خانەنشینی پەرلەمانتاران لە یاسای چاكسازیدا

Draw Media

2020-07-09 13:34:22



(درەو):
بەپێی ئەوەی لەیاسای چاكسازیدا هاتووە، پەرلەمانتاران بەبێ رەچاوكردنی تەمەن‌و ساڵی خزمەت، هەمویان موچەی خانەنشینی دەیانگرێتەوە، بەڵام یاساكە وەكو یەكەم هەنگاو دوو رێوشوێنی بۆ موچەی خانەنشینی ئەم توێژە دیاریكردووە بەمشێوەیە:
•    ئەوانەی مەرجیان تێدا نییە
بەپێی یاسای چاكسازی، ئەو پەرلەمانتارانەی كە مەرجی یاسایی (تەمەن‌و ساڵی خزمەت)یان تێدا نییە، بەڕێژەی (15%) بۆ (25%)ی كۆی ئەو موچە‌و دەرماڵەیە خانەنشین دەبن كە بەر لە خانەنشینبوون وەریدەگرن، تەنیا لەم خولەی پەرلەماندا ئەوانەی ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوەو مەرجی یاساییان تێدا نییە ژمارەیان (77) پەرلەمانتارە، ئەمە جگە لە پەرلەمانتارە خانەنشینەكانی خولەكانی پێشتر.
-    نمونەیەك 
بەپێی ئەم بڕگەیە، پەرلەمانتارێك كە تەنیا چوار ساڵ كاروباری گشتی راپەڕاندووە‌و مەرجی (15) ساڵ خزمەتی نییە‌و تەمەنیشی نەگەیشتووەتە (45) ساڵ، لە بەرزترین ئاستدا ئەگەر بڕوانامەی دكتۆرای هەبێت‌ لەگەڵ چوار ساڵی خزمەتی پەرلەماندا، رێژەی 25%ی كۆی ئەو موچەیەی وەكو خانەنشینی بۆ ئەژماردەكرێت كە ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرێت، واتە لە كۆی (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینار كە ئێستا وەریدەگرێت، بە (2 ملیۆن‌و 50 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت، خۆ ئەگەر بڕوانامەشی نەبێت لە كەمترین ئاستدا موچەی خانەنشینییەكەی بەپێی یاساكە دەگاتە زیاتر لە (ملیۆنێك‌و 700 هەزار) دینار.
•    ئەوانەی مەرجیان تێدایە
بەپێی یاسا پەسەندكراوەكە، ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجی یاسایی تەمەن‌و ساڵی خزمەتیان تێدایە، بەرێژەی (15%) بۆ (50%)ی كۆی ئەو موچە‌و دەرماڵەیە خانەنشین دەبن كە بەر لە خانەنشینبوون وەریدەگرن، ئەوانەی لەم خولەدا ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوە ژمارەیان (33) پەرلەمانتارە‌و موچەی خانەنشینییان نابێت زیاتر بێت لە 50%ی كۆی ئەو موچەیەی ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرن.   
-    نمونەیەك 
بەپێی ئەم بڕگەیە، پەرلەمانتارێك كە تەمەنی (45) ساڵی تەواوكردووە‌و (15) ساڵیش خزمەتی بواری گشتی هەیە، ئەگەر بڕوانامەی دكتۆراو (30) ساڵ خزمەتی هەبێت، بەرێژەی (50%)ی كۆی ئەو موچە‌و دەرماڵەیە خانەنشین دەبێت كە ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرێت، واتە لەكۆی (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینار كە ئێستا موچەیەكەیەتی لە پەرلەمان، بە (4 ملیۆن‌و 100 هەزار) دینار خانەنشین دەبێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand