ جاری دووەم، هەنگاو بە ئاڕاستەی لەكارخستنی ترەمپ هەڵدەگرێت. 
پێشتریش بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی كە باسیان لەوەدەكرد، یارمەتی لە ئۆكرانیا وەرگرتووە بۆ سودوەرگرتن لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا، ترەمپ روبەڕووی هەوڵی لەكارخستن بووەوە، بەڵام ئەنجومەنی پیران ئەستۆی ترەمپی لەو تۆمەتانە پاككردەوە. 
رەنگە دۆناڵد ترەمپ ببێت بە یەكەمین سەرۆك لە مێژووی ئەمریكادا كە لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا دووجار روبەڕووی هەوڵی لەكارخستن ببێتەوە، بەڵام هەوڵی لەكارخستن پێویستی بەوەیە لیستی تۆمەتەكان لەسەر سەرۆك بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران‌و دەنگی لەسەر بدات، پاشان دۆسیەكە بەرزدەكرێتەوە بۆ ئەنجومەنی پیران، تۆمەتباركردنی سەرۆك پێویستی بە پاڵپشتی‌و دەنگی زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامان هەیە. 
ئەگەر ترەمپ بەفەرمی تۆمەتەكانی لەسەر ساغكرایەوە، ئەنجومەنی پیران دەنگدانێك دەكات‌و بەو دەنگدانە ئیتر قەدەغەی دەكات جارێكی تر ترەمپ هیچ پۆستێكی فەرمی لە ئەمریكا وەربگرێت، لەم حاڵەدا، ترەمپ جگە لەوەی مافی ئەوەی نامێنێت جارێكی تر خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا‌و هیچ پۆستێكی تر كاندید بكات، هاوكات هەموو ئەو مافانە لەدەستدەدات كە سەرۆكەكانی ئەمریكا دوای خانەنشینبوونیان سودمەند دەبن لێی، لەوانە (موچەی خانەنشینی، بیمەی تەندروستی، تیمی پاسەوانان). 
تائێستا هیچ سەرۆكێكی ئەمریكا نەگەیشتوەتە ئەو دۆخەی ئێستا سەرۆك ترەمپ تێی كەوتووە، كە هەوڵی لەكارخستنی دەدرێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی ئەوتۆ نییە لەبارەی ئەوەی دیموكراتەكان بتوانن دەنگی دوو لەسەر سێ لەناو ئەنجومەنی پیراندا بۆ رێگریكردن لە خۆكاندیدكردنەوەی ترەمپ كۆبكەنەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە لە ئەنجومەنی پیراندا دیموكراتەكان تەنیا نیوەی كورسییەكانیان هەیە‌و نیوەكەی تر لای كۆمارییەكانە. 
یاداشتی یەكێك لە یاریدەدەرەكانی میچ ماكۆنیل سەرۆكی ئەنجومەنی پیران كە سەربە كۆمارییەكانە، باسلەوە دەكات، وادەی دانیشتنی ئەنجومەنی پیران بۆ تەماشاكردنی هەر لیستێكی تۆمەتباركردنی ترەمپ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، دەكەوێتە رۆژی 19ی ئەم مانگە، واتە رۆژێك بەر لە تەواوبوونی وادەی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ‌و دەستبەكاربوونی جۆ بایدن. 
یاداشتەكە دەڵێ:" بنەماكانی كاری ئەنجومەنی پیران رێگە بە دادگایكردنی دۆناڵد ترەمپ نادات مەگەر دوای كاتژمێرێك یاخود رۆژێك دوای چۆڵكردنی پۆستەكەی". 
بەڵام دیموكراتە دیارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران باسلەوە دەكەن، تاوەكو جۆ بایدن ماوەی (100 رۆژ)ی یەكەمی خۆی لە پۆستی سەرۆكایەتی نوێی ئەمریكا تەواو نەكات، پارتەكەیان هیچ لیستێكی تۆمەتباركردنی ترەمپ رەوانەی ئەنجومەنی پیران ناكات. 
