نەوەی نوێ : ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن و پسولەکان دوورن لە ڕاستییەوە

2018-05-12 17:23:51
جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن و پسوڵەكان دوورن لە راستییەوە داواش لە لایەنەكانی تری دەرەوەی یەكێتی و پارتی دەكات بێنە پێش و پێكەوە كاربكەن لەسەر دەستكارینەكردنی دەنگە راستەقینەكانی ناو سندوقەكان و هەروەها ناو سێرڤەرەكە.
دەقی راگەیەندراوەکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ:
هەرجەندە نەوەی نوێ لەسەر ئاستی هەمو کوردستان دوەمە و لە هەندێک لە شوێنەکان یەکەمە و لە کەرکوک دوەمە و لە هەولیر دوەمە، بەڵام ئێمە هێشتا بەم دووەمە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان رازی نین، کە دو حیزبی دەسەلات دەستکاری ئەنجام و پسولەکانیان کردوە ،بە تایبەت یەکێتی لەسەر ئاستی سلێمانی و هەندێ ناوچەی تر دەسکارییەکی زۆری دەنگەکانی کردوە. بۆیە، هەمو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە ئەو پسوڵانەی دەدرێن بە چاودێرەکان و بڵاودەکرێنەوە، دورن لە راستیەوە و دو پارتی دەسەڵاتدار دەنگەکانیان زۆر زۆر کەمترە لەو ژمارەیەی بڵاویانکردووەتەوە و تەنها ئەمانە پسوڵەکەیان لە دەرەوەی سیستەمەکە و سێرڤەرەکە پرینت کردوە، بێ پشتبەستن بە داتا و زانیاری ناو سیستەمەکە و ناو سندوقەکان.
چاوەڕێی هەڵوێستی لایەنەکانی تری دەرەوەی (یەکێتی و پارتین)، کە بێنە پێش و پێکەوە کار بکەین لەسەر دەستکاری نەکردنی دەنگە راستەقینەکانی ناو سندوقەکان و هەروەها ناو سێرڤەرەکە.
وەک وتمان ، هەرچەندە ئەنجامەکەی نەوەی نوێ رەنگە بە لای زۆرێکەوە سەپرایز بێت ، بەڵام هێشتا دڵنیاین سەد لە سەد کە ئەو ئەنجامانەی دو پارتی سەرەکی دورن لە راستیەوە و چاوەڕوانی ئەنجامی راستەقینەین لە کۆمسیۆنەوە بە فەرمی لە بەغدادەوە بڵاوبکرێتەوە بە پست بەستن بە ژمارەی راستەقینەی دەنگەکانی ناو سندوقەکە و هەروەها داتا و زانیاری ناو سێرڤەرەکە، ئەوکاتە هەڵوێستی کۆتایی خۆمان رادەگەیەنین.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ
١٢/٥/٢٠١٨