ئەم ماوەیە دەرفەتی ئەوە بە جۆ بایدن دەدات ئەندامانی نوێی ئیدارەی ئەمریكا هەڵبژێرێت‌و دەستبكات بە جێبەجێكردنی سیاسەتە سەرەكییەكانی خۆی لەوانە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانی كۆرۆنادا، ئەگەر دیموكراتەكان لیستی تۆمەتەكانی ترەمپ لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە رەوانەی ئەنجومەنی پیران بكەن، جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی بایدن دوادەخەن.
سەرباری ئەمە، پسپۆڕانی دەستوریی لە ئەمریكا ناكۆكن لەبارەی ئەوەی ئایا رێوشوێنی لەكارخستنی سەرۆك لە پۆستەكەی دەكرێت سەربكێشێت بۆ دادگایكردنیشی لەبەردەم ئەنجومەنی پیراندا، دوای ئەوەی سەرۆك پۆستەكەی بەجێهێشتووە ؟

لێخۆشبوون بۆ خۆی دەردەكات ؟
راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە كە ناوەكەیان ئاشكرانەكردووە، باسلەوە دەكەن ترەمپ بە یاریدەدەرەكانی خۆی وتووە" تاوتوێی ئەوە دەكەم لە رۆژانی كۆتایی سەرۆكایەتییەكەمدا، فەرمانێكی لێخۆشبوون بۆ خۆم دەربكەم".
سەرباری تۆمەتی هاندان بۆ ئاژاوە‌و پەلاماردانی كۆنگرێس، ترەمپ روبەڕووی چەند تۆمەتێكی تریش دەبێتەوە، لەوانە لێكۆڵینەوەكانی ویلایەتی نیویۆرك سەبارەت هەڵخەڵەتاندنی دەسەڵاتدارانی باج‌و بانك‌و هاوبەشە بازرگانییەكان. 
پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا سەرۆك دەتوانێت لێبوردن لەسەر ئەم تۆمەتانە بۆخۆی دەربكات ؟
بەهۆی ئەوەی دەستوری ئەمریكی بە كورتی نوسراوەتەوە‌و بەڵام بەشێوەیەكی پانوپۆڕ جێبەجێ دەكرێت، نازانرێت ئایا سەرۆك دەتوانێت لێبوردن بۆ خۆی دەربكات، لە مێژووی ئەمریكاشدا روی نەداوە سەرۆكێك لێبوردن بۆ خۆی دەربكات. 
بەڵام هەندێك لە شارەزایانی یاسا دەڵێن "رێگەپێدراو نییە"، بۆ ئەمەش ئاماژە بە بۆچونە دەكەن كە بەر لە چەند رۆژێك وەزارەتی دادی ئەمریكا دەریكرووە لەبارەی دەستلەكاركێشانەوە ریچارد نیكسۆن سەرۆكی لەپێشینەی وڵات، كە ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە "ناتوانێت لێبوردن بۆخۆی دەربكات"، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی كە دەڵێ:" دادوەر نابێت لە دۆسیەیەكدا بڕیاردەر بێت كە خۆی تێیدا بەشدار بێت".
بەڵام لەبەرامبەردا هەندێكی تر دەڵێن:" دەستور رێگری لەوە ناكات سەرۆك لێخۆشیبون بۆخۆی دەربكات". 

ئەوەی نەبووە روودەدات ؟
سەرباری ئەوەی زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیدا لەسەر ئەوەی رێوشوێنی لەكارخستنی ترەمپ بخرێتەبواری جێبەجێكردن، هاوشێوەی ئەوەی مانگی كانونی یەكەمی 2019 رویدا، بەڵام هێشتا پێشبینی ناكرێت دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران كە زۆرینەیان كۆمارین، دەنگ بۆ لەكارخستنی ترەمپ بدەن. 
تائێستا ژمارەیەكی دیاریكراو لە كۆمارییەكانی ناو ئەنجومەنی پیران داوای ئەوە دەكەن ترەمپ پۆستەكەی بەجێبهێڵێت‌و تاوتوێی تادگایكردنی دەكەن، بەڵام هێشتا هیچ یەكێكیان بەڕاشكاوی ترەمپی بە ئەنجامدانی سەرپێچی تۆمەتبار نەكردووە. 
سەربارەت بە كاركاكردنی ماددەی (25)ی دەستوریش، بەهەمان شێوە، پێشبینی ئەوە ناكرێت ئەو ماددەیە كارا بكرێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand